بەسەرهاتی کتێبێک

خوێنەرانی بەڕێز
ئەوەی دێتە بەردەستتان، بابەتێکە لەساڵی ٢٠٠١ لە گۆڤاری هەوار چاپی ئادیلاددا بڵاوکراوەتەوە، ئەو یەک دوو ڕۆژە چاوم بە نووسراوەکانی ڕابردوومدا دەخشاندەوە، بەهەڵکەوت تووشی بووم، بەباشم زانی بە تەواوکراوی وەک بابەتێک پێشکێشتانی بکەم.
ئەوەی لەو چیرۆکە کورتەدا دەیخوێننەوە، دەیسەلمێنێ، کورد هەر خۆی بێدەرەتان و ئاوارە و لێقەوماو نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری کەرستە و بابەتەپەیوەندیدارەکانیشی تووشی هەر ئەو چارەنووسە دەبن کە بەسەرخۆیدادێن و هەر ئەو نەهامەتییانە دەچێژن کە ئەو چێشتوونی. ئەوانە (بەتایبەتیش بەرهەمە هزری و قەڵەمییەکانی نووسەران) بەسەرهاتگەلێکیان هەن کە ئاوێنەیەکن لە ژیان و بەسەرهاتی خۆیان. ئەوە بەسەرهاتی کتێبێکە کە ڕاست و هەنگاوبەهەنگاو وەبەشێکی بەرچاو لە چیرۆکی ژیانی نووسەرەکەی دەچێ.
بەسەرهاتی کتێبێک
نازانم ڕاست لە چ ڕۆژێکدا، بەڵام لە سەرەتاكانی ١٩٩٢ کتێبی كوردو عەجەم نووسراوەی ( كاك ساڵح محەممەدئەمین)م بەدەستی گەیشت. زۆر بە تامەزرۆیی یەوە خوێندمەوە. چەندی دەچوومەپێشێ زیاتر سەرنجی ڕادەکێشام. کتێبەکە بە کەلك وەرگرتن لە سەرچاوە مێژوویی یەكانی ئێرانی و بیانی و بەیت و کتێبە مێژوویی یەكانی كوردی بەشیوەیەکی ئەمانەتدارانە ڵایەنەكانی کێشەی كوردی لێکدابۆوە. تا ئەوكاتە ئەو کتێبانەی لەسەر مێژووی كوردم خوێندبوونەوە، هیچکامیان ئەوەندە نەیانتوانیبوو سەرنجم ڕاکێشن. مێژوونووسانی بیانی بەکەیفی خۆیان و زۆربەی جارانیش زۆر بێئینسافانە ڕووداوەكانیان تۆماركردبوو، بەئینسافەکانیشیان یا بەهۆی ناشارەزایی لە بارودۆخ و تەنانەت جوغرافیای کوردستان یا كارتێکردنی بەرژەوەندییەكانی سیاسی و بیروباوەڕی یا هۆكاری دیکە بەباشی نەپەرژابوونە سەر شیكردنەوەی ڕووداوەكان. ئێرانیەكانیش کە نیزیک بە هەموویان بەوپەڕی بیری شۆڤێنیزمی ئێرانی (گەورەیی خوازیی نەتەوەی زال واتە فارس) یا زۆۆر بەکەمی باسی ڕووداوەكانی کوردستانیان كردووە یا ئەگەر باسێکی کەمیشیان كردبێ زۆرتر بەمەبەستی ڵادانی بیری خوینەر لە ڕاستی یەكان و پەرەپێدانی بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستانە بووە. ئەو سیاسەتە وای كردووە کە تەنانەت ئەوانەی بە كوتەی خۆیان دژی حكوومەتن و یا بەهۆی باوەڕی ئایینی خۆ لە سیاسەت نادەن، کە دێنە سەر باسی کێشەی كورد یەكدەنگ هاواری “مەترسی لەسەر یەكپارچەیی خاکی ئێران” یان دەچێتە تەشقی حاسمانێ. تەنانەت کۆمۆنیستە توندەكانیشیان کە باس دێتە سەر کێشەی کوردستان لە کێبەرکێی شۆڤێنیزمی ئێرانیدا پێشەبڕە لە دژەكومۆنیستەكانیان دەدەنەوە و كورد كوتەنی “هەموو دەڵێی دەزاری یەكتری تفیون!” بەڵام هەر ئەو سەرچاوانەش ئەگەر باش لێیان وردبینەوە، بەڕە لەسەر هەتیوی هەڵدەدەنەوە و بەشی خۆیان بەكاری ئەو کەسانە دێن کە هەڵوەدای زانینی ڕاستین. ئەمن ئەو کتێبەم ئاوا هاتە بەرچاو. جا بەخۆمم كوت: “باشە کە وایە ئەدی بۆ خوێنەرانی فاسی زانیش ئەو ڕاستی یە شاراوانە نەزانن؟”
بەبڕوای من وەرگێڕانەوەی ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی فارسی دوو ئامانجی دەپێکان: یەکەم ژمارەیەکی زۆر خوێنەری فارسی زان دەیانتوانی کەلکی لێ وەرگرن، دووهەم زۆر كوردیش کە فارسی یان خوێندووە و بە هۆی نەبوونی هەلومەرجی لەبار ناتوانن بەزمانی زگماکی شت بخوێتننەوە، دەستیان وەو ڕاستی یانە ڕابگا. ئەوباوەڕە سووری كردم لەسەر دەست بەكار بوون، بەڵام چۆن؟ کێشەی یەکەم كات بوو. بەهۆی ئەرکی ئەو كاتەی سەرشانم، وێڕا نەدەگەیشتم كاتی پێویست بۆ كارێکی ئاوا تەرخان بکەم، کێشەی دووهەمم دووری لە سەرچاوە فارسی یەكان بوو. ئەو سەرچاوانە دەرفەتی ئەوەیان دەدامێ کە بە وەرگرتنی ڕاستەوخۆی بابەت لە سەرچاوە ئاماژە پێ كراوە فارسی یەكان ئەمانەتداری یەکی زیاتر بدەم بە کتێبەکە، کێشەی سێهەمم چاپ و بڵاوكردنەوەکەی بوو. لەو جێگایەی لێی دەژیام خوێنەری فارس ئەوەندە نەبوون کە چاپخانەیەك بۆ ئەوكارە هان بدا، بازاڕی خوێندنەوەی ئەو کتێبە ئێران بوو کە بەهۆی قاچاغ بوونیش دەستم نەدەڕۆیشت لەوێ چاپ و بڵاوی کەمەوە.
دووساڵ دواتر حیزب ئەركێکی دیکە پێ ئەسپاردم کە كاتی زیاتری بۆ ئەوكارە دەدامێ. کتێبەکەم نەبوو، كاك قاسمی قارەمانی کە زۆر برادەرم بوو هەیبوو، بەئەمانەت دایمێ و زۆریش هانی دام. ئەو چاکەی هەرگیز لەبیر ناکەم. نامەیەیەکیشم بۆ نووسەری بەڕێز نووسی و داوام لێکرد ئیزنی وەرگێڕانەوەی کتێبەکەم بداتێ. ئەویش زۆر بەگەرمی یەوە نامەیەکی بۆ نووسیم و هانی دام، تەنانەتە بانگهێشتنیشی كردم کە بیبینم. بەداخەوە هەر لەوكاتەدا دەفتەری حیزب بۆمباران كرا و نەمتوانی بچمە ئەو دیدارە کە بۆم زۆر گرنگ بوو. بۆیە بەداوای لێبووردنەوە چوونەکەم وەدواخست. پاشانیش ئەو چوەسەفەر ئیدی ئەوهەلەم تائێستاش هەر بۆ نەڕەخسا. كورتی ببڕمەوە، دەستبەجێ کەومە سەر كارەکە . كتێبخانەی حیزب هێندێک لە کتێبە سەرچاوەكانی هەبوون، هێندێکیشم لەوڵاوئەوڵا پەیدا كردن، بەڵام هەر بە سەرچاوە فارسی یەكان ڕانەوەستام و بۆ وردتر بوونی كارەکەم بەپێویستم زانی تا ئەو جێگایەی دەگونجێ سەرچاوە كوردی یەكانیش وەخوینم. سەرەنجام پاش ١٥مانگ لە وەرگێڕانەکە تەواو بووم. لەو ماوەیدا هێندێک برادەر بەگەرمی هانیان دام و زۆرانیش گاڵتەیان پێکردم و تەنانەت ئی واش هەبوون بەتیروتوانج دەیانەویست پەشیمانم کەنەوە. زۆرم پێ سەیربوو، خۆ كاری من هیچ زیانێکی بۆیان نەبوو، ئەدی بۆ…؟ بەڕەحمەت بێ كاك سەید سەڵام عەزیزی کە سواحبەتی دەگەڵم هەبوو (نەك بۆ شكاندنی من بەڵکوو هەر بەگاڵتە) دیکوت: “عەوڵا کە بەیانان دێتە دەفتەرێ کتێبی ئەوەندە قورسی دەبن هەنگڵی دان کە لاشانێکی دادەکەوێ!” بەڕاستیش وابوو. هێندێک بەیانیان دوو تا سێ کتێبی مێژوویی فارسیم دەبن هەگڵیدا بوون کە هەركامەیان دەوری ٧٠٠ – ٨٠٠ لاپەڕەڕە بوون بەڵام هیچكامیان لە دوو تا سێ لاپەڕە زیاتر باسی کوردستانیان تێدا نەبوو، ئەوجار زانیم نووسەری بەڕێز بۆ وەدەست هێنانی ئەو هەموو زانیاری یە چەندی زەحمەت کێشاوە.
بەبڕوای من پرس كردن بە کەسانی شیاو بەتایبەتی لەكارێکی ئاوادا نەك هەر زیانی نیە بەڵکوو زۆر یارمەتی دەدا بە دەولەمەندی و ڕێکوپێک بوونی بابەتەکەش. بەخۆم دەكوت تۆ پرسی خۆت بکە، زۆر عەیب هەیە لەكارەکەتدا کە بۆخۆت پێیان نازانی، ئەوان چاویان پێدەکەوێ وشیارت دەکەنەوە، خۆ ئەگەر بۆچوونەکەشیانت بە دروست نەزانی زیانت نەكردووە، چت پێ باشتربێ بیکە. ئاوا سەرەنجام دوو برادەرم دیتنەوە. كاك (قادر دەبباغی ناسراو بە مامەقالە) کە دەستی نووسینی هەبوو و ئەدەبی کۆنی فارسیشی باش دەزانی و زانیاریی مێژووییشی لەسەر ناوچەی ڕووداوەكان زۆربوو. كاك (قادرخان سوڵتانپەنا) کە ئەهلی ئەدەب و لەفارسی شارەزا بوو، زانیاریی باشیشی هەبوو لەسەر ڕووداوەكانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەودووبرادەرە بەهۆگری یەوە بەكارەکەمدا چوونەوە و زۆر پێشنیار و زانیاریی بەکەلکیان دامێ کە لەجێی خۆیدا دەكارم كردوون. كاك جەعفەر شەریعەتی یادی بەخێر (ئێستا ئەویش لە ئوڕووپایە) لە بەشی چاپ كردن لە کۆمیسیۆنی ئینتیشارات (ڕاگەیاندن)ی حیزبدا كاری دەكرد کە ئەوكاتی مامۆستا مەلاعەوڵا حەییاکی (سكرتێری ئێستای حیزب) جێگری سكتێر و بەرپرسی ئەو کۆمیسیۆنە بوو. كاك جەعفەر پێشنیاری پێکردم کە ئەگەر لە مامۆستا ئیجازە وەرگرم، کتێبەکەم بۆ لەسەر كامپیۆتێری حیزب تایپ دەكا و بۆم دەخاتە سەر دیسک، تا هەڵگرتنەکەی بۆم هاسانتر بێ. دەمزانی ئەگەر خەرجێکی تێ بچێ مامۆستا ئیجازە نادا. بە مامۆستام كوت:
” كاك جەعفەر بەڵێنیی داوە ئەگەر ئێوە ئیجازە بدەن کتێبەکەم بۆ تایپ بكات، دیارە ئەگەر تا ١٠٠٠ دینارێکیش خەرجی بێ دەتوانم بیدەم، بەڵام لەوەی زیاتر دەستم ناڕوا.”
جوابی دامەوە:”ئەوە بۆخۆت دەزانی كاری شەخسی یە، با دەگەڵ كاك جەعفەر حیسابێک بکەم بزانم چەند هەڵدەگرێ!”
ڕۆژی دواتر مامۆستام دیتەوە، پرسیم:”مامۆستا چ تەگبیرێکتان بۆ كردم؟”
جوابی دامەوە: “حیسابمان كرد، ٥٠٠٠ دیناری تێ دەچێ.”
كوتم : “مامۆستا بۆخۆت دەزانی ئەوەندەم دەست ناڕوا.” و ئاوا لەڕاستیدا جوابی كردم. ئەوە لەكاتێکدا بوو کە بەهۆی هێندێک دڵئێشاوی وام پێ باشتر بوو ماڵاوایی لەحیزب بکەم. حیزبیش پێی ڕاگەیاندم کە ئێستا کە بەتەمای چوونەدەرم دەبێ ئەوێ بەجێ بێڵم، مالەکە تەحویلیان دەمەوە و جێگایەکی دیکە بۆخۆم ببینمەوە. ئەو کەسانەی زیاتر لە ١٥ ساڵ هاوسەنگەریان بووم ئاوا بە نامێهرەبانی یەوە بۆ “مەسڵەحەتی حیزب!” جوابیان كردم. لەوكاتەدا كاری تێرۆریستی و ڕاوی كوردە ئاوارەكانی ڕۆژهەڵات بێ پەروا و بێ ئیمکان و ئیزنی هیچ چەشنە بەرگریكردنێک لەخۆ لەڵایەن بەكرێگیراوانی ناوخۆیی و دەرەوە زۆر بە توندی و بێ بەزەیی یانە لە كردستانی باشووردا بەڕێوە دەچوو. كاتێک تیرۆریستان لە كابرایەکی دەربەدەری كوردی سەقەتی یەك ڵاق پەڕیوی بەدوور لە سیاسەتی خەریک بە سەودای بچووك بچووك خۆش نەدەبوون و بۆ بڕە پارەیەکی پیس دەیانكوشت، دیاربوو بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە پاروویەکی چەوری وەك سەری بێ لەشی من بۆ دیاری بۆ میراتگرانی شایەكانی سەفەوی کە پارەیەکی زۆری بۆ دەكردن، چ گۆبەندێکیان دەگێڕا. جا ماڵومنداڵ بەکۆڵ و کتێبی تەواونەكراو بەدەستەوە لەکۆنەیاران دابڕاو و ئاوارە، ناچار پەنام بردە بەر یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان. ئەوانیش بەگەرمی پەنایان دام. ئەمنی بێماڵ و دەستبەتاڵ، میوانداریش زۆر مێهرەبان بەڵام دەستکورت و کەم دەرەتان، تاکەنگێ دەمتوانی ویسحەتیان لێ تێکدەم و لەسەریان ببم بە بارێکی گران؟.
بیستوومە جوو دەیانكوت “بریا ئاقڵی دوایی موسوڵمان ئی مە بایە!” (دیارە بەپێچەوانەی ئەو مەتەلە پێم وانیە ئەو دەكاركردنەی درەنگی ئاقڵ كارێکی بەئیسڵامەوە هەبێ. ئەو كارەساتە زۆر سەرچاوە و هۆی هەن کە گرنگترینیان بێدەرەتانی و ناچاری و لەدواکەوتوویی و دووبەرەکیدا ڕاگیرانمانە) كوردیش خۆ ناشكوری نەبێ لەوبەڵایە بێبەش نیە. لەپێشدا مالەخۆی بەنەزانی وێران دەكا، جا ئەوجار ئاقڵی دوایی دەکەوێتە گەڕ و سەرلەنوێ بۆ وێرانكردنێکی دیکە ماڵ لەبن ڕا دادەنێتەوە!!. پێتان ناخۆش نەبێ!! پێتان وانیە؟ ئەگەر شەڕی ماڵوێرانکەری پارتی و یەکێتی و ئاشتبوونەوەی ئێستایان بە نموونەیەکی تەواو نازانن (کە هێشتا تەواو نەبووە) فەرموون ئەوە ئێوە و ئەوە مێژووی پڕ لە چەرمەسەری و كوێرەوەرریمان! حیزبی دێمۆكڕاتی کوردستانی ئێران لەئاكامی ناکۆکی یەکی ناوخۆییدا بوو بە دووپارچە و لایەنێک بەوی دیکەی كوت لادەر و ئەوی دیکەشیان ڵایەنەکەی دیی ناونا فراکسیۆن. هەردوولا کە لەپێشدا پێکەوە بۆ خەبات و ڕزگاركردنی گەلەکەیان هاتبوونە گۆڕەپانی شەڕێکی بێ ئامان و خۆبەختكردنێکی بێوێنە، ئێستا بێ بەزەیی یانە کەوتبوونە هەڵدانی پیسترین ناووناتۆرە لە یەكتری . سەرەنجام كار کێشایە شەڕێکی بێ ئاكامی حەوت سالەی بێ بەزەیی یانەی براكوژی. زۆر كوڕی باش و بێ خەوش بوون بە فیدای ئەو دۆخە ناهەموارە. لەوسەردەمەدا کە ئەمن لە ئاوارەییشدا ئاوارەببوومەوە، وردەوردە ئاقڵە دووهەمەکەی گۆرین خۆی دەخزاندە نێوانیان و لەهەردووڵاوە هاواری ئاشتی و یەكگرتنەوە بەرزدەبۆوە. نوێنەرانی هەردوولا کەوتنە هاتوچۆ و گفتوگۆ. کۆنەدۆستانی حەوت ساڵ كراو بەدوژمن بەیەكتری شادبوونەوە و بازاڕی هاتوچۆ گەرم بۆوە. ناوبردنی ڵادەر و فڕاکسیۆن قەدەغە كرا و دووڵایەن بوون بە برادەرانی (دۆڵێ واتە دۆلەڕەقێ لە لای شاری ڕانیە کە برادەرانی ناوبراو بە لادەر لەوێ بوون) و برادەرانی (کۆیە واتە ئۆردووگای ئازادی لەلای شاری کۆیە کە لایەنی ناوبراو بە فراکسیۆنی لێبوو). ئەمنی تادوێنێ دوژمنی “ڵادەر”یش ناچاربووم بە خەجالەتی و سەری شۆڕەوە بچمە بن داڵدەی هەر ئەو ڵادەرانە، کە زۆر بە دڵێکی فرەوان و باوەشێکی ئاوالەی گەرموگوڕ وەریان گرتم و حاواندیانمەوە. ئەمن کە پێشتر لە ڕێکخراوی UNHCR داوای پەنابەریم كردبوو و چاوەڕوانی وەڵام بووم، دوومانگانیش لە دۆڵێ مامەوە تا UN جوابی منی ئاوارەی سیاسیی بە کۆڵێک بەڵگەی سەلمێنەری لەمەترسیدا بوونمەوە، بەوە دایەوە کە: ” …. ناتوانین بۆ هیچ وڵاتێکی دەرەوەت بنێرین. ئەتۆ دەتوانی لەژێر پشتیوانیی UNHCR دا لەژێر ” Overall responsibility ” (واتە بەرپرسایەتیی هەمەڵایەنە)ی حكوومەتی عێراقدا بژی. ئەو وەڵامەم زۆر پێ سەیربوو. حكوومەتی عێراق تەنانەت لە بەغداکەشیدا ” Overall responsibility”ی نەبوو. UNHCR تەنانەت كارمەندەكانیشی ئاسایشی تەواویان لە کوردستاندا نەبوو، چ دەگا بەوەی کە بتوانێ بەرپرسایەتیی پاراستنی یەکێکی وەكوو من وەئەستۆ بگرێ کە دوودەورە (٥ سال) جێگر و یەك دەورە ٣ ساڵ) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆكراتی کوردستانی ئێران بووم و زۆر بەرپرسایەتیی سەرەکیی دیکەشم بەئەستۆوەبوو. ئەوە لە حاڵێکدابوو ئەو ڕێکخراوە کە بە پەنای لێقەوماوان ناسرابوو، قاچاخچیی تریاك و بێکاری هەڵاتووی بە پەلە بەڕێ دەكردن تا لەمەترسی دەربازیان كا!؟ بۆوێنە كابرایەك بەناوی قادر …. خەڵکی مەهاباد کە لەسەرقاچاغی تریاك و خواردنی پوولی خەڵک لەئێران هەڵاتبوو، بەپەلە قبوولیان كرد و ناردیانە وڵاتی سویس. ئەوقادرە فێڵبازێکی زۆر سەیروسەمەرەبوو. لەساویلکە هەڵخەلەتێنیدا نێوبانگی دەركردبوو. حیزب مێگەلێک مەڕی هەبوون کە بۆ دابینكردنی گۆشت بۆ پێشمەگە کەلکی لێوەردەگرتن. قادر خۆی دەگەڵ شوانەکە دەكاتە برادەر و چەند ڕۆژان سەری دەدا. ڕۆژێکی كابرایەکی دیکەش دەگەڵ خۆی دەبا بۆ سەردانی شوانە. پاش چاكوخۆشی یەکی گەرموگوڕ دەمێک لەڵای دادەنیشن تا شوانە دەچێ بۆڵایەك و کەمێک دوور دەکەوێتەوە. ئەویش بەکەلك وەرگرتن لەو هەلە، كابرای هێندێک دەنێومەڕی دەگێڕێ. پاشان خواحافیزی لە شوانەکە دەکەن و كابرای بڕێک دوور دەخاتەوە و دەگەلی لەسەر قیمەتی مەڕەكان پێک دێ و ١٠٠٠٠دیناری پێشەکی لێ دەستێنێ و ڕۆژێکی بۆ دادەنێ کە پاشماوەی پوولەکە بێنێ و مەڕەکە تەحویل وەرگرێ. كابراش خۆشی خۆشی دەڕوا و لە ڕۆژی دیاریكراودا بە پوولەوە دێتەوە کە مەڕەکە ببات. دەچێتە لای شوانە و پرسیاری قادری لێدەكا. شوانیش دەڵێ وەڵڵا چەندڕۆژە نەمدیوە. كابرا دەڵێ چۆن نەتدیوە؟ ئەدی ئەو خاوەنی ئەو مەڕانە نیە؟ دەڵێ خاوەنی چی و شتی چی ناوەڵڵا ئەومەڕانە ئی حیزبن. ئەوكابرایە هەر ماوەیەکە بۆتە ناسیارم و جارجار سەرم دەدا و چاك وچۆنی یەك دەکەین. كابرا دەڵێ بابە چۆن شتی وا دەبێ؟ ئەو كابرایە ئەومەڕانەی بەمن فرۆشتوون و پێشەکیشی لێ وەرگرتووم! شوانەدەڵێ: برا وەڵڵا كڵاوی لەسەرناوی بچوو بیبینەوە و پوولی خۆتی لێ وەرگرەوە!! قادر… فێڵی سەیروسەمەرەی دیکەشی زۆرن بەڵام ئەمن بۆخۆم بەهۆی بەرپرسایەتیی ئەوكاتم لە بەشی مالیی حیزبدا تەنیا ڕاستەوخۆ بەوەیانم زانی بۆیە هەر باسی ئەوە بۆ نموونە دەکەم و ئەگەر ئیزنم بدەن نووسراوەکەم ناکەمە قادرنامە.
