پەندی پێشینان١٣

پەندی پێشینان ١٣

گەلی برادەرانی هۆگری فۆلکلۆری کوردی

سڵاوێکی گەرم

فۆلکلۆر یا فەرهەنگی گەلی یەکێکە لە بوارەکانی ناساندنی گەلێک. ئەو بەشەی فەرهەنگی خەڵک پڕە لە ئامٶژگاری و ڕێنوێنی وئەزموونی پێشوونان، کە وەک پەند لەباپیرانەە بۆمان ماوەتەوە. لەسەردەمی گەنجەتیمدا لەدەرسێکی عەرەبیماندا چیرۆکێک هەبوو کە ئێستاش هەر لەبیرم ماوە: یەکێک لەو بەناو زانایانەی ئێران شانازییان پێوەدەکا، لە مەککە جێگیردەبێ و عەرەبی هێندە باش دەزانێ، کە هیچکەس دە عەرەب نەبوونەکەی ناگا. عەرەب کە فارس، یاخۆیان کوتەنی، فورسیان زۆر لەلا سووکە و بەعەجەم ناویان دەبەن، پەیوەندیی خزمایەتییان لەگەڵ واندا بە شوورەیی دەزانی. ئەو بەناو زانایە کە لەعەرەبدۆستیدا پێشبڕکەی لەعەرەبان دابۆوە، دەکەوێتە داوی ئەڤینی کچێک و دەیخوازێ. بنەماڵەکەی کە نازانن ئەوکابرایە عەرەب نییە دەیدەنێ و سەرەنجام بووک دەگوێزرێتەوە. لەشەوی یەکەمی بووکێنیدا زاوا بەعەرەبی بە بووکەخان دەڵێ:  “اقتل‌السراج!” واتە چراکە بکوژێنەوە، بەو قسەیە ئی بن بەڕەی دێتە سەربەڕەی و بووک بە هاوارهاوار دەردەپەڕی و دەڵێ: “عجمی! ععجمی” واتە ئەوکابرایە عەرەب نییە، عەجەمە و ئاوا زەماوەندەکە لەسەر قسەیەکی هەڵنەسەنگێندراو تێکدەچێ. ئاخر عەرەب بە کوژاندنەوەی چرا دەڵێن “اطفی‌السراج!” نەک “اقتل‌السراج!” خەڵکی لای ئێمە وەک دەزانین ڕێزی تایبەتییان بۆ ئاگر هەبووە و باپیرانمان نەیانهێشتووە شتی پیسی تخوون کەوێ. لەبیرمە کە منداڵ بووم دایکم پێیدەکوتم نابێ بەفوو ئاگر بکوژێنینەوە چونکە فوو لەنێو زگ ڕا دێتەدەر و پیسە و گوناچە شتی پیس تووشی ئاگرکەین. وەنەبی دایک و بابم، ئاگرپەرست بن، بەپێچەوانەوە ئەوان زۆریش موسوڵمان بوون و نوێژوڕۆژوویان نەدەچوو، بەڵام شوێنەواری بەپیرۆز دانانی ئاگر لەباب و باپیرانیانەوە هەر دەمێشکیاندا مابو. ئێستاش کە ئێمە بۆ دامرکاندنی ئاگر (کوژاندنەوە) دەکار دەکەین، ئەو وشەیە لە کوشتن ڕا هاتووە و نیشانەی بەگیاندار دانانی ئاگرە. فارسیش لەکۆنەوە کوتوویانە “آتش را بکش” ….. بۆیەش کابرا لەزاری دەرپەڕیوە و لەجیاتی دامرکاندنەوە یا خامٶش کردن بەبووکێی کوتووە “اقتل” و ئەوەی نەدەبوو بقەومێ، ڕوویدا!!

لەدەرسێکی کۆمەڵناسیشماندا لەبیرمە چیرۆکێکی ئاوا هەبوو:

ڕۆژێک تورکێک و مرۆڤخۆرێکی ئامازۆن تووشی یەک دەبن. مرۆڤخۆرەکە بە کابرای تورک دەڵێ : “ئێوە زۆر بێبەزەیین! کەسێک دەکوژن و دوایەش لەژێر بارستایی دووگەز خاکدا دەیشارنەوە. تورکە دەپرسێ ئەدی ئێوە چ دەکەن؟” کابرای ئامازۆنی دەڵێ وەڵڵا ئێمە ئەگەر کەسێک بکوژین وەبن گڵی نادەین، گۆشتەکەی دەخۆین!!

