پەندی پێشینان ٨

بەڕێزان ئەوەش لۆچێک دیکە لە پەندی پێشینانی مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ

ئەلف لەیلە ئەخوێنێ.

ئەڵێ ژاڵە بۆ وا تاڵیت؟ ئەڵێ: لەبەر برامردن. گوڵت بۆ واجوانە؟ لەبەر دۆست و دوژمن.

ئەڵێ مامە گونت بەچەندە؟ ئەڵێ بە سەنگ و بەتەرازوو.

ئەڵێن/دەڵێن خەڵکی کوێی؟ ئەڵێ/دەڵێ هێشتا ژنم نەهێناوە – کاوە.

ئەڵێن خزمت کێیە؟ ئەڵێ هێشتا ژنم نەهێناوە – ڕاستم کردۆتەوە – کاوە، ئەسڵەکەی ئاوا نووسراوە: ئەڵێن خزمت کێیە؟ ئەڵێ: ئەڵێ ژنم نەهێناوە.

ئەلێ نێرە، ئەڵێ بیدۆشە.

ئەڵێی ئاشی ئاوکەوتووە.

ئاواشی دەڵێن: ئەڵێی/دەڵێی ئاشی ئاو لێبڕاوە – کاوە.

ئەڵێی ئاگری بن کایە.

ئەڵێی ئاڵەت کراوەتە قنگی.

ئەڵێی ئاو لایداوە.

ئەڵێی ئەسپی بۆ زین کراوە.

ئەڵێی ئەسپێی کراسی کۆنە.

ئەڵێی بازاڕی شێخ هەمزەیە.

ئەڵێی بەدەم دایناوە.

ئەڵێی/دەڵێی بە زاری دایناوە – کاوە.

ئەڵێی بە دوو نق و نیو دیویەتی.

ئەڵێی بەسەربانی جەهەننەمەوە لەوەڕێوە.

ئەڵێی بەردی ئاوەسووە.

ئەڵێی بەردی بن گۆمە.

ئەڵێی بەرزەکی بانانە.

ئەڵێی بەڕووی لەدەما تەقیوە،

ئەڵێی بۆ ئاگر هاتوویت.

ئەڵێی بووکەبارانێیە.

ئەڵێی پەشتەماڵی حەمامە، هەردەمەی بەبەر یەکێکەوەیە.

ئەڵێی پشیلەی چاونەپشکووتووە، ماڵەوماڵی پێ ئەکەن.

ئەڵێی/دەڵێی پشیلەی ڕەجەبە شێتییە، گەڕەکە ماڵێکی بەخۆیەوە دەسووتێنێ – کاوە.

ئەڵێی پشیلەی کەللەخانەیە.

ئەڵێی پیرێژنی دۆ (لێ) ڕژاوە.

ئەڵێی تەرازووی بەن پچڕاوە.

ئەڵێی تەرسەقولێکن و کراون بە دوو کەرتەوە.

ئەڵەی تەڵای دەستەوشار و گەنجی باوەی دۆزیوەتەوە.

ئەڵێی تێڵای قووتداوە.

ئەڵێی جاشی ماکەرێکن.

ئەڵێی جاو ئەنێتەوە.

ئەڵێی/دەڵێی جاوی ڕادێڵێ – کاوە.

ئەڵێی جن پیا تسیوە.

ئەڵێی جن گۆڕیویەتی.

ئەڵێی جیوەی تێکراوە.

ئەڵێی/دەڵێی جیوەی دەقوونی کراوە – کاوە.

ئەڵێی چالەکەیە، تالێی دەیت قەڵەو ئەبێ.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *