پەندی پێشینان ١٤

گەلی برادەرانی فۆلکلۆردۆستی کوردی

سڵاوێکی گەرم

دیسان بە چەپکێک لە گوڵستانەکەی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ هاتمەوە دیدارتان، هیوادارم چێژی لێوەرگرن:

 

ئەوەی چوو چوو – کاوە،

ئەوی حوشترەوانی بکا ئەبێ سەردەرگاکەی بڵندکا.

ئەوی دەرزییەکی پێداکردیت، تۆ شووژنێکی پیابکە.

ئەوی دڕک بچێنێ نابێ پێخاوس بگەڕێ.

ئەوی دۆست بە دۆستی ئەکا، دوژمن بەدوژمنی ناکا.

ئەوی ڕووتە مەلکەمووتە.

ئەوی زۆربخوا زۆرناژیت.

ئەوی سەر ئەپۆشێ ژێری ئەفرۆشێ.

ئەوی قەرز ئەدا بەدۆست، هەردووکی لەکیس ئەچێ.

ئەوی کەوش دروست بکا ئەبێ دانیش بەکاربێنێ.

ئەوی کردی بەقسەی ژنێ، دەستی داوە لەوێ گونێ.

ئەوی گەڕا دڕا، ئەوی کردی بردی.

ئەوی لای دیزەوە دانیشێ ڕەش ئەبێ.

ئەوی لای کوورەی ئاسنگەرەوەبێ پڕیشکی بەرئەکەوێ.

ئاواشی دەڵێن: ئەوەی لەکن ئاوری بێ پڕیشکشی وەبەردەکەوێ. – کاوە.

ئەوی لەئاش بێ بەئاشەوانی مەزانە.

ئاواشی دەڵێن: ئەوەی لەئاشیی دەبینی وامەزانە ئاشەوانە – کاوە.

ئەوی لەئاش بێ، شانی ئارداوی دەبێ.

ئەوی لەبەرچاوانە لەبەردڵانە.

ئەوی لەتۆوە دوورە ڕەنگی سوورە.

ئەوی لەدیزەدابێ بەئەسکوێ دەردێ.

ئەوی لەسەر ڕێگا گوو بکات، دەبێ جنێویش قبووڵ بکات.

ئەوی لەشەڕانەبێ شێرە (شێری تیژە).

ئەوی لەکاسەدابێ بەکەوچک دەردێ.

ئەوی لەماڵم نییە ئاگای لەحاڵم نییە.

ئەوی لەمشک بێ، جەواڵ ئەدڕێ.

ئاواشی دەڵێن: ئەوی لەمشکی بێ، جەواڵی/هەمبانە دەدڕێ – کاوە.

ئەوەی لەگەڵ بووکێ نەبێ، لەگەڵ بەربووکێ نییە.

ئەوەی لەگەڵ هەوادابێ، لەگەڵ هەوادا ئەڕوا.

ئاواشی دەڵێن: ئەوەی بەبادا بێ، بەباشدا دەڕوا – کاوە.

ئەوی منار بدزێ، کیفیشی بۆئەکا.

ئەوی نامگۆڕێتەوە بە ئێستر، نایگۆڕمەوە بەکەر.

ئەوی ناوکی بوێ، ئەبێ توێکڵ بشکێنێ.

ئەوی نەبێ لە دەرپیی شڕم، نابێ بەکوڕم.

ئەوی هەڵیگرت شمشێر، نابێ گوێ بداتە شێر.

ئەی بووکەکەی ماڵی مەتی، سەرت ڕووتە و پات پەتی.

ئەی پایزەبرا مەرحەبا.

ئەی حاجەت زێڕێنە هۆت نەکەوێتە حاجەت گوویینە.

ئەیباتە سەرکانی و ئاوی نادا.

ئاواشی دەڵێن: ئەیباتە/دەیباتە سەرکانی و ئاویشی نادا دەیهێنێتەوە. کاوە

ئەیەوێ بدا لەئاو قولی تەڕنەبێ.

ئەیەوێ ماسی بگرێ و قنگی تەڕنەبێ.

ئەیخۆی بیخۆ، نایخۆی عەبەلە ئەیخوا.

ئۆخەی ئۆخەی لەمنێ، مێردە وتی چڵمنێ، گادەرکە لە هەرزنێ.

ئۆخەی ماڵی خۆم حەزکەم ئەتخۆم، حەزکەم ناتخۆم.

ئومێدمان بە وەیس بوو، وەیسیش بە سوننی دەرچوو.

ئیتر ڕۆن بدە لەسەر سنگت.

ئێستروماین بەشەڕدێن، کەر و مانگا بەر لەقە ئەکەون.

ئێسکت مرێ ئێسک گران، حەسیرە شڕەی گوێ ئاگران.  

ئیسکی ئەکا کانێ، موسکی ئەبەنە دیوانێ،

ئیش ئیشی خاتوونێ، ناو ناوی مەیموونێ.

 ئیش شێرە، دەستت پێ کرد ڕێوییە.

ئیش کەرە، تا لێی نەخوڕی ناڕوا.

ئیشکەرم بمرێ مشوورخۆرم نەمرێ.

ئیشکەری خۆتی خۆشەویستی خەڵقی.

ئیشی ئەوڕۆ مەخەرە سپەینێ.

ئیشی بەزاریی، بۆخۆم دەچمە یاریی،

ئیشی ژنان بیست و چوارن، هەر نان و هەویر دیارن.

ئیشی من ڕاست بێ، ئیشی تۆ ئاسانە.

ئیشی نییە کرداران دەکا، گۆلکی نییە هەوساران دەکا، عەمەلی نییە فەرمانان دەکا.

ئیمڕۆ چی بچێنین سپەینێ ئەوە دەدرووینەوە.

ئیمڕٶ و سبەی ئەکات.

ئیمساڵ ساڵی مەیموونە ئەمە هەوەڵمانە ئاخۆ ئاخرمان چۆن بێ.

ئینسان بەوەسیەت نامرێ.

ئینسان بچێتە شاری کوێران، ئەبێ دەست بەچاویەوە بگرێ.

ئینسان سەر ئەدۆڕێنێ، قسە نادۆڕێنێ،

ئینسان قەدری وا بەخۆیەوە.

ئینسان کە بەخەیاڵ پڵاوی لێنا، هەتا چەورتربێ باشە.

ئینسان کە خۆڵ بکا بەسەر خۆیا، لەدەرکی ماڵەگەورە بیکا بەسەرخۆیا.

ئینسان وەک گا هەر لەپێستێکا نابێ.

ئینسانی غەریب لەبەرەوە پێی ئەڵێن دانی قەوییە و لەپێشەوە پێی ئەڵێن قنگی قەوییە.

تێبینی: مامۆستا وای نووسیوە بەڵام پێموایە دەبێ ئاوابێ: …. لەپشتەوە پێی ئەڵێن قنگی قەوییە.

ئێوارە وەختە، جرپن بەجەختە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *