سپاس و پێزانین

خۆشەویستانی سەردانکاری ماڵپەڕی فەرهەنگ و مێژووی کاوە

وەک دەزانن بەداخەوە نووسەر و هونەرمەند و ئەدیب و فەرهەنگنووسی کورد بە زۆر هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و…. بەبێ پشتیوان و تەنیا بە ئەلهای خۆی کارەکانی پێشکێش دەکا، بەبێ ئەوەی پشتیوانییەکی ماڵی و هاوکاریی دامودەزگایەکی میریی هەبێ. من کە تەمەنێکم لە ڕیزی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا تێپەڕاند، دوای دابڕان لە کاری سیاسیش لەخەبات دانەبڕام  و زیاتر لە ٢٢ ساڵە لەحەولی ئەوەدام کە بە خەباتی قەڵەم درێژە بە خزمەتی خۆم بدەم. ڕەنگە قەڵەم بەدەستێکی زۆر کارامەش نەبم، بەڵام پێموایە بەپێی توانا و ئیمکاناتی خۆم دەتوانم لەو ڕێگایەدا بەرهەمگەلێک بخەمە بەردەستی ڕۆڵەکانی گەلەکەم. پێشتر باسی  کارەکانی خۆمم لەوگۆڕەپانەدا کردووە و لەسەری ناڕۆمەوە، بەڵام هەمیشە بۆ بڵاوکردنەوەیان تووشی گرفتی ئامێر و پارە بووم. تەنانەت ئامادەبووم بەبێ چاوەڕوانیی هیچ دەستکەوتێکی ماددی بەرهەمەکانم بدەمە دەست، بەڵام کەس نەبوو بە شێوەی چاوەڕوانکراوی خۆم دەهانام بێ. کاک بەدران ئەحمەد لە دەزگای ئاراس تەنیا کەسێک بوو کە یاریدەی دام بۆ چاپی فەرهەنگەکەم، بەڵام ئەویش چونکە پڕوپاگاندەیەکی بۆ ناساندنی نەکرا بەشی هەرە زۆری هەر لە کتێبخانەی خۆیاندا مایەوە،  داخرانی ئەو دەزگایە و دوایەش قەیرانی دارایی لەکوردستان، بەتەواوی پەکی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی خستم. سەرەنجام بەبیرمداهات کە سەکۆیەک بۆ درێژەپێدان بە کارەکانم لەسەر ئینتێرنێت بکەمەوە.

ڕەنگە بۆ ئەوەی لەکاری سازکردنی ماڵپەڕدا شارەزایە زۆر کارێکی سەخت نەبێ بەڵام بۆمنی بێئەزموون لەوکارەدا، بەتایبەتیش کە دەبوو بە پیتی عەرەبیش بنووسم کارێکی زۆر پڕکێشە و ئاستەم بوو، زۆرم لەودەرک و ئەودەرکیش دا بەڵام کەس دەهاوارم نەهات، تا پەنام بۆ برازای خۆشەویستم (پیران قادرزادە) برد کە ماڵپەڕی فۆکۆس فیلمی هەیە و پێشتریش ماڵپەڕێکی دیکەی هەبوو، ئەو بەڵێنیی پێدام یارمەتیم بدات و بەیاریدەی برادەرێکی دڵسۆزی کوردی دانیشتووی نۆروێژ (کاک زیوەر ئەمین – Binavi Web & Desiger) ئەو ماڵپەڕەیا بۆ وەڕێ خستم. بۆیە بەئەرکی خۆمم زانی سپاس و پێزانینم پێشکەشی ئەو دوو دڵسۆزە بکەم  هیوادارم هەر شاد و سەرکەوتوو  بن.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Next Post

بەدەم ڕێگاوە گوڵ چنین یا پێکوڵ چاندن لەسەر چەقی ڕێگا؟

4 شه‌م ئاب 24 , 2016
که‌ له‌که‌سێک ده‌پرسن: کێیت؟ به‌شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێ:  فڵانم کوڕی فڵان! ئه‌و حاشاله‌ باوکی خۆی ناکاو به‌ده‌گمه‌ن که‌سی واهه‌یه‌ وا‌بکات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باوکی خراپیش بێ. ڕۆڵه‌ به‌ باب‌و باپیریانه‌وه‌ ده‌ناسرێن‌و به‌تایبه‌تی له‌نێو کورده‌واریدا هه‌ر له‌کۆنه‌وه‌ باوبووه‌ ئه‌گه‌ر ویستبیان به‌ئاشکرا باسی که‌سێک بکه‌ن، کوتوویانه‌: “فڵانی کوڕی فڵانه‌که‌س!” ئیدی ئه‌وه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی […]

نووسەر

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی

من لەدایکبووی شاری پیرانشارم، هەر لەمنداڵییەوە حەزم لە زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بە وەرگێران لە کوردییەوە بۆ فارسی دەستم بەکاری ئەدەبی کرد. ئەو وەرگێڕانە ئەمنی خستە بیری دانانی فەرهەنگێکی فارسی بە کوردی و تائێستا بیست ساڵە کاری لەسەر دەکەم. چاپی یەکەمی ئەو فەرهەنگکەم لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاو بۆوە، و ئێشتاش خەریکی پێدا چوونەوەم. هەروەها کتێبێکم لەسەر مێژووی کورد نووسیوە بەناوی (لێکۆڵینه‌وه‌و ڕوونکردنەوەیەکی مێژووی لەسەر کورد و کوردستان) کە لەدەزگای ئاراس چاپ کراوە. بە هۆی هێندێک گرفتەوە بڕیارم دا بەرهەمەکانم لەسەر ئینتێرنێت بخەمە خزمەتی گەلەکەم.