ئەوانەم هەر وەک بیرەوەرییەکی سەردەمی خوێندکاریم لەبیرن، کە دەگەڕێنەوە بۆ ٥٠ساڵ پێش ئێستا، دەنا زۆر بابەتی نموونەییی دیکەش هەن، بۆوێنە: فارس بە بوولێڵەی بەیانی دەڵێن گرگ و میش، کوردیش دەڵێ سەوگور، واتە ئەوکاتەی هەوا ئەوەندە ڕووناک دەبێ کە هەتەری چاو گورگ و مەڕ (گرگ و میش)ەکەی فارسان یا (سەوگور) یا سەگ و گورگ لێک بکاتەوە. کە هەردووکیان نیشانەی پێشینەیەکی دوورودرێژی مەڕدارین لە کۆمەڵگاکەدا. چاوێک بە ناوەکانیشدا ئەگەر بخشێنی دەبینین زۆر وشە دەتوانن بەیانکەری ڕابردووی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگایەک بن، بۆ وێنە زمانی عەرەبی پڕە لەو وشە لێکدراوانەی خورمایان تێدا و کوردیش زۆروشەی لێکدراوی کێو و گا و کەڵ و ئاژەڵەبەرزە دەکاردەکەن، کەڵەگا، گاڕان، ڕانەمەڕ، گای بنە، گێرەنەکەر، وشترخۆرە، گیسکی بەلەمس، بەفری پیرێژنێ و …

ئەوبابەتە فۆلکلۆرییانە، ئەو پەند و ئامۆژگارییانە تا ئەوسەردەمانە هەر چرای ڕووناک کەرەوەی ڕێگای ژیانمان بوون. بەداخەوە ئەوانە وردەوردە خەریکن دەفەوتێن و لەبیردەچنەوە، تا کۆمەڵگاکانیش زۆرتر شارنشین و میکانیزە دەبن، ئەو لەبیرچوون و وەلانانانەش زیاتر پەرە دەستێنن. بەڵام ئەوەی دەبێ بزانین، ئەوەیە کە هەرچۆنێک بێ ئەوانە هەموویان کەلەپووری نەتەوەییمانن و پاراستنیان بەشێکە لەپاراستنی پێناسەی نەتەوەییمان.

لێرەدا کورتی دەبڕمەوە و چەپکێکی دیکەتان لە پەندی پێشینانی شێخ محەممەدی خاڵتان پێشکێش دەکەم. وەک جارانی پێشوو ئەگەر لەوناوەدا پەندێکی دیکەشم وەبەرچآوهات، دەیخەمە سەر کۆمای ئەو گەوهەرانە:

ئەوەی بەمنەوەیە ناومە بەتۆوەە، هەتاکوو بمریت بسووتێیت پێوە.

ئەوەی بەوی کرد با بەدەواری شڕی نەکا.

ئەوەی بۆ گووکەر هەڵدەکەوێ، بۆ ڕاوکەر هەڵناکەوێ.

ئەوەی پێم کرد خێرە، لێم بوو بەگورگ و شێرە.

ئەوەی خاوەنماڵ ئەیزانێ، دز بیزانێ هیچ لەماڵا ناهێڵێ.

ئەوەی گا دەیکا گا نایخوا.

ئەوەی لای بەندە خەیاڵە، لای خوا بەتاڵە.

ئەوەی لەژێر بەڕەدا، وا ئەکەوێتە سەر بەڕە.

ئەوجا بزانە کفری کاولە، ئازای مەجلیسی قۆجە شاورە.

ئەوسا شا، شالیار بوو، تەتەر وێران بوو.

ئەوڵاد شیرینە، تەربیەت لەئەولاد شیرنترە.

ئەوەی ئەیخوات نایزانێ، ئەوەی تێی ئەووشێ ئەیزانێ.

ئەوەی ئەیدەم بەکرێ، ئەیدەم بەترێ.

ئەوی ئەیزانیت گشتی مەڵێ، ئەوی گوێت لێیە بە هەمووی باوەڕمەکە.

ئەوەی بەپەیژەدا سەرکەوێ، ئەبێ لەخوارەوە دەست پێ‌بکا.

ئەوەی بەتەمای نانی ماڵاوسێ بێ لەبرسانا ئەمرێ.

ئەوی بە سەر ڕۆی، بە ملا ئەڕوا.

ئەوی بە فەلاح ئەبڕێ دانەوێڵەیە.

ئەوی بەمێروولە بتڕێ تەبەقەتڕانەی ناوێ.

ئەوی بترسێ ناخەلسێ.

ئەوی بخوازێ ڕوویەکی ڕەشە، ئەوی نەیداتێ هەردوو رووی ڕەشە.

ئەوی بڕوای بەخۆی نییە شایەنی پشت پێ‌بەستن نییە.

ئەوی بنیشی بەلای خاسەوە، ئەویش ئەپێچرێ بە لباسەوە، ئەوی بنیشێ بەلای حیزەوە، ئەویش ئەپچێرێ بە تیزتیزەوە.

ئەوی بۆ ئەو ڕێ‌کەوتووە بۆبزنی دێلێژە ڕێ‌نەکەوتووە.

ئەوی بۆجێگەر ئەیکا بۆ دێگەر نایکا.

ئەوی بۆخۆتی ڕەوائەبینیت بۆ خەڵقیشی ڕەوا ببینە.

ئەوی پشتی ناهحەق بگرێ، نۆکەری زاڵمە.

ئەوی پیشەی ئازاردان بێ ئەبێ تووشی مل شکان بێ.

ئەوی پێم ئەکرد خێره، لێم بوو بە گورگ و شێر.

ئەوی پیوازی نەدیبێ، قنچکە نێرگز ئەچێنێ.

ئەوی تەڕبێ لەباران ناترسێ.

ئەوی تۆ پێی پەستی، من پێی مەستم.

ئەوی تۆراوە، بەشی خوراوە.

ئەوی تۆوی دڕک بچێنێ، تاماوە گوڵ نابینێ.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *