پەندی پێشینان ٩

بەڕێزان ئەڤیندارانی فۆلکلۆری کوردی

ئەوکاتەتان باش،

لەسەرەتای ساڵی زایینیدا ئەوە بە قەرتاڵەیەکی دیکە لەبەری باخی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ هاتمەوە سەردانتان:

ئەڵێی/دەڵێی بەداری لەسەریان داوە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی جگی سواوە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی جگەگورگی پێیە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی چاکی پیرپەڕۆیە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی چەقەیە پێتەوە دەنووسێ – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی چەقەی بەڕەکۆنە – کاوە.

ئەڵێی حەمامی ژنانە،

ئەڵیێی حوشتری ناو پەمۆیە.

ئەڵێی خەرەنگەزی بن کلکی گایە.

ئەڵێی خۆڵی مردووی بەسەرا بێژراوە.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی خۆڵی مردووی بەسەردا دابێژراوە – کاوە.

ئەڵێی خوریی خواردووە و پەتک ئەڕی.

ئەڵێی/دەڵێی داردۆژەنگە – کاوە.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی داریان لەسەری داوە – کاوە.

ئەڵێی داری واوەیلایە.

ئەڵێی دڕکی مەم و زینانە.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی دڕووی مەم و زینانە – کاوە.

ئەڵێی دۆمی خەڵات کراوە.

ئەڵێی/دەڵێی دە زاری(دەمی) یەک تفیون – کاوە.

ئەڵیی دیزەی ڕەشە.

ئەڵێی ڕۆنی ورچ (سەگ) ئەدەن لەلەشی.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی ڕۆنی سەی(سەگی) دەقالبی دەدەن – کاوە.

ئەڵێی ڕێویی گەزیزان خواردووە.

ئەڵێی/دەڵێی ڕێوییە خۆی مراندووە – کاوە.

ئەڵێی سای مەل لێیداوە.

ئەڵێی سەگی پێ سووتاوە.

ئەڵێی سەگی عەرەبییە چغە نازانێ.

ئەڵێی سەگی هەڵەپاسە.

ئەڵێی/دەڵێی سەندەڵقۆیە، خۆدەهەموو شتێکی هەڵدەقوتێنێ – کاوە.

ئەڵیی سەیفندەی بەڕۆژەیە و گووی بەسەر دوو پەلی دارەوە کردووە.

ئەڵێی سێوێکن کراون بە دوو کەرتەوە.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی سێوێکن دوولەت کراون – کاوە.

ئەڵێی شەخسە پەڕۆیە.

ئەڵێی شەڕواڵبەکۆڵی خواردووە.

ئەڵێی شەکی شوانان گاوە.

ئەڵێی شەلاقەی باڵ شکاوە.

ئەڵێی شەیتان تفی کردۆتە دەمی.

ئەڵێی شەیتان دەرسی داوە.

ئەڵێی شێتە و بۆ بەرد ئەگەڕێ.

ئەڵێی عیسا گرتوویەتی و مووسا تێی ئاخنیوە.

ئەڵێی فاتەی سوورەبانە.

ئەڵێی قەل و بەچکە قەلەکەن، تفاندوویانەتە دەمی یەک.

ئەڵێی قەندی دەم بەرەوژوورە.

ئەڵێی/دەڵێی قیسپیان تێبڕیوە – کاوە.

ئەڵێی کاسەی چەورە.

ئەڵێی کتکە نەوتینەیە.

ئەڵێی/دەڵێی کەرە جەنەی گرتووە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی کەرە دەقوڕێ چەقیوە – کاوە.

ئەڵێی کەری دەروێشە، سەر بەهەموو ماڵێکا ئەکا.

ئەڵێی کەری گوو شل خواردووە.

ئەڵێی کەشکی ئاوەسووە.

ئەڵێی/دەڵێی کەڵەبابی بێ وادەیە – کاوە.

ئەڵێی کەڵەشێری بڵقاسمە.

ئەڵێی کەڵەشێری سەر بارەدارە.

ئەڵێی کەڵەشێری کلک هەڵکێشراوە.

ئەڵێی کەڵەشێری ناوەختە.

ئەڵێی کەندووی بەتاڵە.

ئەڵێی کەندووی نەزان کردووە.

ئەڵێی کەوی بنێشتەتاڵ خواردووە.

ئەڵێی/دەڵێی کەوی کوڕادە خواردووە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی کەچەڵ و قووندەرن – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی کەری نێوجۆگەیە، لەهەردووک لایان دەلەوەڕێ – کاوە.

ئەڵێی کچەجافیان بۆ دابەزاندووە.

ئەڵێی/دەڵێی گۆچانی قووتداوە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی لەپەیە دەهەموو شۆرباوێکیدایە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی لەسەر ئاورانە – کاوە.

ئەڵێی/دەڵێی لەکونە تفنکی شەیتانی هاتۆتەدەرێ (دەرپەڕیوە) – کاوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *