ئاوڕدانەوەیێک لە مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەی کورد » بابەتەکان » شۆڤێنیزمی ئێرانی و تێکدانی مێژووی کورد

شۆڤێنیزمی ئێرانی و تێکدانی مێژووی کورد

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 103

شۆڤێنیزمی ئێرانی و تێکدانی مێژووی کورد


لەو نووسینەمدا تێدەکۆشم بەبەڵگەی جۆراوجۆر بیسەلمێنم، مێژوونووسانی ئێرانی چۆن بەناوی هەخامەنشییان و بەتایبەتیش کوورۆش و داریووش شانازییەکی بێ‌بنەما و بەدرۆیان سازکردووە تا هەبوونی دیرۆکێکی پڕ لە سەروەری بۆخۆیان بسەلمێنن. ئەوان تێکۆشاون ئەو زنجیرە پاشایە خوێنمژ و تاڵانکارە بۆخۆیان بکەنە بەردی بناخەی نەتەوەپەرستییەکی توندئاژۆ، ڕەگەزپەرستییەکی بێزارکەر و دژەمرۆیی و خۆ بەزلزانی و شانازی بەخۆکردن و سووکایەتی بەنەتەوەکانی ژێرچەپۆکیان. بیستوومە ئینگلیسی دەڵێن: منداڵ هەرچەند لێدان لەدەستی دایکی دەخوا، زیاتر دەستەودامێنی دەبێتەوە، هەر بەوەش سیاسەتی ئیستیعماریی خۆیان پەرەگرتووتر کردۆتەوە، کە سووکایەتی بە بوون و مان و بەها نەتەوەیییەکانی گەلانی ئیستیعمارکراو بکەن و پێهەڵاکوتن بەخۆ، شانازی بە ڕابردوو، زەقکردنەوەی سەرەتییەکانی خۆیان و تەنانەت دزینی شانازیی ئەوانی دیکە و کردنی بە ئی خۆیان، ڕامیاریی سەرەکی و قانی یەکەمیان بووە. ئەوە سیاسەتێکە ڕەگەزپەرستانی ئێرانیش، کە پەروەردەی دەستی ئەو داگیرکەرانەن، بۆ گەلانی ژێرچەپۆکی خۆ ڕەچاویان کردووە. سیاسەتێک کە بە سیاسەتی “گۆپاڵ و شیرینی” ناودێر کراوە. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زۆر لەسەر ئەوباسە ڕۆینەم ئەوەیە کە، پێموایە بۆ ئەوەی خۆمان باشتر بناسین، دەبێ بەوفێڵەی دوژمن بزانین و خۆشمان لەوان بەچووکتر نەیەتە بەرچاو و ئەو شانازییانەیان لێ بستێنینەوە کە لێیان زەوت کردووین وپێیان بڵێن ئێمەش ئەوەین و… ئەوە مافمانە، جگەرخوون کوتەنی کینە ئەم.

هەمووگەلانی جیهان برای منن، ئەگەر تێم هەڵنەپێچن و مافم پێشێل نەکەن، بەڵام ناچارم وەڵامی نامێهرەبانی و شێواندن و درۆ و پیلانەکانی شۆڤێنیزمی داگیرکەران، ئەویش نەک بە زمانی زووری وەک ئی خۆیان، بەڵکو بە بەبەڵگەوە – تەنانەت بەپێی بەڵگە ساختەکانی خۆیان – بدەمەوە. کورد لەوەتا هەیە نەیویستووە خاکی کەس داگیرکا و تەنیا شەڕی بۆ پاراستنی خاک و مافەڕەواکانی و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی بووە. بەداخەوە داگیرکەرانی خاک و وڵاتمان تەنیا بەوەندەش ڕانەوەستاون و بەهەمووشێوەیەک هەوڵی دەست بەسەرداگرتن و تواندنەوە و بەلاڕێدابردن و نکوولی لێکردنی زمان و فەرهەنگ و پێشینە و هەموو بەها نەتەوەیییەکانمان و تەنانەت نەتەوەبوونیشمانیان داوە.

ئەوان زمانەکەمان بەرفەرمی ناناسن و بە بنزاراوەیەک و کەمتریش لە زمانی فارسیی ناودەبەن. شوێنەوارەکانی کوردستان یا ناپشکنن، یا ئەگەر بیشیان کۆڵنەوە هەرچی لێی پەیداکەن دەیدزن و بێدەنگە تەنانەت لەو ئاگادارییە مێژوویییانەش دەکەن کە لەسەر ڕەسەنایەتی و نەتەوایەتیی کورد تێیاندا بەدی دەکرێ. ئەوان تەنانەت لە ساختەکارییە مێژووییەکانیشیاندا ناوی کورد و باپیرانی دەرداوێن، زمانی ناوچەکە بەپێی گەوایی بەڵگەی مێژووی و ئارکیۆلۆژی یەکەمجار لەکوردستان سەری هەڵداوە، بڕواننە:

http://science.sciencemag.org/content/337/6097/957

ئەوان بە هیندوئوورووپایی نێودێریان کردووە و باسی کوردی هەر تێدانییە. کۆنترین شاری ناچە لەکوردستاندا دۆزراوەتەوە، کەسیان بە ئی کوردی ناو نابا. یەکەم ئیمپەراتووریی بەهێزی ناوچە بەدەستی مادەکان(بەشیک لە باپیرانی کورد) دامەزرا،


ئەوان بەناوی هەخامەنشییانی دەکەن، تەنانەت ئەوان لە ساختەکارییەکانیشیاندا دەورێک بۆ کورد دانانێن و لە ساختەکارییەکی تاقی بوستاندا بە سێ زمانی بابلی و پارسیی کۆن و ئیلامی بەردەنووس سازدەکەن، کاتێک دەپرسرێ بۆچی زمانی مادی دامەزرێنەری یەکەم ئیمپەراتووریی گەورەی ناوچەکەی تێدانییە، دەڵێن زمانی پارسی و مادی ئەوەندە لێک نیزیک بووە کە بەهاسانی ڵێک تێگەیشتوون و بۆیە بەپێویست نەزانراوە زمانی مادیش وەبەرچاوبگیرێ، ئەوە لەکاتێکدایە کە وەک دیاکۆنۆف له‌کتێبی (مێژووی ماد)دا ده‌ڵێ: “پارته‌کان‌و ماده‌کان به‌بێ وه‌رگێڕ له‌زمانی یه‌کتری تێگه‌یشتوون، به‌ڵام پارس‌و ماد بۆ تێگه‌یشتن له‌یه‌کتری پێویستییان به‌ وه‌رگێڕ بووه‌‌” بۆ ئەو جیاوازییە بڕواننە خشتەی زمان لەکتێبی ناوبراودا، کە لێرە دامناوە.

ئەوان لە وڵاتی خۆمدا لە خوێندنی زمانەکەمیان بێبەش کردووم، هەزاران وشەیان بۆ زمانە ناتەواوەی خۆیان لێ دزیوم و لە وشەدانەکانی خۆیاندا دایان ناون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکەیان بکەن.

بەگشتی مێژوویان دزیوم، فەرهەنگیان دزیوم، خاک و وڵاتیان دزیوم، زمانیان دزیوم و شوێنەوارە مێژوییەکانیشیان دزیوم وهێشتاش سووکایەتیم پێدەکەن و ددانی بەخێرم پێدا ناهێنن. حاشا لە نەتەوەبوونم دەکەن و کە دەشڵێم دەمەوێ وەک نەتەوەیەک لەناو هەموو گەلانی جیهاندا بێمەئەژمار، ئەوەم بەگەورەترین تاوان بۆ دادەنێن و فەرمانی کوشتنم دەردەکەن. لە گەورەترین بەشی وڵاتەدابەش کراوەکەمدا (تورکیە) کە بڵێم کوردم، تاوانە، لەبچووکترینیشیاندا (سوریە) بەکۆچەر و تەنانەت بێگانەیەک دادەنرێم و دانی پێناسە و هەلی خوێندنیشم پێ ڕەوانابینن.

هەمووگەلانی جیهان شانازی بە ڕابردووی خۆیان دەکەن، دەیکەنە دەرسی ژیان و وەک پێناسەی نەتەوەیی کەلکی لێوەردەگرن. یەکێک لە بوارە هەرە پڕتەم و مژ و شێوێندراوەکانی پێناسەی نەتەوەییمان مێژووی کۆنمانە. ئەو بەشەی بەداخەوە نەک هەر بۆخۆمان لێی نەبووینە خاوەن، بەڵکوو ئاومان بۆ شێواندنی دەئاوی دوژمنانیشمان کردووە. لەخوارەوە چەند نموونەیەکتان لە داگیرکەرانی کوردستان، – یان یاریدەدەرانی ڕۆژئاوایییان – بۆ دێنمەوە کە بۆخوڵقاندنی بەدرۆی پێشینە و شانازیی بێبناخەیان بە ڕابردوویان سازیان کردوون:

کوورۆش و ساختەکارییەکانی پەهلەوی بۆ سازکردنی مەزنیخوازیی ئێرانی

ڕەنگە بڵێن کوورۆشی فارس چیی بە مێژووی کورد داوە کە لەوی ڕا دەست پێ بکەین؟ پێویستە ئاگاداربین کە هەموو تێکدانەکان مێژووی کورد گەلانی ژێردەستە و حاشا لێکراوی ئەوسەرزەمینەی ناویان ناوەئێران، لەوخوێنمژەی مێژژووڕا دەست پێدەکا، هەربۆیەش دەبێ لەسەرەتای باسەکەمان ڕا بزانین کوورۆش و فارسەکانی دەستەڵاتداری دوای وی چیان بەکورد و گەلانی دی کردووە.

ئەگەر مێژووی ئێران دوای ئیسلام بە وردی بپشکنین، تا سەردەمی ڕەزاشا لەهیچکوێ چاومان بە دەوڵەتێک بەناوی ئێران ناکەوێ. تا ئەوکاتە هەر زنجیرەپادشایەک هاتبێتەسەرکار وڵاتەکەی بەناوی خۆی ناو ناوە و هیچ نیشانەیەک لە ناوی ئێران و ئێرانی (وەک وڵات یا خەڵکی وڵاتێک)، لەگۆڕێدا نەبووە و لەدەرەوەی ئەو سەرزەمینەش، ناوەکەی هەر بە (پێرشیا یا وڵاتی پارس) هاتووە. ناوی ئێران و ئێرانی (وەک وڵات و ڕەگەز و نەتەوە) لەڕاستیدا بەپیلانی ئاڵمانی نازی – کە ئەوکاتی نێوانێکی زۆر خۆشی دەگەڵ ڕەزاشادا هەبوو – و بەلاساکردنەوەی ئاتاتورک، بەبیانووی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە دانرا. بۆ دانی ڕەنگی مێژووییش بەو ساختەکارییە، کەوتنە گیانی زەردەشت و ئوولەکەی و ئاڤێستا و چیرکەکانی. ناوی (ئەئیریانم ڤەئێجە) – کە دوایە کرا بە ئیرانویچ – بەواتای بێژەی ڕەسەنان هاتووە و زاراوەیەک بووە بۆ زەردەشتییان دانراوە. ئەو ناوەیان کردە بناخەی بیردۆزی خۆیان وشەی ئێران زەمینی ساسانییەکانیشیان کردە بناخەی مێژویی بۆ بوونی دەوڵەتێک بەوناوە. ئەوانەی باش شارەزای مێژووی ناوچەکەن، دەزانن ئەو وشەیەش نەک بۆ ناوی دەوڵەتێک، بەڵکو بۆ ئەو سەرزەمینانە دەکار کراوە کە خەڵکەکەی زەردەشتی بوون و مانای سەرزەمینی زەردەشتی نشین دەداتەوە. یەکێکی دیکە لەو ئاریکار (کاتالیزۆر) انەی بۆ زیاتر خۆ گرتن و چەسپاندنی باشتری ئەو ساختەکارییە کەلکی لێوەرگیرا، بیردۆزی کۆچی ئاریاکان و ڕەگەزی ساختەی ئاریا بوو کە ئالمانی بۆ کردنی گەلانی ناو ئەو ئێرانە بە هاوڕەگەزی خۆ (بێگومان وەک براچووکەش!) سازیان کردبوو. بەردەنووسی ساختە تێداکراوی بێستوونیش، بەناوی بەردەنووسی داریووشی مەزن یەکێکی دیکەبوو لەو ئاریکارانەی بۆ چەسپاندنی ئەوناوە فێڵاوییە کەلکی لێوەرگیرا. ئەو بەردەنووسە لەو شوێنەدا کە پەیکەری چەند دیلێکی جەلەکراوی بەبێ هیچ نووسراوێک لەسەربوو – وەک لەوبابەتەدا باسی دەکەم – کرابە هەوێنی ساختەکاری و درۆنامەیەکی مەزن. ئەوساختەکارییەش هەر بەدەستی پسپۆڕێکی ئاڵمانی ئەنجام درا. دەزانین هێمای فرەوەهر، هێمایەکی زەردەشتییانەو لەسەر گۆڕی پادشایانی ماد (بۆنموونە لە ئەشکەوتی قیسقەپان لەلای سلێمانی) هەڵکەنراوە. هەخامەنشی تا پاش داریووشی مەزن بەشاهیدیی مێژوو خودایانی بابلییان دەپەرست. لەهیچکام لە شوێنەوارەکانی تا ئەوکاتەیاندا باسی زەردەشت و ئاهوورامەزدا نەکراوە. بۆ نموونە بەردەنووسی کوورۆش، ئەوهەمووە بە مەردووکی هەڵاکوتووە، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی لە ناسینی ئاهوورامەزدا تێدا نابینرێ. دیارە ئەگەر ئەوەش بسەلمێنین کە ناوبراو کەسێکی (وەک فارس دەڵێن) ئازادیخواز بووبێ، دیسان هیچ پاساوێک هەڵناگرێ کە ئەوهەمووە بە خوای بابلییان هەڵابڵێ، بەڵام بە یەک وشەش باسی خودای خۆی نەکا!!. ئەو وڵاتە تا سەردەمی داریووش، بە وڵاتی ماد و لەکاتی داریووسیشدا بە ماد و پارس ناسێندرا و دوای ویش ناوی مادی لێ دەراویشترا و تا هێرشی ئەسکەندەریش، هەر بەناوی وڵاتی پارس بوو.

باوک و کوڕی پەهلەوی تەنانەت بەزەیی‌یان بە شوێنەوارە مێژوویییەکانی وڵاتیشدا نەهات. بەڕێنوێنیی ئینگلیس و ئالمان وکەلک وەرگرتن لە سەرچاوە شێوێنەرەکانی ئوڕووپایی – کە زۆرینەیان ئالمانی و ئینگلیس و جوولەکەن – بەڵگەنامەی نووسراوی دەستکردیان بۆ هەخامەنشییان سازکرد و بەیاریدەی وەستایانی شارەزای میسری لە بەدەنووسیدا، دەستیان دە پاسارگاد و بێستوون وەرداو چی ویستیان لەسەریان هەڵقەند.

لەسەر بەردەنووسی بەناوی داریووش لە بێستوون، من بەیاریدەی برادەرێکی لێزانم، لەسەر گووگڵ شێوەی دەس تێوەردان و ساختەکارییەکەم بەوردی و بەڵگەوە دۆزییەوە، تەنانەت لەشوێنێک تۆماریشم کرد، بەڵام بەداخەوە ونم کردووە و ناشتوانم بیدۆزمەوە. سەرچاوەکە بە ئینگلیسییە و من تەنیا چەند وێنەیەکم لێ لەهێندێک ماڵپەڕی فارسیدا دیون. (ئێرنست هرتسفلد Ernst Herzfeld ) چەند وێنەیەکی لەساڵێ ١٩١٣ پێش دەست تێوەردان لێ هەڵگرتوون، کە لەبەشی دەستکاریی بەردەنووسی بێستووندا دەیبینن. بڕواننە ئەو وێنانەی خوارەوە و پێکەوە هەڵیان سەنگێنن:

بابەتێک لەسەر ئەو دەست نتێوەردانە لەلایەن دوکتۆر ئازاد سلیمان لە ماڵپەڕی ئاگری پۆستدا دانراوە، ئەوە ئادریسەکەیەتی:

https://agripostendotcom.wordpress.com/2013/02/14/%D8%AC%D8%B9%D9%84-


ئەوەش وەرگێڕاوە کوردییەکەیەتی:

“ئەگەر بەوردی بڕواننە ئەو وێنەیە(مەبەستی وێنەکۆنەکەیە لەلای چەپ، کە ئێرنست هرتسفلدی ئاڵمانی لەساڵی ١٩١٣ کێشاویەتی – وەرگێڕ) لەگەڵ دۆخی ئێستا(وێنەی لای ڕاست – وەرگێڕ) هەڵی سەنگینن، قووڵایی کارەساتەکەتان بۆ دەردەکەوێ و لەوانەیە بیسەلمێنن کە ئەوکاتەی سیستەمێک توانای سازکردنی مێژووی تا ئەوڕادەی هەیە، دەتوانێ مێژووی جیهان تووشی گەندەڵی بکا و لە ڕێڕەوی سروشتیی خۆی لای بدات. ١- بەردەنووس داریووش و هاوڕێکانی تێدانین. ٢- فرەوەهر لەسەرەوەی بەردەنووسەکە دیارنییە. ٣- هیچ نووسراوەیەکی تێدانییە، ٤- دەوری بەردە نیگارلەسەرەکە تەخت و ڕێک نەکراوە، تا نووسین لەسەری دەست پێ بکرێ.”

لەخوارەوە ئەو وێنەی ساڵی ١٩١٣ بەگەورەتر، بەتەنێ و ڕوونتر دادەنێم، لەگەڵ چەند وێنەیەکی ساختەگراو بۆ داریووش کە هێشتا وێنەی فرەوەهرە سازکراوەکەی سەرسەری ناتەواوە.

لەسەر ئەوتێکدانانە ناسر پورپیراریش لەچەند ڤیدیۆدەا بە بەڵگە و وێنەی بەپێزی بڵاو کردوونەوە کە دەتوانن بە ناوەکەی لەسەر ئینتێرنێت هەم ئەوانەی خۆی و هەم رەدکردنەوەی بێناوەرۆکی قسەکانی لەلایەن ڕەگەزپەرستانی کوورۆش پەرستی ئێرانی ببینن. یەگێک لەو ڕەگەزپەرستانە کە بەناوی کورۆش ناسێندراوە، دەڵێ ئەووێنەی لەسەرەوە داریووشی تێدا دیارنییە، نیوەی خرابووە، ئەویش ڕاست ئەولایەی داریووشی تێدا هەڵقەندراوە؟!! چاوێک لەو وێنەی خوارەوە بکەن. هەر ئەو وێنەیە بە ڕوونی و گەورەتریش، نە شوێنەواری تێکچوونی پێوە دیارە و نە فرەوەهریش لەسەر سەری هەڵقەندراوە. ئەگەر باش سەرنجی بدەنێ، نە شوێنی لێهەڵقەندرانی وێنەی فرەوەهر و نە جێگای داریووش و دوو پاسەوانەکەی و نە بەردیای خەوێندراو لەبن پێی شا و نە جێگای نووسراوەکان تەخت و لووس نەکراون. ئەوشوێنەی دەبوو داریووشی لێ هەڵقەندرێ هێشتا تەخت نەکراوە و پڕە لەگنج و چرچ و لۆچ و قوتکە و قووڵی. ئەگەر بەقسەی ئەو وتووێژکارەبێ، کە گۆیا وێنەکە لایەکی تێکچوو، ئەدی لایەکەی دیکەی چی؟ بۆ شوێنی فرەوەهرەکە هیچی لێ نییە؟! ئەگەر جوان سەرنج بدەنە وێنەکە، سەرەوەی وێنەی دیلەکان دانەتاشراوی و بەرزیو نزمی و ناڕێکی ناتەواویی پێوەدیارە و هێشتا بۆ هەڵقەندنی وێنەی فرەوەهر تەخت و ئامادە نەکراوە. با کورۆشی وەدرۆخەرەوەی ناسر پوورپیرار کوتەنی لایەکی وێنەکە خرابووبێ (کە وانییە و تیک و قەڵش و بەرزی و نزمییەکەی ئەولایەش بەئاشکرا دیارن، ئەوجار ناوبراو وێنەیەکی بەردەنووسەکە بە داریووشەوە دادەنێ و دەڵێ ژمارەی نووسراولەسەر ئەو وێنەیە کەمترە لەوەی داریووش و فرەوەهری لەسەر نییە! کەواتە ئەو وێنەیەی بەداریووشەوە کۆنترە. کە ئەوەشی کردۆتە بەڵگە بۆ وەدرۆخستنەوەی ئەو وێنەی لەخوارەوە دامان ناوە. پێویستە لێرەدا ئەوە ڕوونکەینەوە کە هەڵگری ئەو وێنەیە (هرتسفلد) بەکرێگیراوی ڕەزاشا بووە و بۆخۆی کەسی سەرەکی بووە لە ساختەکارییەکەدا، بۆیەش وێنەی پاش و پێش دەست تێوەردانەکەی هەردووک کێشاون و لەوانەیە ئەو پاش و پێش کردنە بە ژمارەی وێنەکان تەنیا بۆ هەڵسەنگاندنێک بووبێ، نەک بەومانایەی کە وێنەکەی بەژمارەی بچووکترەوە کۆنتر لەو وێنەی بێ.

ئەوچەشنە وێنانە بە پیلانی ئێران و ئینگلیس بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ئینتێرنێت ون ببوون. بەخۆشییەوە لەساڵانی دواییدا ژمارەیەک لێکۆڵەرەوەپەیدابوون کە ڕاستییەکان بە لەقاودانی ڕووی دزێوی ئەو ساختەکارییانە باش نیشان دەدەن.


لەخوارەوەش سێ وێنە لە دەست تێوەردانی بەردەنووسی بێستوون پێش تەواوبوونی ساختەکارییەکە دەبینن. لەدوویاندا باڵەکانی فرەوەهر هێشتا تەواو نەکراون. لەوێنەی دواییشدا ئەو تەختەبەردە لووسەی تەنیشتێ – کە پاشان بو لەسەرنووسین تەخت کراوە – دەبینن کە پڕە لە گنج و ناڕێکییە و ئامادە نەکراوە بۆ لەسەر نووسین.




هەمووی ئە پیلانانە بەئامۆژگاریی ئینگلیس و ئاڵمان بەڕێوەچوون. لەو پێناوەدا، ڕەزاشا بە ئامۆژگاریی ڕاوێژکارانی و لە سەرووی هەمووشیان، سەعیدی نەفیسی، ناوی وڵاتی پارسی گۆڕی بە ئێران و بۆئەوکارەشی دەبوو بوتێک لەمێژوو داتاشێ و خەڵکی بۆ پەرستنی هاندا. ئەوە بوو کوورۆش کرا بەوبوتە و ئێستا تەنانەت کار گەیشۆتە ئەوجێگایەی لەتاجیکستان پارک بەناوی دروست دەکەن.


دیسان ساختەکاری:

(تاریخ ده‌ هزار ساله‌ ایران، عبدالعظیم رضائی، جڵدی یێکه‌م، چاپ اقبال)، له‌ لاپه‌ڕه‌ی 176ی کتێبه‌که‌یدا، له‌سه‌ر داگیرکرانی هه‌مه‌دان، به‌شانازییە‌وه‌ ده‌ڵێ: “له‌شکری کوورۆش ده‌ستیان کرد به‌ تاڵانی شارو زێڕو زێوو سامانێکی زۆریان به‌تاڵان برد که‌ به‌شی‌ زۆرتری بردرایه‌ ئه‌نزان”و هه‌روه‌ها ده‌نووسێ “… (ئاستیاک) پاشان هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌شار بوون – له ‌پیرو گه‌نج – جاڕی دان‌و چه‌کداری کردن‌و بۆخۆی بوو به‌ فه‌رمانده‌ریان‌و چووه‌ شه‌ڕ، به‌ڵام تێشکاو له‌شکره‌که‌ی له‌ناو چوون‌و خۆی بوو به‌ دیلی پارسه‌کان… پادشای ‌پارس پاش گرتنی ‌ئاستیاک چووه‌ ئۆکباتان‌و ئه‌و شاره‌ی ‌گرت

‌(550ی پ.ز) و سپایییه‌کانی ده‌ستیان کرد به‌ تاڵانی ‌شاره‌که‌و ئامرازو که‌رسته‌ی زۆری زێڕو زێویان به‌تاڵان برد‌و به‌شێکی زۆرتری ناردرا ئه‌نزان. لێرەدا وەک دەبینن مێژوونووسێکی دەمارگرژی فارس، ئاوا دڕندەیی کوورۆش و لەشکرەکەی نیشان دەدا، بەڵام وەک دەڵێن درۆزن فەرامۆشکارە، ئه‌و جه‌نابه‌ له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ له‌وێ چی کوتووه‌و له‌ لاپه‌ڕه‌ی 248 ده‌ڵێ: “… کوورۆش به‌ شێوه‌یه‌کی ‌ئاقڵانه‌ ده‌ستی ‌به‌سه‌ر وڵاتی ماددا گرت‌و به‌بێ خوێن ڕشتن هه‌مه‌دانی کرده ‌پێته‌ختی خۆی‌و به‌ڵگه‌نامه‌کان‌و ڕێکخراوی حکوومه‌تی خۆی گواسته‌وه‌وێ” هەر لەوبارەوە، له‌لاپه‌ڕه‌ی 159ش ده‌ڵێ: “ئاستیاک نیزیکه‌ی بیست‌و چوار ساڵ پادشایه‌تیی‌کرد” که‌چی هه‌ر بۆخۆی له ‌لاپه‌ڕه‌ی176 ده‌ڵێ: “ئاستیاگ پادشایه‌تیی سی‌وپنێجساڵه‌ی‌خۆی له‌ده‌ست دا.”

کوورۆش دوای داگیرکردنی وڵاتی ماد، بابل، لێدی و…. تەماحی پڕنەبوو و ویستی وڵاتی ماساژێتەکانیش داگیرکا، بەڵام لەو شەڕەدا سەری خۆشی دۆڕاند. پارسەکان وادیارە ئەوڕووداوە هێندە بۆخۆ پە شوورەیی دەزانن، کە بەپێچەوانەی ژیانی تژی لە پڕوپاگاندەی خۆیان، هیچ باسی چۆنیەتی مردنی دامەزرێنەری زنجیرە پادشایەتییەکەیان نەکردووە. مێژوونووسانی بێگانەش هەرکامە بەپێی پێخۆشبوونی خۆ یا بیستنی لەم و ئەو، باسیان کردووە. سەرچاوە ئێرانیەکانیش یا بێدەنگەیان لێڕاکردووە، یا بۆ شوێنەونکە، گێڕانەوەی جۆراوجۆریان لەسەر ئەوبابەتە هێناوەتە گۆڕێ. دوومێژوونووسی نیزیک لەوسەردەمە، هەرکامەیان بەجۆرێک ئەوڕووداوەیان تۆمارکردووە:

١- هێرۆدۆتی (باوکی مێژو- بە وتەی ئێرانییەکان)، کە بۆ گەڕان چۆتە وڵاتی هەخامەنشییان و گێڕانەوەکانی خۆیانی تۆمار کردوون. بەشی هەرەزۆری گێڕانەوەکانی ئەو مێژوونووسە، بەتایبەتیش لەسەر (ئیختوویگوو) بوونەتە بناخەی مێژووی ئەو سەردەمەی ئێرانییان. ئەو گێڕانەوانەشی هەمووی لەزاری هەخامەنشییان و دارودەستەکەیانەوە بووە، کەنەیارانی پادشاکانی ماد بوون. مێژوونووسانی ئێرانی، ئەفسانەکەی ماندانایان وەک ئایەتی قورئان لا پەسندە و هەموویان هەردەیڵێن و دەیڵێنەوە.

مردنی کوورۆش لەدەوروبەری ساڵی ٥٢٩پ.ز، لە ساڵی بیستوهەشت یا سییەمی پادشایەتییەکەی لە ئەنشان و بیستودووساڵ دوای دەست بەسەرداگرتنی پادشایەتیی ماد، ڕوویداوە. گێڕانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ڕووداوەکە هەن.

هێرۆدت کە کوژرانی کوورۆشی مەزن لە شەڕ لەگەڵ ماساژێتەکان بە گونجاوترین ڕووداو دەزانێ، نووسیویەتی: کوورۆش پاش داگیرکردنی بابل، لەشکری بۆدەستەمۆکردنی ماساژێتەکان کێشا، کە لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی ئاراکس (سەیحوون) نیشتەجێبوون. ئەو لەپێشدا پێشنیاری زەماوەندی دا بە (تۆمیریس)ی فەرمانڕەوای ماساژێتەکان، بێوەژنی پادشای پێشوویان، بەڵام شاژن بە مەبەستەکەی زانی، کە دەست بەسەردا گرتنی وڵاتەکەی بوو. ئەو ملی‌نەدا و کوورۆش بۆ شەڕ بەرەوسەیحوون چوو. لەپێشدا بە فێڵێکی شەڕ توانیی یەک لەسەر سێی سپای ماساژێتەکان قڕکا، بەڵام شاژن تۆمیریس بە کۆکردنەوەی هەموو هێزی خۆی هێرشی کردەسەر و لە شەڕێکی قورسدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. زۆرینەی لەشکری کوورۆش لەناوچوون و بۆخۆشی کوژرا. هێرۆدۆت ئاماژە بەوە دەکا کە زۆر چیرۆک لەسەر کوژرانی کوورۆش هەن، بەڵام ئەوەیان لەهەموان زیاتر لە ڕاستی نیزیکە…

تێبینی: لێرەدا دەمارگرژانی ڕەگەزپەرستی ئێرانی کە چیرۆکە ڕاستەکەیان لەلا پەسند نەبووە، گومان دەخەنە سەر ئەو گێڕانەوەی هێرۆدۆت. بۆ نموونە بڕواننە: https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%B1%DA%AF_%DA%A9%D9%88%D8%B1%

کە ئاوێنەیەکی ئەو شێوە بۆچوونەی ئێرانییانە دەڵێ:

“…. ئەوە دەریدەخا کە ئەو بۆخۆشی (واتە هێرۆدۆت) لە ڕاستی و درۆکەی دڵنیا نەبووە. ”

لەجێگایەکی دیکە هەر هەو سەرچاوەیە دەڵێ:

“….. هەرچەند چۆنیەتی مردنی کوورۆش بە وردی نازانین، بەڵام دیارە کە ئەو لە پاسارگاد بەخاک ئەسپێردراوە. ئەو ڕاستییە لەوانەیە وتەکانی هێرۆدۆت وەدرۆ بخاتەوە، بەڵام لەوانەشە دوایە جەنازەی کوورۆش لە دوژمن وەرگیرابێتەەوە و هێنرابێتەوە پێتەخت!! ”

هەرئەوسەرچاوە، لەزمانی (پروفسور ریچارد نلسون فرایRichard N. Frye, )ەوە دەڵێ:

“وێدەچێ چیرۆکی هێرۆدۆت سازکراوبێ، بەڵام داگیرکردنی ئاسیای ناوەڕاست بەدەستی کوورۆش ڕاستە چونکە ناوی دوورترین شاری هەڵکەوتوو لە سوغد، سایروس چەتا (سایروپۆلی)یە کە بەربڵاویی داگیرکارییەکانی کوورۆش لە ڕۆژهەڵاتدا دەنوێنێ.”

لێرەدا بەپێویستی دەزانم سەرنجی خوێنەرانی بەڕێز لەسەر ئەو ڕووداوە بۆ سەرلێشێواویی ئەو چەشنە مێژوونووسانە ڕاکێشم، کە دژبێژی و لێکدانەوە سەیروسەمەرەکانی سەرچاوە ئێرانییەکان – یا لایەنگرو بەکرێگیراوە ڕۆژئاوایییەکانیان – لەسەر مێژووی ئێران و ناوچەکە، کاری ناسینی ڕاستییەکان و هەڵێنجانیان لەناو ئەوهەموو درۆودەلەسانەی بەناوی مێژووی سەرکەوتنەکانیان دەرخواردی خەڵکی خۆ (یا نیزیک بەخۆیان)یان دەدەن، گەلەک وەسێنەیی دەخا و تەنانەت زۆرجاران پێویستی بە سەرچاوەی زیاتر – بۆ لێکۆڵەری وریا – کەم دەکاتەوە. هەرچەندیش بیانەوێ لەبەر ڕاستییەکان هەڵێن و لە هەمووشتێکی مێژوویەکەیان لەمەڕ ئەوسەردەمە بەتایبەتیش ئەفسانەی ماندانا و … گێڕانەوەی هێرۆدۆت بە دوور لە هەرگومانێک بزانن، لەسەر ئەو بابەتە، بەبەرژەوەندی نازانن ناوبراو بەدرۆزن دابنێن و مێژووە سازکراوەکەیان لەسەربنەمای قسەکانی ئەو وەدرۆ بخەنەوە، دەڵێن : “لەوانەیە دوایە جەنازەی کوورۆش لە دوژمن وەرگیرابێتەەوە و پاشان هێنرابێتەوە پێتەخت!! ”

٢- کتێزیاس(Ctesias): ١٧ساڵان پزیشکی تایبەتیی پادشایانی هەخامەنشی بووە و وەک وەرگێڕیش بۆ وتووێژ دەگەڵ یۆنانییەکان دەگەڵیان بووە . سەرەڕای ئەوەش مێژوونووسانی ئێرانی کە گێڕانەوەی ناوبراویان لەسەر کوورۆش لەلا پەسند نییەو بە درۆزن ناوی دەبەن و تەناتەت هەرچەند زۆر بەدەگمەن وتەکانی دە گێڕنەوە و سەرەڕای تێکەڵاوی وهاوکاریی نیزیکی دەگەڵ دەرباری هەخامەنشییان (وەک پزیشکیش و وەرگێڕیش)، دەڵێن زمانی دەرباری هەخامەنشیی نەزانیوە!! ئەو قسەی ناوبراویان بەدڵە کە دەڵێ: کوورۆش بەمردنی ئاسایی مردووە و پێش مردنی، جێنشینی خۆی دیاریکردووە. هەروەها دەڵێ کەمبووجیە باگاپاتس – یەکێک لە دەربارییەکانی خۆی – لەگەڵ تەرمی کوورۆشدا بۆ ڕێوشوێنی ناشتنەکەی ناردووە.

یەکێکی دیکە لەو دژبێژییانەی ئەو سەرچاوە ئێراییانە بابەتی ( Ctesiasکتێزیاس)ە. سەیر ئەوەیە مێژوونووسانی ئێرانی بەشی هەرەزۆری مێژووی هەخامەنشییان لە زمانی هێرۆدۆتەوە دەگێڕنەوە و زۆر بەکەمی مەگەر لەوجێگایەی بەسوودی بیردۆزەکەی خۆیان لەسەر کوورۆش بێ، دەنا وتەکانی بە جێگای باوەڕ نازانن و کەمتریش باسی دەکەنئەوەش دەکرێ بە یەکێک لە دژهۆنییەکانی مێژوونووسانی فارس دابنیین. لێرەدا وادیارە قسەی کتێزیاسی خۆیان کوتەنی پارسی نەزانی درۆزنیان بەدڵترە، چونکە نایانەوێ ئەو مردنە پڕشوورەیی‌یەی کوورۆش و شکستە پڕ لە ئابڕووچوونەکەی بسەلمێنن!!،

گزنۆفۆن مێژوونووسی یۆنانی: مردنی کوورۆشی لە کتێبی کوورۆش‌نامه (بڕواننە ل ٢٥٨-٢٦٤) بەشێوەیەکی ئاسایی و لە پارس گێڕاوەتەوە و بەقسەی وی لە خەوندا لەمردنی خۆی ئاگادار دەکرێتەوە و پاش نوێژکردن و ڕاسپاردەکانی بۆ نیزیکان و دۆستانی و مەزنانی وڵات دنیا بەجێ دێڵێ. گێڕانەوەی گزنۆفۆن لەسەر مردنی کوورۆش وەک چیرۆکە ئەفسانەیییەکانی لەمەڕ مەرگی کەیخەسرەوی پادشای کەیانی دەچێ.

ئەو مێژوونووسە، کە نووسراوەکەشی بە لایەنگری لەو پادشایەیە، سەلمێنەری خوێنڕێژی و وێرانکارییەکانی کوورۆشە. ئەو لە کتێبیکەیدا، لەسەر بەرزنرخاندنی ئاکار و کەسایەتیی ناوبراو، باسی ئەوە دەکا کە چۆن کوورۆش بەزۆرەملی دەستی ماڵی خەڵک بەسەرداگرتووە و بەسوودی ئەوسەردارانەی بەکاری هێناون، کە زیاتر بۆ خزمەتی خەباتیان کردبوو. ئەوە بابەتێکە هێندێک لە ئێران ناسانی ڕۆژئاواییش ئاماژەیان پێکردووە.

لێرەدا دیسان دەمارگرژی تێکدەر خۆی پێ ڕاناگیرێ و لەکەوانەدا دەڵێ: (وبێگومان کتێبەکەی بەگەواهیی هەموو مامۆستایانی مێژوو ئەوەندەش جێ بڕوانییە). سەیرتریش ئەوەی کە هەر ئەوانە گومان ناخەنە سەر مردنی کوورۆش بە شێوەی ئاسایی و نێژرانی لە زیارەتانی (مشهد) دایکی سولەیمان!! کەچی گومان دەخەنە سەر کوژرانی بەوشێوە پڕلە شوورەیی‌یەی.

ماڵپەڕی http://tarikhirani.ir/fa/news/1737/%D9%82%D8%A8 بەگێڕانەوە لە ڕۆژنامەی (اطلاعات) دەنووسێ: گۆڕی کوورۆشی مەزن دۆزرایەوە. ئاغای سەمەندەر (کار‌ناسی هونەریی دێرینەناسی – وەرگێڕ) لەکاتی نۆژەنکاریی سەربانی گۆڕەکە، پێدەزانێ کە لەژێر ڕیزەبەردێکی سەرداپۆشراودا، قووڵکەیەکی بەردین هەیە. پاش دانەوەی ورد، دوو قووڵکەی بەدرێژایی نیزیکەی ٢ و بەرینایی ١ میتر و قووڵایی ٨٥ سانیتمیتر دەدۆزنەوە کە پڕبوونە لە گڵ…. زانایان و دێرینەناسان پاش دۆزینەوەی ئەو دوو گۆڕە پێیانوایە ئەوانە بۆ گۆڕی سەرەکیی کوورۆش بوونە، بەڵام تەرمەکەی بۆ پاراسترانی لە دزی، بەدوورلەوشوێنە بەخاک ئەسپێردراوە. گرنگیی ئەو دۆزینەوە لێرەدایە کە تا ئێستا لە هیچکام لە بابەتە مێژوویییەکاندا باسی ئەو دوو گۆڕە نەکراوە کە لە بانی ئەو بینا بەردینە گەورەیەدایە و ئاشکررایە ڕابردووان ئاگایان لێی نەبووە و ئاوا زۆر لە گێڕانەوەکانی مێژوویی دەبنەوە هیچ….

بەو هەواڵەی ڕۆژنامەی ناوبراو، ئەو پرسیارانە بۆ مرۆڤی وریا و هەڵوەدای ڕاستی دێنەپێش:

١- بەچێ ڕا دەزانن ئەوە گۆڕی کوورۆشە؟

٢- خۆ ئەوە دوو گۆڕن! ئەگەر یەکیان وەک دەڵێن بۆ شوێنەوەنکەبێ ئەوی دی بۆچی بووە؟

٣- کێ لەوسەردەمەدا بەتەمای ئەو دزی یا دەست تێبردنەدا بووە؟ ئەویش لەسەردەمی هەخامەنشییاندا كی توانیویەتی کاری وا بکا؟

بۆ ئاگاداریی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بڕواننە https://www.farhangumejuikawa.com/2020/05/23/788/

تێکدان و پێچەوانە نواندنەکانی دەمارگرژانی ئێرانی هەر بەوەندە نابڕێنەوە. تەختی جەمشید بە دزینی ژمارەیەک کۆڵەکە لە بیناکانی بەجێماو لە یۆنانییان و هەروەها لاساکردنەوەیان بە تاشینی چەندی دیکەی زۆر زل و چەقاندینیان لەسەرزەوی، دەست تێوەردان دە تاقی بوستان هەڵقەندن لەسەری و دروست کردنی بەردەنووس و وێنەی بەئاشکرا درۆیین بۆ داریووشی هەخامەنشی – کە دوایە دەچمەوە سەری – و گۆڕینی شوێنی زەردەشت و ئەفسانەکانی ئاڤێستا لە سەرزەمینی ماد و وڵاتی میتانییان (لەدەماوەند ڕا تا بەلخی سەرچاوەی چۆمی خاپوور) بۆ (بەلخی ئەفغانستان) هەر وەک لە دوو کتێبی خۆمدا (١- لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان ٢- زەردەشت و مێژووەکەی)،بەوردی باسم کردوون و زۆری تر ….

کە لەماڵپەڕی farhangumejuikawa.com دامناون و دەتوانن دایانبەزێنن.

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٦ وسەدەی ١٧، واتە لانیکەم نیزیک بە ٢ تا ٣ سەدە پێش ئەوەی کەس لەئێران ناوی کووروش یا هەخامەنشییانی بیستبێ، لەڕووی گێڕانەوەی هێرۆدۆت لەسەرمردنی کوورۆش زۆر وێنە کێشراونەوە کە دوونموونەیان لەخوارەوە دەبین. بۆ دیتنی تابلۆی زیاتر لەمەڕسەربڕانی کوورۆش، کە لەلایەن چەند نیگارکێشی ئوڕووپایی کێشراون، دەتوانن لە سەر گووکڵ لە Images for سر کوورۆش کبیر بدۆزنەوە. هەروەها بڕواننە ویکی‌پدیا، دانشنامهٔ آزاد.


بڕواننە: https://fa.wikipedia.org/wiki/تهم%E2%80%8Cرییش#/media/پرونده:Tomiris.jpg

١- سەدەی ١٦، بردنی سەری (کوورۆش) مەزن بۆلای(تەهم‌رەییش)، کاری (پیتر پل روبنس  ۱۵۷۷ -۱۶۴۰ )

٢- سەدەی ١٧، https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/6/69/Tomiris.jpg

نیگارکێشێکی ئیتالیایی(1631-1722) بەناوی Antonio Zanchi ، وێنەی سەری بڕاوی کوورۆشی کێشاوەتەوە کە دەڵێ بەفەرمانی تومیرووس (شاژنی ماساژتەکان – سەکاکان) سەری کوورۆشیان بڕی و ئەوجار شاژن سەرە بڕاوەکەی دە هیزەیەکی پڕ لە خوێن نا و کوتی: هەی خوێنخۆر، ها لەوخوێنە بخۆ تا تێردەبی! ئەوە ئاماژەیە بەو هەموو شەڕ و خوێنڕێژی و وێرانکارییە چەنگیزئاسایانەی کوورۆش کە بۆ داگیرکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردی. 


مەرگی کوورۆشی مەزن – ویکی‌پدیا، زانستنامەی ئازاد

ئەوماڵپەڕە باسی مەرگی کوورۆش دەکا، کە وەرگێڕاوی چەندبەشێکی وەک خۆی دینینەوە. پێویستە بگوترێ ئەو بەناو زانستنامەیە بە کەلک وەرگرتن لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە نووسراوە. ڕەنگە خوێنەرانی بەڕێزی ئەوبابەتە بڵێن، جا ئەوە ماڵپەڕێکی ڕەگەزپەرستانی فارسە و بایەخی بۆ دانەنێن! ئەوە وێدەچێ گەلەک لەڕاستیش بەدوور نەبێ، بەڵام ئەگەر بچنە سەر ماڵپەڕەکە دەبینن کە ئەو دەربڕینانەی هەروا بێ سەرچاوەش (جا هەڵە، پێچەوانە، بەلاڕێدابەر یا هەرچۆنێک)بێ نین. دەتوانن بە چوونە سەر ماڵپەڕەکە سەرچاوەکانیش بدۆزنەوە و لێرەدا لەبەر درێژنەکردنەوەی زیاتری بابەت، ئاماژەیان پێ ناکەم. لەهەر بەشێکیشدا بەپێویست بزانم، ڕوونکردنەوەی خۆم بەتێبینییەک دەنووسم.

ئەوماڵپەڕە دەڵێ: مردنی کوورۆشی مەزن لەدەوروبەری ساڵی ٥٢٩پ.ز، لەساڵی بیست‌وهەشتەم یا سی‌ئەمی پادشایەتییەکەی لە ئەنشان و بیست و دووهەمی پاش داگیرکردنی پادشایەتیی ماد ڕوویداوە. لەسەرمردنەکەی گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆرینەی ئەو مێژوونووسانەی لەسەریان نووسیوە، کوژرانەکەیان لەشەڕ دەگەڵ یەکێک لە خێڵەکانی…. لەباکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دا گێڕاوەتەوە، بەڵام لەسەر ناوی ئەو گەلەی کوورۆش لە شەڕیاندا کوژراوە یا بریینداربووە و بەبرینەکە چووە، کێشەیان هەیە. هێرۆدۆت بە ماساژێتی ناوبردوون، کە تاقمێکی هیندوئێرانی لە (تیرەی سەکاییان) بوونە. کتێزیاس بە دێربیک Derbices». و بڕۆسی کلدانی بە دەها ناوی هێناون. هەرسێکی ئەوناوانە لە لە سەکاکان و نیشتەجێی نێوان گورگان تا ئەودیوی دەریای ئاراڵ و چۆمی سەیحوون بوونە. ئاکامی شەڕەکەش دیار نییە. بەقسەی هێرۆدۆت، لەشکری کوورۆش تێشکا، کتێسیاس دەڵێ بەیاریدەی یەکێک لە هۆزەکانی سەکایی سەرکەوت.

تێبینی: ئەوبەشەی بە ….. دیاریم کردووە، ئاوا نووسراوە (یکی از طوایف گایتارانی شخصی به نام ژنرال منصور اباریان) کە ناروونە و وادیارە بەهەڵە دەوێ کەوتبێ. لەسەر بەناو ڕەگەزی هیندوئێرانیش پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەو دەستەواژەیە ساختە و نادروستە، و یەکێکی دیکەیە لە فێڵەکانی بێ بناخە لەلایەن ئورووپاییانەوە بۆ سازکردنی وڵاتی ئێران، کە پێشترلەشوێنێکی دیکەدا باسم کردووە، دەنا ئەوانیش یەکێکن لە گەلانی سەر بە نەتەوەی کورد، کە بەداخەوە ئەوڕۆ بەشی هەرەزۆریان لەژێر گوشاری داگیرکاریدا تواونەوە و بەکورد ناونابرێن.

سەرچاوەی ناوبراو هەروەها دەنووسێ:

لە برۆسوسی کلدانی دەگێڕنەوە کە کوورۆش لە شەڕ دەگەڵ داهایەکان (لەخێڵەکانی دانیشتووی دەوروبەری گورگان) کوژراوە.

تروگ پۆمپه‌یی مێژوونووسی ڕۆمی هەر شتێکی وەک ئی هێرۆدۆت دەگێڕێتەوە، بەڵام دەنووسێ لەشکری ٢٠٠ هەزار کەسیی کوورۆش لەملەکێوەکان دا کەوتە گەمارؤی سپای شاژنی ماساژێتەکان و هەموویان قڕبوون و تەنانەت کەسێکیشیان نەما تا هەواڵی ئەوڕووداوە بگەیەنێتە ئێرانییان(مەبەست هەخامەنشییانە – وەرگێڕ).

هێرۆدۆت دەڵێ کوورۆش بە فێڵ لە یەکێک لەو سەربازگانەی هێزەکانی تێیدا دامەزراندبوون لەبەر لەشکری ماساژێت هەڵدێ و شەرابێکی زۆری بۆتاڵان تێدا بەجێ دێڵێ. سەربازانی ماساژێت دەیخۆنەوە و پێ تێکدەچن و هێزە سەرخۆشەکان لە هێرشی کوورۆشدا تێدەشکێن. بەڵام پاش ئەوڕووداوە، بەشی هەرەزۆری هێزەکانی ماساگێت بەسەرۆکایەتیی شاژن، شکستێکی قورسیان بەسەر ئێرانییەکانداهێنا و کوورۆش کوژرا. سەری بڕاوی کوورۆش خرایە نێو هەمبانەیەکی پڕلەخوێنی مرۆڤ تا تینوێتیی خوێن خواردنەوەکەی پێ دامرکێنێ. هێرۆدۆت دەنووسێ ئەوە خوێناویترین شەڕی بەربەرەکان بوو. بەگێڕانەوەی یۆنانییەکان بێ، کوورۆش لەشەڕی ماساگێتەکاندا ٢٠٠هەزار پیاوی شەڕکەری لەدەستدا، کە گربێژییەکی ئاشکرایە.

لەڕوانگەی داندامایۆڤەوە، گێڕانەوەکانی مێژوونووسانی یۆنانی زیاتر لەوەی تاوتوێی ڕووداوێکی ڕاستەقینەبن، ڕەنگ و بۆی ڕۆمانێکیان پێوەیە. هەرچەندە ڕاستەقینەی مەرگی کوورۆش نازانین، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو لە پاسارگاد ناشتراوە. ئەو ڕاستییە لەوانەیە وتەکانی هێرۆدۆت وەدرۆخاتەوە، بەڵام وێدەچێ جەنازەی کوورۆش لە دوژمن وەرگیرابێتەوە و هێنرابێتەوە پێتەخت.

تێبینی: ئەوەش یەکێکە لەو لێکدانەوەسەیروسەمەرانەی سەرچاوەکانی بەناو مێژووی ئێران، کە هەرچەندە ویستوویەتی بابەتێکی ڕەخنەگرانە لەسەر هەخامەنشییان بنوسێ، بەڵام دیسان فریوی درۆی ناشترانی کوورۆشی لە پاسارگاد خواردووە و وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر وەری گرتووە.

ریچارد نێلسون فرای، (Richard Nelson Frye) دەڵێ لەوانەیە چیرۆکەکانی هێرۆدۆت دروست کراو بن، بەڵام گیرانی ئاسیای ناوەڕاست بەدەستی کوورۆش ڕاستە، چونکە ناوی دوورترین شاری هەڵکەوتوو لە (سوغد) سایروس چەتا(سایروپولیس)ە کە بەر بڵاویی داگیرکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەنوێنێ.

تێبینی: سەیر ئەوەیە هەمووی ئەوانەی دەیانەوێ ئەو شەڕە وەدرۆ بخەنەوە و بیسەلمێنن کوورۆش لە (مشهد مادر سلیمان) ناشتراوە، کۆڵەر و نووسەری جوولەکەی ئاڵمانی یاگەڕیدە و جاسووسانی ئینگلیسن. لەسەر (قبر مادر سلیمان) کە بە وەدیارکەوتنی ناوی کوورۆش لەئێران، لەسەردەمی ڕەزاشادا، ناو نراوە (مقبرە کوورۆش بزرگ!!) نووسیویانە. ئەوانەش بوونەتە سەرچاوە بۆ گەوجاندنی خەڵکێکی زۆر و پەرەپێدانی کوورۆش پەرستی. فارس دەڵێن (قافیە چو تنگ آید // شاعر بە جفنگ آید! واتە کاتێک سەروای لێ تەنگ دەبێ // شاعیر تووشی جەفەنگ دەبێ!). کاتێک ڕاستەقینەی مردنەکەی نازانی، چۆن ئەوەندە دڵنیای تەرمەکەی لە پاسارگاد، (تا پێش ڕەزاشا قەبر”مەشهەد”ی دایکی سولەیمان) ناشتراوە؟ وەک دەبینین، فرای تەنیا ناوی شارێک بە سنووری دەستەڵاتیان دەزانێ. بەچی ڕا دیارە ئەوناوە لەسەردەمی داگیرکاریی کوورۆشدا دانرابێ؟ لەوڕۆژانەدا بەشانازییەوە!! خەبەرێک لەلایەن تێلێڤیزیۆنی تاجیکستان بڵاو بۆوە، کە ناوی پارکێکی پێتەختی ئەو وڵاتەیان ناوە (پارکی کوورۆش!) کەوابوو دەکرێ هێندێک مێژوونووسی لەوچەشنە پاش ماوەیەکی دیکە بڵێن کوورۆش بەمنداڵی لەوپارکە دەگەڵ هاواڵانی کایەی کردووە!!

ماڵپەڕی ویکی‌پدیا، دانستنامەی ئازاد ئەوجار بە کەلک وەرگرتن لە چەندین سەرچاوە ئاکام وەردەگرێ:

گواستنەوەی تەرمی کوورۆش، یەکێکی ترە لە نیشانەکانی نادروست بوونی شەڕی کوورۆش دەگەڵ ماساژێتەکان؛ چونکە ئەگەر شاژن تومیریس، کوورۆشی کوشتبێ و سەری بڕیبێ، چۆن هەخامەنشییان تونیویانە بەلەشکڕکی شکاوەوە تەرمەکەیان لێ وەرگرنەوە و بیهێننەوە نێوخۆی ئێران؟ ئەوماڵپەڕە هەر وەک بۆخۆی دەگەڵ ناشتنەکەی بووبێ ئەوە دەڵێ، بەڵام ناڵێ بەچی ڕا وا دلنیایە کوورۆش لە جێگای دایکی سولەیمان نێژرابێ؟

هەر بەپێی ئەوماڵپەڕە:

لەدوازدەی ئۆگۆستی (ئووت)ی ٥٦٠پ.ز، ژنێکی بابلی بەناوی (بورسیپە )خاکێکی لەنیزیک دەروازەی (سنگ براق) بەناوی یەکێک لە خزمانی کرد. مێژووی ئەو خشتە گڵە کە بە ڕێنووسی بزماریی ئاکەدی لەسەری نوسرابوو، نۆیەمین ساڵی کوورۆشی شای وڵاتان نیشان دەدا. لە سی‌ویەکەمی هەر ئەوساڵە لە پێتەختی بابل، پیاوێکی بابلی گوێدرێژەکەی فرۆشت. ڕێکەوتی ئەو خشتە گڵە ئی ساڵی دەستپێکی پادشایەتیی کەمبووجیەی فەرمانڕەوای وڵاتەکانە. ئەو دوو بەڵگانە کە بەڕواڵەت گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە، لەڕاستیدا ئەوە نیشان دەدەن کە کوورۆش لە نێوان ١٢ تا ٣١ی ئووتی ٥٣٠ی پ.ز مردووە، یا لانیکەم هەواڵی مردنەکەی و لەسەرتەخت دانیشتنی کەمبووجییە لەو نێوانەدا گەیشتۆتە بابل.

بابەتی گۆڕی کوورۆش کە پێشتر بە مەقبەرە (مشهد)ی دایکی سولەیمان ناوبانگی دەرکردووە، یەکێکی دیکەیە لە پەلەقاژەکانی دەمارگرژانی ئێرانی، بۆ هەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکان. نووسراوەکانی مێژوونووسانی ئێرانی وەک ئەو نموونانەی سەرەوە، پڕن لە دژبێژی و وەرگێڕانی ڕاستییەکان. بەپێچەوانە نواندنیان، نیشاندانی تێشکانەکان بە سەرکەوتن و تەنانەت داتاشینی پیرۆزیی ساختە بو داگیرکەران، کاری هەرە ئاسایی و بەرچای ئەونووسەرانەن: با نموونەیەکی چووکەتان لە مێژووی سەردەمی سەفەوییەکان بۆ بێنمەوە. ئەوانەی کەم تا کورتێک لە مێژووی بەناو ئێران بزانن، لە هێرشی تورکان و مەغوولان بۆ سەر ئەو وڵاتەی ئەوناوەیان خستۆتەسەری، ئاگادارن. پێشوونانی سەفەوییە خوێنڕێژەکان، نموونەیەکن لەو تورکانەی، بەزەبری هێز، خۆیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بە کوشتار و دڕندایەتییەک کە تەنیا هەر لە مەغوولان دەوەشایەوە ئوولی خەڵکەکەیان گۆڕی، و… ئەوانە بوونە مایەی شانازی، بەڵام کاتێک مەحموودی ئەفغان هات و تانجەکەی لە شا سوڵتان حوسێن ئەستاند، ئەوەیان بەداگێرکاری لەقەڵەم دا، کەچی باش دەزانین، سەردەمێک غەزنەینی سەرزەمینی ئەو مەحموودە پێتەختی وڵاتی داگیرکراو بەدەستی ئەو تورکانە بوو.

کوورۆش و ئیختوویگوو

پاش ‌‌مردنی ‌هووه‌خشته‌ره‌، ئیختوو ویگوو(Ikhtuvegu)و وه‌ک‌ هێرۆدۆت ده‌ڵێ، ئاستیاک ‌بوو به‌ شا. وه‌ک زه‌بیحوڵڵای مه‌نسووری له‌ زمانی (ماریژان موله‌، هرتز فلد، گیرشمن)ڕا ده‌ڵێ: ده‌بێ پێش وی سێ ئیختوویگووی دیکه‌ش پادشایه‌تییان کردبێ چونکه‌ ئه‌و له‌ به‌رده‌نووسه‌کانی بابلیدا به‌ ئیختوویگووی چواره‌م ناوده‌برا. یۆنانییان له ‌زمانی ئه‌رمه‌نییە‌کانه‌وه‌ به‌(ئاستیاگێس Astyages) ناویان بردووه‌. ئه‌و پادشایه‌ ده‌رباری خۆی به‌شێوه‌ی ده‌رباری ئاشوور ڕێکخست‌و تاساڵی 550ی پ.ز واته 35‌ ساڵان وڵاتی به‌وپه‌ڕی لێزانی‌و لێوه‌شاوه‌یی به‌ڕێوه‌بردو له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ شه‌ڕی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ دراوسێکانیدا نه‌کردن‌. ته‌نیا هۆکاری تێکدانی ئاسایشی وڵات له‌وکاته‌دا هێرشی په‌یتا په‌یتای “هێپتاله‌کان”بوو که‌ بۆ ماوه‌ی چل‌و دوو ساڵان خاکی مادیان کردبووه‌ ئامانجی کوشتوبڕو ڕاووڕووت‌و ته‌راتێنی خۆیان. ئه‌وان به‌و کوشتوکوشتاره‌ دڕندانه‌یان مادیان زۆر لاوازکرد. هێرشه‌کانی وان به‌شێوه‌ی کوتوپڕو خێرا بوو. ده‌یانکوشت، دەیان ڕفاندو بۆی ده‌رده‌چوون. ئه‌و کاره‌شیان دۆخێکی دیکه‌ی یاریده‌ده‌ری بۆ تێشکانی ئیختوویگوو و تێکچوونی زنجیره‌ پادشایانی ماد پێکهێنا.

ئیختوویگو‌و ده‌یه‌ویست ده‌سته‌ڵاتی شا بچکۆله‌کان که‌م کاته‌وه‌، که‌ هه‌رکامیان ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی‌یی خۆیانیان له‌به‌ر چاو بوو. ئەو دەیەویست وڵاتێکی یێکپارچه‌ی ‌به‌هێزو ده‌سته‌ڵاتێکی ‌ناوه‌ندیی پته‌و دامه‌زرێنێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ زۆر له‌ موغه‌کان نیزیک بوو. ئه‌و نیزیکییە‌ له ‌دوو باره‌وه‌ بۆی به‌گران ته‌واو بوو. چونکه‌ موغه‌کان له‌وسه‌رده‌مه‌دا یێکگرتوو نه‌بوون. ئه‌وان هه‌رکام له‌شوێنی خۆیان، دوژمنی له‌ئاشتی نه‌هاتووی مه‌زنانی ماد و شایه‌کانی ناوچه‌یی (ده‌هیووپووتی) بوون. ئه‌و پادشا چکۆلانه‌ که‌ خۆیان ئوولی تایبه‌تیی خۆیانیان به‌ڕێوه‌ ده‌بردو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی شایه‌تیدا ده‌سته‌ڵاتی ئایینیشیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو و به‌توندی دژایه‌تیی ئامۆژگارییە‌کانی زه‌رده‌شتیان ده‌کرد. پادشاچکۆله‌کان هه‌رکام ‌خوایه‌کی‌ جیایان بۆ خۆیان هه‌بوو و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی موغه‌کان که‌ یێکخواپه‌رست بوون، نەدەگونجا. له‌لایه‌کی ‌دیکه‌شه‌وه‌ موغه‌کان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌و پسمیرانی ماد کۆک نه‌بوون ‌و مه‌زنانی هۆزه‌کانی مادیش ئه‌و نیزیکییە‌ی شاو موغانیان به‌زیانی خۆ ده‌زانی.

گرتنی ئاشوور له‌سه‌ر ده‌می هووه‌خشته‌ره‌ مه‌زنانی مادی ده‌وڵه‌مه‌ند کرد، مڵکوماڵ‌و کۆیله‌یه‌کی زۆریان وه‌ده‌ست که‌وتن، به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵک که‌ له ‌شه‌ڕه‌که‌دا به‌شدار نه‌بوون هیچیان پێ‌نه‌بڕا. نه‌بوونی شه‌ڕو هێرش نه‌کردنه‌ سه‌ر وڵاتانی ‌دراوسێ‌و له ‌ئاکامدا بێبه‌شبوونی‌ سه‌ردارانی ‌ماد له‌تاڵان‌‌و ده‌ستکه‌وته‌کانی ‌شه‌ڕ، ئه‌وانی، ‌که‌ ده‌میان ‌به ‌سه‌رکه‌وتنه‌کانی سه‌رده‌می شای ‌پێشوو شیرن ‌ببوو، ناڕازی کرد. ئاوا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌ وته‌ی هێرۆدۆت‌و زۆر مێژوونووسان له‌ ئاستیاک ڕازی نه‌بوون، کێن. له‌ڕاستیدا ئه‌و ناڕازییانه‌ هه‌ر ئه‌و قازانج خۆرانه‌ی شه‌ڕه‌کانی پێش ئیختوویگوو و شا چکۆله‌کان واته‌ که‌مایه‌تییە‌کی ‌بچووک به‌ڵام به‌ده‌سته‌ڵات‌ بوون، که ‌له‌دژی ‌ئیختوویگوو پیلانیان داڕشت‌و سه‌روه‌ریی گه‌لی کوردیان تا ئه‌وڕۆش ده‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ‌ته‌سکی ‌خۆیان مراند. ئه‌و دۆخه‌ به‌رده‌وام بوو تا ئیختوویگوو سپیتامه‌ی کوڕی “ئامی‌تیدا”ی کچه‌ گه‌وره‌ی، که‌ بابی موغێک بوو، کرده‌ جێنشین بۆ دوای مردنی ‌خۆی. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ مه‌زنانی مادو شاچکۆله‌کانی هێنده‌ی دی هاڵۆز کردو کێشه‌ی نێوان لایه‌نگرانی ئیختوویگۆ و ئه‌وانی گه‌وره‌تر کردو “کوورۆش”ی (بە درۆی هێرۆدۆت) کوڕی ماندانای کچه‌ چووکه‌ی ئیختووگوویشی لێ وه‌خۆ خست، که‌ کوڕی که‌مبووجیه‌ی شای پارس ‌بوو و خۆی به‌که‌متر له‌ سپیتامه‌ نه‌ده‌زانی. سه‌ردارانی ناڕازیی ماد‌و شاچکۆڵه‌کان‌، ئه‌و هه‌له‌یان قۆسته‌وه‌و کوورۆشیان له‌دژی باپیری هان دا و به‌ڵێنییان پێدا بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی تانج‌و ته‌ختی ماد یاریده‌ی بده‌ن. ئیختوو ویگوو بیستی که‌ کوورۆش خۆی بۆ شه‌ڕ ئاماده‌ ده‌کا، هارپاکی، که‌ یێکێک بوو له‌ نیزیکان‌و باوه‌ڕپێکراوانی، نارده‌ شه‌ڕی نه‌وه‌ی سه‌ربزێوی. هارپاک به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌ی هێرۆدۆت له‌سه‌ری ده‌گێڕێته‌وه‌، دڵ ئێشییە‌کی له‌ باوکی ئیختوویگۆ هه‌بوو ‌و له‌ هه‌لێکی ئاوا ده‌گه‌ڕا، به ‌له‌شکره‌که‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی دیکه‌ له‌ خائینانی ماد ڕه‌گه‌ڵ له‌شکری هه‌خامه‌نشی که‌وتن. دیاکۆنۆف ده‌ڵێ: “… دژایه‌تیی نێوان مه‌زنانی نیزامی‌و هۆزه‌کان (که‌ خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی سامان بوون‌)و ده‌سته‌ڵاتی پادشایه‌تی که‌ ئه‌وکاتی به‌دوای ڕامیارییە‌کی پێشکه‌وتنخوازانه‌ی یێکێتیی خاکی وڵاتدا‌ ده‌چوو، ناچار بوو له ‌ماف‌و ده‌سته‌ڵاته‌کانی پێشووی شا چکۆڵه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌کانی ناوچه‌یی که‌م کاته‌وه‌و تێده‌کۆشا پاڵ وه‌ توێژی به‌ربڵاوی کۆیله‌داران‌و ته‌نانه‌ت – به‌گشتی – ئازاده‌کان بدا،…” به‌پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه‌ی نووسه‌ری (تاریخ ده‌ هزارسالة ایران) و مێژوونووسانی دیکه‌ی ئێرانیی ده‌مارگرژی فارسی وه‌ک خۆی، که‌ خه‌یانه‌تی سه‌ردارانی ماد ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانیی ئاستیاک‌و ده‌رباره‌که‌ی‌و خافڵبوونیان له‌ ئاسایشی خه‌ڵک، هۆکاری سه‌ره‌کیی تێشکانی ده‌وڵه‌تی ماد، خه‌یانه‌تی مه‌زنانی پاوانخوازو سامانپه‌رستی بوو. زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وان دوو قانیان به‌ده‌سته‌وه ‌بوو. یێکه‌م سامانی ‌زۆر، که‌ ده‌سته‌ڵاتی له‌خۆ کۆکردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له ‌هه‌ژارانی له‌ژێر ده‌ستی خۆدا پێ ده‌دان، دووهه‌م هه‌لی خۆ نیزیک کردنه‌وه‌یان له‌ پادشا و ئیمکانی وه‌شاندنی خه‌نجه‌ر له‌پشته‌وه‌ڕا که‌ گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تی به‌ خافڵگیرکردنی بۆ ڕه‌خساندن‌و هه‌روه‌ک له‌خواره‌وه‌ ده‌یبینن، سه‌ردارانی خاین‌و ته‌ماحکاری ماد، به‌ پشت کردن ده‌ پادشاکەیان، نه‌ک هه‌ر گه‌ل‌و وڵاتی خۆیانیان به‌دیلی داده‌ستی پارسه‌کان، به‌ڵکو خۆشیان سه‌ربه‌خۆیییان به‌ته‌واوی له‌ده‌ست دا و که‌وتنه ‌ژێرده‌سته‌یی. هۆکارێکی دیکه‌ی شکستی ئیختوویگوو، هێرش‌و کوشتارو تاڵانی په‌یتاپه‌یتای هێپتاله‌کان بوو که‌ به‌درێژایی ماوه‌ی پادشایه‌تیی ناوبراو به‌هه‌زاران پیاویان کوشتن‌و وڵاتی مادیان لاواز کرد.

سه‌رچاوه‌کانی ‌بابلی ده‌ڵێن شه‌ڕی نێوان کوورۆش‌و ئیختوویگۆ سێ ساڵان درێژه‌ی کێشاو له‌و ماوه‌یدا هه‌رجاره‌ی لایه‌نێک سه‌رده‌که‌وت. به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌و لێکدانه‌وه‌ی وته‌ی کتێزیاس‌و هێرۆدۆت، ده‌کرێ پیلانه‌که‌ به‌ چوار قۆناخ دابه‌ش که‌ین: یێکه‌میان پێکهێنانی سه‌ره‌تاکانی پیلان: پیلانگێڕیی مه‌زنانی ماد له‌ ناوخۆدا به‌هۆی هارپاکه‌ له‌لایه‌ک‌و هاندانی گه‌لانی دیکه‌ بۆ یاخیبوون له‌لایه‌کی ده‌که‌وه‌ به‌هۆی ئۆیبار (سه‌ردارێکی کوورۆش)ه‌وه‌. له‌ قۆناخی دووهه‌مدا هاتنه‌ مه‌یدانی کوورۆش‌و له‌شکری پارس‌و تێشکانی پارسه‌کان‌و چوونه‌پێشی ماده‌کان به‌ره‌و پاسارگاد. ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ ساڵی 553ی (پ.ز). ماده‌کان ناچار بوون له‌شکره‌که‌یان له‌سه‌ر سنووره‌کان ‌ڕا بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵداوان بانگ که‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ هه‌لی دا ده‌ستی بابلییە‌کان تا حه‌ڕڕان، له‌ باکووری نێوان دووچۆمان بگرن که‌ تا ئه‌وکاته‌ ئی ده‌وڵه‌تی ماد بوو. قۆناخی سێهه‌م که‌ دوو ساڵی خایاند جار به ‌سه‌رکه‌وتنی ماد و جاریش به ‌سه‌رکه‌وتنی پارس‌ ته‌واو ده‌بوو. قۆناخی چواره‌م ساڵی 550ی (پ.ز) بوو که‌ به‌ خه‌یانه‌تی هارپاکه‌، شه‌ڕی کۆتایی ده‌ستی پێکردو هیرکانی‌و پارته‌کانیش ڕه‌گه‌ڵ پارسه‌کان که‌وتن. ئیختوویگۆ کشاوه‌ هه‌مه‌دان‌و پارسه‌کان پێته‌ختی مادیان گرت. بێگومان ماده‌کان لێبڕاوانه‌ به‌ربه‌ره‌کانییان کردو ئه‌گه‌ر خه‌یانه‌تی ناوخۆی مه‌زنه‌کانیان نه‌بووبا، نه‌ده‌شکان‌و حکوومه‌ت نه‌ده‌که‌وته‌ ده‌ستی پارسه‌کان.

هێرۆدۆت ده‌ڵێ: “ئاستیاگ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئه‌وکاتی نێوانی له‌گه‌ڵ موغه‌کاندا زۆرخۆش ‌بوو، ئیعدامی‌ کردن، چونکه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی وان ڕێگای کوورۆشی دابوو بڕواته‌وه‌ پارس.” وا وێده‌چێ به‌شێک له‌ موغه‌کانیش له‌بنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یاخییان په‌یدا کردبێ. له‌ڕاستیدا دوایه‌ موغه‌کان له‌ ده‌رباری کوورۆش‌و که‌مبووجیه‌‌ی کو‌ڕیدا ڕێزێکی زۆریان هه‌بوو.

ئیختوویگۆ هه‌موو خه‌ڵکی هه‌مه‌دانی چه‌کدار کردن‌و بۆ شه‌ڕ له‌ شاری هاته‌ده‌ر به‌ڵام تێشکاو به‌ده‌ستی پارسه‌کان به‌دیل گیرا. پارسه‌کان هه‌مه‌دانیان گرت‌و به‌پێی مێژووی نابوونید تاڵانیان کردو به‌شێک له‌ خه‌ڵکه‌که‌یان به‌کۆیله‌ بردن. کتێزیاس ده‌ڵێ ئیختوویگۆ ده‌ستبه‌جێ به ‌دیل نه‌گیرا، هه‌ڵات‌و خۆی له‌ هه‌مه‌دان شارده‌وه‌. کوورۆش فه‌رمانی دا ئامی ‌تیدای ‌کچی‌‌و سپیتامه‌ی زاوای‌و کوڕه‌کانیان “سپیتاک‌و مه‌هابێرن”یان ئه‌شکه‌نجه‌دان‌و ئیختوویگۆ بۆ ڕزگار کردنی وان خۆی به‌ده‌سته‌وه‌دا.

پادشای بابل باسی ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌کا که‌ پوخته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌: “ئه‌و له‌شکرێکی کۆکرده‌وه‌و چووه‌ شه‌ڕی کوورۆش، به‌ڵام له‌شکره‌که‌ی یاخی بوون‌و ئیختوویگۆیان گرت‌و دایانه ‌ده‌ستی کوورۆش. کوورۆشیش پاش گرتنی هه‌مه‌دان، زێڕو زێو و سامانێکی زۆری که‌وته‌ ده‌ستی که‌ ته‌واوی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی برده‌ ئه‌نشان. داگیرکرانی هه‌مه‌دان له‌ 550ی ‌پ.ز ڕوویدا.” له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌کاکانیش یاریده‌ی کوورۆشیان دا که‌ نوو‌سه‌رانی ئێرانی هیچ ئاماژه‌ی پێ‌ ناکه‌ن.

کوورۆش لە بەردەنووسەکەی خۆیدا بەوشێوەیە گەورەبوونی لە وڵاتی ماد و – بەتایبەتیش لە لایەن شوانێکەوە – وەدرۆدەخاتەوە و چیرۆکە ئەفساناوییەکەی هێرۆدۆت بێنرخ و پووچ دەکاتەوە، کە ده‌ڵێ:

“ماده‌کان شتی باشیشیان هه‌بوون‌و من پاش ئه‌وه‌ی به‌پادشایه‌تی گه‌یشتم، ئه‌وانه‌م له‌ ماده‌کان وه‌رگرتن‌و له‌وڵاتی خۆمدا بڕه‌وم پێدان. یێکێک له‌و شته‌ باشانه‌ی له ‌ماده‌کان فێری بووم، ئه‌لف‌و بێی وان بوو، که‌ ٣٦ پیتی هه‌بوون‌و هه‌ر ئه‌و ئه‌لف‌و بێ‌یه‌یه‌ که‌ ئه‌وڕۆ له‌ وڵاتی مندا بۆته‌ باو‌. ئه‌من خوێندن‌و نووسین به‌ ئه‌لف‌وبێی ٤٨ پیتی فێربووم، به‌ڵام زانیم که‌ ئه‌لف‌وبێی ٣٦ پیتیی ماده‌کان بۆ خوێندن‌و نووسین که‌لکی زیاتره‌‌و ‌مرۆڤ به‌و ئه‌لف‌و بێیه‌ زووتر فێری خوێندن‌و نووسین ده‌بێ. ئه‌من تێگه‌یشتم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌هاسانی فێری خوێندن‌و نووسین بن، ده‌بێ نووسین له‌سه‌ر ته‌خته ‌گڵی‌سوور وه‌لانێن‌و وه‌ک‌خوێندنگه‌کانی هێگمه‌تانه‌ ته‌خته‌ به‌رد ده‌کارکه‌ن‌و فه‌رمانبه‌رانی دیوان‌و بازرگانان‌و کارمه‌ندانی تۆمارکردنی به‌ڵگه‌نامه‌کانم ڕاسپارد که‌ له‌سه‌ر چه‌رم بنووسن‌و یێکێک له‌سووده‌کانی نووسین له‌سه‌ر چه‌رم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر خۆ ڕاده‌گرێ….”

ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌‌ نیشان ده‌دا که‌ ناوبراو‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاکی ماد ده‌رسی خوێندووه‌و په‌روه‌رده‌ کراوه‌، چونکه‌ وا ده‌رده‌خا ڕێنووسی مادیی دوای خوێندن دیوه‌و له‌‌و خه‌ته‌‌ی پێ باشتر بووه‌ که‌ بۆخۆی ده‌رسی پێ خوێندووه‌. ئه‌گه‌ر ناوبراو له‌نێو خاکی ماد دا خوێندبای‌و له‌وێ په‌روه‌رده‌ بووبا، بێگومان ده‌بوو به‌ ڕێنووسی مادیش بخوێنێ، نه‌ک به‌ڕێنووسه‌ هه‌ر خۆی کوته‌نی ٤٨ پیتییە‌ سه‌خته‌که‌.

سه‌ره‌ڕای ‌ئه‌وه‌ش‌و دوای ئه‌و هه‌موو خراپه ‌بۆ سازکردنه‌، هێندێک مێژوونووسی فارسیش ناتوانن بیشارنه‌وه‌ که ‌ئیختوویگوو چ خزمه‌تی گه‌وره‌شی به‌ وڵاتی ‌ماد ‌کردوون. بۆوێنه‌ زه‌بیحوڵڵای ‌مه‌نسووری له ‌کتێبی(سرزمین‌جاوید، ص١٨٢) ده‌ڵێ: “ئیختوویگوو پێش شکانی به‌ده‌ستی کوورۆش، خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی به‌ئێرانییان کرد، ئه‌وێش سازکردنی به‌ندی ده‌ربه‌ند بوو بۆ پێشگرتن به‌هێرشی هێپتاله‌کان. هێندێکان سازکردنی ئه‌و به‌نده‌ به‌ئی کوورۆش‌و ته‌نانه‌ت به‌ئی داریووشی ده‌زانن، به‌ڵام وا نییه‌و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و بەنده‌ له‌ سه‌رده‌می ئیختوویگۆ ته‌واو نه‌کرابێ‌، و کوورۆش دوایه‌ ته‌واوی کردبێ…”

“… ئه‌گه‌ر هێپتاله‌کان بۆ ماوه‌ی چل‌ودوو ساڵان ئێرانیان نه‌خستبا به‌ر هێرش‌و مێشکی سه‌ری منداڵانیان نه‌خواردبا و ئاوه‌دانییه‌کانیان ‌له‌ناو نه‌بردبان‌ و پیاو و ژنیان به‌ ده ‌هه‌زار ده ‌هه‌زار نه‌کوشتبان‌، کوورۆشی دامه‌زرێنه‌ری زنجیره‌ی هه‌خامه‌نشی نه‌یده‌توانی ڕۆژئاوای ئێران به‌سێنه‌یی بگرێ‌و زنجیره‌ی ماده‌کان له‌ناوببات.”

نووسه‌رانی ‌فارس ئیختوویگو به‌گرنگیدان به‌ زیوه‌رو خۆ ڕازاندنه‌وه‌ی زۆر تاوانبار ده‌که‌ن‌ به‌ڵام کاتێک کوورۆش به ‌دنیایه‌ک زیوه‌رو خۆ ڕازاندنه‌وه‌ ده‌چێته‌ شاری “سوور” بابزانین چۆنی بۆ پاساو ده‌ده‌نه‌وه‌. زه‌بیحوڵڵا مه‌نسووری ده‌ڵێ: “کوورۆش هه‌روه‌ک‌ ده‌ڵێن‌و ئه‌فلاتوون‌و هێرۆدۆت‌و گه‌زه‌نفۆن‌و هیتر نووسیویانه‌، خۆ ڕازاندنه‌وه‌ی پێ جوان نه‌بوو و له‌ژیانی تایبه‌تیدا خۆی لێ ده‌پاراست، به‌ڵام ده‌یزانی ‌که ‌له ‌ڕێوڕه‌سمی ‌فه‌رمیدا ده‌بێ ‌خۆ بڕازێنێته‌وه‌… له‌وڕۆژه‌دا کوورۆش له‌‌به‌رزێڕو گه‌وهه‌ر ده‌دره‌وشایه‌وه‌و ئه‌سپه‌که‌شی ڕووپۆشی گه‌وهه‌رداری‌ پێدا درابوو، بۆلای په‌رستگای (به‌عل)، خوا گه‌وره‌ی (صور) چوو….”

ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌روا له‌زمانی “دیۆدۆری مێژوونوس”ڕا – نابێ له‌گه‌ڵ دیۆدۆری پیتۆڵی یۆنانی لێمان تێکچێ- ده‌ڵێ: “هه‌ر که‌س له‌جێگای کوورۆش با هه‌ر ئه‌وکارانه‌ی ده‌کرد.” که‌واته‌ کوورۆش ته‌ربیه‌تی گه‌ورانی وه‌رگرتووه‌ نه‌ک شوان و چونکه‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ له‌ په‌روه‌رده‌کراوی ده‌ستی شوانان، ئه‌ویش شوانی ئه‌وکاتی هه‌ر ناوه‌شێته‌وه‌.

دوکتۆر خودادادیان ‌ده‌ڵێ: هێندێک له‌و ناوانه‌ی پارسه‌کان که‌لکیان لێوه‌رگرتوون، (ماد)ین، له‌وانه‌ ناوی کوورۆش که‌ به‌واتای “هۆکار”و لەوانەشە “کرێکار”و ته‌نانه‌ت به‌کرێگیراوه‌، که‌ ئه‌وه‌ی دوایییان له‌ هه‌ڵه‌ی هێندێک مێژوونووسی وه‌ک دیاکۆنۆف ڕا په‌یدا بووه‌” به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌موویان له ‌ڕاستیدا نادروستن‌و له‌به‌ر تێنه‌گه‌یشتنی دروستی وه‌رگێڕان له‌ زمانی ماد بووه‌.

ناوی کوورۆش له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٢٠١ له ‌نووسراوه‌ی میسرییە‌کاندا به‌ کوره‌س، له‌ نووسراوه‌‌ی پازارگاد که‌ (دەڵێن) ئی کوورۆشه‌ کور – ئاس و له‌ نووسراوه‌کانی عیبری دا کوره‌س هاتووه‌.

دوکتۆرخودادادیان ڕاستده‌کا که‌ ده‌ڵێ: “له‌ساڵی٥٥٢ کوورۆشی دووهه‌م”ی پادشای ئه‌نشان له‌به‌رانبه‌ر ئاستیاک(٥٨٥ – ٥٥٠ی پ.ز)دا پاش‌ شەڕێکی ناکام ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی ماد سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ده‌ست دا و ببێته‌ پارێزگایه‌ک (ساتراپێک)ی ئیمپه‌راتوورییه‌تی پارس، که‌ دوایه‌ پێکهات…..”

(دارمس تتر)ی فه‌رانسه‌یی پێیوایه‌و ته‌نانه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌شدایه‌ که‌ زمانی‌ئاوێستایی هه‌ر زمانی‌ ماده‌کان‌ بووه‌. نه‌ک هه‌ر ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تیی پارس، به‌ڵکو ڕێکخراوی کۆمه‌ڵایه‌تیشی له‌ژێر کارتێکردنی توندی ڕێکخراوی مادی دا بووه‌. کوورۆش له ‌به‌رده‌نووسه‌که‌ی خۆیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کاو ده‌ڵێ: “ئه‌من دانانی یاسای نه‌گۆڕم له ‌وڵاتی‌ خۆمدا بڕه‌و پێدا که‌ له‌ ماده‌کان فێری بووم،…. من تێگه‌یشتم‌ که‌ ڕێکخراوی‌ سپای ماده‌کان که ‌دابه‌شبوونی ده‌ هه‌زار که‌سی ‌و هه‌زار که‌سی ‌و یێک سه‌ت ‌که‌سی ‌و په‌نجا که‌سی ‌و ده‌ که‌سی ‌و پێنج ‌که‌سییە‌، باشترین‌ شێوه‌ی به‌ڕێوه ‌بردنی ‌کاروباری‌ ئه‌رته‌شێکه ‌…. ئه‌وڕۆ سپای من به‌شێوه‌ی ماده‌کان به‌ڕێوه ‌ده‌چێ… یێکێک له‌ هۆکاره‌کانی ناڕه‌زایی گه‌لانی ژێرده‌ستی ماد ئه‌وه‌بوو که ‌ئه‌وان ئوولی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا داده‌سه‌پاند…”

مێژوونووسانی دەمارگرژی ئێرانی چ شاپەرستان و چ ئیسلامییەکان هیچکامیان ئەوە نین کە بەبێ لادان لەڕاستی و بەدوور لە بەلایخۆدا شکاندنەوەی ڕووداوەکان، شتێک لەسەر مێژوو بنووسن. بەڵام لەشەڕەقسەی دوولایەنی دژ، با هەردووکیش درۆزن بن، مرۆفی وریا دەتوانێ بەشێک لەڕاستییەکان هەڵێنجێ.

لەودواییانەدا زۆر بابەتی نوێ لەسەر هەخامەنشییان و شێوەی دامەزران و فەرمانڕەواییەکەیان بڵاوبوونەوە، کە دیوی دزیوی دەستەڵاتداری و ئەوهەموو ساختەکارییانە دەنوێنێ کە بەناوی مێژووی ئەو سەردەمە نیشان دەدرێ. داندایۆفی ڕووسی، کتێبی «بنەما کۆمەڵایەتی و پێکهاتە ئابوورییەکانی ئیمپەراتووریەتی هەخامەنشی»ی نووسیوە و لێکۆڵەرو مێژوونووس حەسەنی شایەگان مامۆستای خانەنشینی (فلوریدا آتلانتیک یونیورسیتی) وەری گێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی. ئەو کە لێکۆڵەرێکی مێژووییشەو ساڵانێکی زۆرە خەریکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر مێژووی هەخامەنشییانە، وتووێژێکی دەگەڵ ماڵپەڕی مێهر کردووە کە من هێندێکی لێرەدا بەکوردی دادەنێم. ئەوانەی هەموو وتووێژەکەیان دەوێ دەتوانن لەو ئادرێسەی خوارەوە بیخوێننەوە:

https://www.mehrnews.com/news/4479540/هرچه-به-نام-تمدن-هخامنشی-گفته-می-شود-هیچ-پایه-علمی-

ئەو ماڵپەڕە دەنووسێ کتێبی زۆر لەبابەت سەردەمی هەخامەنشی لە ئێران و جیهاندا بڵاوبوونەوە، کە زۆرینەیان باسی مێژوویەکی پڕشنگدار دەکەن. ئێمە هەروەها وەک فەرمانڕەوایانی دادپارێز باسی پادشایانی هەخامەنشی دەکەین و هەڵبەت جاڕنامەی کوورۆشیش بەیەکەم جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەمێژوودا دەزانین، بەڵام هەر لەسەرەتادا حەسەنی شایگان دەڵێ: هەرچی بەناوی شارستانییەتی هەخامەنشی کوتراوە، هیچ بناخەیەکی زانستیی نیییە و مێژووەکەیان لە ئابڕووچوون بەدەر شتێکی لێ بەدی ناکرێ.

داندامایۆڤ لێکۆڵینەوەیەکی کردووە کە دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ لێکۆڵینەوە ڕەخنەگرانەکانمان لەمەڕ سەردەمی هەخامەنشییان. ناڕوونی و چەواشە کارییەکی زۆر هاتۆتە ناو مێژوومان و هەستی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپارێزیمان ئەو چەواشەکاری و تێگەیشتنە هەڵانەی زیاتر کردوون. بەداخەوە ئەو لادانانەش زۆر پەرە پێدراون و بە چاولێکردنێک تێدەگەین کە ئەو تێڕوانینەمان لە جیهان ڕەسەنایەتییەکی ئەوتۆی نییە…. بۆوێنە مامۆستای کۆچکردوو زەڕڕینکووب کتێبێکی دووبەرگیی هەیە بەناوی «تاریخ مردم ایران» کە سەرچاوەیەکی پتەوە، بەڵام ئەو لەسەر لوولەی جاڕنامەی کوورۆش دواوە و وەک جاڕنامەی مافی مرۆڤی ناساندووە. کەچی کوورۆش دەستدرێژیی کردۆتە سەر وڵاتێک و داگیری کردووە و باجی قورسی مرۆڤی و دارایی و پیتەوایی‌ی بەسەردا سەپاندووە. ئەوباجە تا ٢٠٤ساڵان، واتە تا سەردەمی کوێربوونەوەی هەخامەنشییان هەر ئەستێندراوە. مێژووەکەمان تلاسانی گەورەی ئاوای تێدا بەدیهاتوون، جا ئێمەش ناسناوی مەزن و سەرکەوتوو دەدەینە کەسایەتیی کوورۆش.

بۆنموونە بەشک لە باجی پیتەوایی و مرۆڤیی بابل ساڵانە ٥٠٠ کوڕ و مێرمنداڵی جوان بوون کە دەبوو درابانە پارس. لەوڕۆژەوە بابل داگیرکرا تا سەردەمی هاتنی ئەسکەندەر بۆ ناو ئێران ماوەی ٢٠٨ ساڵە و سەرجەمیان دەبنە دەوری ١٠٤هەزارکەس. ئەوە بێجگە لەو کوڕانەشە کە لە حەبەشە و ناوچەکانی دیکەڕا وەک باج دەهێنرانە ناوچەی پارس….. (ئەوبەڵگانە) بڵاوبوونەوە، بەڵام لێکۆڵەران نەیاندیون یا سەرنجیانی ڕانەکێشاوە…. (نیشانەکانی ئەو هەستە نەتەوەپەرستییە لەمەڕ هەخامەنشییانەوە)، بۆوێنە لەهەموو کتێبەکان لە وشەی (کورش کبیر = کوورۆشی مەزن) کەلک وەردەگرین، کەچی کوورۆش لەهیچ شەڕێکدا سەرکەوتوونەبووە. لە یەکەم شەڕی لەگەڵ مادەکاندا، هارپاگ نامەی بۆ کوورۆش نووسی کە دەتوانێ دەست بەسەر ئەرتەشی ماددا بگرێ. ئەو توانیویەتی چەند کەس لە فەرماندەرانی سپای ماد بۆین و پێمل کات. کەوابوو هۆکاری سەرکەوتنی کوورۆش خەیانەتی هارپاکەیە کە ڕەگەڵی کەوت.

کوورۆش تەنانەت لەتەمەنی ٧٠ساڵیشدا شەڕانی و جیهانخۆرە و لەوکاتەشدا لەشەڕێک لەگەڵ ماساژێتەکاندا جگە لەوەی هەموو لەشکری گەورەی خۆی بەقڕکردندا، بۆخۆشی بەکوشت چوو…. شەڕی دووهەمی کوورۆش لەگەڵ لیدی بوو. ئەو بەتەمابوو دەست بەسەر پاشەکەوتی زێڕی لیدی و زەوی و پاشماوەی سامانی وڵاتەکەدا بگرێ… لەوشەڕەشدا کوورۆش بەفێڵی ناجوامێرانە سەرکەوت و توانی لیدی واتە ناوەندی زێڕی جیهان داگیرکا. سێهەمین شەڕی کوورۆش لەگەڵ بابل بوو. پیاوانی ئایینیی بابل (کاهینان) کە خوای مەردووخیان دەپەرست، لەسەر دابەشکردنی سامان، کۆیلەگەل، زەوی، ئاژاڵ و سەرچاوەکانی دیکەی سامان لەگەڵ پادشا لەکێشەدابوون، لەوکاتەدا کە نابوونید لە باشووری بابلدا خەریکی هێندێک کاروبار بوو، لەدەرفەت کەلک وەردەگرن و کوورۆش بانگهێشتنی بابل دەکەن. لێرەدا خۆڕاگریهایەکیش دێنەگۆڕێ، بەڵام کوورۆش دێتە نێوشار و بابلییان لوولەکە دەنووسن. ئەولوولە لەبنەڕەت ڕا سەرکەوتتننامەیە کە دوایە دەبێتە جاڕی مافی مرۆڤ.

… بابلییان لەتاو ئەو زەبرانەی وێیان کەوتبوو، بۆ دانەوەی باجەکانیان تا دووسەت و چەند ساڵان لەبەر نەداری کیژەکانیان دەفرۆشتن. بابل تەنانەت گڕامێک زێوی نەبوو، کەچی دەبوو ساڵانە ٥٠٠ تالان (١٥٥٠٠کیلۆ – نووسەر) زێوی نەغد بدات…. ئایا ئەوە جێگای شانازییە یان شەرم و بێزاری؟

کۆیلە لە بنەمای دەوڵەتی هەخامەنشیدا دەوری گرنگیان هەیە. لەسەرچاوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە کوورۆش لە بنەمای فەرمانڕەوایی خۆیدا ڕێزی بۆ مافی مرۆڤەکان داناوە. لە ڕێکخستنی بەراتەکاندا دانی پارەیەکیشی بە کۆیلەکان دیاری کردبوو. لێکدانەوەی مێژویی ئەو ڕەوتە دەبێتە چی؟

داندامایۆڤ پێیوایە ئەوەندە جیرەیان وەرگرتووە. محەممەدعەلی خونجیش هەر لەسەر ئەوباوەڕەیە. هەرچۆنێک بێ کۆیلەکانیش دەبێ بژین و کار بکەن، هەربۆیەش جیرەو خواردەمەنیی ڕۆژانەیان دەدرێتێ و ئەوە بەرات نییە….لەسەرچاوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە لەکاتی سازکردنی تەختی جەمشیددا مووچە دراوە بەو کۆیلانەی لەوێ کاریان کردووە. بێگومان سازکردنی تەختی جەمشید لەسەردەمی داریووشدا دەستی پێکردووە و کوورۆش ئاگاشی لێینەبووە.

کوورۆش پاش داگیرکردنی لیدی لە (سارد)، چاوی بە زیارەتانی باوکی پادشای لیدی کەوت و زۆری بەکەیفێ بوو. ئێستاش وێرانەکانی ئەو زیارەتانە لە(سارد) ماوە. ئەو پێیخۆشبوو زیارەتگای خۆشی وەک ئی باوکی کرۆزۆس بێ. جا بەگەڵاڵەیەکی تێکەڵاو، ئەو گۆڕە سازکرا. بەشێکی گەڵاڵەکە ئی فەرهەنگی لیبی و بەشێکیشی ئی دابودەستووری بابلە و لە سەردەمی خودی کوورۆشدا، بەدەستی بیناسازانی ئەو وڵاتانە سازکرا. بەردەکانیشی بەهۆی کۆیلەکانەوە هێنران.

کوورۆش پێیخۆشبوو ئەوکەسانە بخەسێنندرێن کە وەک باجی مرۆڤی دەئەستاندران یا لەشەڕەکاندا بەدیل دەگیران. باوەڕی وابوو کە خزمەتکارانی خەسێندراو ئیتر هۆشیان ناچێتەسەرهیچ شتێک یا هۆگری نابن، جا زۆر لەخۆبردوو دەبن. لەوسەردەمەدا دەزگایەک یا دەرمانێک بۆ سڕکردن دەگۆڕێدا نەبوو و بۆ خەساندن دەبوو هێلکەگونی دیل و گەنجانی باج بکوتن. هیچکام لە مێژوونووسانیمان واتە ئی وەک زەررینکووب، پیرنیا و نەسروڵڵای فەلسەفیش نەک هەر سەرنجیان نەداوەتە ئەو بابەتانە، بەڵکو بە لەخۆباییبوونێکی زۆر، باسی داریووشی گەورە یا کوورۆشی مەزنیان کردۆتەوە.

کوورۆش پاش بابل ڕوو دەکاتە ئاسیای ناوەندی و لە جەیحوون دەپەڕێتەوە و هۆزەکانی وێ دەکاتە باجدەر و فەرمانبەرداری خۆی. بەرنامەی دوای ئەوەی داگیرکردنی میسر بوو. کوورۆش لەڕاستیدا بۆیە فەرمانی گەڕانەوەی یەهوودییانی دا تا بتوانێ لە یاریدەیان لە ناوچەدا کەلک وەرگرێ. …. سەرنجی ئێمە دەبێ زۆرتر لەسەر بابەتی بوون یا نەبوونی هەڵدانی ئابووری بێ و ئەوەی کە بوۆچی ئەو ڕێژیمە، هێندە لەناوەوە داڕزابوو کە لە سێ شەڕی یەک بەدوای یەکیدا لەگەڵ ئەسکەندەر، بەلەشکرێکی چووکترەوە تێک بشکێ؟

داندامایۆڤ دەڵێ بەردتاشێکی میسری لە وڵاتی خۆی ٦ سکەی زێوی وەردەگرت، بەڵام لە پێرسپۆلیس سکەیەک یا یا سکەونیوێکیان بەرات دەدایە. ئایا نەخۆشیی هەبوو لە وڵاتی خۆی ڕا بەپێخۆشبوونی خۆ بۆ سکەونیوێک بێتە ئێڕە؟! دیارە دەبێ بەتۆبزی هێنرابێ.

(ئازادیی یەهوودییان)… کوورۆش پاش بابل ڕووی دە ئاسیای ناوین دەکا و لە جەیحوون دەپەڕێتەوە و هۆزەکانی وێ دێنێتە ژێر فەرمان و دەیانکاتە باجدەری خۆ. بەرنامەی دوایشی گرتنی میسر بوو. هێندێک لێکۆڵینەوە لەسەر فەرمانی گەڕانەوەی جوولەکەکان کراون کە بەپێی ئەوان، کوورۆش دەبوو بۆ گرتنی میسر بە فەلەستیندا بڕوات و هەر بۆیەش پێویستیی بە ڕێنوێن و یاریدەدەر و پەڕینەوە لە چۆمی نیل و چۆلەواری سینا و… هەبوو. لەڕاستیدا بۆیە فەرمانی گەڕانەوەی یەهوودییانی دا تا لە لە هاوکاریەکەیان لە ناوچەدا کەلک وەرگرێ. …

لەسەردەمانی کۆندا، بیناسازی یەکێک بوو لە دیاردەکانی ژیاری و لەو دیاردانە بوو کە بێنیازی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی دەنواند. بەڵام شوێنەوارە بەجێماوەکانی فەرهەنگیی هەخامەنشی، نیشانەگەلی فەرهەنگیی ژیارەکانی دیکەیان زۆر پێوەدەبینرێ. تەنانەت دەڵێن بیناسازیی تەختی جەمشید، لاساکردنەوەی میسر و ژیارەکانی دیکەیە. … بەردتاشی و ڕێنووسەکەیان کە ئی ئاشووری و بابلییانە….

هەموو بیناسازان، ئەندازیاران، بەردتاشان، دارتاشان، خەرتگێڕان و پیشەسازانی دیکەی بەکار لە فەرهەنگی هەخامەنشیدا لە وڵاتانی دیکەڕا بەدیل گیرابوون، کەرستەکانیش هەر لەسەرزەمینی ئەوانەڕا هاتبوون. بۆوێنە داری حەبەنووس بەرهەمی وڵاتی میسربوو. داریووش سیایی ئەو سەرچاوانەی بۆ بەیادگار بەجێهێشتووین….

پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە خەساسخانەگەلێکی زۆر لە شووش و پێرسپۆلیس و هێگمەتانە دەکاردابوون بۆ بەردەوام خەساندنی کۆیلە و دیلی شەڕی و دانانیان لەسەرکار… دامادایۆڤ دەنووسێ: ئەوکاتەی ئەسکەندەر دەستی بەسەر ژیاری هەخامەنشیی داگرت، ۷ میلۆن کیلۆ زێڕ و زێویان بە ۶هەزار وشتر و ۲۰هەزار یا ۴۰هەزار ئێستر و ئەسبان گواستنەوە و ئەوە ببێجگە لەوانەبوو کە سەربازانی ماکدۆنی لە خورجێنی ئەسپەکان یا ئەسپە یێخترمەکانیاندا بەتاڵانیان بردبوون. ئەوهەمووە لەکوێڕا هاتبوو؟… “

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵ بکەم، کە بۆ روونبوونەوەی زیاتر بەکەلکن: وەک دەزانین سکەیەک دوو ڕووی هەن، شێر، کە دەکرێ بە ڕووی دڵخوازی نووسەرانی ئێرانی یا دەرەکیی مێژووی ئێرانی دانێین، واتە ئەوانەی بە وەرگێڕانی ڕاستییەکان یا شاردنەوەیان شاگەشکە بوونە و خۆپەرستییەکی ئێرانییانەیان پێ دەمێشکی دەمارگرژانی ئێرانیدا چاندووە و ڕووی خەت واتە ڕووەکەی دیکەی کە بۆ ئەوان ناشیرین و دڵ پڕووکێنە، واتە لەقاودانی ڕاستییە بەلاڕێدابراوەکان. بەخۆشییەوە لەودواییانەدا ژمارەیەک نووسەری فارس و دەرەوەیی وەدیارکەوتوون کە لەودیوی سکەکەڕا واتە دیوەنەخوازراوەکەیەوە دەڕواننە مێژووی ئێران.

١- ئەو زیارەتگایەیەی دەڵێن کوروش بۆخۆی سازکردووە – بەناوی دایکی سلێمان کراوە – بەڵام تەرمی کوورۆش هەرگیز نەگەیشتە وێ و ئەوەشی بەنسیب نەبوو. وەک لەپێشدا باسمان کرد، بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی ئیتیلاعاتی ئێران، ڕێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگیی ئێران دووگۆڕی بەتاڵی دەوبینایەدا دیتوونەوەکە لە خۆڵ زیاتر هیچیان تێدانەبووە و ئەوەش نیشانەیەکی دیکەیە لە ڕاستبوونی بابەتی کوژرانی ناوبراو بەدەستی سپای ماساژێتەکان و بوتپەرستبوونی ونە بوونی لەسەر ئوولی زەردەشت، چونکە بەباوەڕی ئەو ئوولە تەرمی مرۆڤ خاک پیس دەکا و ئەوە تاوانە. نموونەیەکی دیکەش هەر لەوشێوە بینایە بەڵام چووکتر لە ئی پازارگاد، بەناوی (گوردختر) لە دەشتی «میانکووهی پشتپەر “شارستانی دەشتستان“هەیە کە قسەوباسی زۆری لەسەرە.

٢- باجە داسەپاوەکانی کوورۆش، تا سەردەمی هاتنی ئەسکەندەر بۆ ناو ئێران بەماوەی ٢٠٨ ساڵ بەردەوامبوون. لەوماوەیەدا و لە سایەی شەڕوشووڕ و لەشکرکێشانەکانی هەخامەنشییان و دەستدرێژییەکانیان بۆ سەرزەمینەکانی دەوروبەر، ژمارەیەکی زۆری خەڵک و سەربازانی ئەو وڵاتانە لەسایەی ڕآمئیاریی دیاریکراو لەلایەن ئەو بەناو پارێزەرەی مافی مرۆڤ (واتە کوورۆش)ەوە بۆۆنەتەکۆیلەی خەساو و بە نانەزگ بەبێگاری گیراون. سەیر ئەوەیە وڵاتانی دنیا و کارگێڕانی ئەوڕۆی نەتەوە یەک گرتووەکانیش ئەوەی دەزانن، بەڵام درۆنامەکەی بەناوی جاڕی مافی مرۆڤی کوورۆش و یەکەم داوای مافی مرۆڤ لەمێژوودا، هێشتا هەر لەجێی خۆی دانراوە.

٣- بابل لەلایەن جاشەکانی کوورۆش (هارپاکە وسەردارانی دیکەی خۆفرۆشی ماد) و بەیارمەتی و پیلانی کاهینەکانی وڵاتەکە داگیر کراو و کووروش بەبێ ئەوەی چووکرترین دەوری بەکردەوەی لەو شەڕەدا بووبێ، ماوەیەکی بەرچاو پاش ئەو داگیرکارییە، هاتە نێو پایتەختەکەی، بەڵام فشەفش و خۆ هەڵکێشان و دەستکەوتەکان و ناوی (فاتح)ەکە بووە ئی ئەو پادشایە خوێنخۆرە.

٤- لە هۆکارەکانی ناردنەوەی یەهوودییەکان بۆ وڵاتی خۆیان، بێجگە لەوانەی لەسەرەوە باس کران، یەکێکی دیکەش ئەوە بوو، کە کوورۆش دەیەویست ئاوا پشتی جەبهەی خۆی بۆ شەڕەکانی دیکە قایم کا و خەڵکێکی بەوەفای لەپشت بن کە بە ڕزگاریدەری بزانن، نەک داگیرکەر.

https://www.kojaro.com/2018/1/18/140220/%d8%ad%d9%82%d8%a7%db%8c%d9%82-%d8%a7%d8%b1%d8%a7%d9%85%da%af%d8%a7%d9%87-%da%a9%d9%88%d8%b1%d9%88%d8%b4/

ماڵپەڕو سەرچاوە سەیروسەمەرەکانی سەر وە نەتەوەپەرستانی ئێران دەربڕینی سەیرو سەمەرە و بێ بنەما دەبیننەوە بۆ ئەوەی (مشهد مادر سلیمان) بکەن بە قەبری (کوورۆش)ی مەزنیان، بۆنموونە بڕواننە ماڵپەڕی کۆجارۆ(بەو ئادرێسەی لەسەرەرەوەم داناوە) دەڵێ یەکەم کەس کە تێگەیشت (مشهد مادر سلیمان) هەر گۆڕەکەی کوورۆشی مەزنە، کە نووسەرانی گەورەی ئورووپای کۆن ناویان هێناوە، رۆبێرت کێرپۆرتێری گەڕیدە و سیاسەتوانی ئینگلیسی بوو.

سێر رۆبێرت کێر پۆرتێر(Ker Porter (Sir Robert گەڕیدە و نیگارکێشی ئینگلیسی (1777- 1842)، کە دەڵێن هەوڵێکی زۆری بۆ لەڕوو هەڵ گرتنەوەی بەردەنووسی بەناو داریووش لە بێستون ئەنجام داوە. وەک دەزانین وەرگرتنی نازناوی (سێر) لەو سەردەمەدا ئەوەندەش بەسێنەیی نەبووە و لەلایەن پادشاوە دراوە بەکەسانی گەورە و جێباوەڕ. ئەوچەشنەگەڕیدانە، زۆرتر بۆ جاسووسی، دەناردرانە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی.

ئەو نووسەرە ئورووپاییانەی لەسەرەوەو ئاماژە یان پێکراوە، پێشتر باسم کردوون. ئەوانە لەسەر چۆنیەتی مردنی کوورۆش نە یەکدەنگن و نە دڵنیا، بەڵام بەڕاستی جێگای شەرم و شوورەیی‌یە ئاوا چاوی خەڵکیان پێ دەبەستن و هەڵڵای گەورەی لێ سازدەکەن و هەمووساڵێ لەڕۆژێکی دیاریکراودا لەدەوری ئەو بینایە کۆدەبنەوە و ڕێز لە کوورۆشی خوێنخۆر دەگرن. ئەوبەزمە لەڕاستیدا جاسووسانی ئینگلیس سازیان کردووە و هیچ بنەمایەکی سەلمێندراویان نییە. ئەوە لەڕاستیدا پیلانێک بوو وڵگەخوازیی ئینگلیس، بەهۆی جاسووسانی خۆی بەناوی گەڕیدە و کەوناراناس و …. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ و یاباشتر بڵێم لە کۆتایی سەدەی ١٨ ڕا بۆ دەستەمۆکردنی خەڵک و تاڵانی سامانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات دەیگێڕا. یەکێک لەو پیلانانەش دۆزینەوە و دەستەمۆکردن و بەدەستەڵات گەیاندنی ڕەزاشابوو. بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پیلانەش بیری لە سازکردنی شانازییەکی درۆزنانەی نەتەوەیی (ئەحمەدکەسرەوی) کوتەنی، هەخامەنشیبازی بوو. هەلومەرجێکی لەبار لەسایەی حکوومەتەکانی سەفەوی و قاجار و… لەوڵاتی پارسدا ڕەخسابوو. ئینگلیس هەر لە سەدەکانی ١٥ و دواتریش ڕا، مرخی لە هەڵلووشینی سامان و دەستەمۆکردنی دەستەڵاتدارانی ناوچە خۆش کردبوو. لەسەرەتای ئەو دەورەدا، ئورووپا تووشی بەڵای عوسمانی ببوو، کە وەک کۆرۆنا خەریک بوو دایدەگرتەوە. دەبوو دوژمنێکی لەئاشتی نەهاتووی لە ڕۆژهەڵات بۆ دابتاشرێ، تا ڕووی هێرشەکانی بەو ئاراستەدا بگۆڕێ. ئەوپیلانەشی بەهۆی دەست پەروەردە و جاسووسانی جێبەجێ کرد. پاشان وردەوردە و بەئەسپایی خۆی تێخزاند و کاری گەیاندە ئەوجێگایەی چارەنووسی وڵات بۆخۆی دیاریی بکات. ئەوەبوو ڕەزاخانی خیشەملەی لەسەربازخانەدا دۆزییەوە پەروەردەی کرد و پلەی لە میرپەنجی ڕا بردەسەر و سەرەنجام کردییە پادشای ئێران. هەستی خۆ داسەپاندن و خۆ بە هەمووشت زانینی ئەو خاوەئەستێنە دەستەمۆیەی، وای کرد کە ئینگلیس بۆ پەرەپێدانی هەستی مەزنیخوازی و ڕەگەزپەرستیی ئەو پیاوەی خۆی، گرۆبەرێکی بۆ لەمێژوودا داتاشێ جا ئەویش بیکا بەگرۆبەری دووهەم. ئەوەبوو کوروشی هەخامەنشییان لە زبڵدانی مێژووڕا قوت و بەهەڵبەستنی درۆ لەمێژووی ناڕوون تارێکی ڕابردوو، تاپلەی خوایی گەورەی کردەوە. ئەوجار بە نێچیرە لەخۆبایی بووەکەی خۆی کوت: ئەوە کوورۆشی مەزنەو تۆش کوورؤشی سەردەمی نوێی مێژووی ئێرانی!! پاشان کە ئەو بزنە هێندە لەخۆ بایی بوو کە دمی دەتێشووی شوانی نا، وای هەڵداشت کە بە ئاخوڕ و هۆڵی خۆی نەزانێتەوە و لەدەربەریدا ئەو پەندەی کوردیی بۆ وەڕاست گەڕاند کە “هیچ حەرزێک وەخۆی نەگرێ”!! پاشانیش کوڕەکەیان لەجێ دانا و ئەویش دیسان بەتەمای تێشووی شوانی بەمەرەدی باوکی چوو.

هەر ئەو ئەوبەشەی ماڵپەڕەکە دیسان دەنووسێ:

“موریە لەساڵی ١٨٠٩ ئەو گریمانەی هێنابووەگۆڕێ کە بینای زیارەتانی دایکی حەزرەتی سولەیمان، دەبێ هەر گۆڕخانەکەی کوورۆش بێ، بەڵام ساڵانی دواتر لە بڕوای خۆی پاشگەزبۆوە. جۆرج کورزۆن، کێر پۆرتێری بە یەکەم ئینگلیسی زانیوە کە بینای کووورۆشی ناسیوەو و گریمانەی ئەوەی داوە کە یەکەم ناسەرەوەی گرۆتێفێندی ئاڵمانی بووە. گرۆتێفێند پاش پێداچوونەوە بە سەفەرنامەی مووریە، گریمانەی بەهێزی دا کە دەشتی مەرغاب هەر پاسارگادە و پاش سەردانی شوێنەکە بە هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی ئەوشوێنە لەگەڵ ڕووداوە مێژوویی‌یەکان و گێڕانەوەی مێژوونووسانی کەڤنارا بەوئاکامە گەیشت کە ئەو بینایەی بەناوی گۆڕی دایکی سولەیمان ناسراوە، هەر گۆڕخانەکەی کوورۆشی مەزنی دامەزرێنەری زنجیرەی هەخامەنشییانە.”

“گۆڕی کوورۆش تەنیا بینایەکە لە پاسارگاد، کە پەسنەکەی لە سەرچاوە یۆنانییەکاندا هاتووە. لە کۆنترین گێڕانەوەکانی سەبارەت بە گۆڕی کوورۆش، دەکرێ ئاماژە بکەین بە باسەکەی ئەریستوبولوس، یەکێک لە هاوڕێکانی ئەسکەندەری ماکدوونی، لە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەرزەمینی هەخامەنشییان دا، کە لەلایەن ئاریانەوە لە کتێبی ئاناباسیسی ئەسکەندەر دا ئاوا تۆمار کراوە. بەشەکانی خوارووی گۆڕخانەکە لە بەردگەلێک پێکهاتبوو کە بەشێوەی چوارگۆشە تاشرابوون و بەگشتی بناخەیەکی لاکێشەیان پێکدەهێنا. سەرەوەی گۆڕخانەکە هۆدەیەکی بەردین بوو، کە بانێک و دەرگایەکی هەبوو. (دەرگاکە) ئەوەندە باریک بوو کە پیاوێکی کورتەباڵا بەئاستەم دەیتوانی پێیدا بچێتە ژوور. دارتەرمێکی زێڕین لەنێو هۆدەکەدابوو کە تەرمی کوورۆشیان تێدا دانابوو.”

“نیو تەختێکی درێژی پێچک لەزێڕی لەسەردانیشتنیش لە تەنیشت دارتەرمەکەدانرابوو. پەردەیەکی (بابلی)ش دایپۆشیبوو(وێدەچێ نیوتەختەکە بێ) و تەختی هۆدەکەش بەفەڕش داپۆشرابو. باڵاپۆشێکی قۆڵداریش لەگەڵ جلوبەرگی دیکەی بابلیی لەسەربوون. پانتۆڵ و جلوبەرگی مادیشی تێدا دەبینران، هێندێکیان ڕەنگ بۆری تۆخ و هێندیک لەڕەنگ گەلی دیکەبوون. ملوانکە، شمشێر، گوارەگەلی بەردینی بەزێڕ نەخشاو و مێزێکیش لەهۆدەکەدابوون. دارتەرمی کوورۆش لەنێوان تەختی درێژی لەسەردانیشتنەکە و مێزەکە دابوو. لە گۆڕەپانی گۆڕخانەکەشدا خانوویەکی بچووک بۆ پێشەوایانی ئایینی هەبوو، کە ئەرکی پاراستنی زێدی کوورۆشیان بەئەستۆوەبوو. ”

کاتێک بەوسەرچاوانەی ویکی پێدیادا لەمەڕ ناسرانەوەی پاسارگاد و گۆڕی کوورۆشی هەخامەنشیدا دەچینەوە، کلکی کەڵەشێرەکە لەبن عەبای مەلا وەدیاردەکەوێ، سوودی ئەو بەدواداچوونە و چاولێکردنەی ویکی پێدیا لەوەدایە، کە بە هێنانەوەی نموونە لەسەرچاوەی جۆراوجۆر مرۆڤی وریا بۆ دۆزینەوەی درۆ و ڕاستەکان ڕادەکێشێ و وادەکا زیاتر بەدوای سەرچاوەدا بگەڕێ، ئیدی لێکۆڵەر بۆخۆی دەبێ لێکدانەوەیان لەسەر بدات:

١- وەک ویکی پێدیا دەڵێ: رۆبێرت کێر پۆرتێر (1777 – 1842 Robert Ker Porter)، لەساڵی ١٨١٨ سەردانی ئاپادانای کردووە. و ماڵپەڕی (کجارو)، وەک لەسەرەوە باسمان کرد دەنووسێ: “…. کورزۆن، کێر پۆرتێری بە یەکەم ئینگلیسی زانیوە کە بینای کووورۆشی ناسیوەو و گریمانەی ئەوەی داوە کە یەکەم ناسەرەوەشی گرۆتێفێندی ئاڵمانی بووبێ.”

“گرۆتێفێند پاش پێداچوونەوە بە سەفەرنامەی مووریە، گریمانەی بەهێزی دا کە دەشتی مەرغاب هەر پاسارگادە و پاش سەردانی شوێنەکە بە هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی ئەوشوێنە لەگەڵ ڕووداوە مێژوویی‌یەکان و گێڕانەوەی مێژوونووسانی کەڤنارا بەوئاکامە گەیشت کە ئەو بینایەی بەناوی گۆڕی دایکی سولەیمان ناسراوە، هەر گۆڕخانەکەی کوورۆشی مەزنی دامەزرێنەری زنجیرەی هەخامەنشییانە.”

٢- لۆرد جورج ناتانیل کورزۆن (Lord George Nathaniel Curzon)، بۆ ئەوەی باش ئەو پیاوەشەریفە بناسن و باشتر دە مەبەستەکانی لەمەڕ قوتکردنەوەی کوورۆش و گۆڕەکەی بگەن:

– ناوبراو لە سیاستمداران و پیاوانی بەناوبانگی بیستوپێنج ساڵەی یەکەمی سەدەی بیستەم، واتە سەرەتای دەستەڵات پەیداکردنی ڕەزای میر پەنج و ڕەزاشای دوایی بوو. ئەو ئێران ناسێک و ئەندامی حیزبی موحافیزه‌کاری (بریتانیا) بوو.

– وەک ماڵپەڕی www.iichs.ir › News-5885 دەڵێ: “ئەو بیرداڕێژی دەستەڵاتداریی بێ ئەملاو ئەولای ئینگلستان بووە بەسەر ئێراندا. لووتکەی تێکۆشانەکەی لەمەڕ ئێران، دەبێ لە ڕووداوی پەیماننامەی ١٩١٩ی (وثوق‌الدولە) و….دا ببینین. لەو ڕێکەوتەدا بەفیتی ئەو، لەنێوان «وثوق‌الدوله»ی سەرۆک وەزیرانی ئێران و «سێر پێرسی کاکس Percy Cox Sir »ی نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا واژۆ کرا، کە دەستەڵاتی بە کاربەدەستانی ئینگلیس دەدا چاوەدێری بەسەر ڕێکخراوەکانی سپا و دارایی‌ی ئێراندا بکەن. ئەو لەئەنجومەنە ڕامیارییەکاندا بە کارناس دەهاتە ئەژمار. دەمگۆی ئەوەش هەیە کە دامەزراندنی حەوزەی عیلمییەی قوم بە ڕێنوێنیی ئەو بووە.

٣- جیمز مۆریه : James Justinian Morier۱۷۸۰ ئەزمیر –۱۹ مارس) دیپلۆمات و نووسەری بریتانیایی لە سەدەی نۆزدە و ڕاسپاردەی سیاسی هاوسەردەمی فەرمانڕەوایی فەتحعەلیشای قاجار. لە ساڵی ۱۸۰۸ وەک پەیامگیری هارفۆرد جۆنزی باڵوێزی بریتانیا سەفەری کردە ئێران. ساڵی دواتر مۆریه بوو بە هاوسەفەری میرزا ئەبوولحەسەن خانی شیرازی، باڵوێزی ئێران لە درباری ئینگلستان، لەکاتی چوونیدا بۆ لەندەن. لەساڵی ۱۸۱۰ دیسان و ئەوجار لەگەڵ سێرگور ئوزلی گەڕاوە تاران و تا سال ۱۸۱۶ که ئێرانی بەجێهێشت، بۆماوەیەک لەوێ وەزیری موختاری بریتانیاش بوو. شاراوە نییە ئینگلیس چەندە لەو سەردەمەدا دەستی دەئێراندا دەڕۆیشت. ئەگەر لەو سەردەمەدا قانێکیشی دابێ بەئێران چەندین هێندەی سوود وەرگرتووە. ئەوە سەردەمێک بووە کە پێلانەکانی ئینگلیس بۆ سازکردنی ئێرانێکی دەستەمۆ لەوپەڕی بەهێزیدا بوون. بۆ باش بەڕێوەچوونی ئەو پیلانانەش کەسێکی وەک مۆریە شاز و لەباربوو. بەڵام چەندساڵ دواتر بە هێندێک هۆکاری نادیار، لە ڕوانگەی خۆی لەسەر گۆڕی کووڕۆش پاشگەزبۆوە.

٤- گێئورگ فرێدریش گرۆتێفێندی ئاڵمانی: Georg Friedrich Grotefend یەکەم کەس بووە لەسەدەی ١٩دا دەستی بەخوێندنەوەی ڕێنووسی بزماری لە شوێنەوارەکانی هەخامەنشیدا کردووە. بەڵام هەر توانیویەتی چەند وشەیەکی لێ بخوێنێتەوە، کە لە هێندێکیاندا بەهەڵە چووە، و بەشێکیان هەر گریمانە بوون، و تەنیا دە وشەیان دروست بوون. بەڵام ئەوکارەی بوو بە سەرەتایەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕێنووسە.٠٠٠ پاش تێکۆشانەکانی گرۆتێنفێلد، کە توانیبووی تەنانەت ناوی کوورۆش لەبەردەنووسی مەرغابدا بدۆزێتەوە. …..

بەکوتەی ماڵپەڕی کجارو دیسان وەک لەپێشدا باسمان کرد، گرۆتێفێند پاش پێداچوونەوە بە سەفەرنامەی مووریە، گریمانەی بەهێزی دا کە دەشتی مەرغاب هەر پاسارگادە و پاش سەردانی شوێنەکە بە هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی ئەوشوێنە لەگەڵ ڕووداوە مێژوویی‌یەکان و گێڕانەوەی مێژوونووسانی کەڤنارا بەوئاکامە گەیشت کە ئەو بینایەی بەناوی گۆڕی دایکی سولەیمان ناسراوە، هەر گۆڕخانەکەی کوورۆشی مەزنی دامەزرێنەری زنجیرەی هەخامەنشییانە. هەرچۆنێک بێ دۆزینەوەکەی لەمەڕ ئەو بابەتەی ئێمە، نرخێکی ڕوونکەرەوەی نییە.

– دەڵێ توانیبووی تەنانەت ناوی کوورۆش لەبەردەنووسی مەرغابدا بدۆزێتەوە…. ئیدی ئەوە کەڵەگایی‌یە، چونکە گۆڕی بەناو کوورۆش یا وەک تا دووسەدە پێش ئەوڕۆ، بە(مەشهەدی دایکی حەزرەتی سولەیمان) ناسرابوو، هیچ بەردەنووسێکی لەسەر نەبووە تا وشەی کوورۆشی تێدا بناسرێتەوە. دوایە پاش بەرنامەکەی ئینگلیس بۆ کوورۆش سازی بەردەنووسێکی ساختەی وەک ئی بێستوون بۆ دروست کرا.

– دەڵێ: مووریە لەپێشدا پێیوابوو ئەوە گۆڕی کوورۆشە، بەڵام ساڵانی دواتر لە بڕوای خۆی پاشگەزبۆوە. ئەدی گرۆتێفێند پاش پێداچوونەوە بە سەفەرنامەی مووریە، بەچی ڕا ئەوەندە دڵنیابوو کە ئەوێ پاسارگادە و گۆڕەکەش ئی کوورۆشە؟!!

٤- ئەریستوبولوسی بەسەرهاتنووسی ئەسکندر که لە لەشکرکێشییەکانیدا، لەگەڵی بووە و پاش شەڕەکە ئەوەی دیتوونی لەکتێبێکدا نووسیون، کە لەناو چووە. پاشان نووسەرانی دیکەی ئەسکەندەرنامە، ی وەک ئاریان و دیۆدۆرۆس، کەلکیان لێوەرگرتووە. ئەگەر باش سەرنج بدەنە وەرگێڕاوی باسەکەی ناوبراو لەسەر ئەوەی لە گۆڕی کوورۆشدا دیتوویەتی، گێڕانەوەکەی بەئاوەز ناگونجی و زۆرتر وە ئەفسانەدەچێ. ئەوڕۆ ئەو گۆڕە دراوەتەوە، لەجیاتی یەک دوو قەبری تێدان، ئەو هەموو شتە لەو شوێنە چووکەدا کە ناوبراو باسی کردووە یان لەزمانی وی ڕا گێڕاویانەتەوە لەو شوێنە چووکەدا، ئەویش بەودەرگاچووکەیەوە کە تەنیا کەسێکی کورتەباڵا پێیدا دەچێتەژوور و ئێستا دەرکەوتووە لەجیاتی گۆڕێیش دوو گۆڕی تێدان. ئەو باسە زۆرتر وە چیرۆکی پەرییان دەچێ تا مێژوو. جا پیلانگێڕانی ئینگلیسیش ئەوەیان کردۆتە بەڵگە بۆ مێژووی ئێران و فریودانی خەڵک.

بؤڕوونبوونەوەی زیاتر بڕواننە خاڵەکانی١٢و١٣ی (حقایق-ارامگاه-کوروش)هیتر لەوماڵپەڕەدا:

“ژێربیناکەی سەکۆیەکی بەردیننی لاکێشەی ١٣.٣٥ بە ١٢.٣ میترە. بیناکە دووبەشە: سەکۆیەکی شەش پلیکانی و هۆدەیەکی سەربان پشتەماسی لەسەر پلەی شەشەم هەڵکەوتووە. پلەی یەکەم ١٦٥سانت بەرزە، پلەی دووهەم کە ٦٠ سانتی نەتاشراو و داپۆشراوبوو، واتە هەر ١٠٥سانی بەدەرەوەیە. پلیکانی ٢ و ٣ هەرکام ١٠٥ سانت و ئی ٤و٥و ٦ هەرکام ٥٧.٥ سانت بەرزن. بناخەی هۆدەی ئارامگە دەوری ٦.٤بە ٥.٣٥میترە. هۆدەکە لەنێوێدا ٣.١٧ بە٢.١١ میترە و ٢.١١ میتریش بەرزە، دیوارەکەی ١.٥میترپانە.” جاوەرن ئەو هەموو شتەی درۆزنەکەی هاوڕێی ئەسکەندەر باسی دەکا دەژوورێکی ئاوا گچکەدا جێ کەنەوە، بەدۆزینەوەی دووگۆڕیش لەودواییانەدا کە لەسەرەوە باسمان کرد، جا ئەوجار حیساب بۆ نرخە مێژوویی‌یەکەی بکەن!!

خاڵی ١٨ دەڵێ: “دەورو ناوەوەی گۆڕی کوورۆش خاوەنی هێچ ڕازێنەرەوە و وێنەیەک نییە، تەنیا لەسەر سەردەرانە سێگۆشوکەی بن سەربانی پشتەماسی و سەر دەرگای چوونەژوورێ، نەخشێکی کاڵی گوڵێکی دوازدەپەڕهەیە کە دابی هەخامەنشییان بووە و هیچ بەردەنووس و نووسراوەیەک لە زێدی کوورۆشدا نەدۆزراوەتەوە.”

کجارو، لە خاڵەکانی دواتریدا لەسەر ئارامگەی کوورۆش دەدوێ کە کورتکراوەکەی ئەوەیە: “ئاریانی مێژوونووسی یۆنانی دەریبڕیوە کە لە گۆڕخانەی کوورۆشدا نووسراوێك «به خط ایرانی» بەوناوەرۆکە دیتراوە. ئەی پیاو! ئەمن کوورۆشم، کوڕی کەمبووجیە، من بناخەی پادشایەتیی پارسیانم دانا، فەرمانم بەسەر ئاسیادا دەڕۆیی، ئێستا ئێرەییم پێ مەبە. …. وا وێدەچێ بینایەکی هاوشێوەی ئارامگەی کوورۆش پێش دروست کردنەکەی، چ لە ئێران و چ لە دەرەوە نەبووبێ، هەرچەندە دوایە بیناگەلێک لە شێوەی وی دروست کران…،”

وەک پێشتر باسمان کرد، ئەگەر کوورۆش ئارامگاکەی سازکردبێ، بەلاساکردنەوەی ئارامگای باوکی پادشای لیدی کردوویەتی. کە وابوو ئەوەش فڕی بەڕاستییەوەنیە!

پروفسور عبدالمجید ارفعی دەڵێ:

“مەسعوود گوڵزاری (شوێنەوارناسی پیشڕەو)یش لەسەر ئەوڕاستییانەی مێژوویی کە لەسەر گۆڕی کوورۆش دەکوترێن و ئەوەی کە ئەوە گۆڕی کوورۆشە یان نا؟ دەڵێ: دەزانین کوورۆش ئەو زێدەی بۆ هاوسەری خۆی سازکردووە. بەڵام ئەوگۆڕە تەنانەت لە بن سەربانە کووڕەکەشیدا بێجگە لە چەند کوتەئێسک هیچمان نەدۆزییەوە. هیچ زانیارییەکی دروستیشمان لەوبارەوە نییە. تەنیا ئەوە دەزانین کە لە سەردەمانی کۆندا ئەو گۆڕە بەردینەیان بۆ کوورۆش وەبەرچاو گرتووە. و بیناکەی لەشێوەی خانووبەرەکانی ئوورارتوویی‌یە.”

… ئەرفەعی و گوڵزاری لەسەر ئەوبابەتە سوورن کە پاسارگاد ناتوانێ کۆڕی کوورۆش بێ. کامیار عەبدی (شوێنەوارناسی پسپۆڕ لە بابەتی هەخامەنشییاندا)ش لەوبارەوە پێیوایە: لە دەقە دێرینەکان و بەردەنووسەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە کوورۆش ئەو زێدەی سازکردووە، دیارە لەوسەردەمەدا داب وا نەبووە بۆ مردووان بەردی گۆڕ دانێن؛ لەبابەت داریووشیشدا ئەو هەڵاواردنە هەیە. هەڵبەت لە دەقە یۆنانییەکاندا هاتووە کە لە ڕابردوودا بەردەنووسێک لەوشوێنەدا هەبووە و ئەسکەندەر خوێندوویەتەوە و ناوەرۆکەکەی بریتی بووە لەوەی کە ئەوە گۆڕی کوورۆشە. دیارە بەڵگەنامەی نووسراوی دێرینەناسانەمان هەن کە ئەو بینایە پەیوەندیدارە بە سەردەمی کوورۆش، بەڵام ئەوەیکە گۆڕی هاوسەری بێ یان ئی کچەکەی یان نا بەدوور دەزانم. نەختێک لەسەرەوەتریش بینایەک هەیە بەناوی زیندانی سولەیمان کە دەکوترێ لەوانەیە ئەوشوێنە گۆڕی هاوسەری کوورۆش بێ، لەوەش دڵنیانیم.

مووریە لەساڵی ۱۸۰۹ ئەوگریمانەی هێنابووەگۆڕێ کە بینای گۆڕی دایکی حەزرەتی سولەیمان، هەر گۆڕخانەکەی کوورۆش بێ؛ بەڵام ساڵەها دواتر، بۆخۆی لێی پاشگەزبووبۆوە. بێگومان ئەو پاشگەزبوونەوەشی بێ هۆکار نەبووە.

https://www.tasnimnews.com/fa/service/9/رسانه-ها

خبرگزاری تسنیم: … فرووغی باسی پادشایانی شانامەی تا دارا کردووە، تا گەیشتۆتە ئەسکەندەر و دوایەش ئەشکانییان و ساسانییان و تاریخی ئێران دوای ئیسلام، بەڵام هیچ ناوێکی لە هەخامەنشی و داریووشەکەیان نەهێناوەوە، هەر ئەو سەرچاوەیە باس دەکا، ڕەزاخان بە نێوبژیوانیی فرووغیئ و لەسەرداوای ئەو بوو بە شای ئێران، و فرووغیش بۆ ماوەیەک سەرۆکوەزیرانی بوو، بەڵام نێوانیان تێکچوو، تۆ بڵێی لەسەر ئەوهەموو دۆستایەتییەی لەگەڵ ئینگلیس، ئاگای لە پیلانەکەشیان نەبووبێ و نە بە بێستوون و تاقی بوستان و نە بە پاسارگاد و تەختی جەمشیدی زانیبێ؟ ئەدی پاشان چی؟ خۆ دیسان هەر بە نێوبژیوانیی فرووغی محەمەدی کوڕییان لەجێ دانا، دەنا ئینگلیس لەناو قاجارەکاندا کە دەستەمۆی بوون بەدوای جێنشینێکدا دەگەڕا، بەگشتی ئەو سیاسەتوانە بەهێزە ٣٧ ساڵان کۆڵەکەیەک بوو بۆ حکوومەتی پەهلەوی، هێشتا بە هەخامەنشییانی نەزانێ تا ناویان بەرێ؟! لێرەدا ماڵپەڕە ئێرانپەرستەکە لە ژیربێژیدا کەمی دێنێ و بەشێوەی کۆماری ئیسلامی، فرووغی دەکاتە بنەجوو و بابی و دژی ئیسلام. ئەوەش دەکاتە بەڵگە بۆ بیدەنگییەکەی فرووغی لەسەر کوورۆش و هەخامەنشییان. بۆ ڕەوا نەکردنی ئەو داوایە پێویستە ئەوە ڕوونکەمەوە، کە ئەگەر باب و باپیرانی جوولەکەبن، ئەوان بەپێی دین و مێژووەکەیان لایەنگری کوورۆشن و بەپیرۆزی دادەنێن. ئەگەر سەرنجێک بدەیەنە ئەوانەی ساختەکارییان لە تەختی جەمشید و پاسارگاد و بێشتووندا کردووە، چ بەپێنووس و چ بە قەڵەمی بەردبڕ، زۆرینەیان جوون بێگومان ئەو پاشگوێخستنە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. بەبڕوای من ئەو سیاسەتوانە بەهێزە، نە پەیوەندیی بە جوولەکەوە هەبووە و نە ئەگەر لایەنگری (محدعلی باب) یا وەک دەڵێن (بابی)ش بووبێ دوژمنایەتییەکی دەگەڵ هەخامەنشییان هەبووە. ەو وەک باس دەکەن نێوانی دەگەڵ ڕەزاشا تێکچووە، وێدەچێ یەکێک لە هۆکارەکانی نەسەلماندنی ئەو ساختەکارییانە بووبێ.


من تا ئێرە ئەوەندەی بۆم کرا لەسەر ساختەکارییەکانی شۆڤێنیزمی ئێرانی نووسیم و ڕوونکردنەوەی پێویستم دا. داوەری لەسەر کۆی نووسراوەکەم بە خوێنەرانی هێژا دەسپێرم. ئەوەندەی پەیوەندیی بە کورد و کوردستانەوە هەبێ، دەستەیەکی بچووک، لە سەرزەمینێکی بچووکەوە هەستان و بەیاریدەی جاشەکانی ناوخۆی کوردستان و لەسایەی هێرشی پەیتاپەیتای گەلێکی وەحشی و خوێنخۆر بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، باپیرانمان سەربەخۆیی و شانازییەکانی خۆیان دۆڕاند. پاش ئەو یەکەم دۆڕاندنەش ئیتر هەڵنەستاینەوە، هەرکەسە بۆخۆی لەشوێنێک بە پارووە نانێک و بستەزەوییەک ڕازیبوو. تا ئێستاشی دەگەڵ بێ بیری نەتەوەی و نەتەوەخوازیمان کەوتۆتە بن سێبەر و کارتێکردنی چەمکگەلی پڕ دەردیسەری و گێرەو کێشەی حیزبایەتی‌و عەشیرەتگەری، خۆمەخۆمە و بەرژەوەندی تاقمی و کەسی. تا ئەوەش حاڵمان بێ، هەر نەکبەتی هاوماڵما دەبێ و دێوەزمەی دووبەرەکی – لەبیرکردنی دوژمنی دەرەکی و خۆیی بەدوژمن زانین – لەبەر ماڵمان و شەرمەساری و داخ و حەسرەت و ژێردەستەیی هاواڵمان دەبێ!!

عەبدوڵلا ئیبراهیمی

بەرچەسپەکان :
ئێران, ایران, کورد, مێژوو
لقی بابەت :  بابەتەکان
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە