پەندی پێشینییان ١٧
بەڕێزانی هۆگری فۆلکلۆری کوردی
سڵاو،
دیسان بە چەپکە گوڵێک لە بێستانی پەندی پێشینییانی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ ئەوە هاتمەوە دیدارتان. هیوادارم چێژی لێوەرگرن.
بەدەستی خەڵک مارئەگرێ.
بەدەستی خۆت نەبێ خورووی پشتت داناکەوێ.
بەدەستی خۆم، چم کرد بەخۆم.
بەدەستی خۆی ئاگری بەرداوەتە گیانی/ماڵی خۆی.
بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ.
بەدەستێک دووکاڵەک هەڵناگیرێ.
بەدەم و بەدەست، تێی وشیوە.
بەدەمێ ئەخۆن و (بە) قنگێ ئەڕین.
بەدەمی یەکا تفیونەتەوە.
بەدەنگی مەلا باوەڕناکا، بەزەڕەی کەر باوەڕ ئەکا.
بەدرێژیی خۆی ئەڕوانێت، بە پانیی خەڵقیشا.
بەدزیی ئیزرائیلەوە ئەگەڕێ.
بەدوای کەری تۆپیودا ئەگەڕێ ناڵی لێ بکێشێتەوە.
بەدۆش ئەژەنێ.
بەدوعای پشێلە باران نابارێ.
بەدوعای کەر(ێ) جۆ نابارێ.
بە دیوار ئەڵێین، دار ببیستێت – کاوە
بەڕەی لەسەر هەتیوان هەڵداوە – کاوە
بەڕۆژەڕۆژە ساڵمان بردەسەر، ئەوابەهار هات قنگمان کەوتەدەر.
بەڕۆژی باران بسووتێی، بەڕٶژی با بکوژێیتەوە.
بەڕۆنی خۆی سووری ئەکاتەوە.
بەڕیش بووایە بزن سەردار ئەبوو.
بەڕیش نییە بەئیشە.
بەڕێوییان کوت کێ شاهیدتە؟ وتی کلکم.
بەزبان شێر ئەکاتە ڕێوی.
بەزبانی شیرین مار لەکون دێتەدەر.
ئاواشی دەڵێن: بەزمانی خۆش مار لەکونێ دێتەدەر – کاوە.
بەزەبری شوولک سەکسار سەمائەکات.
بەزەبری کلکی، گوێزێ دەشکێنێ – کاوە.
بەزەڕەی کەر بەهار نایەت.
بەزەڕەی کەرێ جۆ نابارێ – کاوە.
بەزەڵم و تانجەڕۆ پاک نابێتەوە.
بەزستانان پینەوپەڕۆ، بەهاوینان ورد ورد بڕۆ.
بەزستان جارێک ئەڵێن ساردە.
بەزمانی خۆم چیم کرد بەخۆم.
بەزۆر بینێرن بۆ مازووان بەدار هەڵناڕوانێ.
بەزۆریش قسەی لێ نایەتەدەر – کاوە.
بەسەبەتەش ناگوێزرێتەوە.
بەسەد تەبیب بەقەد دەردەدارێک نازانێ.
بەسەت دەرزی گاسنێکی تیانابێ.
بەسەد میچ میچێکی لێ ناباتەوە.
بەسەرئاوی حەمامەوە پیاوەتی ئەکا.
بەسەر حەوت پشقەڵا بازئەدا.
بەسەر دۆستیت، بەدڵ کۆستیت.
بەسەر هەڵدامەچوو.
بەسەرم کەرەوە با بەسەلکە پیازێکیش بێ.
بەسەرما نوستوو، بەگەرما هەستاوە.
بەسەریابێ، دۆ و دۆشاو تێکەڵ ئەکا.
بەسکێ تێر و بەدوو برسی.
بەسکی خاڵی ئاگربازی ناکرێ.
بەسێ برا کڵآوێکیان هەیە.
بەشەو جەردە، بەڕۆژ مەردە.
بەشوێن کەری تۆپیوائەگەڕێ، ناڵی لێ بکێشێتەوە.
بەشیری شوانیش باوەڕناکا.
بەعەرەب مەڵێ مەرحەبا، هەم ئەخوات و هەم ئەبا.