پەندی پێشینان ١٥

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 19

گەلی برادەرانی فۆلکلۆردۆستی کوردی

سڵاوێکی گەرم

دیسان بە چەپکێک لە گوڵستانەکەی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ هاتمەوە دیدارتان، هیوادارم چێژی لێوەرگرن:

کورد دەڵێن: شەر لەبێکاری باشترە، بەخوای من تەواو کەوتوومە ئەوحاڵەی، بەڵام نەک لەبەر بێکاری بەڵکو لەبەر خۆ پڕکار کردنێ. بەڵام مەبەستم لەو پەندەی چییە، من لەئێستادا گەلەک پڕکارم، لەبەر ئەوەی ماڵپەڕەکەم بێکار ماوەتەوە، واتە بێکارەکە من نیم ماڵپەڕی www.farhangumejuikawa.com))ە. جا بۆئەوەی لاپەەکانی فەیسبووکم زیاتر بیکار نەبن، جارێ با بە چەپکێکی دیکە لە پەندی پێشینیان لە کتێبەکەی مامۆستا شیخ محەممەدی خاڵ بێمەوە خزمەتتان:


با ئی ژێر بەڕەی نەخەمە بێتە سەر بەڕەی – کاوە.

با ئی ژێر بەڕەی نەیەتە سەر بەڕەی – کاوە.

با بخۆین تا نەکوتراوین.

بابڕوا سیر بخوا و زوڕنا لێدا.

باب کوشتە خەوی لێ‌ئەکەوێ، داک مردە خەوی لێ‌ئەکەوێ، لەبرسامردە خەوی لێ‌ناکەوێ.

بابێ شەن ئەکا و باران بێ ئاشی ئەگەڕێ.

ئاواشی دەڵێن: بابێ جوتم دەگەڕێ، باران بێ ئاشم دەگەڕێ – کاوە.

باخ ساڵێ بەرنەگرێ، نابڕێ.

باخ‌نان ئاسانە، بەرهەم هێنانی گرانە.

باخەوان لەکاتی ئەنگوورا، گوێچکەی ناژنەوێ.

باخەوان لەکاتی ترێدا، کوێی گرانە.

باخەوانی باشترە لە چاوەڕوانی.

باخ هی باخەوان و بێستان هی بێستانەوان.

باخی بەبەرە.

با دیزەبەدەرخۆنەبێت.

باربەلادا یاران، قەت ناگاتە هەواران.

بار خەم لە بان قامەتم چەمی، مردن خاسترە لە هاماڵ کەمی – کاوە.

بازی بازی، بەڕیشی باباش بازی.

بازی دایە چاڵەقووتەکەوە.

با کەوبچێتە بانی دار.

باڵدار بە باڵ ئەفڕێ، بنیادەم بە برادەر.

باڵندەیەک بوو، نەیئەخوێند، کە ئەیخوێند ئەیوت گوو.

باڵەخانەت لێ کردووم بە کونەچۆلەکە.

بالەکوێوەبێ ئەو لەوێوە شەن ئەکا.

باڵی شکاوە و قاچی ئەبەستن.

بانگی محەممەد بە ئاشکرا خۆشە.

با نۆش لەسەر دەی بێ.

ئاواشی دەڵێن: بانۆش بێتە سەردەی – کاوە.

بانێکە و دووهەوا.

باوک بێ برا، ئامۆزا فرە.

باوک کوژراو دەست هەڵئەگرێ، پڵاوخۆر دەست هەڵناگرێ.

باوکە بەڵایە، دایک قەزایە، ژن نیعمەتی خودایە.

باوکمان برایە و من چکێ لەتۆ وەجاخزادەترم.

باوگ مردگ کامیا، ئاش وگووشت خوەر نیەکامێ – کاوە.

باوەڕت بەخۆت بێ و پشت بەکەس مەبەستە.

باوەژن، دین دوژمن.

باوێشکی بۆ ئەدا.

باویلێ باوێکی بەسە.

با هەر سیر بخوا و زوڕنا لێدا.

بای باڵی خۆت بدە.

بایدایەوە سەر بای بەڕەبۆر.

بایە و بەلای گوێیدا ئەڕوا.

ببێ بەئاگرکوێ ئەسووتێنێ.

ببێ بەباران پەڵەنادا بەشانیا.

ببی بەچەقەڵ ناتوانی سەری کەڵاشم بکڕێنیتەوە.

بەبابێ و باران، لەعومری بەفرێ کەم دەبێ.

ئاواشی دەڵێن: بە باو بە بارانێ هەر لەعومری بەفرێ کەم دەبێ – کاوە.

بەباڵی یەکی تر ئەفڕێ.

بەبوار نەگەیشتووە، دەرپێ داەکەنێ.

بەبۆنەی دڕکەوە، گوڵیش سزا ئەدرێ.

بەبۆنەی گوڵەگەنمێک، سەت گوڵەجۆ ئاودەخواتەوە – کاوە.

بەبۆنی کەبابەوە هات، نەیزانی کەرداخ کردنە.

بەبێ کینەیی زاڵم باوەڕمەکە.

بەپەتی خەڵق خۆت مەخنکێنە.

بەپەرێزیا نەچووە.

بەپەڕێک سەر ئەبڕێ.

بەپەڕێک سەری پڕە.

لقی بابەت :  فەرهەنگی گەلی
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە