پەندی پێشینان ٥

سەردانکارانی خۆشەویست و هۆگری فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردی

ئەوکاتەتان باش

ئەوەش چەپکە گوڵێکی جوان لە باخی پەندی پێشینانی شێخ محەممەدی خاڵ

ئاوێنە ئەگرن بەدەمیەوە.

ئاوێنە ئەگرنەڕووی.

ئەتەرومەتەر، یەک لە یەک بەتەر.

ئەچمەباوان تەکۆدەرم، خەمی دنیا ئەکەوێتەبەرم.

ئەچمە جێیەک گۆشت بکڕم، نەک دەردێ بگرم، پێی بمرم.

ئەچمەشارێ کەس نەمناسێ، خۆم هەڵکێشم پڕ بە کراسێ.

ئەچێ بەپاتا، دڕکە، ئێژی وەی، خاسە، پەرژینی باخی پێ ئەکەی.

ئەدابەلای مارا کلکی ئەقرتێنێ.

ئەدا لەئاو، قولی تەڕنابێ.

ئەرتۆمەنی، من دوومەنم، بێجگە لە گورز و کەمەنم.

ئەرز وەک چەرمی گا وایە.

ئەزانی کەری خۆی چەن مەن بارئەکا.

ئەزم، هەڵئەبەزم.

ئەسپ بەڕاکردن، ئالیکی خۆی زیاد ئەکا.

ئەسپ پێیەکی ڕەنجە، پێیەکی گەنجە.

ئەسپ لەژێرکورتان، کەر لەژێر زین،

ئەسپ و ئێستر لەقە لەیەک نادەن،

ئەسپ و زین، کەر و قەڕازە،

ئەسپ و ماین ناڵ ئەکران، قرژاڵ و کیسەڵ لاقیان هەڵئەبڕی، ئەیانوت ئێمەش.

ئەسپیان ناڵ ئەکرد، کەریش پێی هەڵئەبڕی، وتی منیش.

ئەسپێ ئەکوژن لەدەوری، لەباتی کوللێرەچەوری.

ئەسپی پێشکێشی، تەماشای ددانی ناوێ – کاوە.

ئەسپی چاک ئاوزەنگی ناوێ.

ئەسپی چاک خۆی ئالیک بۆ خۆی زیادئەکا.

ئەسپی چاک شووڵێکی بەسە.

ئەسپی خەڵاتی، کەس تەماشای دەم و ددانی ناکا.

ئەسپی شێ، یا ئەفڕێ، یا ئەتڕێ.

ئەسپێک بە چل ساڵ تەعلیم بدرێ، بۆ مەیدانی قیامەت بەکاردێ.

ئەسپێکی لەڕ، لەتەویلەیەکی پڕ لەکەر چاترە.

ئەسپێ لەباخەڵیا، سەوزەڵەگیانم ئەڵێ.

ئەستێرە هەرچەند پڕشنگداربێ، بەمانگ نابێ.

ئەشوەڕێ و ئەشتڕێ.

ئەشی خورێ و ئەشی یەشێ.

ئەگەر ئاو نەبڕێ و ئاش نەکڕێ، هەرکەسە کوللێرەیەکی پێ ئەبڕێ.

ئەگەر ئەیبوو ئاقڵ و فامی، یەکێ بەخاسی ئەیبرد نامی.

ئەگەر ئەتەوێ عەقڵت ساواکەیت، لەگەڵ گەوران شەڕ و دەعواکەیت.

ئەگەر ئەزانی لایەلایە بکەیت، بۆ ئەگریت.

ئەگەر ئەمدەیتێ مەدح و سەنایە، ئەگەر نامدەیتێ چەکوش و فەنایە.

ئەگەر بایە و ئەگەر بۆرانە، بۆ بەفر زیانە.

ئەگەر بەدبەختی هات، پیاو لەسەر پشتی وشترێ، سەگ دەیگرێ – کاوە.

ئەگەر بەدووعا ئەبوو، پشکل بەخورما ئەبوو.

ئەگەر بەماڵی، بە مام و خاڵی، ئەگەر بێ ماڵی، بە بەیتولماڵی.

ئەگەر بەد نیت، مەبە بە یاری بەد.

ئەگەر برا شوانە، خوشک هەر چاوەڕوانە.

ئەگەر بزن ئەجەلی هات، تێشووی شوانی دەخوات – کاوە.

ئەگەر بزن هاتە مردن، چوقووکێش زۆر ئەبن.

ئەگەر پشیلە لەماڵ نەبێ، مشکان تلیلییانە.

ئەگەر پیاوەتی بە شۆخ و شەنگی بوایە، بووک سواری زاوا ئەبوو.

ئەگەر پێنجین، ئەگەر شەشین، هەموو غولامی دیزە ڕەشین.

ئەگەر تۆ نەبیت بەیارم، خوا ئەسازێنێ کارم.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *