کێشەی (ە) چونیەتی دۆزینەوەی وشە لە فەرهەنگی سەرهێڵی کاوەدا

 

خۆشەویستانم

وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد پاش گۆڕینی فۆنت و پێداچوونەوەیەکی ورد بە فەرهەنگی (فارسی – کوردی) کاوەدا لەدوێنێوە لەسەر هێڵی ئینتێرنێت بەڕۆژ(update)م کردۆتەوە. لەوپێداچوونەوەدا وێڕای هەڵەگری ژمارەیەکی بەرچاویش وشەی تازەم خستوونەسەر و دەتوانم بڵێم گەلەک لەوەی پێشووم باشترە. لەوکارەمدا کە زیاتر لە سێ‌مانگ بەشەو و ڕۆژ خەریکی بووم، بەهۆی گۆڕینی فۆنتەکەوە ڕووبەڕووی تێکچوونی ڕێنووسیش بوومەوە. یەکەم ئەوەی کە تەختەکلیل(keyboard)ی فارسی ئەو وشانەی نەدەخوێندنەوە کە (ە یا ـە)یان تێدا بوو بۆوێنە(سیاە، کوچە، خانەی، گربەیی و…). برادەرێکی مامۆستام لە ئێرانەوە پێشنیاری پێکردم ئەو (ە)یە بگۆڕمەوە بە (ه)ی فارسی. بۆ ئەو مەبەستەش  فۆنتێکی باشی بۆ ناردم. بەڵام لەو گۆڕینی ڕینووس و فۆنتەدا تووشی کێشەیەکی زۆر گەورەبوو کە ناوم ناوە کێشەی (ه). بۆنموونە لە کوردییەکەدا وشەی (هەموو) لێ کردبوومە (ەهموو) لەفارسیشدا (هنر)ی لی کردبوومە (ەنر) و ئەو چەشنە تێکچوونانە وای لێکردبوو کە نەمدەتوانی بە (بیبینەوە find) و(لەجیی دانێ replace)ێک چارەی بکەم، چونکە ژمارەیەکی بۆ چاک دەکردمەوە و ژمارەیەکی دیکەی لێ تێکدەدام.  ئەوە گەورەترین گرفتم بوو، کە کاتی زۆری لێ گرتم، چونکە ناچار بووم وشە بە وشە بەهەموویدا بچمەوە. ژمارەیەکیشم وشەی تازە کەوتبوونە دەست کە دەبوو بیانخەمە نێو فەرهەنگەکە، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی دەوڵەمەندترتان بخەمە بەردەست. هەرچۆنێک بێ ئەوگرفتانەم تا ڕادەی چاوەڕوانیی خۆم چارەکردن. هیوادارم توانیبم هەڵەکانیش تا ئەوجێگایەی دەگونجێ ڕاست کەمەوە، بەڵام دەزانم ئێستاش ژمارەیەک هەڵە لەوانەیە خۆیان لێ حاشاردابم و لەکەلک وەرگرتنی ئێوەی خۆشەویستدا وەدیارکەونەوە، داواتان لێدەکەم بەبێسەرنجدان بەسەریاندا ڕامەبوورن و ئاگادارم کەنەوە تا لەپێداچوونەوە و بەڕۆژکردنەوەیەکی دیکەدا چاکیان کەمەوە ژمارەیەک ڕێنوێنیش وەک دەستپێک دەخەمە بەرچاوی بەکاربەرانی بەڕێزی فەرهەنگی سەرهێڵی کاوە:

یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی ڕێنووسی عەرەبی لەسەر کامپیووتێر ێشەی فۆنتە. ژمارەیەکی زۆر فۆنت بە بەرنامەی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەو ڕێنووسە سازکراون کە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە جیاوازییان هەیە (چ لە ستایلی فۆنتەکە و چ لە شوێنی هەڵکەوتنی فۆنتەکەدا و تەنانەت لە تەختەکلیلە جۆراوجۆروەکانیشدا). بۆنموونە (ه) کە لە نووسینی کوردیدا بۆ نووسینی پیتی (هـ) و لەجێگای بزوێنی (َ) ش بەکاردێ، لەکوردیدا بەشێوەی سەربەخۆ هەیە بەڵام لەڕێنووسی فارسیدا دەبێ بە (ه+نیونێوان)یا (h+sift h) بنووسرێ. ئەو شێوە فارسییە بۆ بزوێنی (ه)ش لە کوردیدا دەکرێ بەکاری بێنین و بەڵام کە نیزیکەی ١٨ ساڵ لەسەر کامپیۆتێر کەلکم لێوەرگرت،  گرفتی زۆری بۆ خوڵقاندم. بۆوێنە تا داهاتنی ویندۆزی٧، من کە بەو بزوێنە بە تەختەکلیلی (kurditgroup) دەمنووسی و لەفۆنتەکانیاندا ئەوبزوێنە هەر بۆخۆی لە (ه+نیونێوان) سازکرابوو، باش کاری دەکرد. بەڵام لە زۆر نووسراوەدا هێندێکجار ئەو (نیونێوان)ە وندەبوو و (ه)یەکە دەبووە (هـ)ی پێوە نووساو، بۆنموونە زۆرجاران وشەی وەک (هەموو)م لێ دەبوو بە (ههموو)، ئەوگرفتە دوای داهاتنی ویندۆزی ٧ زیاتریش پەرەی ئەستاند و ئەوجار بزوێنەکە لەسەر تەختەکلیل جێگای گۆڕا و بوو بە (ە)یەکی زۆر ناحەز. کێشەکە هەر بەوەندەش نەوەستا و ئەو بزوێنە (ه)یانەی پێشوو (ه+نیونێوان) هەر وەکخۆیان مانەوە، بەڵام لەنووسراوە تازەدا بزوێنە ناحەزەکە دەردەکەوت و (بیبینەوە find) و(لەجیی دانێ replace) کێشەی زۆری دەخوڵقاند و هەموو وشەکانی بۆ نەدەخوێندرانەوە.

ئێستا کە دەستم دە فۆنتەکە وەرداوە، بەپێویستی دەزانم بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی (ە) ئەو دوو خاڵانەتان بخەمە بەرچاو:

١- بۆ دۆزینەوەی ئەو وشە فارسییانەی پیتی (ه)یان تێدایە لەتەختەکلیلی فارسی کەلک وەرگرن، ئاکامی باشتری دەبێ.

٢- بۆ دۆزینەوەی ئەو وشانەی وەک (سیاە، کوچە، خانەی، گربەیی و…) دەست بۆ بزوێنی (ە) مەبەن و لە شێوەی فارسی (ه+نیونێوان) کەلک وەرگرن.

٣- مەکینەی گەڕانی فەرهەنگەکە، بەنووسینی هەر وشەیەک هەموو ئەو وشەو دەستەواژانەتان دەخاتەبەردەست کە ئەو وشەیان تێدا دەکار کراوە. هێندێک لە وشەکان لێکدراویان ئەوەندە زۆرن کە دیتنەوەی وشەی مەبەست لەناویاندا بڕێک کاتی زیادی دەبا، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش دەتوانن بە نووسینی وشەی دڵخواز لەگەڵ یەک نێوان (space) و دوایەش دانانی کەوانەیەکی کراوە، هەر ئەو وشەیە بدۆزنەوە کە دەتانەوێ، بۆ وێنە بۆ دۆزینەوەی (در اهتزاز) بنووسن: در اهتزاز ( ڕاست ئەو وشەیە دەکەوێتە بەرچاوتان.

٤- بۆ نووسینی وشەلێکدراوەکان لەفارسیدا هێندێک ڕێسا هەن کە هەمووکەس نایانزانێ یا ئەگەر بشیان زانێ من دیتوومە لە فەرهەنگێکی وەک ٦جڵدییەکەی موعینیشدا لە نووسینی دوو وشەی لێکدراوی لەیەک دۆخی ڕێزمانیشدا سەرلێشێواوییەک هەیە. ئەو وشانە یا پێکەوە دەنووسێن وەک (پیمانکار) یا بەنیونێوان لێک جیادەکرێنەوە وەک درست‌کردار یا بە نێوانێک وەک درست کرداری(بڕواننە فەرهنگ شش جلدی معین)، ئەگەر هەر بەوانەش نەتاندۆزییەوە، بەنووسین یەکێک لە وشەکانی لێکدراوەکە بیدۆزنەوە. بەڵام من تائەوڕادەی بۆم گونجاوە ئەو لێکدراوانەم بەشێوەی فەرهەنگی ناوبراو نووسیون، ئەگەر هەڵەیەکیشم تێدا کردبن ئەوە بەیاریدەی ئێوەی خۆشەویست لە چاکسازی و بەڕۆژکردنەوەکانی داهاتوودا ڕاستیان دەکەمەوە.

٤- تەختەکلیلێکی فارسی لە خوارەوەی شوێنی گەڕان بەدوای وشەدا دانراوە، وەک دەبینن هەموو پێتەکانی فارسیی تێدان، بەڵام بۆ پێ نووسینی وشە نابێ. ئەوە بۆ ئاسانکاری لەدۆزینەوەدا دانراوە و ئەگەر وشەی خوازراوتان بە بەشی لێگەڕان نەدۆزییەوە، دەتوانن بەداگرتنی هەرکام لەو پیتانە هەموو ئەو وشانە بخەنە بەردەستی خۆ کە بە پیتی داگیراو دەست پێدەکەن، بۆوێنە بەداگرتنی (آ) هەموو ئەو پیتانە دێن کە بە (آ) دەست پێدەکەن. کە وشە و دەستەواژەکان ئەوەندە زۆرن کە دۆزینەوەی وشەی مەبەست لەو شێوەکارەدا کاتی زۆر دەبا. بەڵام ئەوەش بۆخۆی کەلکێکی دیکەشی هەیە و دەتوانێ، ئەگەر بتانەوێ، هەموو وشەو دەستەواژەکانی دەست پێکراو بەو پیتەتان نیشان بدا کە لەنێوفەرهەنگەکەدا هەن.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *