سپاس و پێزانین
خۆشەویستانی سەردانکاری ماڵپەڕی فەرهەنگ و مێژووی کاوە
وەک دەزانن بەداخەوە نووسەر و هونەرمەند و ئەدیب و فەرهەنگنووسی کورد بە زۆر هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و…. بەبێ پشتیوان و تەنیا بە ئەلهای خۆی کارەکانی پێشکێش دەکا، بەبێ ئەوەی پشتیوانییەکی ماڵی و هاوکاریی دامودەزگایەکی میریی هەبێ. من کە تەمەنێکم لە ڕیزی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا تێپەڕاند، دوای دابڕان لە کاری سیاسیش لەخەبات دانەبڕام و زیاتر لە ٢٢ ساڵە لەحەولی ئەوەدام کە بە خەباتی قەڵەم درێژە بە خزمەتی خۆم بدەم. ڕەنگە قەڵەم بەدەستێکی زۆر کارامەش نەبم، بەڵام پێموایە بەپێی توانا و ئیمکاناتی خۆم دەتوانم لەو ڕێگایەدا بەرهەمگەلێک بخەمە بەردەستی ڕۆڵەکانی گەلەکەم. پێشتر باسی کارەکانی خۆمم لەوگۆڕەپانەدا کردووە و لەسەری ناڕۆمەوە، بەڵام هەمیشە بۆ بڵاوکردنەوەیان تووشی گرفتی ئامێر و پارە بووم. تەنانەت ئامادەبووم بەبێ چاوەڕوانیی هیچ دەستکەوتێکی ماددی بەرهەمەکانم بدەمە دەست، بەڵام کەس نەبوو بە شێوەی چاوەڕوانکراوی خۆم دەهانام بێ. کاک بەدران ئەحمەد لە دەزگای ئاراس تەنیا کەسێک بوو کە یاریدەی دام بۆ چاپی فەرهەنگەکەم، بەڵام ئەویش چونکە پڕوپاگاندەیەکی بۆ ناساندنی نەکرا بەشی هەرە زۆری هەر لە کتێبخانەی خۆیاندا مایەوە، داخرانی ئەو دەزگایە و دوایەش قەیرانی دارایی لەکوردستان، بەتەواوی پەکی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی خستم. سەرەنجام بەبیرمداهات کە سەکۆیەک بۆ درێژەپێدان بە کارەکانم لەسەر ئینتێرنێت بکەمەوە.
ڕەنگە بۆ ئەوەی لەکاری سازکردنی ماڵپەڕدا شارەزایە زۆر کارێکی سەخت نەبێ بەڵام بۆمنی بێئەزموون لەوکارەدا، بەتایبەتیش کە دەبوو بە پیتی عەرەبیش بنووسم کارێکی زۆر پڕکێشە و ئاستەم بوو، زۆرم لەودەرک و ئەودەرکیش دا بەڵام کەس دەهاوارم نەهات، تا پەنام بۆ برازای خۆشەویستم (پیران قادرزادە) برد کە ماڵپەڕی فۆکۆس فیلمی هەیە و پێشتریش ماڵپەڕێکی دیکەی هەبوو، ئەو بەڵێنیی پێدام یارمەتیم بدات و بەیاریدەی برادەرێکی دڵسۆزی کوردی دانیشتووی نۆروێژ (کاک زیوەر ئەمین – Binavi Web & Desiger) ئەو ماڵپەڕەیا بۆ وەڕێ خستم. بۆیە بەئەرکی خۆمم زانی سپاس و پێزانینم پێشکەشی ئەو دوو دڵسۆزە بکەم هیوادارم هەر شاد و سەرکەوتوو بن.