كورتی ببڕمەوە، کە لەو داڵدەدەرە ناهومێد بووم، ناچار کەوتمەوە خۆ و بە سازكردنی بەڵگەی دەستکرد بەماڵ و مندالەوە لە سنووری تورکیا دەرباز بووم. لەوسەفەرەدا نەمدەتوانی کتێبەکەم دەگەڵ خۆم بەرم چونکە کتێبێکی ٤٠٠ ڵاپەڕەیی نەدەشاردرایەوە و ئەگەر لێشم گیرابا بێجگە لەوەی لەکیسم دەچوو و زەحمەتی ١٥ مانگ وەرگێڕانەوە و زیاتر لە ٥ مانگ پێداهاتنەوە و ٣ جار بەدەست نووسینەوەکەییشیم بەهیچی دەچوو، لەوانەبوو لەسەریشی بناسرێمەوە و ئەگەر نەشدرابامەوە دەست ئێران، ڵانی کەم دەدکوردستانیان دەكردمەوە کە ئەودەم، ئەوەش بۆمن چی وا لە تەحویلدرانەوەکە کەمتر نەبوو. چی هەمبوو بۆ ئەو ڕێگایە خەرجمان كردبوو، لەکوردستانیش كارنەبوو بیکەین، لەدۆڵێشچیدی نەماندەتوانی بمێنینەوە، دەستی تیرۆریستانیش ئەوجار زۆر بەهاسانی وێم ڕادەگەیشت. كاك سەرهەنگ قادری کە ئەوكاتی لە دۆڵێ بوو و لە ماوەی زیاتر لە دوومانگ بوونیشم لەوێ میواندارم بوو، قەرار بوو بەهۆی UNHCR بە بەغدادا بچێتە دەرێ. کتێبەکەی لێ وەرگرتم و دڵنیای كردم دەگەڵ خۆی دەیبا. ئاوا ئەمن و كتێب هەریەکەی بەڵایەكدا بە ئاوارەیی و هەردەم لە مەترسیدا و هەموو ڕۆژێ جارێک مردن و زیندووبوونەوە هەركامەمان لە وڵاتێکدا دوور لەیەك سەرگەردان و سەر لێ شێواو ماینەوە. لە UNHCRی تورکیاش بازاڕی درۆ زۆر گەرمتربوو، کە لێرەدا زۆری لەسەر ناڕۆم. سەرتان نەئێشێنم پاش ٢ مانگ جوابی قبووڵیم بۆ هاتەوە و مانگێک دواتریش بۆ وەرگرتنی یارمەتی قبوول بووم. قاچاغ و بەترس و لەرزی پۆلیسی تورك و بەكرێگیراوی بكوژی ئێرانەوە سێ شارم بۆ مانەوە گۆڕین. لە شاری ئاكسارای بووم کە بیستم كاك سەرهەنگ قادری چۆتەئوڕووپا. خۆشی خۆشی و پرسان پرسان ژمارە تەلەفۆنەکەیم وەرگرت و زەنگم بۆ لێدا. پاش چاك و چۆنی کە باسم کێشا سەر کتێبەکە، كاك سەرهەنگ باسەکەی گۆڕی و نەمزانی کتێبەکەی بۆ دەرباز بوە یان نا؟ چۆنتان باسی ئەو نیگەرانی یە بۆ بکەم کە سەرەڕای مەترسی یەكانی دیکە خەریک بوو ڕوحم بخوا؟ عوسمانی برازام لە هەولێر ئاوارە و چاوەڕوانی چارەنووس بوو. ئەویش دە ساڵ پێشمەرگەی حیزب بوو، خۆی لە UNHCRی هەولێر نووسیبوو، وەڵامی وەك منی وەرگرتبۆوە و لە ڵای حیزبیش نەیدەتوانی بمێنێتەوە. نەلەفۆنێکم بۆكرد بزانم حالی چۆنە، پاش چاك و خۆشی كوتی مامە گیان ئەو کتێبەی چ لێبکەم؟ دڵم داخورپا! هەیاران، ئەوە بۆیە كاك سەرهەنگ لەڕووی هەڵنەدەهات باسی کتێبەکە بكا! تۆمەڵێ ئیجازەی نەبووە كتێب بە بەغدادا دەگەڵ خۆی بەرێ و سەددامیش وەك میراتگرانی ئاتاتورك ئیجازە نادا کتێبی كوردی بە ژێردەستەڵاتیدا تێپەڕێ! سەرەڕای ناڕەحەتیم بۆ کتێبەکە کە هەر لە پێوان نایە بۆ كاك سەرهەنگیش نارەحەت بووم کە بووم بە هۆی ناڕەحەتیی ئەویش. عوسمانی فەقیر جێگاوڕێگایەکی وای نەبوو کە بتوانێ ڕاگرتنی کتێبێکی ئاوارەتر لەخۆشی بكاتە سەرباری دەردەكانی. كوتم جارێ لە ماڵە خزمێکی لە هەولێری دانێ تا بیرێکی لێ دەکەینەوە. ئەوجار سەرباری ترس، نیگەرانی، دەستکورتی و مەترسی یەكانی ژیانی بەقاچاغیم لە تورکیا، ئەو خەمە گەورەشم بۆ زیادبوو. ئەو کتێبە بۆمن وەك عەوڵادی وەرزێڕێکی كورد وابوو کە بە كوێرەوەری و ڕەنجێکی زۆر گەیاندبییەتیە حاسەڵاتێ و ئێستا لەترسی سەربازی بۆ داگیرکەرێکی کوردستان هەڵاتبێ و لەوپارچە بەڵالێدراوەدا کە لەوكاتەدا بەڕوالەت ئازاد و بەڵام لەڕاستیدا تەنانەت مەترسیدارتر لە پارچەكانی دیکە بوو، چاوەنواڕی دواڕۆژێکی نادیار، خۆی بە ئەمانەتی بحاوێنێتەوە. بۆیە دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە لەو ڕۆژانەدا ئێران و ڕۆم هەر بەدابی دێرین ڕایەڵکەی جاسووسی یان زۆر بە توندی دەوپارچە هەلی ئازادی بۆ ڕەخساوە خزاندبوو. تەنانەت وای لێهاتبوو کە دەستیان لە بەڕێوەبەرانی دوو پارتی دەستەڵاتدار زیاتر دەڕۆیشت. بەتایبەتی ڕەشەكوژی و ڕاوی كوردە ئاوارەكانی ڕۆژهەڵات بەئازادی و بێ لێپرسینەوە بەردەوام بوو.
با لەوە زیاتر سەرتان بە ڵادان لە بابەت نەئێشێنم. ئەو خەمەش بیری ئاڵۆزمی ئاڵۆزتر كرد. ئەمن لە ئوستەرالیا وەرگیرام و ویزا و تەنانەت بڵیتی تەیارەشم بۆ هاتەوە. ئەوجار وەك زۆر پەنابەری قاچاغی وەك خۆم، قانوونێکی نامرۆثانە و سەیر و سەمەرەی حكوومەتی تورك بەربینگی پێگرتم. چونکە دەولەت ئیجازەی چوونەدەری نەدام، بڵیتەکە سووتا و بۆ سێ مانگی دیکە وەدوا کەوتم و هەرچۆنێک بێ لەژێر مەترسی و ترس و نیگەرانیدا مامەوە. ئاوارەكانی وەرگیراو لە UNHCR نەك هەر هیچ بارگرانی یەکیان لەسەر دەولەت نەبوو، بگرە ببوون بە هۆی سەرچاوەیەکی داهاتیش. ئەو ڕێکخراوە پارەیێکی زۆری دێنا نێو خاکی تورکیا، پەنابەرەكانیش کە دەهاتنە ئەو وڵاتە لە تووریستێک زیاتر دۆڵاریان دەگەڵ خۆیان دێنا، لەڵایەن خزم و دۆستانیان لە دەرەوەڕا یارمەتی یەکی بەرچاویان بۆ دەهات. هەمووی ئەوانە هەر لەوێ خەرج دەكرانەوە. بەڵام دەولەتی تورك نەگوێی دەدایە ئەو هەموو داهاتەی لەسایەی پەنابەران، نە گوێی بەقسەی UNHCR دەبزووت و نە بایەخێکی دەدا بە یاساكانی نێونەتەوەیی لەسەر پەنابەران و نە بایەخە مرۆثایەتی یە پەیوەندیدارەكانی. پەنابەران ڕانەمەڕێکی كڵۆڵ بوون کە شوانێکی بێ دەستەڵات و بێ سەگ و گۆچان سەرپەرستیی دەكردن و كارگێڕان و كارمەندانی حكوومەتی تورکیاش ڕەوە گورگێکی هار و برسی بوون کە بێ ترس دەوری مەڕیان دەدا و هەر کە شوان چاوی خافڵ دەبوو تێڕۆدەهاتن و چەندی کەوتبا بەردەستیان ڕەپێچەکیان دەدا و تا جەنابی شوان وەخۆدەهاتەوە دەیاندانەوە دەست ئێران. بەدەیان کەس لەوانەی بە قاچاغی لە تۆرکیا لە ژێر چەتری پشتیوانیی UNHCR دا بەدزیی دەولەت دەژیان، ئاوا بێ بەزەیی یانە گیران و درانەوە دەست ئێران و ئیعدام كران.
سەرەنجام پاش ١٥ مانگ ژیانێکی هەر ڕۆژی بە مردنێک لە ١٩/١/١٩٧٧ لەتورکیا ڕزگار بووم و لە سەعات دەوری هەشتی بەیانیی ٢١ی هەر ئەومانگە لە فڕۆکەخانەی ئادیڵاید كچ و زاوا و دووكوڕ و نەوەیەکی خنجیلانە و چەند کۆنەدۆست و كوردی دیکەی دانیشتووی ئەوشارە پێشوازی یان لێکردم. ئاوا ئەمن و ماڵ و منداڵم لە مەترسی ڕستین، بەڵام كتێب هەر بەئاوارەیی چاوەڕوانی چارەنووسێکی نادیارەوە مایەوە. دووساڵێک بە هەموو خەفەتی ئاوارەی لێ دابڕاومەوە تێپەڕی. كتێب هەر وا لە گەمارۆی عەجەم و ڕۆم و عەرەبدا مابۆوە تا ڕۆژێکیان عوسمانی برازام کە هێشتا ئاوارەبوو زەنگی بۆ لێدام و كوتی مامەگیان! باسی کتێبەکەتم دەگەڵ كاك سمایلی ئاغامەجیدی كردووە، دەڵێ دەتوانێ بە هۆی برادەرانی پارتی دێمۆكڕاتی کوردستان بۆتی دەربازكا. كاك سمایلم باش دەناسی. پیاوێکی زۆر مەرد و خاوەن چاکە بوو. ئەویش لە ئێران هەڵاتبوو. لێرە چاکەكانی هاتبوونەوە ڕێی و لەژێر پشتیوانیی برادەرانی پارتیدا دەژیا و چاوەڕوانی هاتنەدەرێ بوو.
چاکە سێ و دووی پێناوێ تۆ بیکە و دە زێیەی باوێ
ماسیش هەلی بگـــــرێتەوە بەهرەکەییت بۆ دێتەوە
یادی بەخێر، كاك سمایل ئێستا لە نۆروێژ دەژی و ئەو چاکەیم هەرگیز لە بیر ناچێ. چەندساڵ خزمەتم دەحیزبی خۆمدا هەر بە كوتنی ئەوەی کە ناتوانم چیدی كار بکەم و دەچمە دەرێ بۆوە بە پووشێک، بەڵام ئەو حیزبەی بەهۆی بیر و باوەڕ سەردەمێک دوژمنی بووم ئاوا دەهانام هات. لەخۆشیان هەر خەنی بووم. كوتم سڵاوی منی پێ بگەیەنە و بڵێ كاری خێرێ هەر لێ ڕاوەستانی ناوێ، بە برادەرانی پارتیش بڵێ ئەوان جارێک لە مردن دەربازیان كردووم، جارێک بۆ دەربازبوونم بۆ تورکیا یارمەتی یان داوم، ئەوە ئەو منەتەشی دێتەسەر، چونکە ئەوەشم پێ لەوانی دیکە کەمتر نیە. ئاوا ترووسکەیەکی هیوا بۆ گەیشتنەوە بە ئاوارە گەمارۆ دراوەکەم کەوتە دڵم. چوار مانگێک لە نیگەرانی و هیوادا تێپەڕی. ڕۆژێکی دەوری سەعات ١٠ی بەیانی لە کلاسی تەیف دانیشتبووم. یەکێک سەری دەدەرکەی نا و بە مامۆستای كوت: ” دووکەس هاتوون كاری بەپەلەیان بە عەبدوڵڵایە.” هەر جەرگ و دڵم هاتەخوار، بەخۆمم كوت: ” خوا وەخێری گێڕێ، دەبێ چ ڕوویدابێ؟ ” هیچ چاوەڕوانیی خەبەری خۆشی ئاوا بەپەلەم نەدەكرد! خۆ خەبەری ناخۆشیش بەگوێی فیلانە هاتینەدەرێ کە بڕێک بحەسێینەوە، هێشتا نەبووبوو بە مانگێک خەبەری مردنی براگەورەی خێزانم مالی پڕكردین لە ماتەم، ماوەیەکیش دواتر خەبەری مردنی ئامۆزایەكم کە دەبێتە پووری خێزانیشم، دوایەش کەوتنی خەسووم و زیان گەیشتن بە پشتی و … ” مامۆستا كوتی: “بچوو بزانە چیە!” کە چوومە دەرێ خێزانم و كچەگەورەکەم بەبزە و خۆشحالی یەوە بەپیرمەوە هاتن. دڵم حەساوە، زانیم چی ناخۆشیان بەدمەوە نیە. خێزانم نەیدەهێشت بیانگەمێ، هەر دووربەدوور كوتی: ” چ خەبەرێکی خۆشمان پێ بێ باشە؟” كوتم “میلیۆنێکمان بۆ وەدەر کەوتووە؟ ” كوتیان “نا! چی دی؟” كوتم وەڵڵا نازانم، ئێوە پێم بڵێن!” كوتیان دیاری یەکی زۆر باشت بۆ هاتووە. كوتم: ” كوا چیە؟” پاش هێندێک گاڵتە و پێکەنین، پاکەتێکی زەردی گەورە و ئەستووری پۆستی یان دامێ. كردمەوە، کە چاوم بە کتێبی ئاوارەی خۆشەویستم کەوت، ئیدی نەمزانی چۆن بوو لەخۆشیان نەفڕیم! ئەو ساتەخۆشە هەرگیز لەبیر ناکەم. ئیجازەم وەرگرت و چوومەوە ماڵ. وەك “كوردی دۆنەدیو” یا باشتر بڵێم دڵدارێکی تامەزرۆی چەند ساڵ لە یار دابڕاو، کەوتمە تەماشای كتێب و ئەودیو ئەودیو كردنی. کەچەكامپیۆتێرێکم هەبوو، بۆ گۆڤاری هەوار شتم پێدەنووسی. فۆنتی كوردی و عەرەبیی لەسەر بوو، بەڵام هیچكامیان بەتەنێ بەکەلکی نووسینی فارسی نەدەهاتن. زۆرم حەول دا دوو بەرنامەی نووسینی فارسیم وەگیر کەوتن، بەڵام هیچكامیان بۆ نووسینی كتێب نەدەبوون. تەگبیر تەگبیر، کەوتمە سەر ئەو بیرە کە بە فۆنتە كوردییەکە بینووسم و بۆ ئەو پیتە فارسی یانەی لە عەرەبی وەرگیراون لەفۆنتی عەرەبی کەلك وەرگرم. بەڵام ئەوكارەش دەردیسەریی زۆر بوو. فۆنتەكان شکڵیان بەتەواوی وێک نەدەچوو و پیتە عەرەبی یەكان لە نێو ئەوانی دیکەدا زەق بوون. ئەو وشانەی بەتەواوی عەرەبی بوون هەرچۆنێک بێ پینە دەكران، بەڵام وشەی وەك گذشت” و “پذیرفتن” کە تەنیا پیتی ” ذ” یان لە فۆنتی عەرەبی دەگەلە کێشەی بۆ ساز كردم. ئەو پیتە بە پیتە كوردی یەكان وەنەدەنوسا یا ئەگەر بەفێڵیش پێکم وەدەنووساند ناحەز دەر دەچوون. ناچاربووم بەوەندە قەناعەت بکەم، بۆیە قۆڵم لێهەڵمالی و هەر بەو شێوەی کە لەسەرەوە باسم كرد بە كامپیۆتێر تایپم كرد. ئەوكارە دەردیسەریی زۆری دیکەشی هەبوون، وەك تێکچوونی فۆنیتەكان لەخۆڕا و …. سەرەنجام بەو دەردیسەرییانەشەوە، كارەکەم تەواوكرد و پێیداهاتمەوە و نوسخەیەکیشم لێ نارد بۆ كاك قادر عەبدی کە تازە هاتبووە ئۆستەرالیا و ئەویش بۆ هەلەگیری دڵسۆزانە پێیداچۆوە و زۆر پێشنیاری بەکەلکی بۆ باشتر بوونی کتێبەکە پێکردم. كاك زاهیدی کەریمی وبرادەرێکی دیکەش زەحمەتی زۆریان بۆ پێداچوونەوە بەهەلەچاپی یەكان دەگەڵ کێشا. كتێب ئاوا بەكوێرەوەری لە تایپیش دەرباز بوو، بەڵام مەسەلەی چاپەکەی کە خەرجێکی زۆری هەڵدەگرت، بۆم بوو بە کێشە. لە ئورووپا بەهۆی دۆستانەوە زۆرم حەول دا بەڵام هیچم بۆ مەیسەر نەبوو. زۆر حەولم دا بە هۆی “MRC” یارمەتی یەك بۆ چاپی وەرگرم، بەڵام پاش دووساڵان جوابم هیچ بوو. ئەوەبوو کە ناچار کەوتمە سەر ئەو بیرە کە بە پرینتێرەکەی خۆم چاپی کەم و ڵانی کەم هێندێکی لێ بڵاو کەمەوە کە نەفەوتێ. كاك ئەسعەد کە لە سازكردن و لەجڵد تێگرتنی کتێبی دەزانی کتێبێکی بۆ لێکدام و دە جڵدی گرت، ئەو بەشەی فێر كردم، بەڵام كتێب بۆ ئامادەبوون دوو كاری دیکەشی دەوێ. گوشین “لە پرێس دان” و بڕین. بۆ گوشینەکەی تەگبیرم كردبۆوە. گیرەیەکی ئاسنم كڕی و دوو تەختەی پانم ڕەگەڵ خستن دەزگایەکی “پرێسم پێ ساز كرد. كاك ئەسعەد ئیبراهیمی كارگایەکی كتێب جڵد كردنیشی پێ ناساندم کە کتێبەكانم بۆ ببڕێ. كابرای خاوەن كارگاش لەسەر باشتر بوونی كارەکەم زۆر ڕێنوێنیی بەکەلکی كردم. ئاوا تا ئێستا ٢٠ جڵدێکم لێ چاپ و بڵاو كردۆتەوە. هەرجڵدەی دەوری ٢٠ دۆڵاری بۆمن خەرج هەڵگرتووە، بەڵام ئەوانەی تائێستا بڵاوم كردوونەتەوە هەر دیاری بوون و بڕیارم داوە لەوە بەدوا جارێکی دیکەشی پێدابچمەوە و هێندێک هەلەی چاپیی دیکەشی لێ دەرباوێم کە هەر تێیدا ماون، و ئەوجار بیخەمە سەر بەرنامەیەکی فارسی نووس کە تازە وەگیرم کەوتووە، جا ئەگەر كڕیاری هەبوو بەشی بازاڕ و فرۆشی لێ چاپ بکەم. ئەو کتێبە وەك نووسەرەکەی لە ئاوارەیی و بارودۆخێکی زۆر پڕ گێرە و کێشە دا نووسرا و هەر بەوهۆیەشەوە وەك نووسەر لە پێشەکیدا باسی دەكا دوو بەشی گرنگی لێ فەوتا و سەرەنجام لە ئاوارەیی دا و بەقاچاغیش لە چاپ درا، لە ئاوارەیی دا وەرگێڕدرایەوە سەر فارسی، و پاش ماوەیەکی زۆر سەرگەردانی و مەترسیی لەناوچوون، هەر لەئاوارەییدا، لەبەر نەبوونی هەلی لەباری مالی و بڵاو كردنەوە، سەرەنجام بە کەمترین و ساكارترین کەرستەی چاپ هەر لەمالە وەرگێڕ و هەر بەدەستی خۆی چاپ و ئامادەی بڵاوكردنەوە كرا.
تائێرەم لەساڵی ٢٠٠١ بۆ گۆڤاری هەوار چاپی ئادیلاید ئامادەکردبوو، کە بوخۆم و چەند برادەرێکی دیکە بەڕێوەمان دەبرد. هەر لەوساڵەدا لەگۆڤاری ناوبراودا بڵاومان کردەوە، بەڵام چارەنووسی کتێبەکە هەربەوە دواییی نەهات.
*****************************************************************
لەساڵی ٢٠١٢ بۆ سەردان چوومەوە باشووری کوردستان. لەوێ ئەوکتێبە و فەرهەنگی فارسی بەکوردیی کاوە و کتێبی (لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کوردوکوردستان) و چەند بابەتێکی دیکەم بۆ چاپکردن دانە دەزگای ئاراس لەهەولێر. لەوکاتەدا کاک بەدران ئەحمەد بەرپرسی دەزگاکەبوو. ناوبراو لە دەربازبوونم بۆ تورکیا یارمەتییەکی زۆری دام و لەڕاستیدا ئەو بووبەمایەی ڕزگاریم. بەوهۆیەوە یەکتریمان دەناسی. بەگەرمی وەریگرتم. کتێبەکانم دانێ و بۆخۆم گەڕامەوە ئادیلاید.
لەساڵی ٢٠١٤ جارێکی دیکە سەردانی کوردستانم کرد، لەدەزگای ئاراس بەشێک لەکتێبەکانیان دامێ. فەرهەنگەکە کێشەی نەبوو، بەڵام کتێب و بابەتەکانی دیکەم درابوونە دەست کەسێک بۆ بەناو پێداچوونەوە، کە ئەویش زۆر بەخراپی بەکەیفی خۆی وا دەستی تێوەردابوون کە بۆخۆم نەمدەناسینەوە و تەنانەت پێم شەرم بوو بەدیاریش بیاندەم بەکەس. گلەییم لە کاک بەدران کرد، ئەویش زۆری پێناخۆش بوو و داوای لێبووردنی لێکردم و کتێبەکەی دامەدەستی برادەرێکی شارەزاو لەوکاتەدا چونکە ماوەی زۆرترم هەبوو بۆمانەوە، بەڕاوێژ دەگەڵ خۆم کتێبەکەمان ئامادەی چاپ کردەوە. بەڵام بۆ (کوردوعەجەم)ەکەم ئیجازەی کاک نەوشیرەوانیان دەویست. لەگەڵ دووخزمی خۆم لە سلێمانی چوومە سەردانی، بەڵام ئەوجار ڕەفتارەکەیم واهاتەبەر چاو کە چاوەڕوانم نەدەکرد. من وەک لەسەرەوە باسم کرد، لەپێشدا نوسخەیەکم بە چاپ کراوی و نوسخەیەکم بەسیدیش بۆ ناردبووە لەندەن، بۆخۆشی زۆربەشی سەرچاوەفارسییەکانی بەکۆپی بۆناردبوومە ئادیلاید، بەڵام هەر حاشای لەناسینەکەشم کرد. پاش گەڕانەوەم بۆ ئادیلاید نوسخەیەکم بە کاک مراد دەلۆیی بەرپرسی کۆمیتەی گۆڕاندا – کە دەچۆوە کوردستان – بۆ ناردەوە، تا چاوی لێکا و ئیجازەی چاپەکەی بدا، بەڵام کاک مراد بەدەستی بەتاڵ گەڕاوە، سەرەنجام هەر بەیارمەتیی ئەوبرادەرە و چەندمانگ نامە و پەیام ناردن، کاک نەوشیرەوان ئیزن نامەی چاپی بۆ ناردم. تا ئەو ڕەوتەش بەئەنجام گەیشت، دەزگای ئاراس داخرا و کتێبی کڵۆل هەر وەک خۆی بەئاوارەیی مایەوە. کە لە بابەتی چاپکردنی ئەوکتێبە و هەموو بەرهەمەکانم هیوابڕاوبووم، ئەوجار ماڵپەڕێکم بۆ بڵاوکردنەوەیان دانا ( (www.farhangumejuikawa.comو بەرهەمەکانی خۆمم خستنەسەر، تا هەمووکەس بەبێ هەزینە کەلکی لێوەرگرن.
تێبینی:
١- دوای چاپی ئەوبابەتە لە گۆڤاری هەوار، بەداخەوە کاک قادرخان سوڵتان پەنا ماڵئاوایی لەژیان کرد، ڕوحی شاد. مامەقالەش نازانم ماوە یان نا، یادی بەخێربێ.
٢- هەر وەک دەبینن، ئەو بەسەرهاتە دووبەشە، بەشی یەکەم تاساڵی ٢٠٠١ و بەشی دووهەم دوای ئەو ساڵە تا ئێستا، کە لێم زیادکردووە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *