گرنگیی فەرهەنگی گەلی

ڕێکەوت:
نووسەر: کاوە
بۆچوون: 0
سەردان: 16

فەرهەنگی گەلی(فۆلکلۆر) بوارێکی گرنگی پێناسەی گەلانە. ئەوباسە هەرکاتێک بیری لێدەکەمەوە، چیرۆکێکی نموونەییم دەخاتەوە یاد کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا لە دەرسی عەرەبیم دا خوێنددومە. پوختەی بابەتەکە ئەوەیە کە زانایەکی زمانی عەرەبی لە نێو ئەو سەرزەمینەی (ئێستا ئێرانی پێدەڵێن)، ڕا دەچێتە شاری مەککە و لەوێ دەمێنێتەوە. ئەو وا دەگەڵ کۆمەڵگای عەرەبان تێکەڵ دەبێ کە کەس گومانی ناعەرەب بوونی لێ ناکا. ئەو زانایە دەچێتە خوازبێنیی کچێکی عەرەب و لەخۆی مارە دەکا. تازەزاوا شەوی بووکێنی لەپەردوودا،  بەبووکێ دەڵێ: اقتل‌السراج: واتە چراکە بکووژێنەوە، بووک بەو قسەی لە پەردوو دەردەپەڕێ و هاوار دەکا: عجمی، عجمی! واتە ناعەرەبە، ناعەرەبە!

