پێشەکییەک بۆ مێژووی زەردەشت

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 18

مێژووی کۆنی کورد وێدەچێ تێکدراوترین و ئاڵۆزترین مێژووی گەلانی جیهان بێ. ناوچەی کوردستان ئەگەر نەڵێم کۆنترین – چونکە هێشتا پشکنینی شیاوی خۆی بۆ نەکراوە – لانیکەم یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. شوێنی ژیانی کوردان کەوتۆتە ناوچەیەکی گرنگی ستراتێژیکی، وڵاتێکی تژی لە هەموو جۆرە سامانی بەنرخی ژێرزەوی و بەتایبەتیش نەفت، ئاوی زۆر و خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەند بۆ کشتوکاڵ و سروشتی لەبار و گونجاو بۆ ئاژەڵداری و زۆر دەوڵەمەند لە سامانی ژێرزەویدا. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئەو هەموو پیت و سه‌ره‌تییانە ببنە هۆی ئاسوودەیی و ژیانی خۆش، بۆی بوونەتە مایەی دەردیسەر و ژێرچەپۆکی. لەگەڵ ئەوەشدا چونکە کورد دەوڵەتی خۆی نەبووە، تەنانەت مێژووە دەوڵەمەندەکەشی بەناوی گەلانی دیکە تەواو بووە، زمانی هیند و ئوڕووپایی لەوێڕا بڵاوبۆتەوە (بڕواننە بابەتی زمان هەر لەوماڵپەڕەدا)، لێکۆڵەرەوان دەڵێن لە ئاناتوولی تورکیە، کۆنترین دینی ناوچە (میترائیزم) لەوێرا بڵاوبۆیەوە، عەرەب و تورک بوون بەخاوەنی، کۆنترین ئاسەواری کشتوکاڵ لەوێ دۆزراوەتەوە، فارس بوون بەخاوەنی، کۆنترین شارەکان لەوێ دۆزراونەوە، تورک و فارس و عەرەب بوون بەخاوەنی، کۆنترین ئاسەواری نووسین لەوێڕا بڵاو بۆتەوە عەرەب و فارس خۆیان کردۆتەخاوەنی، کۆنترین دەوڵەتی پێشکەوتووی ناوچەکە لەوێ سەری هەڵداوە، داگیرکەرانی بوون بەخاوەنی، کۆنترین ئیمەراتوورییەتی ئەوشوێنەی ئەوڕۆ ناوی درۆیینی ئێرانی بۆ دانراوە، لەوێ سەری هەڵداوە، فارس بوون بە خاوەنی، کۆنترین دینی یەکخوا پەرستی لەوێڕا بڵاو بۆتەوە، فارس و ئەفغانی و تاجیک لێیان دزیوە و بوون بە خاوەنی. لەهەمووشی دڵتەزێنتر ئەوەیە کە کورد حەولی چڕوپڕ و شیاوی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوهەموو تێکدانەی مێژووەکەی نەداوە و وەدوای مێژووی دزراوی خۆی نەکەوتووە. ئەگەریش کەسانی دڵسۆز بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەیان ویستبیان شتێک لەسەر مێژووەکەمان بنووسن، ئەوە چونکە بۆخۆیان بەهۆی کەمبوونی لێکۆڵینەوە لە ئاسەواری ناو کوردستان و نەبوونی دامودەزگایەکی دڵسۆز و شیاو بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و کەرستەی پێویست و نەبوونی پشتیوانیی ماڵی و گوێنەدانی داگیرکەران بەو ئاسەوارە لەترسی ئاشکرابوونی ڕاستییەکان، نەیانتوانیەوە کاری ڕاستەوخۆی لەسەر بکەن و هەر ئەوانەیان دووپات کردۆتەوە کە کەسانێکی وا کوتوویانە کە یا ڕاستەوخۆ دژی کورد بوونە، – فارس، عەرەب، تورک – یا گرنگیدانیان بە لایەنی کوردی بۆ بەسوود نەبووە، ئەوەندەی لە داگیرکەرانی کوردستانیان وەدەست کەوتووە – وەک ڕٶژئاوایییەکان – یا باری سیاسی و ئایینی خستوونییە بەرەی دژکاران – وەک مەسیحی و جوولەکە-. ئەوە بۆتەهۆی ئەوەی کە هەرچەند بەناو پەلەقاژەیەکمان کردووە، بەڵام زۆرتر لە ڕاستییەکان دوور کەوتووینەوە. یەکێک لەو بوارە پڕتەم و مژانەی مێژوومان، کە لە هەموو بوارەکانی دیکە زیاتر شێوێندراو و  ئاڵۆزیندراوە، مێژووی زەردەشتە. بابەتی زەردەشت نەک هەر بۆ ئەوەی دینێکی کوردی بووە، بەڵکوو لەبەر زۆر بابەتی پەیوەندیداری مێژووییش کە بەهۆی ئەوەوە – بە کەلک وەرگرتن لە بەلاڕیدابرانی مێژووی زەردەشت – شێوێندراون، دەبێ ڕوونی کەینەوە زەردەشت کێیە و لەکوێ وەدیار کەوتووە. شێوێندراوی شوێنی لەدایکبوون و مێژووی لەدایکبوون و بانگەشەی پێغەمبەرایەتییەکەی و تەنانەت چیرۆکەکانی ناو ئاڤێستا، کە بەئاشکرا بۆ شکاندن و حاشالێکردن و سووک کردنی مێژوو و کەسایەتیی نەتەوەیی کورد، بوونەتە ئامرازێک بەدەستی نەیارانی. ئەوبەلاڕێدا بردنانە وایانکردووە تەنانەت ئەوڕۆ ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە داوەرییەکانیاندا بەئاراستەی هەڵەدا بڕۆن. جنیو بەکاوە دەدەن کە بۆخۆی نەبۆتە شا و فەرەیدوونی فارسی! کردۆتێ، ئاوا بە قسەی وان کاوە یەکەم جاشی کورد بووە. ئیختۆویگۆی کورد دەکەنە ئازدەهاک و زەححاکی خوێنمژ، چونکە کوورۆشی چەخماخەی خەیانەت گۆیا کەیخەسرەوی ئاڤێستایە. یا کاوە بکەنە هارپاکەی خەیانەتکار، چونکە بۆلابردنی ئیختۆویگۆ(ئیشتۆویگۆ)ی کورد یاریدەی فارسانی داوە. پێش ئەوەی بچمە نێو ناوەرۆکی باسەکەم. دەبێ چەند ڕوونکردنەوەیەک بدەم، بۆ ئەوەی هێندێک لە وشە و دەستەواژەکان لە لایەنی تێڕوانینی منەوە بەڕاستی و ڕوونی بکەونە بەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز.

١- مێژوونووسانی کۆن و نویی فارس و نافارس لەهەموو شوێنێک لە ناوی ساختەکراو و بەلاڕێدابراوی ئێران بەجێگای وڵاتی ماد( کوردستان)
و لە جیاتی نەتەوەی نیشتەجێ لەو شوێنە ناوی پارس یا ئێرانییان هێناوە. وەک دەزانین، پارس گەلێکی بچووکی کۆچەر بوون کە خۆیان لە ناوچەیەکی بچووکدا گرتۆتەوە کە ئەوڕۆ پارێزگای فارسی ئێرانە. نەخشەی سترابۆن شوێنی ئەو گەلەلەتەنیشت ئاریانا نیشان دەدا کە بڕێکیشی لە مادی خواروو ڕەگەڵ خستووە.
ناوی ئێران تا سەردەمی ڕەزاشا، هەرگیز وەک دەوڵەت ‌و حکوومەت نەهاتووە. ئەوباسەی من لەسەر مێژووی ناوچەیەکی کۆنە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەسەردەمانی پێش تێکچوونە یەک لەدوای یەکی باری دێمۆگرافییەکەی لەدوای تێداچوونی ئیمپەراتووریی ماد تا ئەوڕۆ، کوردستان و خاکی کوردان بووە. ئەو سەرزەمینە بریتی بووە لە ناوچەیەکی جوغڕافیایی کە لە سووریە و عێراق و بەشێکی گەورەی تورکیا و ئێرانی ئەوڕۆ پێک هاتووە، کە سەرزەمینی باپیرانی کورد بووە (بە ماد و سۆمێر و میتانی و هووری و ….)یەوە. زنجیرەکێوەکانی زاگرۆس ناوەندی ئەو پێکهاتە بووە، بەڵام بەشێکی زۆری دیکەشی لە سەرزەمینەکانی ئێرانی ئەوڕۆ گرتۆتەوە کە دەبێتە ئاوەڕۆی ڕۆژئاوای زنجیرە کێوەکانی ئەلبورز لە ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس و ئەوبەشەی زنجیرەکێوەکانی کوردستان کە لەڕۆژئاوای زاگرۆس تا سەر لێواری دەریای سپیی نێوەڕاست ڕادەکشێن کە نیشتمانی سۆمێر و میتانی بووە.  هێندێک کەس بۆ هەڵاتن لەبەر نێوی ساختەی ئێران، ئەو ناوچەیان بە زاگرۆس و خەڵکەکەیان بە زاگرۆسی ناوبردوون کە من بە شتێکی تەواوی نازانم، چونکە شوێنەکە بەرتەسکتر لە ڕاستەقینەکەی دەکاتەوە، بۆخۆم کوردستانی کۆن یا وڵاتی ماد بە شیاوتر دەزانم، چونکە وڵاتی ماد هەموو ئەوشوێنانەی گرتۆتەوە کە ڕۆژێک کوردستان بوون و لەسەرچاوە مێژوویییەکانیشدا کە زۆرینەیان لە بەردەنووسەکانی ئاشوور وەرگیراون زۆرجاران ناوی هەموو خەڵکەکە بە هووری و میتانی و لوولوویی و… بەماد هاتووە. من بۆخۆم باوەڕم بە ناوی ئێران بەو واتایە نییە کە ئەوڕۆ بۆتە بنێشتەخۆشکەی سەرزاری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، بەڵام بەباشیشم نەزانی لە گێڕانەوەی ڕوانگە و سەرچاوەکاندا ئەو ناوە بگۆڕم، چونکە تێگەیشتنەکان هێندەی دیکەش ئاڵۆز دەکا.
٢- دینی ئێرانی کە لەڕوانگەکانی نووسەران و توێژەرانی باسکراو لە بابەتی زەردەشتدا هاتووە دەستەواژەیەکی ساختەیە ئوڕووپا و بەتایبەتی ئالمان بەمەبەستی سیاسی کردوویاتەباو و ئێرانی سازکراوی دەستی ڕەزاشاش قۆستوویەتەوە و کوڕەکەشی بۆساختەکردنی زیاتر پارەیەکی زۆری بۆداناوە، دەنا  ڕاستەکەی(دینی‌زاگرۆسی)یە.
٣- لە ڕەوتی سڕینەوەی مادەکان لەدەستەڵات، پاش داگیرکرانی وڵات لەلایەن کوورۆشەوە، تا سەردەمی داریووش، وڵاتەکە هەر بەناوی ماد بوو، پاش کوورۆش بوو بە وڵاتی ماد و پارس و پاشان ناوی مادیشی لەسەر هەڵگیرا و بوو پە پارس. ئەوگۆڕانکارییە و بوونی دووناو لە ئیمپەراتۆریی ماد بەناوی (پارسووئا) – کە بەشێک بوو لە ١٢ناوچەی وڵاتی سەرەکیی ماد –  و پارسەو  – وڵاتی پارسەکان – زۆر کەسی تووشی هەڵەکرد و وای لێکردن زۆر مێژوونووس ماد و پارس بەیەکەوە دانێن و تەنانەت پێکەوە بیانکەن بە پارس. ئەوە تێکدانی مێژووی کوردی زۆر هاسانتر کردەوە. بۆ وێنە هێرۆدۆت باسی ڕاهێنانی لاوانی پارس دەکا لە خوارەوەی گۆلی ورمێ ناوچەی پارسووئایە و ئێستاشی لەگەڵدابێ فارسی لێ نین و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ ڕا تا ئیسفەهانی دەگرتەوە، دەتوانن لە نەخشەی ماددا کە لە کتێبی (ڕوونکردنەوەو لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر کوردوکوردستان) لەو ماڵپەڕەدا دامناوە ئەو بەشە بە سنوورەکانیەوە بە ڕوونی بدۆزنەوە.
٤- ئاهوورا مەزدا لە دوو وشەی ئاهوورا وەک ناو + مەزدا وەک پەسن هاتووە و هەمووی بە خوای گەورە مانا کراوەتەوە. لەبەر ئەوەی کە لە گاتاکاندا مەزدا بەتەنیاش هاتووە هێندێک نووسەر ئاهوورایان بە خوایەک و مەزدایان بە خوایەکی دیکە داناوە و بەوەش زەردەشتیان بە دووخواپەرست ناوبردووە، لەو یەزەشەدا زەردەشت جارێک هاواری بۆ (ئەهوورا مەزاد ← خوای مەزن) جارێکیش بۆ (مەزدا ← مەزن: پەسنەکەی خوا) بردووە کە ناتوانێ نیشانەی دووخواپەرستی بێ. لە ئیسلامدا هەزارویەک نێو بۆ خوا هەیە جا ئەگەر لە دووعاکردندا  بگوترێ: یائەڵڵا، یا ڕەحمان، یاڕەحیم، یا قاسم یاجەببار، کوا ئەوە واتای دوو یا چەند خوایی دەگەێێنێ؟ یا مێری بۆیس ئەهوورامەزدا بە سەروەری زانا وەردەگێڕێتیەوە کە هەڵەیە و هیچ فڕی بە واتا ڕاستەکەیەوە نییە. لێرەشدا ئاشنانەبوون یا سەرنج نەدانی توێژەرانی ئوڕووپایی بە زمانی کوردی بۆ لێکدانەوەی (گاتاکان) – کە فارس کردوویانەتە (گاهان) چونکە واتا ڕاستەکەی لەزمانی وانیشدا نییە – کێشەی سازکردووە.
٥- لە لێکدانەوەی گاتای پەیوەندیدار بە هوومدا، وەک دوایە دەیبینن، زۆرێک لە شیکارانی ئەوڕۆ یەزەشەکەی لە گاتەکان و حەوت هاتەکاندا وا لێکدەدەنەوەکە زەردەشت بەهێما دانی بە یەزەشی هوومدا هێناوە. هەرکەسەو بۆخۆی لەو گۆڕەپانەشدا لەبەر ئاگادار نەبوون بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئوول و مێژوویەکەی و ئەو تێکدانەی لە کاتی هەخامەنشییانەوە تا هاتنی ئیسلام هەر دەستەڵاتدارە بەیاریدەی هێندێک موغ تێیدا پێکی هێناوە، وای کردووە کە لێکۆڵەرێکی ئوڕووپایی بڵێ: “زەردەشت پێش دیاریدانی هووم کارێکی بێجگە لە ماڵینی ئاورگە نەبووە و پاش دژایەتی کردنی یەزەشی هووم، بایداوەتەوە، بەڵام نەک بە شێوەی سڕکەر بەڵکوو سووکتر”. ئەو شێوە نرخاندنە نادروستە و گەسک دانی شوێنێک بەواتای کاری هەمیشەیی نییە و لەوانەیە کارێک بێ بۆ ڕێز لێنان لە ئاورگە، نەک کاری هەمیشەیی و بۆتە رڕوانگەی عیسایییەکی دەمارگرژە بۆ حاشاکردن  لە پێغەمبەر بوونی زەردەشت.
٦- لەهێندێک شوێن ناچار بوومە لەکاتی گێڕانەوەی ڕوانگەیەک لە سەرچاوەیەک‌ڕا، ڕوون کردنەوەیەکی سووک لە نێو کەوانەدا بنووسم، ئەوڕوونکردنەوانەم بەناوی کاوە دیارکردوون.
٧- سەرەنجام مێژووی زەردەشت لە دوو ڕوانگەوە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە:
یەکەم: ڕوانگەی داب پارێزانە (سوننەتی): ئەوانە زەردەشت دەکەنە ئی سەردەمی هەخامەنشی و تەنانەت هێندێکیان بەهۆی وێکچوونی ناوی گەشتاسبی باوکی داریووشی یەکەمی هەخامەنشی و گەشتاسب (ویشتاسب)ی داڵدەدەری زەردەشت سوورن لەسەر ئەوەی کە هەردووکی ئەوانە یەکن و  زەردەشتیش هەر لە سەرەتای زنجیرەپاشایانی هەخامەنشیدا ژیاوە. ئەو ڕوانگەیە لە کتێبی بوندێهشەن (کتێبێکی نادینییە لە ئاخر ئۆخری سەردەمی ساسانیدا نووسراوە) و ئەرداویرافنامەدا (کە دوو تا سێ سەدە دوای ساسانییان) نووسراە و گێڕانەوەکانی زانایانی زەردەشتی لە سەردەمی ساسانییان وەرگیراوە  کە ئەوانیش لە بابلییانیان بیستووە. ئەو مێژووە تێکدراو و هەڵەی سەردەمی ساسانییان پاشان کەوتۆتە نێو کتێبی چەند نووسەرێکی ئێرانی وەک مەسعوودی و بیروونی و لایەنگرانی ئوڕووپایی ئەو شێواندنەش کە بە (متأخرین) ناویان براوە و زۆرینەشیان یا جوو یا ئالمانی بوونە و مێژوونووسانی کوورۆش پەرستی ئێرانی و دەرباریی پەهلەوی هەرکام بەمەبەستێک قۆستوویانەتەوە کە لە بابەتی زەردەشتدا باسی دەکەم و لێرەدا ئەو ڕوانگە و سەرچاوە لێڵانە – کە هەمووشی هەر دووپاتکردنەوەی تێکدانەکانی سەردەمی ساسانین – بەوە ڕەد دەکەمەوە کە:
* هەخامەنشییان تا دوای داریووشی یەکەم زەردەشتی نەبوون تا باوکی داریووش پشتیوانی زەردەشت بووبێ. یەکێکیش لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی خەیانەتی هارپاکەو ژمارەیەک سامانداری ماد و شاچکۆلەکان – کە هەر کامەیان خۆیان بە خوای خەڵکەکانیان دانابوو – وەک دیاکۆنۆفیش باسی دەکا، پێکهاتنی ئیختوویگۆ بوو لەگەڵ موغەکان لە دژی ئەو مشەخۆر و خوێنمژانە، نەک ئەو ئەفسانە و درۆ سەریروسەمەرەی هێرۆدۆت لەمەر لەدایکبوونی کوورۆش و کورژانی کوڕی هارپاکە سازی کردووە. دیاکۆنۆفیش ئەو درۆیە ناسەلمێنێ. بڕواننە باسی ئیختوویگۆ لە کتێبی (لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان) هەر لە ماڵپەڕەکەماندا.
* لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا باسی بوونی زەردەشت لەوسەردەمەدا نەکراوە، لەکاتێکدا کە ئەوبابەتە ئەوەندە گرنگ بووە کە تەنانەت لەسەدەکانی دوای ئیسلامیش ئەو گرنگییەی هەرپارێزراوە و زۆر لێکۆڵەری ئوڕووپایی و ئێرانی و هیندی و ئەفغانی و…ی بەخۆیەوە خەریک کردووە. مایەی سەرسووڕمانە کە لە هێندێک شوێن ئەو بێدەنگییەی هەخامەنشییان بە سیاسی لەقەڵەم دەدرێ و ئەوە تەنیوەتەوە نێو نووسەرانی کوردیش! بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگە و بیانوویەکی جێ بڕوای بۆ هەبێ.
* بابڵێین بێدەنگییەکەی هەخامەنشییان هۆکارێکی شیاوی پەسندی هەبێ، خۆ ئەو مێژوونووسە یۆنانییانەی هاوسەردەمی هەخامەنشییان بوون، هیچ سوودێکیان لەوەدا نەبووە بوونی زەردەشت بەرنەوە ٦٠٠٠ساڵ و بگرە زیاتریش پێش مەسیح.
*زۆر بەڵگەی مێژوویی کە تائێستا کەوتوونە دەست، دەیسەلمێنن کە ئوولی زەردەشتی لانی کەم لە سەردەمی مادەکاندا باوبووە، ناوی ئاڤێستایی پادشاکان، بوونی هێمای فرەوەهر لەسەر گۆڕی پادشای ماد لە قسقەپانی لای سلێمانی، بوونی هێندێک ناوی ئاڤێستایی لە بەردەنووسەکانی ئاشووریدا. بوونی سپیتامەی موغ لە سەردەمی ئیختوویگۆی دوایین پادشای ماد و… بەشێکن لەوانە.
دووهەم: ڕوانگەی کلاسێک:
ئەو ڕوانگەیە بوونی زەردەشت دەگێڕنەوە بۆ پێش هەزارەی یەکەم تا پێش هەزارەی شەشەمی پێش مەسێح. هێندێک لەو زانایانە ئی سەردەمی پێش ئیسلام، لە سەرەتاکانی پادشایەتیی هەخامەنشی ڕا تا کۆتایی پادشایەتیی ساسانی و ژمارەیەکی زۆریشیان ئی دوای ئیسلامن. من لەو بابەتەدا ڕوانگەی ١٧ لێکۆڵەری مێژوویی لە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییم هێناوەتەوە کە تەنانەت هێندێکیان ئەو مێژووە دەبەنەوە زیاتر لە ٧٠٠٠ساڵ پێش مەسیحیش و  هەرکامەشیان بەبێ دووپاتکردنەوەی وتەی ئەوانی دی، ڕوانگەی خۆیان شی کردۆتەوە.
بێجگە لەوانەی لەسەرەوە باس کران، ڕوانگەی داب پارێزان و درۆنامەکانی ساسانی‌و ئەشکانی‌و هەخامەنشی، ئاراستە و شوێنی ڕووداوەکانی ئەفسانەگەلی ئاڤێستان، کە هەموویان لە باکووری وڵاتی ماد ڕوویان داوە و تەنانەت کەمتر گەیشتوونە سنووری ئاریاناش لە نەخشەی سترابۆندا.
عەبدوڵڵا ئیبراهیمی
٣٠/٨/٢٠١٦


لقی بابەت :  مێژوو
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە