پەندی پێشینان ١٦

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 24

گەلی برادەرانی فۆلکلۆردۆستی کوردی

سڵاوێکی گەرم

ماوەیەک بوو خەریکی تەواوکردنی وەرگێڕانی کتێبی (ڕاپەڕینی کورد لەساڵی ١٨٨٠، نووسینی دوکتۆر جەلیلی جەلیل و وەرگێڕانی لەڕووسییەوە بۆ کوردی دوکتۆر کاووس قەفتان) بووم بۆسەر زمانی فارسی. ئەو کتێبەم لەساڵی ١٩٨٦ کەوتە بەردەست. لەبەر ئەوەی کە پێموابوو گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ناسینی ئەو پیلانانەی ڕووس و بریتانیا و ئوتریش(نەمسا) و هێندێک وڵاتی ئوڕووپایی لەدژی سەربەخۆیی کورد گێڕایان، بەباشم زانی لەبەر دوو هۆکار بیکەمەوە فارسی: یەکەم ئەوەی کە ئەوانەی خوێندنیان بەفارسی بووە و خوێندنەوەی کوردییان بۆ ئاسان نییە، لێی تێبگەن، دووهەم ئەوەی کە وەرگێڕ بەکوردییەک وەری گێڕاوەتەوە کە دەبێ دووبارە وەرگێڕدرێتەوە سەر کوردی تا کوردیش باش لێی تێبگەن، چونکە وشەی هەڵە و نابەجێی ئەوەندە تێدان کە من بەش بەحآڵی خۆم بە پرسیار لەم و ئەو و خۆماندووکردنێکی زۆر تێیان گەیشتم. ئەو وەرگێڕانەم هەر لەوساڵەدا تەواو کرد، بەڵام بۆم نەکرا چاپی کەم. ئێشتا پاش پێداچوونەوەیەک، خستوومەتە سەر کامپیۆتێر و بۆ دڵنیایی، دەبێ پێداچوونەوەیەکی دیکەشی بۆ بکەم و لەداهاتوویەکی نیزیک دا بۆتان بخەمە سەر ماڵپەڕی www.farhangumejuikawa.com)). کە بێگومان کاتێك ئامادەبوو، ئاگادارتان دەکەمەوە. جاری تا ئەوەم بۆ ئامادەدەبێ، با بچینەوە سەر فۆلکلۆر و بە چەپکێکی دیکە لە پەندی پێشینیان لە کتێبەکەی مامۆستا شیخ محەممەدی خاڵ بێمەوە خزمەتتان:


بەپەلەپیتکە خۆی ئەتەکێنێ.

ئاواشی دەڵێن: بەپتە خۆی دەتەکێنێ – کاوە.

بەپرسیار بەغدا ئەدۆزرێتەوە.

بەپشیلەیان وت گووت بەدەرمان ئەشێ، دەچوو ئەیکرد بەژێر خۆڵەوە.

بەپشیلەیان وت گووت بەدەرمان ئەشێ، دەچوو لەسەر چاوی حەمامۆک ئەڕیا.

ئاواشی دەڵێن: بەپشیلەیان کوت گووت بەدرمان دەشێ، دەچوو کون بەکون دەیشاردەوە – کاوە.

بەپفێ دائەگیرسێ، بەپفێ ئەکوژێتەوە.

بەپیری ئەچێتە بەرهەویری.

بەپێکەنینی زانیم باوەڕ مەکە.

بەتا ئەمگرێ و بەلەرز بەرم ئەدا.

بەتایەکی، نۆزدە ڕەمەزانان ئەخوات.

بەتەقەی تفەنگ دەرناکەوێ.

بەتەماشاکردن بوایە، سەگ زوو فێری قەسابی ئەبوو.

بەتەماشا، نابێتەشا.

بەتەمای بنکڕ نیم و سەری مدبەقچی ئەشکێنم.

بەتەمای فرۆی مانگازەردە.

بەتەمای نیسکێ، لەئیمانێ مەگەڕێ.

بەتەمایە ماسی بگرێ و قنگی تەڕنەبێ.

بەتڕ حەمام گەرم نابێ.

بەتڕ گوێز ئەشکێنێ.

بەتڕ گۆیژە ئەکێڵێ.

بەتوندوتیژی ناچێتەسەر، بەزمانی شرین مار لەکون دێتەدەر.

ئاواشی دەڵێن: بەتوندوتیژی ناچێتەسەر، بەزمانی خۆش مار لەکونێ دێتەدەر – کاوە.

بەتوورەکەی بەتاڵ، ئەسپ ناگیرێ.

بەتیرێ دوونیشان ئەشکێنێ.

ئاواشی دەڵێة: بەتیرێکی دوو نیشانان دەنگێوێ – کاوە.

بەجاڕیا نەچوو.

بەجوو سەرت بخووسێنە، بەگاور بیتاشە.

بەچ عەیارەیەک بپێورێت، بەوعەیارە بۆت ئەپێونەوە.

بەچەپڵەی قوزێ ناچێتە دەرێ.

بەچرای ڕۆن گەرچەکەوە، بگەڕیێت نایدوزیتەوە.

بە حەوت ئاو شۆراوەتەوە.

بەحەوت تەور ملی نابڕێتەوە.

بەحەوت ساڵان کوڕێک، ئەویش بۆرەچڕێک.

بەحەوت کەسان نەئەچووە شایی، کە ئەشچوو بە حەوتان نەئەهاتەوە دەرێ.

ئاواشی دەڵێن: بەحەوتان نەدەچووە داوەتێ، (دەشچوو) بەسەتان نەدەهاتەوەدەر.

بەحوشتریان وت بۆچی ملت درێژە؟ وتی دووربینی پێ ئەکەم.

بەحینجەوە لەبەریەتی.

بەخاسەخاسە ڕیایەکەسە.

بەخاڵەخاڵە هات بەلامەوە، بوو بە ئەژدیها دای بەپامەوە.

بەخاڵۆ خاڵۆ، خۆی خستە ماڵۆ.

بەخانمانە ئەیکەن و بەکارەکەرانە ئەیڕێژن.

بەخەلقی سەگ ئەوەڕێ، بەمن پشیلەی ناتەواو.

بەخۆت بخۆ تێر، بەخەڵقی مەکە خێر.

ئاواشی دەڵێن: بۆخۆت بخۆ تێرە، بەکەس مەکە خێرە کاوە.

بەخۆشیی زستان و زەردەخەنەی دوژمن باوەڕ مەکە.

بەخۆم بڵێن ئاغا، بەژنەکەشم بڵێن ئاغاژن.

بەخۆی چەندە، بەشی وی هەر هەندە.

بەخوێنی سەری تینووە.

بەداتە و بە دوێتێ، ئیشێکیان کرد بۆنی گووی لێ تێ.

بەداریان وت: دوژمنێکت بۆ پەیدابووە ناتهێڵێ، وتی: مەگەر کلکی لەخۆم نەبێ.

بەدەرزی بیر هەڵناکەندرێ.

بەدەست بیدە و بەپێ داوای کەوە.

لقی بابەت :  فەرهەنگی گەلی
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە