شۆڕشی ڕۆشنبیری

شۆڕشی ڕۆشنبیری

١٧ساڵ بوو کوردستانم بەجێهێشتبوو، زۆر شتی دژیەکی خۆش و ناخۆشم لەسەر دەبیستن و زۆرجاریش بەپێی بۆچوونی خۆم، بەبێ ئەوەی ئاگای تەواوم لێ بێ، هەر بە لێککدانەوەی باسەکانی دژبەران‌ و لایەنگران‌ و ئەزموونی پێشووم لەسەر گەلی کوردان، خۆم تێهەڵدەقوتاند.

دەمزانی گەندەڵی هەیە و قوولەش‌ دەکا، دەمزانی میری خەڵکێکی زۆر و بۆری بێکەلکی بەخۆوە بەستۆتەوە، کە کاریان هەر خواردن و دراو وەرگرتن و خۆ بەخێوکردنی بەبێ کوێرەوەرییە و بە کۆ کردنەوەی سامانی باهێناوەوە سەرقاڵن و ئەوەی هەر تێشی ناگەن هەست بە بەرپرسایەتی کردن و ڕاهی کردنی کاری خەڵکە.

کە وردەوردە بۆڵەبۆڵەکانی دژی میریش پێکهاتن و دوایەش دژکارانی گەندەڵی‌ یێکیان گرت و یەکێتیی نیشتمانی درزی تێکەوت و ژمارەیەک لە ناڕازییانی حیزبەکە بە هەڵگرتنی ئاڵای دژەگەندەڵی، بە ڕێبەرایەتیی کاک نەوشیرەوان مستەفا بوونە کۆمەڵێک و ناڕازی لە هەموو چەشنێک ڕەگەڵی کەوتن. ئەمنیش وەک زۆرکەسی تامەزرۆی چاکسازی، زۆر شاییم بەوڕەوتەبوو کە بتوانی چارەیەک بێ بۆ ئەو گرفتە گەورە و مەترسیدارەی کوردستان. ئەمن گومانم لەپاکیی ڕیبەری ڕەوتەکەدا نەبوو. بەڵام دوایە ئەو ڕەوتەم لەڕاستیدا وەک لافاوێک هاتەبەرچاو کە پاک و پیسی بەبێ جیاوازی ڕەپێچەکدابوو. لە هەموو لایەک ڕا چاک و خراپ، لە دزانی تۆراو لە پارتی و یەکەتی، کۆمۆنیستانی توندئاژۆ و تەنانەت دژەکوردیش‌ و زۆری دیکە تێکەڵاوی ڕەوتەکە بوون. ئەوە بۆ یەکێکی وەک منی تامەزرۆی کوردایەتییەکی پاک و بێگەردی چاکەخواز و دژی گەندەڵ و گەندەڵی، هەستێکی ناخۆشی لێ سازبوو، کە کۆشکی هیوامی وردەوردە دەلەرزاند . هەرچەند کورد کوتەنی (مست لە درێشەی دەگەڕێتەوە)، گوشاری دژکاران حکوومەتی لەخەو هەستاند و ئەگەر تاڕادەیەکی کەمیش بووبێ، ڕەوتی گەندەڵی خێراییەکەی کەمبۆوە و ئازادیی بیرو ڕا دەربڕین وردەوردە پەرەی ئەستاند، بەڵام زۆر لەهەڵوێستە توندئاژۆیانە و نادرووستەکانیشیان بەزیانی کۆمەڵگا شکانەوە. لێرەدا نامەوێ زۆری لەسەربڕۆم و زۆر لە خوێنەرانی بەڕێز کە لە گۆڕەپانی ڕووداوەکان نیزیک بوون، زیاتر لەمن لێی ئاگادارن.

هەرچۆنێک بێ بابەتێکی شاراوە لەگٶڕێدایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو گێرەوکێشەی نێو کۆمەڵگاکەمانە، کە ئەویش بریتییە لە فەرهەنگی گەندەڵی، کە هەموو تانوپۆی کۆمەڵگای داڕزاندووە، بەڵام چ میری و چ دژبەرانی لەکوردستان، سەرنجیان نەداوەتێ و یا باشتر بڵێم خۆیان لێ گێل کردووە. هەموو کێشەکە لە باسی پارەدا خۆی نواندووە و باسەکە زۆرتر وا دەنوێنێ کە ئەو هەموو سامانە لە خاکی کوردستاندا وەدەست دەکەوێ، هێندێکان دەستیان بەسەردا گرتووە و بۆخۆیانیان پاوان کردووە و هێندێکان دەستیان وێڕاناگات و لیی بێبەش کراون یا بەشی زۆر کەمتریان پێ‌بڕاوە. بەڵام کەس سەرنجی نەداوەتە (بۆ) ڕاستەقینەکەی ئەو نادادوەرییە، یا بەواتایەکی دیکە دێوەزمەی ئافرێنەری.

بەپێی ئەزموونەکانی ژیان، تێگەیشتووم، تۆرە و فەرهەنگ بناخەی یەکگرتوویی و سەقامگیریی کۆمەڵ و پێناسەیەکی باشی گەلانن. نەتەوە بە ئەدەب و ڕۆشنبیرییەکەیانەوە دەناسرێنەوە و بەداخەوە ئەوەی من لە‌و پارچە نیوەئازادەی  کورستاندا دیتم، ڕاست تێکدانی ئەو ناسنامەی گەلەکەمانە. ئەمن لەو سەردانەوەی  کوردستانمدا، چاوم بە وڵاتێکی داپٶشراو بەگەندەڵی، بەڕێوەبراو بەگەندەڵی و مێرییەکی گەندەڵ، دژکارانی گەندەڵ، خەڵکێکی گەندەڵ و فەرهەنگێکی تێکدراوو ڕزیو لەگەندەڵیدا، کەوت. زۆر کەس ڕەنگە وابزانن دراو سەرچاوەی گەندەڵی یە، بەڵام ئەزموونی من دەڵێ پارە ئامێرە نەک هۆکار و سەرچاوە. نۆبێل داینامیتی بۆ تەقاندنەوەی مرۆڤ سازنەکرد، بەڵام بەکارهێنەرانی ئەو تەقەمەنییە وایانکرد کە داهێنەر تف لە داهینانەکەی خۆی بکا و لە چاکەی خۆی پەشیمان بێتەوە، یا تفەنگ کە ئامیرێکە بۆ کوشتن، ئەگەر بیدەی بەدەستی منداڵێکی نەزان یا ن خۆی پێ دەکوژێ یا کەسێکی دیکەی بێتاوان، داگیرکەر مرۆڤی بۆداگیرکردن پێ دەکوژێ و نیشتمان لێ داگیرکراویش بۆ دەرکردنی داگیرکەر و ئازاد کردنی خۆی و نیشتمانی. لەو نموونە باسکراوانەدا دەبینین، ئەوەی خۆی وەک هۆکاری کوشتنەکان دەنوێنێ، واتە تفەنگ و داینامێتەکە، لەڕاستیدا ئامێرن بۆ جێبەجێکردنی هۆکاری خۆ حاشارداوی سەرەکی، کە ئەویش ئەمن بە فەرهەنگی ناودەبەم. فەرهەنگی داگیرکارانە، واتە ئەخلاقی داگیرکەر کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگێکی خۆپەرستانەیە بۆ ویستنی هەموو شتێک هەر بۆخۆ، ئەخلاقی بێموبالاتی و گوێ پێنەدان و بەهاسانگرتن، کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگێکی دواکەوتوویە کە چەک دەخاتە بەردەستی منداڵێکی نەفام، ئەخلاقی ئازایخوازانە کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگێکی پێشکەوتوو و ئازادیخوازی ئازادی ویستە کە چەک بە پێشمەرگە هەڵدەگرێ بۆ ڕەتاندنی داگیرکەر.

هەروەک لەسەرەوە باسم کرد، فەرهەنگ و تۆرە بناخەی لێک نیزیکبوونەوە، یێکپارچەیی، تێک گەیشتن و تەبایی و پێکەوە ژیانی کۆمەڵێکە. فەرهەنگ بە تایبەتمەندییەکانی هەڵسوکەوت و چۆنیەتیی پێکەوە بوون و پێکەوە سازان و پێکەوە ژیان و لەئاکامدا بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵ دیاری دەکا و پەیوەندیی ئەندامانی کۆمەڵ لەگەڵ خۆیان و دەرەوەی کۆمەڵەکەیان ڕێکدەخا.  دەستەڵاتدارانی داگیرکار، دەزانن بۆ دەست بەسەرداگرتنی وڵاتێک هێز و پارە پێویستن، بەڵام بۆ لەدەستدا ڕاگرتنی، دەبێ بواری فەرهەنگیی بۆ بڕەخسێنن. ئەوەش بەتێکدانی ئەخلاق و بەها فەرهەنگی و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دەگونجێ. هیرشی فەرهەنگی – کە ئەمن بەش بەحاڵی خۆم بەپڕمەترسیتر لە هێرشی چەکداریی دەزانم –  لەمێژە بۆ دەستەمۆ کردن و ژێردەستەکردنی گەلان دەکار دەکرێ، ئەو شێوازە نەک هەر بۆ دەست بەسەرداگرتنی وڵاتی گەلان بەڵکوو بۆ دەست بەسەرداگرتنی بازاڕەکانیش بەشیوەی جۆراوجۆر کەلکی لێوەردەگیرێ. دەبێ بۆ فرۆشرانی پارچەی ئوڕووپایی، ڕەزاشا هان بدرێ بەناوی هاوشێوەکردنی جلوبەرگی وڵات، کەواو پانتۆڵی کوردی لە کوردستاندا بەنایاسایی دانێ و خە‌ڵک بەخورتی ناچارکا کۆت و شەڵواری ئینگلیسی بکەنەبەر، دەبێ بۆ جوانتر کردنی ژنان سووراوو سپیاو وەلانرێ و جۆرەها دەرمان بخرێتە بەردەستیان، دەبێ بۆ دۆزینەوەی زیاتری خوازیار بۆ کەرستەیەکی ئەوڕۆیی بۆ هاسانترکردنی ژیان، هەر کەسە بەجۆرێک و بەناوێک بەلێکدانەوەی هەستی خوازیار، بی‌ڕازێنێتەوە و بیخاتە بازاڕ.

سەددام بە ڕێنوێنیی ڕاوێژکارانی شارەزا، باش لە بوارەکانی فەرهەنگیی کۆمەڵگا تێگەیشتبوو. ئەو دەیزانی سەردەمی خێڵایەتی و عاشیرەت و …. خەرێکە بەسەردەچێ و خەڵکی ماندوویی نەناسی کوردستان بە کاری سەختی بێوچان و ئارەقەی نێوچاوانیان خۆ بەباشی بەڕێوەدەبەن. دەبوو ئەودوو ڕەوتە بگۆڕێ تا بتوانێ باشتر خەڵکەکە دەستەمۆکا و بیانخاتە ژێر چاوەدێرییەکی ورد. ئەو بە تێڕژاندنی پارە  خەڵکی تەمبەڵ فێرکرد و ئەخلاقی خستنە بەردەستی پارەی هاسان و بە لەناوبردنی عەیبەو شەرمەی جاشەتی و دزی و تاڵان و پیاوکوژی و هەموو کارێکی گونجاو بۆ پارە کۆکردنەوە، بناخەی ئەخلاقی خەڵکی تێکدا. ئەو باش تێگەیشتبوو چۆن هێز و پارە بۆ بەرەوپێشبردنی مەبەستەکەی لە کۆنترۆڵکردنی خەڵکدا بەکار بێنێ. ئەو کەسانی شارەزا و لە بەڕیوەبەرایەتیی خەڵکدا لێهاتووی دۆزینەوە‌ و لە خۆی کۆکردنەوە و دراوێکی زۆری خستنە بەردەستیان و ناوی موستەشاری خستەسەریان. ئەگەر کابرایەک بیویستبایە ببێتەجاشیش، ئەوە دەزگا ئەمنییەکانی حەواڵەی یەکێک لەو موستەشارانەیان دەکرد. ئاوا هەر موستەشارەی دەبووە پەناگایەک بۆ سەدان کەسی لەترسی عەسکەری خۆ بەجاش نووسیو یا تاڵانچی‌ و ڕێگر و… ئەوانەی لەترسی عەسکەری خۆیان لەمەتەرێزی  پڕلە شەرمەزاریی جاشەتیدا دەشاردەوە، خەریکی کارو کاسبیی خۆیان دەبوون، پارەی جاشەتییەکەشیان بە موستەشارەکە دەبڕا. ئەوانی دیکەش خەریکی جاسووسی، ڕاووڕووت، شەڕی پێشمەرگە و زۆر کاری بێئەخلاقی دەبوون.  زۆر لەو موستەشارانە ئاغا یا شێخ یا کوێخا و کەسی بەناوبانگ بوون. بەعس لەلایەک بە کۆکردنەوەی خەڵکێکی زۆر لەژێرچاوەدێریی کەسێکدا و لەلایەکیشەوە بە هاندانی بیری خێڵەکی و ئاغایەتی و… دەیتوانی خەڵک زۆر هاسانتر بخاتە ژێر چاوەدێری، واتە خەڵکەکە هەر بە سەرۆکان و ناودارانی ناوچەی خۆیان کۆنترۆڵ بکا، خەڵک تەمبەڵ و فێری پارەی هاسان کا، ناوی جاشەتی بۆ خەڵک بکاتە شتێکی ئاسایی و نەنگ و شوورەیی لە وشەکەی بشواتەوە و وابکا کە تەنانەت زۆر جاران کە لەوکەسانە پرسیار کراوە کە کێن، بەبێ شەرم کردن کوتوویانە جاشین. ڕێژیمی سەددام تەنانەت هێزەکانی خۆشی بەناوی فەرماندەرەکانی ناوبردن، تا بەشدارانی بەناوی فەرماندەرەکەیانەوە ببەستێتەوە. ئاوا فەرهەنگی خێڵایەتی لەسەدەی بیستەمدا – کە سەدەی بەرەو کزی چوون و لەناوچوونی ئەو شێوازە کۆمەڵایەتییە بوو – بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاوە و خۆی گرتەوە. بەتێکدانی گوندو تەنانەت هێندێک لەشارەکان و کۆکردنەوەی خەڵکەکە لە (ئۆردووگا و موجەممەعە)کان و دانانی ناوچەی (موحەررەمە) لەلایەکەوە، چاوەدێری بەسەر خەڵکدای بۆخۆی وەسێنەیی خستەوە و لەلایەکی دیکەشەوە گوزەران و بژیوەکەی زیاتر بەخۆیەوە بەستنەوە.  

ماوەی چەندساڵان لەکوردستانی باشوور دانیشتم، جارجار هاتوچۆی سلێمانی و هەولێرم دەکرد. دیمەنی زۆر دڵتەزێن لەسەر ئەو ڕێگایانە بۆمنی ئاوارە ئەوەبوو کە دەمدی ڕێژیمی سەددام ئاوەدانییەکانی تێکدابوون، خەڵکی بێکارکراوی شوێنە چۆلکراوەکانیشی بەکرێ گرتبوون بۆ پاسەوانی لەو ئاوایی‌یە وێرانکراوانە تا نەکا ئاوەدان کرێنەوە، یا کورد کەلکیان لێوەرگرێتەوە. ئاوا خەڵکەکە پیرۆزیی خاک و وڵاتیان تێدا دەمرێندراو بای بێئەخلاقی پارەی دێناو شەرەفی مرۆڤایەتیی بەتاڵان دەبرد. بناخەی کۆمەڵایەتی لەوپارچەی کوردستاندا ئاوا لەگەڵ تێکڕووخانی زێدی خەڵکەکە تێکچوو و بەها پیرۆزەکانیش بەدوایدا بەباداچوون و پارەی باهاوردگ جێگای گرتنەوە.

بەسەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئەوپارچەی کوردستان بەسەر دامودەزگا داپەڵۆسێنەرەکانی بەعس، ئەوەی لەناو چوو هەر باری جەستەیی ڕێژیم و ڕواڵەتەکەی بوو. بەڵام وێرانکارییە فەرهەنگییەکانیشی لەگەڵ کاولکارییەکانی دیکەی هەر مانەوە. پێشمەرگەش پاش خەبات و لەخۆبووردووییەکی بەردەوامی سەخت و بێوچان و خوێناوی، هاتەوە نێوشار و خەڵک بەهیوای چاکە و ئاسایش، بەدانی دەنگ بە نوێنەرانیان و دەستووری هەرێم، حکوومەتی هەرێمیان پێکهێنا، بەڵام نە لەیاسادا گۆڕانکارییەکی بەرچاو پێکهات و نە لە فەرمانگە پەروەردە و دامودەزگاکانی میریدا ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ ڕوویدا یا ئەگەر ڕووشی دا هەر لەناودا بوو نەک لەناوەرۆکدا. شوێنەواری کاری چەندین دەساڵەی بەعس لەکوردستاندا، دیسان بەربینگی خەڵکی لە ستەمی بەعس وەزاڵەهاتووی  وڵاتەکەمانی بەرنەدا و نەک هەر لەناو خەڵکە ئاساییەکەدا مایەوە، بەڵکوو بەهاتنەوەی پێشمەرگە و دامەزرانی حکوومەتی نیوە سەربەخۆی هەریمی کوردستانیش، ڕیشەی تێدا داکوتایەوە و لە هەموو دامودەزگاکانی میریدا بەبێ دەست تێوەردان مایەوە یا هەر دەست تێوەردانێکی ڕواڵەتیی بەخۆوەدیت بەبێ ئەوەی ناوەرۆکە بەعسییانەکەی بگۆڕێ. بەداخەوە پێشمەرگەش کە تێکەڵی خەڵک بۆوە، لەجیاتی چاکسازی، خووی تێکدراوی خەلکەکە کاری تێکرد و ئەخلاقی تێکدا و ناوی پیرۆزی زڕا و زۆر لە بەرەپرسانی بوونە باقۆ بۆ قووتدانی سامانی گشتی‌ و کەوتنە نێو بازاڕی گەرمی گەندەڵی ‌و ماڵ کۆکردنەوە. ماڵە بەرپرسان بووە کۆشک و دیتنیان بۆ خەلکی ئاسایی بووە خەون و…

ئەوجار کە چوومەوە کوردستان، دیتم: لەلایەکەوە هەڵلووشانی سامانی گشتی کە بەدزی و فزی کۆشک و سەرا و سامانێک زۆریان پێکەوەناوە و لە دۆخێکی ئەفسانەییدا دەژین. لەلایەکیشەوە کۆنەجاشانی داڵدەدراو و بەناوی جۆراوجۆر پاڵ وەحیزبان داو، کە بوون بە خاوەنی پایە و پلە و لەسەر بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە و فرمێسکی دایکان و هاوسەران خوشکان و برایان و منداڵانی چاو بەفرمێسکی شەهیدانی ڕاستەقینەی ڕێگای ئازادیی گەلەکەمان، دانیشتوون و لەلایەکیشەوە کۆنەپێشمەرگەی (بەرپرس یا سادە)ی دوێنی لەشاخ و هەموو شتی خۆ بەختکەر بەڵام ئەوڕۆ خۆتەسلیمی ئەڤینی پارەو سامانکەر و لە هەمووی ئەوانەش گرنگتر فەرهەنگی گەندەڵی و ئەخلاقی تەمبەڵی کە تانوپۆی هەموو کۆمەڵگای داپۆشێوە و بۆتە هۆکاری پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی گەندەڵ،  بەدەستی میرییەکی گەندەڵ و تەمبەڵ و گەندەڵ پەروەر و دژە میرییەکی چاکەخوازی گەندەڵ پەنادەر، لێک کۆبوونەوە و هەموو وێکڕا لە سفرەی گەندەڵی (هەرکەسە بەپێی دەستەڵاتی خۆی) دەخۆن. ئەوە بیرم دەخاتەوە کە لەسەردەمی قاجاردا باڵوێزێکی بریتانیا بەسەرسووڕمانەوە دەڵێ: لەئێران ٢٠٠٠٠٠٠٠ دز پێکەوە لەئاسایشدا دەژین و هیچیشیان دەنگ ناکەن. بمبوورن کە وادەڵێم، بەڵام لەوپارچەی کوردستانیشدا نیزیک بە پێنج میلیۆن کەس لەژێر چەتری گەندەڵیدا – هەرچەند بە بۆڵەو پرتە – بەڵام لەئاسایشدا پێکەوە دەژین. جا با بزانین ئەو گەندەڵی‌یەی من باسی دەکەم، چییە و فەرهەنگی گەندەڵی کامەیە.

پارە کۆکردنەوەی ناڕەوا و خواردن یا بەفیڕۆدانی سامانی گشتی گەندەڵییە، ئەو شێوە گەندەڵی‌یە زۆر باو و بەرچاوە و هەمووکەس دەیبینێ و ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەشێکی لێ هەڵناگرن، یا بەها ئەخلاقییەکانیان ڕێگایان پێنادا خۆ تێکەڵی ئەو گەندەڵی‌یە بکەن، خۆ بەپاک دەزانن، چونکە ئەوەی لە کوردستان بەگەندەڵی ناسراوە هەر ئەوەیە لەسەرەوە باسمان کرد. بەڵام خۆ گەندەڵی هەر ئەوەندە نیە.

تەمبەڵی گەندەڵی‌یە، خەڵک لەکاری بەرهەمهێنەر دووردەخاتەوە و نایەڵێ کێڵگەکان بۆ بەرهەم هێنان ئاوەدان کرێنەوە و خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو خاکە پڕپیتەیان، چاویان بڕیوەتە سەوزی و میوەی قرپۆک و ڕزیوی وڵاتانی دراوسێ و گۆشتی کۆن و ماوەبەسەرچووی هەندەران و …. ئاوا بژیویان کەوتۆتە بەردەستی بێگانە و چاویان بڕیوەتە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور تا هەرچی بەکاری خۆیان نایە بەوانی خوردکەنەوە. میریش لەجیاتی دیتنەوەی ڕێگا چارەیەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی گوزەرانی خەڵک، حەولی  هەر ئەوە بووە کە بە دامەزراندنی خەڵک لە داموودەزگا پڕ خەرج و کەم بەهرەکانی خۆیدا بێدەنگیان کا. ئێستا لە کۆمەڵی کەمتر لە ٥٠٠٠٠٠٠٠یی ئەو پارچەی کوردستاندا نیزیکەی ١٤٠٠٠٠٠کەس دامەزراون و ژمارەیان هەر لەزیادبوونیشدایە. ئەو کارەساتە هێزی کاری لەکوردستان بڕیوە و کۆڵانەکانی بە ئافریقایی و بەنگلادێشی دەماڵێ و فەلەستینی و میسری و مووریتانیایی پاک و خاوێنیی هۆتێلەکانی بۆدەپارێزن و …. خەڵکەکەی خۆی بەهێچکام لەو کارانە قایل نین و تەنیا دەیانەوێ لە دایرەیەک (تاعین) بن و درەنگ بچنە سەرکار و زوو بچنەوە ماڵ و لەفەرمانگەش لەبەر تۆو قرتاندن هۆشیان بە ڕاییکردنی کاری خەلکەوە نیە. لایەنی خۆ بە تەوەرە زانین و لەخۆ بەولاوە کەس بەگرنگ دانەنان لەفەرهەنگی ئەو ناوچەی کوردستاندا وا جێگیر بووە کە ڕاستکردنەوەی ساڵیانی دوورو درێژی دەوێ. لەسەر پەتای تەمبەڵی هەر نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە. لە کۆڕێکی برادەراندا دانیشتبوم، یەکێکیان باسی دارتاشێکی زۆر دەستڕەنگینی خزمی خۆی کرد. کوتی ئێستا بۆ میری کاردەکا. ئەوانەی دەیانناسی کوتیان کار و داهاتی زۆرباشی هەبوو. برادەرەکەمان کوتی ڕاستە ئەمنیش پێم سەیربوو، لێشم پرسی ئێستا مانگی چەندی وەردەگری، کوتی دەوری ٥٠٠ دۆلار، کوتم خۆ داهاتی کاری خۆت چەند هێندەی ئەوە بوو. کوتی کاکە ئەوە هاسانتر و بێ دەردیسەر ترەو پێشی دەژیم، ئەدی چ پیویست دەکا لەوەی زیاتر خۆم تووشی زەحمەت کەم!

مرۆڤکوژی، کەمبوونەوەی نرخی مرۆڤیش بارێکی دیکەی گەندەڵی‌یە. لەسەردەمی کۆمەڵگای خێڵەکیدا، بۆ تۆڵەو تۆڵەئەستاندنەوە، مەسەلەی نامووس و زۆر کێشەی دیکە کوشتن زۆر ئاسایی بوو. ئێسا لە کوردستاندا بارەکە بەرەو خراپتریش چووە. کارەسات هەر بە تۆڵە یا نامووسپارێزییەوە نەبەستراوەتەوە. کێ دەوێرێ بە کەسێک بڵێ لە ترومبێل ئاژۆتندا مافی خەڵکت لەبەر چاوبێ! دە با کابرایەک بە ترومبێلەکەی لەسەر هێڵی پێچەوانە بڕوا یا لەکۆڵانێکی بچووک ڕا لەناکاو خۆ باوێتە پێشت، لەکاتێکدا ئەتۆ بە شەقامی سەرەکیدا دەڕۆی و ئەو دەبوو ڕێگات پێ بدا، جا بوێرە – تەنانەت زۆر بەئارامی و لەسەرەخۆش هەر بۆ وەبیرهێنانەوە – پێی بڵێ: کاکەگیان ڕێگاکەت هەڵەیە بچۆوە سەر خەتی خۆت یا بەپێی یاسا، ئەتۆ کە لەکۆڵانی ناسەرەکی ڕا دێتە سەر شەقامی سەرەکی دەبێ ڕێگام بدەی ئەمن تێپەڕم جا ئەوجار بڕۆی، هەر خێرا ڕاتدەگرێ و وەک کەڵەشێری جەنگی پێت هەڵدەپڕژێ و تەنانەت ئەگەر چەکیشی پێ بێ دەتکوژێ هەرچونکە پێت کوتووە یاسای ئاژۆتن لەشەقامدا بپارێزە! بۆسەردان چوومە گوندێکی لای هەولێر. ئەوگوندە ژمارەیەک کوردی ئاواری ڕۆژهەڵاتی لێ دەژیان. بنکەیەکی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانیشی لێ بوو، کە حیزبێکی کوردستانی‌یە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یا باشتر بڵێم ئی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چەند ئاوارەی کوردی کوردستانی باشووریشی لێ بوون، دوو لەو ئاوارانە لەسەر دوژمنایەتیی خوێنی و پیاو کوشتن لەناوچەی خۆیان هەڵاتبوون و  لەوگوندە گیرسابوونەوە. هەرچەند مەسڵەتی عەشایەریشیان کردبوو، هەر نەدەوێران بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دووسەت میترێک دوور لە ماڵی یەکێک لەوانە، پیرەپیاوێکی ٨٤ساڵە دەگەل ژنەکەی دووبەدوو لەهۆدەیەکدا دەژیان. باخچەیەکی چووکیان لەپێش ماڵەکەیان سازکردبوو و بە پەرژین دەورەیان تەنیبوو. کابرای لەبەر پیاوکوژی هەڵاتوو، چەند بزنێکی هەبوون، بۆلەوەڕان بەرەڵڵای دەوری پەرژینی بێستانی ئەو پیرەمێردەی کردبوون. پیرەپیاو کە دەبینێ بزنەکان خەریکن پەرژینەکە تێکدەن بەکابرا دەڵێ کاکەگیان بزنەکان بەرە جێگایەکی دی بیانلەوەڕێنە! هەر لەسەر ئەوەندە کابرای خاوەن بزن کە ئەمن بە پیاوکوژی ناودەبەم، هەڵدەکێشێتە دەمانچەو دەڵێ … چۆن پێمدەڵێی بزنان لێرە مەلەوەڕێنە! لەبەختی پیرە پیاوەکە پێشمەرگەیەکی دێمۆکڕات لەو جەنگەیدا دەگاتێ و خێرا خۆ داوێتە نێوانیان و دەستی وەبەردەستی دەداو نایەڵێ تەقەی لێ بکا… هەر لەنیزیک ئەو گوندە لەدێیەکی دیکە، پیاوێک بە لۆدێر نیوە کەوچکێک گڵ لە سنووری زەویی جیرانەکەی هەڵدەگرێ و قووڵکەیەکی پێ پڕدەکاتەوە. کابرای دراوسێ لەسەر ئەو نیو کەوچکە گڵە بێ سێودوو تەقە لە لۆدێر ئاژۆ دەکاو دەیکوژێ، کەسوکاری کوژراویش بکوژ و کەسێکی دیکە لەوان دەکوژنەوە، لە هەولێری پایتەخت، هەر لەوساڵەدا لەسەر ٥ دەسک سەوزی چەندنەفەر کەلوکۆم بوون، چەندساڵ پێش ئێستاش لەقەڵادزێ لەسەر کاڵەکێک چەندکەس کوژران. کوژران لەسەر نامووس و شتی دیکەش هەر باسی ناکرێ.

ئەوانە هەر بەشێکی کەمی نەخۆشییەکانی کۆمەڵگای بەڵالێدراوی ئەوپارچەی کوردستانن، کە بە بەرهەمی فەرهەنگێکی گەشەنەکردوو و لەدواکەوتووییدا ڕاگیراو دێنە ئەژمار. لەسەردەمی سەددامدا سەرۆک جاشێک بە جاشەکانیەوە دەچووە پاڵ یەکێک لە حیزبەکان، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش بە پێشمەرگەکانی بەردەستییەوە دەچۆوە ناو ڕێژیم و دەبوو بەجاش. لەماوەی زیاتر لە ١٧ساڵ پێشمەرگایەتیدا شتی وا سەیرم چەندجاران بەچاوی خۆم دیتن. لەنێو حیزبەکانیشدا بە عیلمانی و ناعیلمانییانەوە ئەو ئاڵۆگۆڕە خێڵەکی‌یانە هەر باوبوون. پاش تێکچوونی دەستەڵاتی سەددامیش، جاشەکان هەرکام بەناوێکەوە خۆیان بەیەکێک لە حیزبەکانی نێو دەستەڵاتەوە بەستەوە و لەئاوی شەوێ پاکتر! دەستیان کردەوە بە ڕاووڕووتی قانوونی. ئەو ڕەوتە شێوازێکی ئەوەندە بێشەرمانەی بەخۆیەوە گرت، کە تەنانەت ئەنفالچی‌یەکی کەرکووکیان کردە بەرپرسی پێڕاگەیشتن بە بنەماڵەی ئەنفالکراوان! ئاوا هەر حیزبە بۆ زیاترکردنی لایەنگرانی دەستی کرد بە لەخۆ کۆکردنەوەی جاش و ئاغا و سەرۆک عەشیرەت و شیخ و کۆنە  موستەشار و هەلپەرستانی دیکە و تەنانەت کردیاننە سەرۆکی پێشمەرگەش. هێزی پێشمەرگەش کە پێکهات،  لەجیاتی ئەوەی ئی حکوومەتی هەرێم بێ هەر بە ئی حیزبەکان و لە ڕاستیدا بە ئی پارتی و یەکێتی مایەوە. حکوومەتی هەرێمیش کە لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ناتەواو و نادروست پێکهات، چونکە هیچکام لە‌ حیزبەکان بوێریی ئەوەیان نەبوو ڕاستییەکە بسەلمێنن و کورسیی دەستەڵات بدەنە براوە و بۆخۆیان بەشێوەی جیهانی پێشکەوتووی دێمۆکراسیخواز، تا هەڵبژاردنێکی دیکە وەک دژبەر بمێننەوە و حەول بدەن بە دەنگی جەماوەر هەڵەکانی میری ڕاست کەنەوە. گەندەڵیی سیاسی کە بەرهەمی پاوانخوازی و بێباوەڕی بەیەکتر بوو،  حکوومەتێکی گەندەڵ و ناتەبا و بێ باوەڕی لایەنەکان بەیەکتری، بە سیستەمی پەنجا – پەنجا پێکهات، شەڕی ناوخۆیی یا براکوژی لەئاکامی  ئەو کێبەرکێ نابەجێ و ناڕاستەدا، بەسەر خەڵکی بەڵالێدراوی ئەو پارچەدا داسەپا و هەرلایەنێک ویستی بەزەبری چەک بەهەموونرخێک ئەوی دیکە لەگۆڕەپان دەرکا و هەمووکوردستانی ئەوپارچەی بکاتە پاوانی خۆی. ئاوا سیاسەتی گەندەڵ، خەباتی کوردایەتیی کردە خەباتی مڵکایەتی. ئەوەش بوو بەهۆی تێداچوون و ماڵ وێرانبوون و ئاوارە بوونی خەڵکێکی زۆر لەهەردوولا و تەنانەت ڕەشەکوژی و تاوانی زۆر گەورە کە هەر باس کردنەکەشی تەزووی شەرم بەلەشی مرۆڤدا دێنێ. ئەوجار کە دیتیان چارەی یەکترییان پێ ناکرێ، پێکهاتنەوە، بەڵام لە گەندەڵیی دوو ئیدارەییدا وا نقوم بوون کە ئێستاش سەرەڕای هەموو حەولیان هەرکۆتایی پێنەهاتووە و بەتایبەتیش لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، ئێستاش دەبینین سەرەڕای تێکەڵبوونەوەی ڕواڵەتی، هەڵوێست وەرگرتنی حیزبایەتی هەر لەجێگای خۆی ماوەتەوە و یەکتر بوغزاندن هەر نەبڕاوەتەوە. کوردستانی باشوور لەسایەی سیاسەتی گەندەڵی سیاسەتواناندا، بوو بە سێ پارچە و پارچەیەک بە پارتی و پارچەیەک بەیەکێتی و بەشێکیش بە عەرەب بڕا کە ناوی ناوچەی کێشە لەسەری کەوتەسەر. ئەوپارچەیەش بە دابەشبوونی بەسەر چەند پارێزگادا، کەوتە بەر دەستی ئیدارەیەکی وشترمر ئاسایی، واتە نە کوردستان بوون، چونکە حکوومەتی ناوەندی ددانی پێدا نەهێنابوون و نە عەرەبستانیش بوون چونکە خۆیان بەعەرەب نەدەزانی. ئەو سیاسەتە وشترمرانەیە،  کوردانی ئەو بەشەی خستە ئەوپەڕی بەدبەختی و کوێرەوەری. ئەوانە لەلایەکەوە کەوتوونەتە بەر هێرش و پیلانی توندئاژۆیانی دەمارگرژی عەرەب و لەلایەکیشەوە نەکوردستان بەتەواوی پێیان ڕادەگا و نە حکوومەتی ناوەندی مافی خۆیانیان دەداتێ. ئەوەش بەرهەمێکی سیاسەتی گەندەڵی حیزبە کوردستانییەکان بوو کە هەر لەسەرەتاوە لەبەر خۆمەخۆمە، وێڕانەگەیشتن بیانخەنەوە سەر هەرێم و ئەوەندە سستەسستەیان کرد تا هەلیان لەکیس چوو و کەس جوابی نەدانەوە.

گەندەڵیی میدیا و ڕاگەیاندنیش بوو بە بەڵایەکی گەورە بۆ فەرهەنگی گەلەکەمان. میدیا تۆرەو ئەدەبی  لێ لەناوەرۆکی خۆی بەتاڵ کردووە. قامک بۆ هەرکامیان ڕادەدێری سەر بە لایەنێکە. بێلایەنی لەناویاندا درۆیە. بەشی هەرەزۆری هەڵوێستەکانیان یەکلایەنەیە. خۆ لەباری ڕێنووس و ڕێزمانیش هەر مەپرسە! زمانەکەمانیان وا لێکردووە کە خەریکە ئەوەی پێ بکەن کە دوژمنانی گەلەکەمان نەیانتوانی بیکەن. دوژمنان ویستیان بێدەنگی کەن و تووشی بەربەرەکانیی سەخت و بێوچانی خەباتکارانی گەلەکەمان بوون، بەڵام ئەو شێوازەی ئێستامیدیای خۆمان دەکاری دەکا، زمانەکەمان وردەوردە دەکوژێ. تائێستا دوو بابەتم لەسەر ئەو پەتایە نووسیوە، بەڵام کەس نیە گوێ بداتە ئەو قسانە. زمانی چی و قسەی قۆڕی چی؟ خۆ پارەی تێدا نیە تا کێشەی لەسەر بکەن.  درۆ و ڕاستی شاردنەوە هەر لەبەرژەوەندیی لایەنێکدا دوان بۆ تاوانبارکردنی لایەنی دیکە، بۆتە پیشەی هەموان، بە دژبەر و میری و ئەهلیشەوە. هەموو میدیاکان چەند (سەر چاوەیەکی باوەڕ پێکراو!!)یان هەن کە چی درۆی بۆیان دەکرێ، وەباڵەکەی بخەنە ئەستۆی وان، کەسیش نازانێ ئەو (سەر چاوەیەکی باوەڕ پێکراو!!)ە کێن.

تێکدانی زمان هەر کاری میدیا بەتەنێ نیە، خەڵک، زانکۆکان، دامودەزگا دەوڵەتی‌یەکان و نووسەرانیش تێیدا بەشدارن. کە بە شەقام و کۆڵانەکانی پایتەختی هەرێمدا دەگەڕێی، شتی هەڵە و سەرسووڕهێنەرت دەکەوێتە بەر چاو و گوێ. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێتە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی، زانکۆی دیجلە (University of dijle)دەبێتە کۆلێجی دیجلەی زانکۆیی، کۆتری ئاشتی بۆتە کۆتر سەلام و ….. بەداخەوە هیچ لێپرسینەوەیەکی زمانەوانی لەگۆڕێدا نیە. میری بەتەواوی گوێی لێ ئاخنیوە و هیچ دامودەزگایەکی بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدان و کۆنترۆڵکردنی زمان نیە. بەڵام ئەوە لە بەرپرسیارەتیی میدیا کەم ناکاتەوە. ئەوان دەبێ لەنووسین و وتەدا نموونەی دروستی زمانێکی پاراو بن، نەک بۆنموونە نەزانن (بڵاوکردنەوە)، (بڵاوەپێکردن)، (بڵاوبوونەوە)، (بڵاوەکردن)، لە کوێ بەکاردێن و لەجێگای یەکتری بەکاریان بێنن. بۆوێنە دەڵێن: (نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی ئاشتی پارێزی لە سۆمال بڵاوە پێکرد). کەسێ کوردی باش بزانێ پێیوادەبێ نەتەوەیەکگرتووەکان بەشەق یا تۆپ و تفەنگ هێزەکانی خۆ بڵاوە پێکردووە، کە لە سۆمال کۆببونەوە. بەڵام ڕاستیی هەواڵەکە ئەوەیە: نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانی خۆیان بەسۆمالدا بڵاوکردەوە!. بڵاوکردنەوە لەکوردیدا، بە پڕژاندن یا شوێنێکی زۆری پێ داگرتن، دەڵێن. ئەو ڕستەیە بۆ کردەیەک دێ کە خورتی و بێ‌ئیختیاریی پێوە دیار نەبێ. بەڵام بڵاوەپێکردن بەمانای لێک بڵاو کردنی کۆبوەوانە بەزۆری و خورتی. وەک ئەوەی بڵێی پۆلیس بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد، کە مانای وایە پۆلیس بەزۆری خۆپێشاندەرانی ناچارکرد بڵاوە بکەن. بەڵام ئەگەر بڵێین خۆپێشاندەران بە کۆڵانەکاندا بڵاو بوونەوە، واتە بەویستی خۆیان هەر تاقمەیان چۆتە کۆڵانێک نەک بەزۆری. یان چاو لە هەواڵەکانیان کەن، بەتەواوی تووشی هەڵەو هەڵەکاری و وشەی نامۆ بوون، بەعەرەبی بیردەکەنەوە و بەکوردی دەیڵێنەوە. بەرنامەی سەیر و سەمەرەیان لەتلوێزیۆنەکانیاندا بە ناوی جۆراوجۆری ئینگلیسی هاوێشتۆتە سەر کە زۆربەی جارانیش واتای وشەکە لەگەڵ بەرنامەکە یەک ناگرنەوە. ئەوە هەر نموونەیەکی زۆر بچووک بوو. لەکوردستان بەقسەی میری سواڵکردن و کارکێشان لە منداڵان قەدەغەکراوە. شەوێک دەوری کاتژمێر یازدەی دوانیوەڕۆ دەچووینە عەنکاوە. لەسەر چوار ڕێیان لەپەنا چرای ڕێنوێن، کوڕیکی دەوری ١١- ١٢ ساڵان خەریکی سواڵ بوو و ترومبێل بە ترومبێل بەربینگی بە  خەڵک دەگرت. کە کوڕەکە گەیشتە ئێمە، برادەرێکم لێی پرسی: کوڕە ئەوە بەو نیوە‌شەوە لێرە چ دەکەی بۆ ناچیەوەماڵێ؟ وەڵامی داوەکە ئاخر ئەوەندەی بۆم دانراوە هێشتا پەیدام نەکردووە! برادەرەکەم کوتی دەبێ چەند پەیدا کەی؟ کوتی ٣٠٠٠٠دینار، بەڵام من هەر ٢٠٠٠٠م پەیداکردووە. ئەوکوڕە بچووکە بەستەزمانە بەونیوەشەوە لەپێش چاوی پۆلیس ئەوکارەی دەکرد، بەڵام کەس نەبوو بینێرێتەوەماڵ یا پێش بەسواڵکردنی بگرێ. ڕۆژانی قەرەباڵغی بە جادەکاندا بڕۆ. دەپێشدا دەبێ شادەوئیمان بێنی، چونکە هەردەم لەوانەیە سەیارەیەک لەسەر ڕێگای خۆت یا لەلاوە خۆت پێدادا و بەبێ ئیمانیش بمری!! پۆلیسیش لەوکاتانەدا زۆر بێدەستەڵاتی دەنوێنێ و کەسی پێ نایەتەوە سەر ڕێی ڕاست. لەکۆیەڕا دەچووینەوە هەولێر. سەیارەیەکمان لەپێشدابوو. یەکێک لەپەنجەرەی ئەو سەیارەوە شووشەیەکی بەتاڵی تووڕدا سەر جادەکە، خۆمان سازکرد بیگەینێ و پێی بڵێین کاکە ئەوەی بەو شووشە تێهاویشتنە پیسی دەکەی ژینگەی خۆتە، بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە دیتمان سەیارەکە دووکەسی تێدان، هەردووکیشیان جلی پۆلیسیان دەبەردایە! کاتژمێر دەی بەیانی لەهەولێر چووینە بازاڕێکی قەرەباڵغ، لەبەر زبڵوزاڵ جێ نەبوو پێی لێ دانێی. خێزانم ڕووی دەدووکاندارێکی کرد کە بەردەرکەکەی زبڵدانێکی تەواو بوو. کوتی کاکە وەڵڵاهی گوناحە ئاخر بۆ ئەو زبڵە لەبەردووکانەکەتان بڵاودەکەنەوە! کابرا زۆر بە بێمنەتی کوتی خوشکم گوێ مەدەیە، ئێواری و حکوومەت خاوێنی دەکاتەوە! لەو هەولێرە پان و بەرینەدا هەر پێ هەڵدێنیەوە، تووشی مزگەوتێک دەبێ. خەڵکەکە دە موسوڵمانەتیدا کەس بە هاوتای خۆ نازانن. بەڵام کە ژن یا کچێک بۆ کڕینی شتێک یا جێبەجێکردنی کارێک لەمال بچتەدەر، بەسەدان چاوی حیزی ئەو موسوڵمانە تەواوانە پێیوە دەنووسێن و وای لێدەکەن کە تەرخی بازاڕ و دەرەوەی ماڵ بکا. پیاوان لەگەڵ ئەوەیدا کە لەسەر نامووس ژن دەکوژن، بۆخۆشیان خۆ لە تەماح دەنامووسی خەڵک کردن ناپارێزن و کە ژن و دایک و خوشکی خەڵک لەدەرەوە دەبینن، وەختە هەر بەچاوان بیانخۆن. توندوتیژیی خێزانیش هەربەشێوەی کۆنی سەردەمی خێڵەکی بەردەوامە و هەزاران نموونەی لێ لەسەر گۆڤارەکان باسدەکرێن. وەک پێشتر باسم کرد، ئێستاش یاسا دەست و پێ گرەکانی سەددام، کە هیچیان لەگەڵ بارودۆخی ئەوڕۆدا ناگونجێن، هەر لەدەست و پێی خەڵکی هاڵاون و کێشە سازدەکەن. بۆ وێنە، نێوی سێیانە تەنیا لە وڵاتانی عەرەبیدا باوە. کوردی کڵۆڵیش کە خاکەکەی دابەش کراوە، لە خاکەکەی لەبەردەستی تورکیەدا بە ناوی دوانە و بەناوی تورک، لە خاکەکەی لەبەردەستی ئێراندا بە ناوی دوانە و بەناوی ئێرانی، لەخاکەکەی لەبەردەستی عێراق و سووریەدا بە ناوی سێیانە و بەناوی سووری یا عیراقی دەبی بژی.  کوردانی ئەو وڵاتانەی ناوی سێیانەیان نیە وادیارە هەر بەوتاوانە لەکوردایەتی شۆراونەوە، جائەگەر یەکێک لەوکوردە دووناوانە لەگەڵ کوردێکی سێناوە زەماوەند بکا، – کە بەوتێکەڵاوییەی ئەوڕۆ زۆریش ڕوودەدا – ئەوە تاوانە و گیروگرفتی زۆرە و تەنانەت بەپێی یاسا سزاشی لەسەرە. 

ئەوانە هەموو نموونەی زۆر بچووکی گیروگرفتی کۆمەڵگایەکن، کە بەڕاستی نەبۆخۆی نە کەسی دیکە بەڕاستی دەزانێ چیە. نەسەربەخۆیە نە بەتەواوی بەشێکە لە وڵاتێک، نە فێدراڵە و نە کۆنفێدراڵ، نە مافی خۆی دراوەتێ و نە نەیدراوەتێ. ئەونموونانە بپێم دەڵێن گەلەکەمان تووشی گەندەڵییەکی فەرهەنگی بووە، کۆمەڵگای ئاواش ئاستەمە میرییەکی ناگەندەڵ بەخۆیەوە ببینێ. لە وڵاتێکدا کە تەنانەت دژە گەندەڵەکانیش بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان ناتوانن خۆ لە واسیتە و واسیتەکاری لادەن.  دەخۆڕانابینن بۆ لەدەست نەدانی لایەنگری زۆروبۆر، گەندەڵان لەخۆ دوورکەنەوە، جا بزانن میریش کە خوازیار و ناچاری پاراستنی دەستەڵاتی خۆیەتی، چۆن دەتوانێ خۆ لەگەندەڵی بپارێزێ. زۆرجاران لە کۆڕی هاواڵاندا کوتوومە، کۆمەڵگای گەندەڵ هەر میرییەکی گەڵدەڵی لێ پەیدادەبێ بەڵام ئێستا بەپێی ئەو شتانە لەو گەڕانەمدا دیتوومن دەڵێم، دژەمیری و گۆڕانخوازی گەندەڵیشی هەر لێدەکەوێتەوە. قسە و نموونەم زۆرن، کە باسی هەموویان هەر لە کتێبێکی قەبارە ئەستووردا دەگونجێ. بەکورتی دەڵێم گەندەڵی ڤایرۆسێکی کوشندەیە، کۆمەڵگاش بەنداوێکە. ئەو ڤایرۆسە، دڵۆپەیەکیشی بەسە بۆ ژاراویکردنی بەنداوەکە. حکوومەتی خاوێن و ناگەندەڵ جامیلکەیەک ئاوی خاوێنە، ئەگەر بڕژێتە ناو بەنداوێکی ژاراویکراو، هیچی بۆ نامێنێتەوە، مەگەر ئەویش ژاراوی بێ. کەوابوو چار چیە؟ شۆڕشێکی ڕۆشنبیری بۆ هەڵتەکاندنی بناخەی گەندەڵی لەنێو کۆمەڵگادا، واتە بەرەبەرە لەناوبردنی بیرۆکە گەندەڵکان، لە دابونەریت، لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئابووری، لە ڕامیاری، لە فەرمانگە و کێڵگە و بازاڕ و هەرشوێنێکی کوردستاندا. ئاوا ئەگەر فەرهەنگی گەندەڵی خاشەبڕکرا و کۆمەڵگایەکی ساغ و بێگەردمان سازکرد، بێگومان هیچ دەوڵەتێکی گەندەڵ ناتوانێ و دەخۆڕانابینێ بەسەریدا زاڵ بێ. لێرەدا ئەوە ماوە کە بڵێم: گۆڕانخواز ئەرکی تەنیا ئەوە نیە وەک میری زۆروبۆر لەخۆ کۆکاتەوە، دەبێ شۆڕشێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری دەست پێ بکا تا هاندەرێک بێ بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجە، نەک هەر بۆڵەبۆڵ و دژایەتیی هەموو کارەکانی دەستەڵات بەچاک و خراپیەوە و حەولدان بۆ جێگای خۆ کردنەو ەو دەستەڵات وەدەستهێنان، تەنانەت بەنرخی لەخۆ کۆکردنەوەی تۆراوانی گەندەڵیش.

ماکیاوێلیستەکان، پێیانوایە ئامانجی خاوێن ئامێری ناپاک پاساودەدداتەوە. ئەزموونەکانی مێژوو لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا پێچەوانەی ئەوە دەسەمێنن. ئەرکی پیرۆز تەنیا بەئامێری پیرۆز جێبەجێ دەکرێ و ئەوەمان لەبیرنەچێ کە ڕێژەمان لەشاخ چەندە لە خەڵکی ئاسایی کەمتربوو، بەڵام بۆ سەردەکەوتین؟ چونکە تا لەوێ بووین، سەرمان بۆ گەندەڵ و گەندەڵی دانەنەواند و حەولی خاشەبڕکردنی گەندەڵی و پاراستنی بەها ئەخلاقییە پیرۆزەکانمان دا.  گەندەڵمان تڕۆکرد و خۆمان لە زۆروبۆر پاراست. دڵمان بۆ دەستەڵات بەدەستەوەگرتن لێینەدا و ئاواتمان ڕزگاری و بەختەوەریی گەلەکەمان بوو. ئەگەر ئەو ئاواتەمان نەبایە هەرگیز نەماندەتوانی گیانی شیرینمان بخەینە سەردەست و هەر ساتێکی ژیانمان ئامادەی مردن بین. ئەوانەی لەزیندانەکاندا ئەشکەنجەیان دیت، ئەوانەی شەهید کران و ڕۆژی ئازادییان نەدیت، بۆپلە و پایە و دەستەڵات نەهاتبوونە گۆڕەپانی گیانبازی. ئەوان نموونەیەک بوون بۆخوازیارانی هەڵتەکاندنی بناخەی گەندەڵی. هەرچەند ئەوڕۆ ئیدی باوی چەک هەڵگرتن نەماوە و پێویستیش بەوکارەناکا، بەڵام ئەرکی دژەگەندەڵیش هاسانتر لە ئەرکی پێشمەرگایەتی نیە. ئەگەر ڕۆژێک ئێمە ناچار بووین ببینە پێشمەرگەی شۆڕشێکی چەکداری بۆ ڕەتاندنی ستەمکار، ئەوڕۆ دۆڵپایەکی مەترسیدارتر کەوتۆتە سەرکۆڵمان کە خەریکە تانوپۆمان دەڕزێنێ. دەرمانی ئەوبەڵایە تەنیا هەڵگیرساندنی مۆمی  شۆڕشێکی ڕۆشنبیری وپاک‌ وخاوێنە لە کۆمەڵگا نەخۆشەکەماندا…

Leave a Comment