پەندی پشینان ١٢

خۆشەویستانی هۆگری فۆلکلۆری کوردی دیسان دێمەوەخزمەتتان بە قەرتاڵەیەک لە بەرهەمی باخی پەندی پێشینان:

 

ئەو ساڵە ساڵی سی بوو، کۆستە برسی بوو.

ئەو سەرەسوونە بۆ ئەو بنەسوونە.

ئەوسەرینە بخەرە ژێرسەرت.

ئەو سوارە و من پیادە.

ئەو شوێنەی پاک بێ، خۆمی تیا دائەنیشم.

ئەو قسەیەی ئەیوت، هەر ئەیوت.

ئاواشی دەڵێن: ئەوەی دەیکوت هەر دەیکوت – کاوە.

ئەوکاتە زانیم کار گوو بە گووە، سەرۆکی بازاڕ یاقووبەجووە.

ئەو کاروانچی و من خانچی.

ئەو کانییەی ئاوی لێ ئەخۆیتەوە، بەردی تێ‌مەخە.

ئاواشی دەڵێة: ئەوکانییەی/کانییەکی ئاوی لێ بخۆیەوە، حەیفە بەردی تێباوێی – کاوە.

ئەوکەسەی بڵێت و بیکا فیلەتەنە، نەڵێت و بیکا کەرگەدەنە، بڵێت و نەیکا مانگای تەڕەزەنە.

ئەوکەسەی دووبەردان لەیەک بدات، ئەردێکی پەیدا ئەکات.

ئەوکەسەی گیان ئەدا، گێانیش ئەستێنێ.

ئەوکەسەی ماڵی لەشووشەبێ، نابێ بەرد بگرێتە ماڵی کەس.

ئەوکوتەکەی بەخۆما نەدرێ، وەک لە ڕەشکەی کا بدرێ وایە.

ئاواشی دەڵێن: ئەو تیرەی لەخۆم نەبێ لەئاواڵم، وابزانە لەکەنداڵی کایە – کاوە.

ئەو مانگە مانگی قیڕوسیایە، ئەم مانگە مانگی مل شکایە.

ئەونانە نانە، ئەمڕۆ لەخوانە.

ئەو وارە نە ئەوبەهارە.

ئەو وەختە دانی دوێتەم کەند، کە کردم لەگەڵ گاگەل.

ئەوا گا گووی کرد.

ئەوە ئاوی سارد و ئەوە بەرەو ژووورەی سەخت.

ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.

ئەوە ئەزم، هەڵئەبەزم،

ئەوە باوە، والەئاوە.

ئەوە بەختی من نییە، گەسک بدەم و کیری کەر بدۆزمەوە.

ئەوە خەتەنەسۆران بوو، زەماوەند هالەدواوە.

ئاواشی دەڵێن: ئەوە لۆلۆیەکەی بوو، جارێ لێلێیەکەی ماوە – کاوە.

ئەوە خەوێ بوو دیت، ئیتر نایبینییەوە.

ئەوە کاوڕبازی بوو، ئەمە بەران بازییە.

ئەوە گۆڕت بێ.

ئەوە ملی من و ئەوە چەقۆی تۆ.

ئەوەش کە وا لەژێر بەڕەدا ئەکەوێتە سەربەڕە.

ئەوەڵی قەل دەندووکی بەگوقوە.

ئەوەند ساغە ئەڵێی دارەکەی قەرەداغە.

ئەوەندە ساغە، دەڵەی گوێزی ئازایە – کاوە.

ئەوەند شیرینە بەقوزەڵقۆرتەوە ئەخورێ.

ئەوەندە گەڕا بێ مایە، چووەوە سەر کۆنە قایە.

ئەوەندە بەشوێن دزدا بچۆ، لێت هەڵنەگەڕێتەوە.

ئەوەندە بچۆرە باوان، بەڕەیەک بەژێرت بیاران.

ئەوەندە بێ و بچوو، قەدرت نەچوو.

ئەوەندە تاریکە، بە دەکوێر چاوساغێک ناگەیەننە ماڵ.

ئەوەندە دزە کل لەچاو ئەفڕێنێ.

ئەوەندە گەڕاوە دڕاوە.

ئەوەندە لاواز بووە سەگەل چاوی لێ دائەگرن.

ئەوەندەی باوەڕ پێ بکەن، بڵێ خوا یەکە.

ئەوەندەی قنگە جندۆکەیە.

ئەوەی ئامۆژگاری نەوێ، یارمەتیشی ناوێ.

ئەوەی باکردی بە باران باران کردی بەبەفر.

ئەوەی بە بێوەژنی ئەیکەیت، بەکچی بتکردایە.

ئاواشی دەڵێن: ئەوەی بە بێوەژنی دەیکەی، بەکچی کردبات – کاوە.

ئەوەی بەتەمای دراوسێ بێ، بێ شێو سەر ئەنێتەوە.

ئەوەی بەفەلاح ببڕێ، دانەوێڵەیە.

ئەوەی بە گاوان ببڕێ، ماکەر گایینە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Next Post

کەڵەسیس

شه‌م نیسان 8 , 2017
ئەوبابەتە فۆلکلۆرییەم لە فەیسبووکی کاک ئاگری ئیسماعیلزادە وەرگرتووە و بەڕێپێدانی خۆی لێرەدا پێشکێشتانی دەکەم. وەک کاک ئاگری دەڵێ:  دەقی ئەو چیرۆکەم لە زاری نەقل بێژ و هونەرمەند “ڕەسوڵ نادری” بیستووە!! کەڵە سیس دووبارە نوسینەوە: ئاگری ئیسماعیل نژاد **** مام هۆمەر کابرایەکی جوتیار بوو،  لە گوندێکی بناری کوێستانی لەند دەژیا، پاییزی […]

لەوانەیە پێتان باش بێت

نووسەر

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی

من لەدایکبووی شاری پیرانشارم، هەر لەمنداڵییەوە حەزم لە زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بە وەرگێران لە کوردییەوە بۆ فارسی دەستم بەکاری ئەدەبی کرد. ئەو وەرگێڕانە ئەمنی خستە بیری دانانی فەرهەنگێکی فارسی بە کوردی و تائێستا بیست ساڵە کاری لەسەر دەکەم. چاپی یەکەمی ئەو فەرهەنگکەم لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاو بۆوە، و ئێشتاش خەریکی پێدا چوونەوەم. هەروەها کتێبێکم لەسەر مێژووی کورد نووسیوە بەناوی (لێکۆڵینه‌وه‌و ڕوونکردنەوەیەکی مێژووی لەسەر کورد و کوردستان) کە لەدەزگای ئاراس چاپ کراوە. بە هۆی هێندێک گرفتەوە بڕیارم دا بەرهەمەکانم لەسەر ئینتێرنێت بخەمە خزمەتی گەلەکەم.