ئاوا کەسوکاری پێیدەزانن و کچەکەی پێ تەڵاق دەدەنەوە. هۆکاری ئەو پێزانینەش ئەوەبوو کە عەرەب بو کوژاندنەوەی ئاگر ناڵێن اقتل! دەڵێن: اطفی! وەک دەزانین، لەنێوخەڵکی ناوچەی باسکراو، هەر لەکۆنەوە، خەڵک باوەڕێکی پتەویان بە پیرۆزی و پاکیی ئاگر هەبووە، ئێستاش سەرەڕای موسوڵمان بوونی زۆرینەی کوردان، شوێنەواری پیرۆزبوونی ئاگر هەر لە ناویاندا ماوە و دامرکاندنەوەی ئاگر بە کوشتن دەزانن،. لەبیرمە کاتێک منداڵ بوووم، دایکم کە زۆریش موسوڵمان بوو، پێی دەکوتم: گوناحە بە فوو چرا بکوژێنییەوە، چونکە ئاور خاوێنە و نەفەسی ئینسان پیسە و گوناحت دەگاتێ!
زۆر وشە و دەستەواژەی لەوبابەتە لەناو هەر زمانێکدا هەن، کە دەتوانن نیشانەی گۆشەیەک لە ڕابردووی گەلێک بن، بۆ نموونە: فارس بە تاریک و ڕوونی بەیانی دەڵێن: (گرگ و میش)، ئەوە واتە: ئەوکاتە لە دەستپێکی ڕۆژ کە شوان دەتوانێ گورگ و مەڕ لێک کاتەوە. ئەوە لە کۆمەڵگایەکی بەپیشە مەڕداری ڕا هاتووە و بۆتە باو. لەهەر زمانێکدا بە دەیان و سەدان وشە هەن کە دەتوانن نیشانەی قۆناخێکی مێژووی
ی گەلی بەکارهێنەر بن.
لەوانە: وشەی مێهرەبان لە (مێهر واتە ڕۆژ) و (بان) بەواتای (پارێز، ڕاگر، دار) ، پێکهاتووە. وەک دەزانین کۆمەڵی زاگرۆس نشین، لەکاتی ئەشکەوت نشینیدا ڕۆژ(میترا، مێهر)یان زۆر لەلا گرنگ و پیرۆز بووە. تیشکی خۆر ڕووناکیی داونێ ولەدەست دێوەزمەی تاریکی ڕزگاری کردوون، بەڕٶژ گەرمای پێشکەش کردوون ولەسەرما ڕزگاری کردوون، ئەو تایبەتمەندییانە ڕێزی خوایەتیی لەلای  ئەوکۆمەڵەدا داوە بە (خۆر، هوور، میترا، مێهر) و لەمێژووی کۆنماندا دوو لکی گەورە و گرنگ لە کوردەکان (میتانی) و (هووری) ناوی خۆیان لە ڕۆژ وەرگرتووە.  پاشان ئەو پیرۆزییە کاری کردۆتە سەر دینی زەردەشت و خودای زەردەشتییان ئاهورامەزدا لە خۆردا خۆدەنوێنێ (ئا = ئەی، وشەی بانگ کردن و هاوار بۆ بردن +هوورا = هووری، خۆری، ڕۆژی+مەزدا = مەزن، گەورە). لێرەدا ناچینە سەر ئەوەی زەردەشتی پێغەمبەری کورد بۆ ئەوناوەی لە خوا هەڵداوە، ئەوە هەویرێکە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و دەیهێڵینەوە بۆ کاتێکی دیکە.
مەبەستم لە هێنانەوەی ئەو نموونانە ئەوەبوو کە گرنگیی وشە لە ناسینی گەلێکدا نیشان بدەم. لەسەر دەوری فەرهەنگی گەل لە ناسنامەی نەتەوەیەکدا، دەتوانین ئاماژە بە گرنگیی جێرۆک، ئەفسانە، بەیت، باللۆرە، گۆرانی و مەتەڵ و پەندی پێشینییان  بکەین کە هەرکامیان دەورێکی بەرچاوی لە ناساندنی گەلێکدا هەیە. زۆر جاران بیستوومە کەسانێکی تەنانەت ئاکادێمیش گرنگیی ئەفسانە لە مێژووی گەلاندا پشتگوێ دەخەن. لەکاتێکدا هەر خۆیان بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانن، مێژووی کۆن بەپێی ئەفسانەکان دەگێڕنەوە. لە یەکێک لە بەرنامەکانی تەلەویزیۆنیی کوردستاندا(کە بەداخەوە ناوەکەیم لەبیرنەماوە)، مامۆستایەکی مێژوو لەیەکێک لە زانکۆکانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە کاوە ئەفسانەیە و نابێ وەک مێژوو حیسابی بۆ بکرێ. ئێستا ئەگەر هەر لەو مامۆستایە پرسیار بکەی باوکی مێژوو کێێە، بێ سێ‌ودوو ناوی هێرۆدۆتت بەگوێچکەدادەدات، بەبێ ئەوەی سەرنجی دابێت کە نووسینەکانی ئەو باوکەی مێژووش، زۆری ئەفسانە تێدان، بۆ نموونە چوار ئەفسانەی لەسەر لەدایکبوونی کوورۆش گێڕاوەتەوە کە کوورۆش پەرستەکان تەنیا یەکێکیان هەڵبژاردووە و کوورۆش لە تاکە بەردەنووسەکەی خۆیدا ئەویش وەدرۆ دەخاتەوە. کوورۆش لەوێدا دەڵێ: من بە ڕێنووسی ٤٨ پیتیی ئاشوورییەکان فێرە خوێندن ببووم، بەڵام مادەکان بە ڕێنووسی ٣٦ پیتی دە‌یانخوێند کە  فێربوونی زۆر هاسانتر بوو و من لە وڵاتی خۆم بڕەوم پێدا. ئەو دەستەواژە دەیسەلمێنێ کە کوورۆش لە وڵاتی ماد گەورە نەبووە و تا کاتی داگیرکارییەکەشیدا ئەو ڕێنووسەی نەزانیوە. بێگومان ئەگەر لەقوتابخانەی ماددا خوێندبای بە ڕێنووسی ماد دەرسی دەخوێند نەک بە ئی پارسەکان. لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی ئەفسانەکە، کوورۆش کە وەک کوڕە شوانێک گەورە بووە، چۆن ڕێگای پێدراوە دەرس بخوێنێ، ئەویش دەگەڵ کوڕە وەزیران! بەتایبەتیش ئەوەندەی فارسەکان باسی خۆڕازاندنەوە و گرنگیدانی  ئیختوویگۆی دوایین پادشای ماد بە زێر و زەنبەر و خۆنواندن  دەکەن، لەکۆمەڵگایەکی ئاوادا خوێندن تەنیا تایبەتی چینە‌کانی سەرەوەی کۆمەڵگا و هەڵبژاردانی کۆمەڵگاکە بووە نەک ئی کوڕەشوانێکی وەک کوورۆش.
ئەو نموونانەی سەرەوە نیشانەی دەوری گرنگی فەرهەنگی گەلین لە ناسینی گەلاندا. بۆ زیندووکردنەوە و گرنگیدان بەو بوارەی فەرهەنگی گەلەکەمان، بەشی فەرهەنگ و فۆلکلۆرم داناوە و هیوادارم بە یارمەتیی دڵسۆزانەی کوردانی خاوەن هەست و سۆزی کوردایەتی ئەو بەشە دەوڵەمەند کەین و بیخەینە خزمەت نەتەوەکەمان.


لقی بابەت :  فەرهەنگی گەلی
بۆچوونئ خۆتان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕن

بۆچوونی ئێوە چییە؟

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە