ئاوڕدانەوەیێک لە مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەی کورد » فەرهەنگی کاوە » چەند سەرنج و تێبینییەک لەسەر فەرهەنگی فارسی بەکوردیی کاوە (سەرهێڵ online)

چەند سەرنج و تێبینییەک لەسەر فەرهەنگی فارسی بەکوردیی کاوە (سەرهێڵ online)

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 15


هەروەک ئاگادارم کردن، ئەو فەرهەنگە، کە بەرهەمی ڕەنجی بیست ساڵەی منە، زیاتر لە ٩٤٩٦٤ وشە و دەستەواژەی کوردی بە واتا بەرانبەرەکانیان لەخۆ دەگرێ و لە چاپکردندا بەشێوەی ئاسایی ٢٤٠٠ لاپەڕەی  A4 دەردەچێ و لەسەر ماڵپەڕی (https://www.farhangumejuikawa.com/ لەسەر هێڵی ئینتێرنێت خراوەتە بەردەستی بەکاربەران. هەمووکەس دەتوانێ لەو ماڵپەڕەدا بە کرتەیەک لەسەر لۆگۆی ئەو فەرهەنگە، لەلای ڕاستی ماڵپەڕەکەمان، کەلکی لێوەرگرێ. بۆ نووسینەوەی ئەو فەرهەنگە لەسەر کامپیۆتێر، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ویندۆزی ١.٣، هەر لەسەرەتاوە وێڕای زۆر گرفتی دیکە، تووشی کێشەی فۆنت بووم. لە پێشەکییەکدا، کە بۆ ئەو بەرهەمە نووسیومە و لەڕۆژانی داهاتوودا دەیخەمە بەردەستتان، وردتر باسی ئەو گرفتانەتان بۆدەکەم. ناچآر بۆخۆم قۆڵم لێهەڵماڵی و بەبێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکم لەکاری بەرنامەداڕشتنی کامپیۆتێردا هەبێ، بە ڕێنوێنیی برادەرێکی تورکی ئازەری بەناوی عەلی کە بۆکاروباری کۆمپیۆتێر سەردانیم دەکرد، بەرنامەیەکی فۆنتسازم وەدەست هێنا و فۆنتێکی تایبەتم ساز کرد کە هەموو ئەو پیت (script) و نیشانانە (symbols)ی تێدا بوون کە بۆ کارەکەم پێویست بوون. هەمووی ئەوانە وێکڕا، ئێستاشی دەگەڵدابێ، یەکجێ لە هیچکام لە فۆنتەکاندا، لەسەر تەختەکلیلی کامپیۆتێر، ناکەونە بەردەست. بۆ وێنە پیتی (هـ) کە لە کرمانجیی باشووردا زۆر بەکار دەبرێ، یا پیتی (ﮤ) کە لەفارسیدا لەو وشانەدا دەبیندرێ کە بە (هاء آخر وەک خانە و لانە ) تەواو دەبن و لە وشەی لێکدراودا وەک (لانۀزنبور، یا خانۀییلاقی)  بەکاردێن، لەو کامپیۆتێرانەدا کە فۆنتەکەی منیان لەسەر نییە نووسینی دروستی ئەو وشانە بەکەلک وەرگرتن لە (insert symbols) دەکرێ، کە ئەوەش، بێجگە لە دەردیسەرەکەی، لەو بەرنامەیدا ناگونجێ. بۆ هاسانکردنەوەی ئەو کێشەیە لێرە فۆنتەکەتان بۆ دادەنێم، کە دەتوانن لەبەشی فۆنتەکانتاندا دایمەزرێنن. وەک برادەرێکی مامۆستای دڵسۆز ئاگاداری کردم، ئێستا ئەو پیتە (ﮤ) لەفارسیدا وەلا نراوە و لەجیاتیانی (ی) دادەنێن، سپاسی ئەو دڵسۆزەش دەکەم و لەپێدا چوونەوەدا ئەو گرفتەش چارە دەکەم و ئەو وشانە بەشێوەی دروستی خۆی دەر دێنمەوە. تا ئەوکاتە ئەو لێکدراوانە دەتوانن بە گەڕان بۆ بەشی دووهەمی لێکدراوەکە (بٶوێنە: خانۀییلاقی، بە ییلاقی) بدۆزنەوە.
ئەو فۆنتە لەسەر ویندۆزی پێش ٧ باش کاری دەکرد و هیچ گرفتی نەبوو، بەڵام  لەوەی بەدوا (ە) لە کۆتایی چەند پیتی پێکەوە نووساو (وەک بزوێن لە کوردیدا” بۆوێنە: بە” یا وەک ‌”هاء آخر” لەفارسیدا “بۆوێنە: خانە”)دا زۆر ناحەز دەکەوت. ناچار بووم ئەو (ه)یە بۆ فارسییەکان بە (ه) پێوەنووساو بنووسم و نێوان(space)ی بدەمێ کە ئەوەش لە زۆر وشەدا لێک دابڕانێکی بێمانای ساز کردووە. ئێشتا ئەو کێشەیەم لە فۆنتەکەدا چاکردووە، بەڵام دەبێ لە داتابەیسەکەشدا بیگۆڕم، کە کاتێکی زۆری دەوێ و دوای چاکردن و نوێکردنەوەی فەرهەنگەکە، وێڕای خستنەسەری ژمارەیەکی دیکە وشەی تازە کە کەوتوونە بەردەستم، ئاگادارتان دەکەمەوە.
دۆزینەوەی ژمارەیەکی کەم لە وشەکان کێشەی هەیە، ئەوەش بە کەلکوەرگرتن لە تەختەکلیلەکەی نێو فەرهەنگەکە چارە دەەکرێ. واتە بەکرتەکردن لەسەر پیتی یەکەمی وشەکە. لەڕۆژانی داهاتوودا ڕوونکردنەوەی زیاترم دەبێ.
داوام لە هەموو بەکاربەران ئەوەیە کە بەوردی سەرنج بدەنە کارەکەم و لەهەر کوێدا هەڵەیەکیان بەرچاو کەوت یا پێشنیارێکیان هەبوو دەتوانن لە لاپەڕەی پەیوەندیدا بۆمی بنێرن. ئەو فەرهەنگە ئی منی بەتەنیا نییە گەردیلەیەکە لە سامانی زمانەوانیی نەتەوەی کورد، و ئەرکی هەموومانە هاوکاری بکەین بۆ باشتر و دەوڵەمەندتر بوونی. هەرکەسێک وشەیەکی زیاتری پێ شک هات، مەمنوونی دەبم ئەگەر بۆمی بنێرێ، یا هەڵەیەکی دیت بەگوێمیداداتەوە تا بەهەموومان شتێکی باشتر و شیاوتر پێشکەشی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بکەین.

کاوە


بەرچەسپەکان :
فەرهەنگی کاوە, فارسی, کوردی
لقی بابەت :  فەرهەنگی کاوە
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە