بابەتێکی پوخت و کورت لەسەر فەرهەنگی کاوە

بەڕێزان و خۆشەویستان

سڵاوێکی گەرم

وەک ئاگادارن، لەسەر ماڵپەڕی (http://www.farhangumejuikawa.com/)، فەرهەنگێکی فارسی بە کوردیم، لەگەڵ ژمارەیەک کتێب و بابەتی مێژوویی و فۆلکلۆری  داناون. ئەوەی لەخوارەوە دەینووسم، نە خۆ هەڵدانەوەیە و نە گلەیی. هێندێک ئاگادارییە لەسەر شێوەی کاری خۆم، بۆ نوووسینەکانم و بەتایبەتیش بۆ فەرهەنگەکەم، کە لەوبوارەدا بە دوو شێوە دەهانامان دێن.

یەکەم بۆ ئەوانەری کەلک لە فەرهەنگەکە وەردەگرن، ڕەنگە لەهێندێک وشەدا تووشی شتێکی نامۆ بن – هەرچەند بەخۆشییەوە ئەوانە زۆر نین، بەڵام ئەگەر تووشیان بوون – بتوانن کێشەکەی بۆخۆتان چارەکەن.

دووهەم ئەوەی کە بتوانن بە ئاگادارکردنەوەی من، یارمەتیم بدەن فەرهەنگەکە – کە هەر بەتەنێ ئی من نییە، بەڵکو سامانی هەموو کوردە – باشتر و بێ کەموکووڕیتر  کەین.

بۆ ئەوەی بزانن لەسەر گۆڕینی فۆنت – کە بۆ چاکتر کردنی فەرهەنگەکە ناچاری بووم – تووشی چ کێشەگەلێکی کردووم چەند نموونەیەکتان بۆ باس دەکەم:

١- وەک دەزانن، گۆڕینی فۆنت بە دیاریکردن (هایلایت) و گۆڕینێک دەکرێ، بەڵام بەهۆی جیاوازی لە فۆنتە بەردەستەکاندا، هێندێک پیت لە وشەکاندا دەگٶڕێن. ئەو پیتانە ئەگەر دەزگای لێگەڕان و لەجێ دانان (Find & Replace) باش بیان ناسێتەوە، کارەکە ئاسانە و بە چەند خولەکێک هەموو کارەکە دەکرێ، بەڵام بۆ فۆنتی شێوە عەرەبی ئەوکارە کێشەی زۆر دێنێتە پێش. بۆنموونە (ا، آ، أ، ٳ) هەموویان بە (ا) دەگۆڕان، و لەوانەش خراپتر (ڵا)ش لە گۆڕیندا لێم ببوو بە (ڕ) و (لا)ش بە (ٳ). چاکردنەوەی ئەوانە کاتێکی زۆری گرتم و سەرەڕای ماندووبوونێکی زۆر، هێشتاش تاق و لۆق ئەو هەڵانە دێنەوە بەرچاوم و چاکیان دەکەم.

٢- ئێستا بەخۆشییەوە ئەو بەرنامە نووسەی فەرهەنگەکەی بۆ خستوومە سەر هێڵ واتە (Lajan Group) فۆنتێکی زۆرباشی بۆ سازکردووم کە بەشێکی زۆری کێشەکانمی چارەسەر کردووە. بەڵام هێشتاش کێشەی (پیتی هـ) و (ە واتە ه آخر لەفارسیدا و بزوێنی ە لە کوردیدا) بەربینگیان بەرنەداوم. وەک دەزانن لە فارسیدا (ه آخر) بە لێدانی پیتی (ه+ نیو نێوان) دەنووسرێ، من ئەوانەم بە بزوێنی (ە) ی کوردی نووسیبوون. برادەرێکی مامۆستا ئاگاداری کردمەوە کە ئەوانەی لە تەختەکلیلی فارسی کەلک وەردەگرن، تەنیا دەتوانن (ه آخر یا تنها) هەر بە (ه+ نیو نێوان) بنووسن. لێرەدا من تووشی دوو کێشە بووم. یەکیان ئەوەی کە ئەگەر بزوێنی (ە)ی کوردی بەشێوەی (ه تنها یا آخر)ی فارسی بنووسم، لەزۆر جێگادا ئەو نیو نێوانە لادەچێ و بۆنموونە (خەزێنەم) لێ دەکاتە (خهزێنە) یا (هەمەدان) م لێ دەکا بە (ههمهدان). چاکردنەوەی ئەو هەڵەیە بۆ فارسییەکە هاسانترە، چونکە وشەفارسییەکانی لەو بابەتە ژمارەیان کەمترە و بەئاسانی دەدۆزرێنەوە، بەڵام بۆ کوردییەکە زۆر پڕدەردەسەرە.

٣- کێشەی گەورەی دیکەم ئەوەیە کە لەو فەرهەنگەیدا کە بە فۆنتەکەی خۆم ئامادەم کردبوووو، پیتی (ه تنها یا آخر)ی فارسی لە هێندێک وشەدا نەدە دۆزرایەوە. بە گۆڕینی فۆنتە تازەکەش، ئێستا دەبێ ئەو (ه) فارسییە بە (ە)ی بزوێنی کوردی بنووسرێ. بەڵام ئێستا وێڕای پێدا چوونەوەیەکی ورد و لێ زیادکردنی ژمارەیەکی تازەی وشەی کوردیش، کە لێرەولەوێ وەگیرم کەوتوون، خەریکی چارەسەری ئەو کێشەیەم و ڕەنگەئەوکارە زیاتر لە ٣مانگی دیکە کاتم بگرێ.

سەرەڕای هەمووی ئەوانەش کەلک وەرگرتن لەوەی ئێستا لەبەردەستتاندایە ئاسان کراوەتەوە و تەختە کلیل (کیبۆرد) ێکی فارسی لەگەڵ فەرهەنگەکە دانراوە، کە ئەگەر وشەیەکتان بە لێگەڕان نەدیتەوە، دەتوانن بە پیتی دەستپێکی وشەکە لەسەر ئەو تەختە کلیلە بیدۆزنەوە. بەداگرتنی هەر پیتێکی ئەو تەختەکلیلە هەموو ئەو وشانەتان دەکەونە بەرچاو کە بە پیتە داگیراوەکە دەست پێدەکەن.

فەرهەنگی کاوە بەشێوەی سەر هێڵ (online) لەبەردەستدایە و کەلک لێوەرگرتنیشی ئاسانە و هەمووکەس دەتوانێ بە بێ بەرانبەر کەلکی لێوەرگرێ. کتێب و نووسراوەکانیش بۆ دابەزاندن دەبن. ئەو بابەت و کتێب و فەرهەنگە بەشێکن لە بەرهەمی ڕەنجی شەووڕۆژی زیاتر لە ٢٢ساڵی تەمەنم. نەبوونی دەرەتانی چاپیش ناچاری کردم، ئەو ماڵپەڕەیان بۆ سازکەم. هەر ئێستاش خەریکی نووسینی کتێبێکم لەسەر مێژووی زەردەشت کە بەرهەمی لێکۆڵینەوەیەکی وردمە لەسەر ئەو کەسایەتییە لەکورد دزراوەی مێژوویی. ئەوەش بەوزووانە دەخەمە بەردەستی خوێنەران. ئەو فەرهەنگە – کە کاری ٢٠ ساڵی خۆ پێوە ماندووکردنمە – ئێشتاش بۆ تازەکردنەوە، لێ زیادکردنی وشەی تازە و چاکسازیی پێویست بۆ باشتر و دەوڵەمەندترکردنی لەبەردەستمدایە. نووسینی ئەو هەموو وشەیە لەسەر کۆمپیووتێر (١٩٥٠٠٠ وشە و دەستەواژەی فارسی و لەسەریەک زیاتر لە ١٣٠٠٠٠٠ وشە بۆ ٤ جڵد و ٢٤٠٠ لاپەڕە) و پاشانیش گونجاندنیان لە داتابەیسدا بۆ کردنی بە بەرنامە وەک ئەوەی ئێستا لەبەردەستتاندایە، کارێکی زۆر گرانە. ئەو ژمارەی (١٣٠٠٠٠٠)ە تەنیا بەشێوەی کتێب و ئامادەکردنی بۆ چاپ دەگرێتەوە دەنا لەسەر داتابەیسێکی وەک ئەوەی باسمان کرد، دەکاتە زیاتر لە ٣٠٠٠٠٠٠ وشە. ئەو ژمارەیە بەوە دەچێتە سەر کە بۆ داتابەیس  ئێمە ناچارین هەموو ماناکانی هەر وشەیەک لەپێش خۆی بنووسین، بەڵام بۆ کتێب ئەگەر مانای دوو وشە وەک یەک بن، لەپێشی یەکێکیان دەنووسین: (بڕوانە وشەی….) و ئەوە لە قەبارەی کتێبەکە کەم دەکاتەوە، دەنا ئەو ٢٤٠٠ لاپەڕەی باسم کرد ئەگەر وەک داتابەیسەکە دانرابا، خۆی لە ٦٠٠٠ لاپەڕەش دەدا. بۆیەش کە دەڵێم کتێبەکە ٤ جڵد و ٢٤٠٠ لاپەڕەیە، واتە بەشێوەی کتێب سووکتر کراوەتەوە تا قەبارەی تا دەگونجێ کەمتر بێ.

بەداخەوە بۆ ئەو زمانانەی بە پیتی عەرەبی دەنووسرێن، وەک فارسی و کوردی و ئەفغانی و…. لەسەر کامپیووتێر، فۆنتی ستانداردی وامان نین کە بۆ نووسینی هەموو ئەو زمانانە تەواو بن و بەئاسانیش بەیەکترییان بگۆڕینەوە. هەر دەستە فۆنتەی بە سیستەمێک نووسراوە و هەموو پیتە پێویستەکانیشی بۆ هەموو زمانەکان تێدانین. بۆوێنە پیتی (هـ)ی کوردی بۆ نووسینی وشەیەکی وەک (مەهـ واتە گەورە‌) تەنانەت تەختەکلی ل(کیبۆرد)ەکانیش لێک جیاوازن و هەرکام بەشێوەیەک دامەزراون. من بۆ نووسینی فەرهەنگی کاوە لەسەر کامپیووتێر ناچار بووم فۆنتێکی تایبەت سازکەم، بەڵام چەند جاران ناچاربووم فۆنتی نووسراوەکەی پێشووم بگۆڕم و هەرجار گۆڕینەش بۆمن دەردیسەرییەکی گەورەی سازدەکرد. بۆ وێنە مەکینەی گەڕان (search engine)لە گۆڕینی فۆنتەکەدا تووشی هەڵەی زۆر دەبوو.

ئەوکارانە بۆمن وەک کارتێکردنی ماددی بێجگە لە داتاشینی خەرجێکی بەرچاو بەرهەمێکیان نەبووە، بەڵام وەک هەموو تێکۆشەرێکی ڕێگای کوردایەتی پێموایە لەکاتی و هەلی ئێستادا ئەوە تەنیا هەزینەیەکی کوردبوونمە کە دەتوانم پێشکێشی گەلەکەمی بکەم. تەنیا چاوەوانیشم پشتیوانی و هاندانی ڕۆڵەکانی گەلە و بەس. بەڵام بەداخەوە وادەردەکەوێ ژمارەیەکی زۆر کەم تەنانەت لە دۆستانی سەر فەیسبووکم، چاو لە ماڵپەڕەکەم دەکەن.

خۆشەویستان

من نووسەرێکی کوردم، کە نە پڕوپاگاندەم بۆ کراوە و نە وتووێژ و دیمانەیەکم لەگەڵدا کراوە. ئەوانەشم ناوێن، چونکە ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کارەکانم بۆ کورد بەکەلک بن و بەس. ئەوەی ئەوپەڕی خۆشیم دەداتێ و هەموو زەحمەتەکانم بۆ قەرەبوو دەکاتەوە، تەنیا ئەوەیە و بەس. تەنیا داواشم لێتان ئەوەیە بە ڕەخنەگرتن، ڕاست کردنەوەی هەڵە و سەرنجدان بەکارەکانم، پیت و فرەوانی بەبەرهەمی باخەکەم ببەخشن.

داوام لێتان ئەوەیە بەچاوێک نەڕواننە بەرهەمەکانم، وەک ئەوەی نووسەرێکی نەناسراو نووسیبی. بەتایبەتیش بۆ فەرهەنگەکەم، داواتان لێدەکەم، وشە و واتاکانی لەگەڵ ئی هەموو فەرهەنگەکانی فارسی بە کوردی، کە تائێستا کەوتوونەتە بەردەستتان، هەڵسەنگێنن. دڵنیابن تەنیا بە چەند هەڵسەنگاندنێکی کەمیش دەتوانن دە نرخی کارەکەم بگەن و بەڕێنوێنی یاریدەم بدەن.

لەکۆتاییدا پێویستە ئەوەشتان پێ ڕاگەیەنم، کە ژمارەیەک نیشانەی ڕێزمانی و زمانەوانی لە فەرهەنگەکەدا دانراون، لەچەند ڕۆژێکی دیکەدا ئەوانیشتان بە خشتەیەک بۆ دادەنێم. هیوادارم لە ڕەخنە و سەرنج و هاوکاریتان بێبەشم نەکەن.

 

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی – کاوە