چەند وشەیەک لەسەر فەرهەنگی کاوە

بەڕێزان و خۆشەویستانی سەردانکاری فەرهەنگ‌ومێژووی کاوە

سڵاوێکی گەرم،

ماوەیەکە وادیارە دیارییەکی تازەم بۆتان نەبووە. هۆکاری ئەو بێدەنگییەم، سەرقاڵبوونمە بە باشترکردن و پێداچوونەوەیەکی وردە بە فەرهەنگی کاوە. بەهۆی گۆڕینی فۆنتی فەرهەنگەکە، بەتایبەتی لە پیتی (هـ و ە)دا تووشی کێشەی گەورە بووم، کێشەی ئەو دوو پیتە بەوە زیاتریش سەری هەڵدا کە دڵسۆزێکی مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداری کردمەوە ئەو وشە فارسییانەی (ە و ـه)یان تێدا بەکار براوە بە لێ‌گەڕان (search) نادۆزرێنەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ئێران بۆ زمانی فارسی لەجیاتی ئەو (ە)یەی لە تەختەکلیلە کوردییەکاندا بۆ بزوێنی سەر(فتحە) دانراوە و من بۆ (ه) تەنیا یا ئاخری فارسی کەلکم لێوەرگرتووە، هەر پیتی (ه+ نیونێوان) دەکاردەکەن. من پێشتر ئەوکارەم کردبوو، بەڵام چونکە لەپێداچوونەوەکانی پێشوومدا دیتبووم ئەو نیو نێوانە لە هێندێک لە وشەکاندا ون بووە و بۆ نموونە وشەی وەک (بەڕێز)ی لێ کردوومە (بهڕێز)ناچار بووم ئەو چەشنە (ە)یانە بە بزوێنی (ە)ی کوردی بنووسم. پاش ڕێنوێنییەکەی ئەو برادەرە دڵسۆزەم، ئەوجار ناچارم ئەو کێشەیەش بۆ نووسینی فارسییەکە (بۆ ئەوانەی لە کیبۆردی کوردی) کەلک وەرناگرن، چاکەم، بەڵام بۆ وشە کوردییەکان هەر لە بزوێنە کوردییەکە کەلک وەرگرم. ئەوەش کارێکی دیکەی بۆ زیادکردم. لە گۆڕینی فۆنتەکەشدا، وا سەر لە کامپیۆتێری بەدبەخت شێوا، کە (ه)ی پێوەنووساوی لێ کردمە (ه)ی جیا و بەپێچەوانەش، بۆنموونە (همت بۆتە ەمت و هنر بۆتە ەنر و….) و زۆر کێشەی دیکەی وەک: گۆڕانی (ڵا بە ٳ) یا (بەڵا بە بەڵڵا) و… ئەوانە وای لێکردم کە بەوردی بە یەکیەکی  هەر ٩٥٠٠٠وشەو و دەستەواژە فارسییەکانی فەرهەنگەکەدا – بە واتا کوردییەکانیشیانەوە – بچمەوە. ئەوکارە زیاتر لە ٩٥ ڕۆژ کاری ورد و بەردەوامی پێویستە، بۆیە کاتی بۆ نەهێشتوومەوە خەریکی کارە مێژوویی و فۆلکلۆرییەکانی دیکە بم. جار وایە کێشەیەک لەکارێکدا دێتەپێش کە بۆت دەبێتە هۆکار بۆ دۆزینەوەی هەڵە و گرفتێکی دیکە و ڕاستکردنەوەشی. ئەو گۆڕینی فۆنتەش چونکە ناچاری کردووم ئەو هەموو کاتەی بۆ دانێم، بۆم بۆتە هۆکاری پێداچوونەوەیەکی زۆر وردتر لە ئی پێشوو و دۆزینەوەی هەڵەی زیاتر و چاکردنەوەیان (چ لە ڕێنووس و چ لە واتادا). هەروەها لەگەڵ ئەو چاکردنەشدا ژمارەیەکی بەرچاو، وشەی دیکەی کوردیش بخەمە سەر فەرهەنگەکە و دەوڵەمەندتری کەم. هیوادارم ئەوجار بتوانم کارێکی باشتر و خاوێنتر بخەمە بەردەستی ئەڤیندارانی وشە و زمانی ڕەسەنی کوردی. بێگومان دوای تەواوبوونی ئەوکارە و تازەکردنەوەی فەرهەنگەکە، ئاگادارتان دەکەمەوە. لەگەڵ هەمووی ئەوهەوڵانەشمدا، دڵنیام هێشتا کارەکەم جێگای ڕەخنەی تێدا دەمێنێتەوە، هیوادارم بەڕێنوێنیی ئێوەی بەڕێز چ بە ڕەخنە و ڕاستکردنەوە و چ بە ناردنی وشەی تازە کارەکەمان بەکەلکتر و دەوڵەمەندتر بێ. من ناترسێم لەوەی ڕەخنەم لێ بگرن، بەڵکوو دەترسێم لەوەی هەڵە بکەم و پێنەزانم و کەسیش ئاگادارم نەکاتەوە. ئەگەر چاو بە لاپەڕەکانی سەر فەیسبووکەکەم (kawa-kawe و kawa ditionary)دا بخشێننەوە، هەڵەنامەی سێ فەرهەنگی فارسی بە کوردیم بڵاوکردوونەوە کە ئەوەی چاپی یەکەمی فەرهەنگەکەی خۆم (فەرهەنگی کاوە، فارسی بە کوردی) لە دووەکانی دیکە درێژترە. من بەڵێنتان پێدەدەم بەسەر هیچ هەڵەیەکدا بەئانقەست تێنەپەڕم، بەڵام داوام لەئێوەش وشیارکردنەوەمە لە ڕوودانی هەڵەکان. با کارەکەمان بۆ ناساندنی دەوڵەمەندبوونی زمانەکەمان بکەینە تیمی. ئێوە هاوکار و ڕێنوێنیکارم بن و منیش جێبەجێکار و سپاسگوزارتان.

 

دڵسۆزتان:

عەبدووڵڵا ئیبراهیمی – کاوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Next Post

پەندی پشینان ١٢

3 شه‌م شوبات 28 , 2017
خۆشەویستانی هۆگری فۆلکلۆری کوردی دیسان دێمەوەخزمەتتان بە قەرتاڵەیەک لە بەرهەمی باخی پەندی پێشینان:   ئەو ساڵە ساڵی سی بوو، کۆستە برسی بوو. ئەو سەرەسوونە بۆ ئەو بنەسوونە. ئەوسەرینە بخەرە ژێرسەرت. ئەو سوارە و من پیادە. ئەو شوێنەی پاک بێ، خۆمی تیا دائەنیشم. ئەو قسەیەی ئەیوت، هەر ئەیوت. ئاواشی دەڵێن: ئەوەی […]

نووسەر

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی

من لەدایکبووی شاری پیرانشارم، هەر لەمنداڵییەوە حەزم لە زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بە وەرگێران لە کوردییەوە بۆ فارسی دەستم بەکاری ئەدەبی کرد. ئەو وەرگێڕانە ئەمنی خستە بیری دانانی فەرهەنگێکی فارسی بە کوردی و تائێستا بیست ساڵە کاری لەسەر دەکەم. چاپی یەکەمی ئەو فەرهەنگکەم لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاو بۆوە، و ئێشتاش خەریکی پێدا چوونەوەم. هەروەها کتێبێکم لەسەر مێژووی کورد نووسیوە بەناوی (لێکۆڵینه‌وه‌و ڕوونکردنەوەیەکی مێژووی لەسەر کورد و کوردستان) کە لەدەزگای ئاراس چاپ کراوە. بە هۆی هێندێک گرفتەوە بڕیارم دا بەرهەمەکانم لەسەر ئینتێرنێت بخەمە خزمەتی گەلەکەم.