دەمەقاڵەیەکی سەرنج ڕاکێشی مێژوویی
بەڕێزانی ئەڤینداری مێژووی کۆن
ئەوەی لەخوارەوە دەیبین دەمەقاڵەیەکە لەنێوان (امید عطایی فرد)ی لێکۆڵەری فارس، کە چەند کتێبی لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بە زەردەشت و ئاڤێستا نووسیون، کە ناوی یەکێکیان (پیامبر آریایی)یە. ئەو دەمەقاڵەم لەو سایتە وەرم گرتووە: http://vidaevo.persianblog.ir/post/26 و لەبەر ئەوەی بابەتەکە لە ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەرمێژووی شێوێندراوی زەردەشت زۆر بەکەلکە، بەپێویستم زانی هەر وەک خۆی وەری گێڕمەوە سەر فارسی. بێگومان فارسەکان ئەگەر بیانەوێ شتێکیش ڕاست کەنەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە هەبێ نەک چاکی ناکەنەوە، بەڵکوو تێکتریشی دەدەن، بۆنموونە هەموو کوردستانیان هەر بەئێران ناو بردوە، ئەوەی بە پەیوەندیی مادەکانەوە هەبێ بە سانسۆڕەوە باسیان کردووە و… من لەهەر کوێ تووشی شتێکی گرنگ بووبم ئەگەر زۆر بەپێویستم زانیبێ ڕوونکردنەوەیەکم داوە و بەناوی کاوە دیاریم کردووە تا لەگەڵ ئی ئەو دوولایەنە تێکەڵ نەبێ، بەڵام حەولم داوە کورتی ببڕمەوە تا زیاتر لەپێویست درێژی نەبێتەوە. وەک دەبینن لە دەمەتەقەدا (امید عطایی فرد) زۆر ڕاستیی دەر خستوون کە بۆ ڕوونبوونەوەی مێژووی کورد و زەردەشت گەلەک بەسوودن. قسەی هەردووکان دەمارگرژییەکی توندی ئێرانییان پێوەدیارە، بەڵام پرسیار و وەڵامەکانی (بهرام ساسانی) پەلەقاژەیەکی سەیری بۆ بەلاڕێدا بردنی مێژوو بە شێوەی خوازراوی بنەماڵەی پەهلەوی تێدان و زۆر سەیر حەول دەدا بیسەلمێنێ هەخامەنشی داڕێژەری هەموو شانازییەکانی وڵاتەکەمان بوون و زەردەشتیش بکاتە یەکێک لە شانازییەکانیان، و ئیمپەراتوورییەتی ماد دەکاتەوە تەنیا پادشایەتییەکی هۆزسالاری و ئی کوورۆش دەکا بە نەتەوەیی و… لە چەند جێگای وتووێژەکەدا وەک خاوەن قەرزێک دێتەبەرچاو کە خەریکە قەرزەکەی بفەوتێ و داوا لە قەرزدارەکەی دەکا وەرە با بەنیوە پێک بێین و نیوەم دەوە هیچمان لەهیچ!! بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە بەواتای دان پێداهێنان بە هەمووی نییە، بەڵام بەرچاو ڕوونییەکی زۆر مان بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان دەداتێ. بۆوێنە ڕوانگەی (امید عطایی فرد) کە ٣١٠پ.ز پەیوەند دەداتەوە بە دیاریدانی دینی میترا، کەچی هیچ گومان لەوەدانییە کە میتراییزم پێش زەردەشت بووە. لەوە زیاتر لەسەری ناڕۆم و بانگهێشتنتان دەکەم بۆ خوێندنەوەی ئەو دەمەتەقەیە کە بە پی دی ئێف لە ماڵپەڕی فەرهەنگ و مێژووی کاوەدا دامناوە.
بەڕێزانم:
ئەودوانە وەک دەبینین لە ناڵیش دەدەن و لە بزماریش. هەرتکیان دەیانەوێ مەبەستەکانی خۆیان داسەپێنن، بەڵام قسەکانی (امید عطایی فرد) بەڵگەدارتر و لەڕاستی زۆر نیزیکترن و حەولی ئەوە دەدا بەپێی ئەوندەی بۆی قبووڵ دەکرێ تاریخە سازکراوەکەی فارسەکان لە درۆ و ساختەکاری پاک کاتەوە. لەو پێناوەدا زۆر بەڵگە لە زۆر سەرچاوەی مێژوویی دێنێتەوە کە جێگای سەرنجن. مەرجیش نییە هەموو قسەکانی ڕاست بن، بەڵام زۆر خاڵی بەکەلکن بۆ ڕوونبوونەوەی لەسەر قسەی مێژوو نووسانی کۆنی یۆنانی و ڕۆمی و…
(بهرام ساسانی) لەسەر ٦٠٠ساڵەی نەریت پارێزان و نووسراوەکانی ساسانی و ئەشکانی سوورە، ئەو لەسەر شوێنی زەردەشت، سەرەڕای ئەوەی هەر ئەوسەرچاوانە بە ئی ناوچەی مادی دەزانن، بەهەموو توانایەوە لەسەر گۆڕینی بۆ خواڕەزم پێ دادەگرێ، بۆ؟ چونکە لە دوژمنایەتی لەگەڵ ماددا ئەوەندە توند و دەمارگرژانەیە کە لە بەشی کۆتایی باسەکەیدا ئیمپەراتوورییەتی ماد دەکاتەوە تەنیا پادشایەتییەکی هۆزسالاری و ئی کوورۆش دەکا بە نەتەوەیی و… ؟ و لەکۆتاییدا ئاوا باسی مادەکان دەکا: “مادەکان پادشاییەتێکی هۆزییان هەبوو بۆیە هۆزی ماد و حکوومەتی ئەوڕۆی ئێرانی نوێ ناتوانێ درێژەی حکوومەتی هۆزیی ماد بێ. بەڵکوو کوورۆش ئەو تایبەتمەندییەی هەیە. دووهەم ئەوەی کە دەستپێکی مێژووی پادشایەتیی ماد لەکوێڕا بزانین؟ لە دیاکۆی نیوە مێژوویی ڕا؟ هووەخشتەرە؟ یا…. کەچی پادشایەتیی کوورۆش قسەی تێدا نییە.” ئەو نەتەوەپەرستە توندە ئێرانییە وا دەزانێ داشکاندنی زەردەشت بەلای ماددا ئامانجەنەتەوەیییەکەی لەگۆڕینی ڕاستیدا تێک دەدا. هەردووکی ئەوانە دەستکەوتەکان دەدەن بە ئاریاییە بەدرۆ سازکراوەکانی ئوڕووپا، تا مێژووی ڕاستەقینەی کوردی تێدا ونکەن من لەسەر ئەوباوەڕە نیم و هەرگیزیش نابم کە وەک وان بە داتاشینی شانازیی درۆ بۆ گەلەکەمان پەنا ببەینە بەر فرتوفێڵ و تێکدانی ڕاستییەکانی مێژوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیم کە لە ڕاستەقینەکانی مێژووییمان، بە چاک یا خراپ، دوورکەوینەوە و بەهەربیانوویەک بەسەر هێندێکانیاندا پازددەین. دەبێ ئەوەمان لەبیربێ کە ژیان بە هەموو بوارەکانیدا پڕە لە چاک و خراپ، مێژووش بەشێکی گرنگی ژیانە و دەبێ باش بیناسین. چاکەکانی بکەینە دەرسی پێشکەوتنمان و خراپەکانیشی بکەینە دەرسێکی دیکە بۆ خۆ پاراستن لە دووپاتبوونەوەیان. دەنا خۆپێوەماندووکردنی بێکەلک و بێهۆیە. ناشبێ وەدوای قسەی ڕەگەز پەرستانی فارس کەوین و ئیزنیان بدەین بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مێژوومان بە چەواشە بدەنەدەست. هەر ئەو بەهرام ساسانییە کە یۆنانییەکانی لا پەسند نین، لێی بپرسی کوورۆش کێ بوو، بێ سێ و دوو درۆکەی هێرۆدۆتت بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ نەوەی ئاستیاک (ئیختوویگوو) بووە، پێشی بڵێی نەخێر کتێزیاسی پزیشکی ئەردەشیری یەکەم کە ١٦ساڵ پزیشکی تایبەتی دەرباری هەخامەنشی بووە، دەڵێ کوورۆش کوڕی شوانێک بووە کە باوکی ڕێگریی دەکرد. ئەو کوورۆشە لەبرسان پەنای بۆ گەورەیەکی ماد برد و پاشان بوو بە بەردەستی مەیگێڕی شای ماد و هەڵیدا و بوو بە مەیگێڕی دەربار و دوایە چونکە زۆر زیرەک بوو، بوو بە سەرباز و پاشان پلەی چووە سەرێ و لەگەڵ خائینانی ماد ڕێک کەوتن بۆ ڕووخاندنی دەستەڵاتی ماد، پێت هەڵدەپڕژێن. سەیر ئەوەیە نەک هەر فارسەکان، بەڵکوو دیاکۆنۆفیش کە قسەکانی کتێسیاسیان بەکەیفێ نییە دەڵێن ناوبراو فارسیی نەزانیوە و درۆزنیش بووە، کەچی هەر ئەو بە وتەی وان فارسی نەزانە!! بۆتە وەرگێڕ و تەنانەت نێردەی دەرباری هەخامەنشی لە وتووێژ لەگەڵ یۆنانییەکاندا. بەڵام هێرۆدۆت کە هەر سەفەرێکی بۆ وڵاتی پارس کردووە بە فارسی زانێکی باش لەقەڵەم دەدەن، چونکە درۆکەیان لەسەر دوایین شای ماد بەکەیفێیە. ئەودوانە کێشە لەسەر بانووی ئاریاکانیش دەکەن کە ئەویش شتێکی سازکراوە و واتای نەتەوەییی نییە.
بێبنەماترین گریمانە، کۆچی ئاریاکان و ڕەگەزی ئاریایە، کە (بهرام ساسانی) پێی لەسەر دادەگرێ. سەیرتر ئەوەیە ئەو دەمارگرژە و کەسانی شاپەرستی وەک وی، ناتوانن مێژووی بەلاڕێدابراو و بەدرۆ سازکراوی دەستی پەهلەوی تەنانەت بەو نووسراوانەی سەردەمی ساسانیش تاڕادەیەک ڕاست کەنەوە کە شوێنی زەردەشت بە ماد (ڕێ) یا (ورمێ) دادەنێن، بەڵام لەسەر مێژووی نەریتی سوورن کە کوورۆشی بەناو مەزنیانی پێ بکەنە داڵدەدەری زەردەشت. ئێستا ئیدی سەردەمی ئەو ساختانە بەسەر چووە و چیدی ئاریای سازکراوی دەستی ئوڕووپاییان باوی نەماوە بەڵام ئەوانە هەر دەیڵێن و دەیڵێنەوە. وەرگێڕاوەکەم بەتەواوی بە(P.D.F) لە کتێبخانەی ماڵپەڕەکەماندا دامناوە و دەتوانن دایبەزێنن – کاوە