پەندی پێشینان ٧

فۆلکلۆردۆستگانی بەڕێزم

ئەوکاتەتان باش، ئەوە بە قەرتاڵەیەک لە بەرهەمی باخی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ هاتمەوە سەردانتان، هیئوادارم چێژی لێوەرگرن.

ئەگەر شەعبانە، ئەگەر ڕەمەزانە، مووچەی کوڕەکەچەڵ هەر دوونانە.

ئەگەر شتێک نەزانی، مەیڵێ، ئەگەر زانیت نیوەی بڵێ.

ئەگەر شێرە مەرحەبای کردی، هەوڵی ڕاوکردنی مەدە.

ئەگەر فیل هەیە، کەرگەدەنیش هەیە.

ئەگەر قازنیت، هێلکەی قاز مەکە.

ئەگەر قەرداری، هەڕۆبەیاری.

ئەگەر قەلەڕەش ڕێ نیشاندەربێ، ئەبێ گەورە هەر دەربەدەربێ.

ئەگەر کا هی خۆت نییە، کادێن هی خۆتە.

ئاواشی دەڵێن: ئەگەر کایەکە ئی خۆت نییە، خۆ کادێنەکە ئی خۆتە – کاوە.

ئەگەر کاوێژی بکردایە گۆشتیشی ئەخورا.

ئەگەر کەر بۆ قوربانی نەشێ، بەهای بۆ قوربانی ئەشێ.

ئەگەر کەرن، بەرانبەرن، ئەگەر ئێسترن، سەربەسەرن.

ئەگەر کەس  نەیخواستم شووت پێ ئەکەم.

ئەگەر کەسێک کەسە، حەڕفێکی بەسە.

ئەگەر کەوڵ و پۆست چاک ئەبوو، بەشانی خاوەنی خۆیەوە ئەبوو.

ئەگەر کۆز هەیە نان نییە، ئەگەر نان هەیە کۆز نییە.

ئەگەر کوندەبەبوو کەڵکی ببوایە، ڕاوکەر بەجێی نەئەهێشت.

ئەگەر گۆشت گرانە، نەخواردنی هەرزانە.

ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە.

ئەگەر گوڵن بەرانبەرن، ئەگەر عەترن سەربەسەرن.

ئەگەر لایەلایە دەزانی، بۆ بۆخۆتی ناکەی – کاوە.

ئەگەر لە جانان یەکێک بمێنێ، حەقی بەرودوا لەگشت ئەستێنێ.

ئەگەر لەکین، گشت وەک یەکین.

ئەگەر لووت نەبێ لەبەینا، چاو چاو ئەخوا.

ئەگەر ماڵت هەیە، کەفیل بە، ئەگەر ئیشت نییە شاهید بە.

ئەگەر مەڕم نەدیبێ لە هەرێزا، پشقڵم دیوە لەپەرێزا.

ئەگەر مەلا بتڕیی، جەماعەت لەخۆ ئەڕیی.

ئەگەر موو بەبەخت ئەبوو، بزن لەسەر تەخت ئەبوو.

ئەگەر موو بەبەخت ئەبوو، کەچەڵ بەدبەخت ئەبوو.

ئەگەر ناتوانیت بگەزیت، هەرگیز دانت دەرمەخە.

ئەگەر نەمدیایە باوکی، ئەمردم لە عەزرەت دایکی،

ئاواشی دەڵێن: ئەگەر نەمدیبا باوکت، دەمردم لەحەزرەت دایکت – کاوە.

ئەگەر نەیدا مەعبوود، چی بکا مەحموود.

ئاواشی دەڵێن: مەحموود نەیدا مەعبوود دەیدا، مەعبوود نەیدا محموود چ بکا –  چیرۆکەکەم ئاوا بیستووە یان باشتر بڵێم ئاوام لەبیر ماوە :

دەڵێن دوو شاعیر دەچنە دەرباری سوڵتان مەحموود. هەرکامەیەن شێعرێکی بۆ دەخوێننەوە، سوڵتان بەدزی فەرمان دەدا شووتییەکی گەورە ئامادەکەن و نێوەکەی بەتاڵ کەن و پڕی کەن لە زێڕ. کە شووتییەکە دێنن، فەرمان دەدا شووتییەکە بدەن بەو کەسەی باشتری بە سوڵتان هەڵاکوتووە و زێڕێکیش بدەن بەوی دیکە. شاعیرەکان دیاریی خۆیان وەردەگرن و پێکەوە ڕێگای چوونەوە ماڵ دەگرنەبەر. لەڕێیە ئەوەی زێڕەکەی وەرگرتووە بەوەی کە شووتییەکەی وەرگرتووە دەڵێ: وەرە دیارییەکانمان بگۆڕینەوە، تۆ شووتییەکە بدە من کە منداڵم زۆرن و منیش زێرەکەی خۆمت دەدەمێ ئاوا سەوداکەیان سەردەگرێ و هەرکەسە دەچێتەوە ماڵەخۆی. ئەوە کە شووتییەکەی دەباتەوە هەر کە دەرگا دەکاتەوە منداڵ بەرەو پیری دێن و ئەویش شووتییەکە دەشکێنێ کە لێیان بەش کا، بەسەر سووڕمانەوە چاوی بەو هەموو زێڕە دەکەوێ و لەماڵی دەردەپەڕێ و هاوار دەکا: مەحموود نەیدا مەعبوود دەیدا، مەعبوود نەیدا محموود چ بکا؟ شا دەبیسێتەوە و فەرمان دەدا کابرا بێنن با بزانین بۆ وادەڵێ. شاعیر دەبەنە دەربار و حاڵ و مەسەلەکەی لێ دەپرسن، ئەویش ڕاستییەکە دەڵێ و سوڵتان خەڵاتێکی دیکەی پێ دەبەخشێ.

ئەگەر هەموو مەلێ میوەخۆر بوایە، میوە بەدارەوە نەئەما.

ئەگە هەوەسە، ئیتر بەسە،

ئاواشی دەڵێن: ئەگەر هەوەسە، جارێک بەسە – کاوە.

ئەگەر وانەبوایە، وانەئەبوو.

ئەگەر وتی ماست سپییە، پێی باوەڕ مەکە.

ئەگەریان چەند، سەوز نەبوو.

ئەگەریان دا بە مەگەر، کوڕیکیان بوو ناویان نا کاشکی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Next Post

پەندی پێشینان ٨

3 شه‌م کانونی یەکەم 13 , 2016
بەڕێزان ئەوەش لۆچێک دیکە لە پەندی پێشینانی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ ئەلف لەیلە ئەخوێنێ. ئەڵێ ژاڵە بۆ وا تاڵیت؟ ئەڵێ: لەبەر برامردن. گوڵت بۆ واجوانە؟ لەبەر دۆست و دوژمن. ئەڵێ مامە گونت بەچەندە؟ ئەڵێ بە سەنگ و بەتەرازوو. ئەڵێن/دەڵێن خەڵکی کوێی؟ ئەڵێ/دەڵێ هێشتا ژنم نەهێناوە – کاوە. ئەڵێن خزمت کێیە؟ […]

لەوانەیە پێتان باش بێت

نووسەر

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی

من لەدایکبووی شاری پیرانشارم، هەر لەمنداڵییەوە حەزم لە زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بە وەرگێران لە کوردییەوە بۆ فارسی دەستم بەکاری ئەدەبی کرد. ئەو وەرگێڕانە ئەمنی خستە بیری دانانی فەرهەنگێکی فارسی بە کوردی و تائێستا بیست ساڵە کاری لەسەر دەکەم. چاپی یەکەمی ئەو فەرهەنگکەم لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاو بۆوە، و ئێشتاش خەریکی پێدا چوونەوەم. هەروەها کتێبێکم لەسەر مێژووی کورد نووسیوە بەناوی (لێکۆڵینه‌وه‌و ڕوونکردنەوەیەکی مێژووی لەسەر کورد و کوردستان) کە لەدەزگای ئاراس چاپ کراوە. بە هۆی هێندێک گرفتەوە بڕیارم دا بەرهەمەکانم لەسەر ئینتێرنێت بخەمە خزمەتی گەلەکەم.