کەڵەسیس

ئەوبابەتە فۆلکلۆرییەم لە فەیسبووکی کاک ئاگری ئیسماعیلزادە وەرگرتووە و بەڕێپێدانی خۆی لێرەدا پێشکێشتانی دەکەم. وەک کاک ئاگری دەڵێ:  دەقی ئەو چیرۆکەم لە زاری نەقل بێژ و هونەرمەند “ڕەسوڵ نادری” بیستووە!!

کەڵە سیس
دووبارە نوسینەوە: ئاگری ئیسماعیل نژاد

****No automatic alt text available.
مام هۆمەر کابرایەکی جوتیار بوو،  لە گوندێکی بناری کوێستانی لەند دەژیا، پاییزی ساڵێک کە زستانەکەی زۆر سەخت بوو، کەس نەیزانی چۆن، بەڵام قۆرییە گیایەکەیان لێی ئاور تێبەردا.
مام هۆمەر بۆ دەمە دۆ چەند بزنێک و  بۆ جووت‌وگا، کەڵێک و گایەکی راگرتبوو، و زستانی ئەو ساڵەی قۆرییە گیایەکەیان لە مام هۆمەر ئاور تێبەردا، سەخت و سارد بوو، خەڵکی ئەو گوندیش لەترسی درێژبوونەوەی زستان و بێ‌تفاق کەوتنەوە، نە تفاقیان دەفرۆشت و نە مام هۆمەریش هێندە دەست رۆشتوو و دارابوو تفاق بۆ ماڵاتەکەی بکرێ.
مام هۆمەر لەبەر خۆیەوە بریاریدا لە بزنەکانی، بەرەکەیان بفرۆشێ و سەرەکەی راگرێ و هەرچۆنێک بێت زستان بەرێتە سەرێ و ناچاربوو بۆ جوتی بەهارێش دەبوو کەڵ و گاکەی راگرێ و دەنا هەم بەهارە کێڵی ئەو ساڵەی دەچوو، هەم کلۆش کێشان و خەڵەوخەرمانی پاییزێی پێنەدەکرا.
رۆژهات و چوو هەرچەند مام هۆمەر کاوڕ و گیسکی هەموو فرۆشتبوون و بەڵام تفاقی رووی لەکەمی نابوو و هەر بۆیە بە پێخۆر و دەسندە تفاقی بۆ پاتاڵان تێدەکرد و تاقە د
ەنکێ قرتیل و چنگێ گزرەی بەلای مام هۆمەرەوە مڵکی سولیمان بوو.
لە نەدامەتی مام هۆمەر گایەکەی لەبەر بێتفاقی و لە برسان مندار بۆوە و مام هۆمەر بەجارێک دەستەشاو و هیوا بڕاو بوو.
ئێوارێی رۆژێکی رەشەمەی کە بەفر پروشکەی دەکرد، هێندە ساردبوو تفت هەڵاویشتایە دەیبەست، مام هۆمەر سەوەتەیەک قرتل کە دوایین سەوەتەکانی نێو کادێنەکەی بوو، دەست دەداتێ و دەچێتە تەویلەی کەڵەکەی هەتا ئەو سەوەتەیەی بۆ تێکات و بەڵکوو بتوانێ لە منداربوونەوە رزگاری بکات.
ئەو رۆژە کە مام هۆمەر وەژوور دەکەوێت، سەیر دەکات، کەڵەکەی لەلای سەرووی تەویلەکە مۆڵی خواردووە و بەحال سەری دەجولێنێ و لێی دەچێتە پێشێ کەڵە وەقسە دێ و دەڵێ : مام هۆمەر!!!
مام هۆمەر دوو هەنگاو دەکشێتەوە، و چەند جار شادیمان دێنێ لەبەر خۆیەوە دەڵێ : خودایە بڵێی گوێم بۆ بزرینگێتەوە؟!!!
کەڵە دیسان دەڵێت: مام هۆمەر لەگەڵ تۆم نییە؟!!!!
مام هۆمەر بەخۆفێکەوە دەروانێتە کەڵەکەی و دەڵێ ئەوە تۆ قسان دەکەی؟!
کەڵە دەڵێ: مام هۆمەر بچۆ دوو ساقۆرم تفاق بۆ پەیدا کە شەرت بێ کەڵی ماڵی ئاغات بۆ ببەزێنم.
مام هۆمەر بزیەکەی تاڵی دێتێ و دەڵێ: “هەی بە کلکی خێوی” وەڵا هەر ئەوەم مابوو، کەڵە سیس ئەتۆ و کەڵی ئاغا “کوجا مەرحەبا”!!
کەڵە دیسان وەقسە دێتەوە و دەڵێت: ئەتۆ دوو ساقۆر تفاقم بۆ پەیدا بکە بزانە چ دەکەم؟
مام هۆمەر لە تەویلە دێتە دەرێ و لەبەر خۆیەوە دەڵێ بڵێی خەون بێت، بڵێی خەیاڵ بێت، باشە کەڵ و قسە، دیسان سەر بە تەویلەکەدا دەکاتەوە و دەروانێتەوە کەڵەکەی و هەمیسان کەڵە بە دەنگ پێی دەڵێ : تۆ دوو ساقۆر تفاقم بۆ پەیدا بکە، هەر ئەوەندە لاق بگرم، بێخەم بە کەڵەی ئاغا دەبەزێنم!!!
مام هۆمەر لەبەر خۆیەوە دەلێ شەرتبێ دەبێ ئەوەش تاقیکمەوە، بزانم چۆن دەبێت، خۆ کەڵە سیس لە شەرەکەڵیش دا نەمرێ، ناگاتە بەهارێ و لە برسان منداردەبێتەوە.
مام هۆمەر رووی خۆی هەڵداوێ و دەچێتە درگای ماڵی حاجی تاغی و دوایی دوو ساقۆر تفاقیان لێدەکات، ئەوانیش رووشکێنی ناکەن و بە دڵی خۆی تفاقی دەدنێ.
مام هۆمەر بە دوو ساقۆر تفاقەوە، دەچێتە تەویلە و تفاقەکە لەبەر کەڵەکەی دەکات.
کەڵە دەڵێ: مام هۆمەر جا ئەو جار بچۆ بە ئاغای بڵێ شەرە کەڵت لەگەڵ دەکەم و مەرجی لەگەڵ ببەستێ کەڵی هەرکەس بەزی و تازە خاوەنی نییە و کەڵەی بەزیو دەبێتە هی کابرای براوە!!!
مام هۆمەر پاش قەدرێ مقۆ مقۆ و بە هەر حالێ بێ، دەچێتە بەر دەرگای دیوەخانی ئاغا و لەوێش هێندێ رادەوستێ و پاشان زۆر بە ترسەوە دەچێتە ژوورەوە!!!!
ئاغا کە مام هۆمەر دەبینێ پێی وایە دەبێ بۆ پێداویستییەک هاتبێتە دیوەخان و بە دەنگ دەڵێ : ها هۆمەر خیرە هاتووی؟
مام هۆمەریش دەڵێ: قوربان هاتووم دەمەوێت شەرە کەڵم لەگەڵ بکەی!!!
ئەویەش دەڵێ : شەرە کەڵ؟!
مام هۆمەر دەڵێ: بەڵێ قوربان
ئاغا سەیرێکی کوێخا دەکات و دەڵێ: کوێخا ئەتۆ بیستووتە هۆمەر کەڵی هەبێتن؟!

کوێخاش کە لەسەر چۆکان دانیشتووە دەڵێ: قوربان دیارە هەیەتی دەنا چۆن هاتووە بۆ شەرە کەڵ!!!
ئاغا دیسان روو دەکاتەوە هۆمەر و دەڵێ: هۆمەر لەسەر چی لەگەڵم دەکەی؟!
مام هۆمەریش دەڵێ : مەرجمان ئەوە بێ، کەڵی هەر کەس بەزی ئەوە خاوەنی نییە، هەر دوو کەڵەکە بۆ براوە بێت!!!
ئاغا روو دەکاتەوە کوێخا و دەڵێ: کوێخا بەسەری ئاغا، هۆمەر دەنگی لە تێری دێت، لەگەڵی دەکەم ڕات چییە؟!
کوێخاش دەڵێ: من نۆکەری ئاغای خۆمم، هەرچی ئاغا بفەرموێ تەواوە!!!!
مام هۆمەر و ئاغا قەرار و بڕ دەکەن و مام هۆمەر بەرەو ماڵ دەبێتەوە!!!
باسی شەرە کەڵەی مام هۆمەر و ئاغا دەنگ دەداتەوە و هەموو خەڵکی ئاوایی لێی ئاگادار دەبن و پور مەنیجی ژنی مام هۆمەر کە ئەو حەکایەتە دەبیستێ خۆ بە ماڵێ دادەکاتەوە و باس و خواس لە مام هۆمەر دەپرسێ و دەڵێ: هۆمەر ئەرێ خەڵک دەڵێن گوایە دەتەوێت لەگەڵ ئاغا شەرە کەڵ بکەی؟ نەکا لە دارای دنیا ئەو کەڵە سیسەمان هەیە، ئەوەش بە کوشت بدەی و ماڵ وێران و دەستە شکاومان بکەی؟
مام هۆمەر بە ماتێکەوە روو دەکاتە پوور مەنیج و دەڵێ: ژنەکە لێمگەرێ لەوە خراپتر نابین و دەزانم چ دەکەم!! مام هۆمەر بەسەرهاتی خۆی و کەڵەکەی بۆ پورمەنیج دەگێرێتەوە و ئەوەیش بەسەر سوورمانەوە هەر زار داچەقانی بۆماوەتەوە و نازانێ چۆن باوەر بە مام هۆمەر بکات؟! بەڵام رازی دەبێت!!
پورمەنیج هیچی لێ حالیی نییە و لەلایەکیش خەم دایگرتووە و ترسی ئەوەیەتی کەڵە سیس لە شەرەکەڵ لەگەڵ کەڵی ئاغا تێداچێت و بەجارێک دەستەشکاو ببن.
رۆژی شەرەکەڵ مام هۆمەر دەچێتەوە تەویلەوە و ئەگەر سەیر دەکات کەڵە سیس بەو تفاقەی خواردوویەتی هێندێ بای لاقی هاتۆتەوە و هەستاوەتەوە سەرپێی و کەڵەکە کە مام هۆمەر دەبینێ دەڵێ: مام هۆمەر ئەگەر بردتم بۆ شەرە کەڵ ئەو سەوەتە شرەی هەمانە ئەوم لە شاخی بکە!!!
بەڵی مام هۆمەر کەڵی دەردەکات و سەوەتە شرە لە شاخی کەڵەکەی دەکات،  و کەڵی مام هۆمەر کە دەگاتە شوێنی شەرەکەڵ خەڵک هەموو دەست دەکەن، بەتفوو نەحلەتی کردنی مام هۆمەر و لەبەر خۆیانەوە دەڵێن بەخودا دەیەوێت، ئەو کەڵەی بە ئاغا ساغ کاتەوە، دەنا ئەوە کەی کەڵی شەرە کەڵە ئەوەیش لەگەڵ کەڵی ئاغا!!!!
کەڵی ئاغا سالانێک بوو، هیچ کەڵێک نەیبەزاندبوو، خەڵک دەستە دەستە دەهاتن بۆ شەرەکەڵ لەگەڵی و هەر کەڵێ شەری لەگەڵ دەکرد، دەبەزی و کەڵی ئاغا لە هەموو کوێستانی لەند ناوبانگی کردبوو و کەم کەس دەیوێرا بۆ شەرە کەڵ خۆی لێدا!!
مام هۆمەر کەڵی خۆی دێنێتە مەیدان و ئاغا کەڵی خۆی دەردەکات و کەڵی ئاغا هەر چاوی بە کەڵی مام هۆمەر دەکەوێت، پشتی تێدەکات و لەبەری هەڵدێ و خۆ لە تەویلە دەهاوێتەوە!!!
خەڵک هەموو واقی وڕماوە و سەریان لەو باسە ماسیوە دەنگ و بۆڵەی خەڵک دێت و هەر
کەس لەلای خۆیەوە دەلێت: باشە ئەو کەڵە بۆ هەڵات؟! و بۆ خۆی نەگرت؟!
هیچ دیار نییە و بەڵام کەڵی ئاغا بە بەزیو دێتە حیساب و مام هۆمەر براوەیە!!!!
وەک مەرج کرابوو مام هۆمەر دەبێتە، خاوەنی کەڵی ئاغا و بریار دەردێ کە ئاغا بە پێی مەرج و شەرتی کراو، کەڵەکەی خۆی بۆ مام هۆمەر بنێرێتە ماڵەوە!!
مام هۆمەریش کەڵی خۆی وەپێش دەدا و بەرو ماڵ دەبێتەوە و شەرەکەڵ کۆتایی دێت و  خەڵکیش بە سەرسووڕمانەوە هەموو بڵاوەی دەکەن.
مام هۆمەر کە دەگاتەوە تەویلەی کەڵە سیس پێی دەڵێ: بۆ لێم ناپرسی بۆچی کەڵەی ئاغا لەبەرم هەڵات؟
مام هۆمەر دەڵێ سەرم لەو شتە ماسیوە و هیچ سەری لێدەرناکەم!!!
کەڵە لە جوابیدا دەڵێ: من و کەڵی ئاغا پاڵاغی ماڵیک بووین، کە تفاقیان بۆ تێدەکردین ئەو زۆرخۆر بوو، لە بەشی منیشی دەخوارد و من هەموو جارێک بە لمبۆزم بەشەکەی خۆمم بۆ دەبردە بر دەمی و دەمگوت: بەقەرز دوایی لێت دەستێنمەوە!!!!
و ئێستا کە منی دیت بەو سەوەتەیەوە چووم بەروپیری، پێی وابوو چووم قەرزەکەی لێبستێنمەوە و لەترسی ئەوەی لە ژێر قەرز دەرنایە، لەبەرم هەڵات و خۆی لە تەویلە هاویشتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *