ڕوونکردنەوە لەسەر فەرهەنگی کاوە
بەڕێزانی بەکاربەری فەرهەنگی سەرهێڵی فارسی-کوردیی کاوە
سڵاوێکی گەرم
هەر وەک پێشتر ئاگادارم کردنەوە، ئەو فەرهەنگە بەشێوەی سەرهێڵ (online) بۆ کەلک لێوەرگرتن لەسەر ماڵپەڕی (www.farhangumejuikawa.com) بۆ هەمووکەس ئامادەیە. لێرەدا پێویستە هێندێک ڕوونکردنەوە بدەم. وەک پێشتر باسم کردووە، من زیاتر لە ٢٠ ساڵ (مانگی ١٠ی ١٩٩٥ تا ئێستا) تەمەنی خۆمم بۆ نووسینی، بەکاری شەووڕۆژ و بەبێ هیچ یارمەتی و یاریدەدەرێک تەرخان کردووە. چاپی یەکەمی ئەو فەرهەنگە لەساڵی ٢٠١٢ لە دەزگای ئاراز لە هەولێر بڵاوکرایەوە و دوایەش بەبێ ئاگادار کردنەوەی من لە چەند ماڵپەڕێکیش لەسەر ئینتێرنێت بەشێوەی (PDF) دانراوە. پاش ئەو چاپەش پێدا چوونەوەیەکی وردم لەسەر کرد و پاش هەڵەگیری و لێ زیادکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی وشەی فارسی و کوردی، ٥٠٠لاپەڕەی (A4)ی دیکەشی هاتەسەر. ئەوجار دەرەتانی چاپکردنیم بۆ نەڕەخسا، ئەوکارەش بەو قەبارەیەوە، بەشێوەی (PDF) ئەگەر بڵاویش کرێتەوە، کەلک لێوەرگرتنی بەو ئاسانییەش نییە کە بەکاربەر، بۆ دۆزینەوەی مانای وشەیەک بەکاتێکی کەم تێیدا بگەڕێ. بێجگەلەوەش کە دزانی ئەدەبیش بۆی لەبۆسەدان تا کەلکی ناڕەوای لێوەرگرن. لەسەر پێشنیاری هێندێک برادەر، بڕیارم دا ماڵپەڕێک سازکەم و فەرهەنگەکەی لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی بابەتەکانی خۆم بخەمەسەر. پاش لەودەرک و ئەودەرک دانێکی دووساڵە و پەنابردن بۆ زۆر کەس، سەرەنجام توانیم بەیاریدەی چەند دڵسۆزێک، کارەکە بەئەنجام بگەیەنم. لەپێشدا بەپێویستی دەزانم کە سپاسی بەڕێزان پیران قادرزادە و زیوەر بناوی بکەم – بۆ دانانی ماڵپەڕەکە – و لاجان گرووپ – بۆ دیزاینو دانانی فەرهەنگەکە لەسەرهێڵ و یاریدەدانی من بۆتازەکردنەوەکان.
ئەو فەرهەنگە بەداخەوە لە زۆربەی کاتدا کێشەی هەبووە لەدۆزینەوەی پیتی ە ی ئاخیر دا لەسەر کامپیۆتێر . ئەو ه یە بە کیبۆردی کوردی باش کاردەکا، بەڵام لەکیبۆردی فارسیدا چونکە تەنیا بە ه+نیوسپەیس دەنووسرێ، بۆیە بەو شێوە کیبۆردانە نادۆزرێتەوە. ئێستا خەریکی گۆڕینی فۆنتەکە و چاکردنی ئەو کێشەیەم کە ڕەنگە دەوری ٣ مانگ – کات بەرێ. لەگەڵ ئەوشدا ژمارەیەک وشەی تازەم کەوتوونەدەست و دەیانخەمە سەر و ئەگەر تووشی هەڵەیەکیش بووم ڕاستی دەکەمەوە.
پێشنیارم ئەوەیە لەکاتی ئێستادا بۆ دۆزینەوەی وشەگەلێک بە ه ی ئاخەر، وەک (خانە، نامە، بارە، گذرنامە و ….) بە وشەکە بەبێ ە ئاخەر وەک (خان، نام، بار، گذرنام و ….) بۆی بگەڕێن تا کێشەکە چارەسەر دەکەم و ئاگادارتان دەکەمەوە.
بۆ نیشانە ڕێزمانییەکان پێویستە خشتەیەک سازکەم، کە لە چەند ڕۆژی دیکەدا هەر لەو لاپەڕەیدا دایدەنێم.
پێشەکیی فەرهەنگەکەش دەبێ دەستکاری بکەم و لەماوەیەکی نیزیکدا بە کوردی و فارسی هەر لەو لاپەڕەیدا دەیخەمە بەردەستتان.
بەهیوای کەلک لێوەرگرتن و لێ ڕازیبوون و ڕێنوێنییەکانتان – کاوە