ئاوڕدانەوەیێک لە مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەی کورد » مێژوو » لۆچێکی دیکە لە خەرمانی درۆنامەی فیردەوسی

لۆچێکی دیکە لە خەرمانی درۆنامەی فیردەوسی

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 21


شانامەی فیردەوسی، یەکێکە لە شانازییەکانی مێژووی ئێرانی سازکراو بەدەستی ڕەزاشا. ئەو کتێبە درۆنامەیەکی گەورەیە کە تەنیا بۆ هاندانی هەستی مەزنیخوازیی نەتەوەی فەرمانڕەوا و ڕەوایی دان بە شۆڤێنیزمی فارس و تواندنەوەی گەلانی دیکەی ئێران کەلکی لێ وەردەگیرێ. لەو بەینانەدا بابەتێکم لەسەر فیردەوسی بڵاو کردەوە، ئێستا بابەتێکی دیکەتان لە درۆنامەکەی بۆ دادەنێم. تا ڕوونی کەینەوە ئەو شاعیرە‌ نەتەوەپەرستەی فارس کە زۆران بەداخەوه ‌ بەبێ سەرنجدان بە دەست‌ تێوەردان و ساختەکارییە‌کان ‌و بەبێ ئاگاداری لەوەی که ‌چیڕۆکەکانی شانامه ‌و تەنانەت ئاسەواری زانایانی ئیسلامی پێش یا پاش فیردەوسی، وەک تەبەری‌ و…، چەندە کەوتوونە ژێر کارتێکردنی گێڕانەوە پێچەوانه ‌و نادروستەکانی یەهوودی ‌و ئاسۆڕی و بە سەرچاوەیەکی مێژووی کۆنیان دەزانن. ئەو گوێنەدانە بە هەڵسەنگاندنێکی دروست لەسەر بارودۆخ‌ و زمان و زەمانی گێڕانەوەکانی ئاوێستا و لێک نەدانەوە و نەبوونی وردبینییە‌کی بەجێ لەسەر ئەو دەستکارییە مەبەستدارانەی سەرچاوە کانی ناوبراو، باسی مێژووی سەردەمی زەردەشتی زۆر بەلاڕێدابردووە. دەست تێوەردانی هەخامەنشی‌ و دوایەش ئەشکانی بۆ دوور خستنەوەی گۆڕەپانی ئەو ڕووداوانە لە کوردستانەوە بۆ لای ڕۆژهەڵات و تەنانەت گۆڕینی سەردەمەکەشیان و گوێنەدانی ساسانییانی کوردیش بە چاکردنەوەی ئەو بەلاڕێدابردنانه، بۆتە هۆی کەلک لێوەرگرتنی ڕەگەزپەرستانی دژەکورد، تا ڕوونی کەینەوە فیردەوسی، ئەو شاعیرە نەتەوەپەرستەی فارس و نووسەری شانامە بەناوبانگەکەی،‌ چۆن لەو ئاوەقوڕاوە ماسیی گرتووه ‌و کارەکە‌ بە ئاشکرا پڕە لەساخته ‌و شتی پێچەوانەی یێک‌ و نادروست لەسەر ئەو بەشە تەماوییە‌ی مێژووی زااگڕۆسییە‌کان (کەئەوان بۆ بەفریوبردنی زیاتر بە ئاریایی ناویان دەبەن). ئەو تێکدانانەن کە ئیختوویگۆی شای مادمان لێ دەکەن بە ئاژدەهاکو کاوەش دەکەن بە خائینی نەتەوە. دیارە فیردەوسی شتێکی وای نەکوتووە و زەحعاک بە عەرەب دەزانێ، بەڵام بە کەلک وەرگرتن لەو تێکدانانە، هێندێک نووسەری فارس وەک ئەحمەدی کەسرەوی و…. وایان دەمێشکی کەسانێک ئاخنیوە، کە زەححاک دوایین پادشای مادە و کاوەش هارپاکەیە و یاریدەی کوورۆشی داوە بۆ ڕووخاندنی پادشایەتیی ئەو وەک ئەوان دەڵێن ئاژدەهاکە. لەسەر فەیسبووک بەچەندین جار دیومە کەسانێکی کورد کە خۆ بەناوی مێژوونووسیش دەناسێنن، هەر ئەو تێکدانەی فارسان دووپات دەکەنەوە و ئیختۆویگۆ (ئاستیاگ بە زمانی یۆنانی) دەکەنە ئاژدەهاک. چەند برادەرێکی فەیسبووکم ئەو تێکدانەی فارسەکانیان دووپات کردۆتەوە، واتە ئیختۆویگۆیان بە ئاژدەهاک ناو بردووە، من کۆمێنتم بۆ نووسیون و هەڵەکەم خستوونە بەرچاو، بەڵام برادەرێک لەوانە بۆی نووسیم کە دوژمنان ئاوای پێدەڵێن! باشیاتی ئەوەی لەدمی دوژمن دەیەە، بۆخۆشت هەر قسەکەی وی دووپات دەکەیەوە؟ یا هێندێکان دەڵێن کاوە ئاژدەهاکی لەناو برد، بەڵام فەرەیدوونی فارسی کردە شا. لەسەر ئەو بابەتانە لە نووسینەکانی داهاتووم دا لەگەڵتان دەدوێم، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە کۆتایی پێ دێنم و دەچمە سەر یەکێکی دیکە لە درۆ و تێکدانەکانی شانامە.
فیردەوسی‌ دەڵێ ئیسفەندیاری کوڕی‌ گەشتاسپ، داوای لێدەکرد تا دەست لە پادشایەتی هەڵگرێ ‌و تانج ‌و تەختەکەی بداتێ.  گەشتاسپ که ‌بەوەی ڕازی ‌نەبوو، بۆ ئەوەی کوڕە پاڵەوانەکەی له ‌کۆڵ خۆی کاتەوە بەدەهۆ ناردیە شەڕی‌ ڕۆستەم ‌و ئاوا بەکوشتی دا. پاشان پەشیمان بۆوە و بەهمەنی کوڕی ئەسفەندیاری لەجێی خۆ دانا. هەر وەک لەسەرەوە باسمان کرد بەهمەنیش هومای کردە جێنشینی ‌خۆی.‌ ‌که ‌هوما دێتە سەر تەخت، ساسانی برای بەجێی ‌دێڵێ ‌و دەچێته ‌نەیشاپوورو ئیدی هەرگیز ناگەڕێتەوە بەلخ‌و‌ ئیدی هیچ ناوێکیش لە خوشکی نابا. هوما دەستی کرد به ‌دادگەری‌و شاری ئاوەدان کردنەوە.‌ که ‌کوڕەکەشی ‌بوو لەو ترسەی نەکا مەزنان شایەتییە‌کەی لێ‌ بستێننەوە، بەشەو کوڕەکەی دەگەڵ هێندێک زێڕو زێو دەسندووقێکی نا و سندووقەکەی قیڕ دادا و بەدیجلەی داهێشت ‌و هەر بەوشەوەش گەڕاوە پێتەختی خۆی (واتە بەقسەی فیردەوسی بەلخی ئەفغانستان) و بەیانی بەخەڵکی کوت منداڵەکەم لەبەرچووە و خەڵکیش باوەڕیان پێکرد. ئەو سندووقە، جلک شۆرێک لە ئاوێی گرتەوە و کوڕەی ناو نا داراپ ‌و بەخێوی کرد. داراپ هەڵیدا و فێری سواری ‌و تیرهاویشتن بوو و بووه ‌کوڕێکی‌ ئازا. شانامە و تەبەری دەڵێن ڕۆژێک داراپ جلک شۆرەکەی هەڵدەپێچێ‌ کە دایک‌و بابی ‌ڕاستەقینەی ‌پێ ‌بناسێنێ‌و ئەویش ناچار باسی ‌سندووقەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. داراب شمشێر‌و مەتاڵێک وەدەست دێنێ‌ و بەرەو بەلخ ‌وەڕێ دەکەوێ. لەڕێدا تووشی”ڕەشنەواد”ی سەرداری ئێرانی‌‌ دەبێ که ‌بەفەرمانی ‌هوما دەچێته شەڕی ڕۆم. ڕەشنەواد لەخەودا دەبینێ‌ که ‌داراب ‌شای ‌ئێرانە، جا ئەسپ‌ و جلکێکی‌ لەباری ‌دەداتێ‌ و ڕەگەڵ خۆی‌‌ دەخا. داراپ لەشەڕدا زۆر ئازایەتی ‌دەنوێنێ کە دەبێتە هۆی ‌سەرسووڕمانی‌ ڕەشنەواد و پاڵەوانانی ‌لەشکر. لەڕێی‌‌ گەڕانەوەدا ڕەشنەواد چیڕۆکی‌ داراب ‌و سندووقەکە بە نامەیەک‌ بە هوما ڕادەگەیێنێ. هوما دارابی ‌له ‌ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەباته ‌بارەگا و باری‌ عام‌ دەدا و بەخەڵکیی دەناسێنێ‌ و پاشان لەسەر تەختی ‌پاشایەتی دایدەنێ‌ و لەترسی‌ تۆڵه،‌ دەیەوێ لە کوڕەکەی ‌دوور بێ ‌و داوای ‌لێدەکا فەرمانڕەوایی پارسی بداتێ. دارابیش پارس دەداتە دەست دایکی. هوماش تا دەمرێ پارس به ‌دادپەروەری بەڕێوه ‌دەبا. ماوەی پادشایەتی هوما بەسەرئێراندا سی ‌و دوو ساڵ‌‌ بووە و لە هەشتا ساڵیدا مردووە. داراب ئەوجار پارسیش‌ دەگرێته ‌دەست خۆی ‌و پێتەختەکەی دەگوێزێتەوە وێندەرێ‌ و بەسەر پارس‌و بەلخدا پادشایەتی دەکا. هەروەک له ‌پێشەکیدا باسم کرد ئەو بەلخە له ‌لای ‌سەرچاوەی ‌دیجلە و له ‌ڕۆژئاوای ‌ئێران هەڵکەوتووە و نابێ لەگەڵ شاری بەلخی ئێستا لێمان تێکچێ کە له ‌ئەفغانستانە. شانامە بەهمەن بەهۆی‌ ناوەکەی دەکاته (‌ئەردەشیری درازدەست) و دارابی نەوەشی دەکاتە داریووشی هەخامەنشی‌ و ئەو بەشەی ئەوەندە لەڕاستی ‌بەدوورە کە درێژەپێدانەکەی پێویست ناکات، بەڵام وەک لە پێشەکیدا باس کرا، پێویستە هەر بۆ ڕوونکردنەوە، سەرنج بدەنە ئەو خاڵانەی خوارەوە:
1- بەپێی ئەوەی که ‌زەردەشت پێغەمبەری ئێرانی لە سیهەمین ساڵی پادشایەتی گەشتاسپ، دەچێتە لای‌و ئاوێستای بۆ دەبا، بوونی گەشتاسبی باپیری بەهمەن، دەگەڕێتەوە بۆ نیزیکەی 6500 ساڵ پێش هاتنە سەرکاری کوورۆشی دامەزرێنەری زنجیرە پادشایانی هەخامەنشی، کە وابوو نەوەی گەشتاسب چۆن دەتوانێ دوای نیزیکەی زیاتر لە 6000 ساڵان، ببێتە ئەردەشیری درازدەست؟
2- ئەگەر هوما پادشای پارس‌و بەلخی ڕۆژهەڵاتی ئێران بووە، خۆ دیجلەی لەبەردەستدا نەبووە، تا بەدزی بتوانێ سندووقی کۆرپە ساواکەی تێ‌باوێ. بڕواننە نەخشەی خوارەوە:
ئه‌و نه‌خشه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی 22ی کتێبی (ایران باستان از 550 پیش از میلاد تا 650 پس از میلاد، یوسف ویسهوفر، ترجمة مجتبی ثاقب فر، تهران، ققنوس، 1377) وه‌رگیراوه‌. ↔  مه‌ودای نێوان به‌لخی ئه‌فغانستان‌ و دیجله‌ به‌ هێڵی ڕاستی هه‌وایی نیشان ده‌دا که‌ 5300 کیلۆمیتره‌. جا هوما بەوشەوە ئەو هەموو ڕێگایەی چۆن بڕیوە و چۆن کوڕەکەی بەئاوێشدا هێشتووە و گەڕاوەتەوە بەلخی ئەفغانستانیش و تابەیانی خرپ لێی خەوتووە و کە هەڵیش ئەستاوە وەک نە بای پێداهاتبێ و نە باران، درۆیەکی فیردەوسییانەشی تەحویلی دەربارییانی داوە و ئەوانیش باوەڕیان پێ کردووە!!!

3- هوما ئەگەر هەر پادشای پارس‌و بەلخی ڕۆژهەڵاتی ئێران بووبێ، سنووری زۆر لە ڕۆم دوور بووە، چۆن بەسەر خوراسان‌و مازەندەران‌و ئازەربایجان‌و ئەرمەنستاندا لەشکرەکەی بردۆتە شەڕی ڕۆم؟

4- بەلخی لای‌ڕۆژهەڵاتی ئێران کە ئێستا شارێکی ‌ئەفغانستانەو لەسەر چۆمی ئاموودەریاهەڵکەوتووە، ئەگەر پێتەختی هوما بووبێ، زیاتر له5000  کیلۆمیتری هەوایی بەهێڵی ‌ڕاست لە دیجلە دوورە. خۆ ئەگەر هوما فڕۆکەی تایبەتیشی هەباو سندووقی کوڕەکەی پێ بردبا لێواری دیجلە (بۆوێنە لای خاپوور)و ئەگەر هەر لەوێ شوێنی نیشتنی فڕۆکەکە لەسەر لێوار چۆمیش با، هێشتا نەیدەتوانی پێش ڕۆژ هەڵاتن بگەڕێتەوە بەلخ‌و بەخەڵک بڵێ کوڕەکەی لەبەرچووە. سەرنج بدنە نەخشەی سەرەوە.: ئه‌و نه‌خشه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی 22ی کتێبی (ایران باستان از 550 پیش از میلاد تا 650 پس از میلاد، یوسف ویسهوفر، ترجمة مجتبی ثاقب فر، تهران، ققنوس، 1377) وه‌رگیراوه‌. ↔  مه‌ودای نێوان به‌لخی ئه‌فغانستان‌و دیجله‌ به‌ هێڵی ڕاستی هه‌وایی نیشان ده‌دا که‌ 5300 کیلۆمیتره‌. جا هوما بەوشەوە ئەو هەموو ڕێگایەی چۆن بڕیوە و چۆن کوڕەکەی بەئاوێشدا هێشتووە و گەڕاوەتەوە بەلخی ئەفغانستانیش و تابەیانی خرپ لێی خەوتووە و کە هەڵیش ئەستاوە وەک نە بای پێداهاتبێ و نە باران، درۆیەکی فیردەوسییانەشی تەحویلی دەربارییانی داوە و ئەوانیش باوەڕیان پێ کردووە!!!
پادشای باختەر هاوپەیمانی ئاشوور، بەلخ لە سەرچاوی ئاوی فەڕات وبەڵخێی لای هەورامان، ڕەنگها لەلای چۆمی ئاراز، میشان (گوندی وەرمیشان و ئاورگەی سەری، دەشتی نیسا لەلای کرماشان و گرنگییەکەی لەباری ئاژەڵداری،
٥- ئەردەشیری درازدەست کە فیردەوسی کردوویەتی بە بەهمەن لە ۴۶۵ تا ۴۲۴ پ.ز شا بووە، هومای کچیشی (هەر بەقسەی شانامە) دوای وی سی ساڵان پادشایەتیی کردووە، ئەگەر هەمووی ئەوانەی شانامەش بە ڕاست دانێین، هێشتا لەسەردەمی هوما ئیمپەراتۆرییەتی ڕۆم پێک نەهاتبوو، تا ئەو ڕەشنەواد بنێرێتە شەڕی. ئیمپەراتۆرییەتی لە سەدەی سێهەمی زایینی ڕا پێکهات و تا پێش سەدەی دووهەمی پ.ز زۆرینەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئوڕووپا و ڕۆژهەڵاتی نیزیک و باکووری ئوڕووپای لەبەردەستدابوو، بەڵام هێشتا لەگەڵ هەخامەنشییان نەبووبووە هاوسنوور و شەڕ نەکەوتبووە نێوانیان.
تێبینی: نەخشەی نێو ئەو بابەتە لە کتێبی (ڕوونکردنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان لە نووسینی خۆم) وەرگیراوە و کەلک لێوەرگرتنی بە ناوبردنی سەرچاوە ئازادە.
عەبدوڵڵا ئیبراهیمی
٢٥/١/٢٠١٧


لقی بابەت :  مێژوو
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە