ئاریایی – ڕەگەزێکی ساختەیە

بەڕێزانی هاوڕێم لە فەرهەنگ و مێژووی کورددا

ئەوکاتە و هەمووکاتێکتان باش،

بمبوورن ماوەیەکە بەهۆی سەرقاڵیی ژیان و یەکتەنی لە ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕەکەم (فەرهەنگ و مێژووی کاوە)دا بێدەنگ ماومەتەوە. دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەو بێدەنگییەم لە دەروونمدا ئەوپەڕی هاوار و جۆڵانەوە و هەڵاتهەڵاتی تێدایە. کە دەبینم ناتوانم هەموو ڕۆژێ شتێکی تازەتان بۆ بکەمە دیاری، کزەم لەجەرگی دێ، بەڵام دڵنیابن کە بەردەوام لە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و توێژینەوەدام بۆ ئەوەی بتوانم بابەتی بەنرختر و دروستتر و بەکەلکترتان پێشکەش کەم. وەک دەزانن مێژوو و فەرهەنگەکەمان ئەوەندە شێوێندراوە کە چاکردنەوە و ساغکردنەوەی کارێکی یەگجار گران و پڕکوێرەوەرییە. بەداخەوە پەنا بۆ سیبەری هەر دارێک دەبەم، لکوپۆپی بوونەتە مەکۆی داعبای زەڕندە و لاپەڕەی هەر کتێبێک هەڵدەدەمەوە – تەنانەت ئی کوردەکانیش – دنیایەک شتی بەدوور لەڕاستیی لەسەر مێژووەکەماندا تێدا بەدی دەکەم. شتی وایان تێدا دەبینم، کە تەنانەت نەیارانی گەلەکەمان لە کوتنی خۆ دەپارێزن. هەر ئەوڕۆچاوم بە کتێبێکی کوردیدا گێڕا و ڕاست کەوتمە سەر ناوی پادشایانی ماد لە زمانی هێرۆدۆتەوە. نووسەر ئاوای ناوی ئیختووێگی دوایین پادشای ماد بردبوو: ئاستیاگ = ئاژیدەهاک. بەداخەوە زۆرجار لەسەر فەیسبووکیش تووشی هەڵەی ئاوا گەورە دەبم و وەڵامیشیان دەدەمەوە، بەڵام کوا سەلماندن و بەلای ڕاستیدا ڕۆیشتن؟

ئەو لێکدانەوەی ناوی ئیختوویگۆ بە ئاژیدەهاکی خوێنمژ تەنیا لە وێک چواندنی ناوە بەیۆنانی کراوەکەی ئیختۆویگۆ (ئاستیاگ) و ئاژیدەهاکی ئاوێستاوە بۆتە باو. مێژوونووسە فارسەکان کە گەورەترین دوژمنایەتییان لەگەڵ ئەو دوایین پادشایەی ماد هەیە، تا پێش کۆماری ئیسلامی ئەو پادشایەیان وەک خۆی بە (ئیختووگو) ناو بردووە و من لە دەرسی مێژوودا لە قوتابخانەکانی ئێرانی سەردەمی شادا هەر ئاوام دیوە، نووسراوەکانی ئاکەدی بە (ئیشتومیگو Iš-tu-me-gu) ناویان هێناوە. ئەو ناوە بە (ئیشتوویگو) یا وەک لەسەرەوە باسمان کرد بە (ئیختوویگو) لە ناوەکەی بەپارسیی کۆن (ریشتی وەیگە) ڕا هاتووە، کە بەواتای (نێزەگێڕ)ە. لە هیچ سەرچاوەیەکی کۆنی مێژووییدا ئەو پادشایەی ماد بە ئاژیدەهاک ناو نەبراوە، کەچی کوردان ئەو تێکدانەیان کردۆتە بنێشتەخۆشکە و دەیڵێن و دەیڵێنەوە.

بەداخەوە وەک دەبینم کوردان لەسەر مێژووی زەردەشتیش لە تێکداندا تەنانەت وەپێش فارسەکان کەوتوونەوە و…

جارێ بەوەندە داخ هەڵڕشتنە، لێتان دەگەڕێم و دەچمەوە سەر بابەتی سەرەکیم. ماوەیەک پێش ئێستا بابەتێکم لە پەیجەکانم لەسەر ساختەبوونی ڕەگەزی ئاریا بڵاو کردەوە، ئێستا ئەوبابەتەم بە هێندێک بەڵگەی مێژوویی دەوڵەمەندتر کردووە و بەpdf لە کتێبخانەی ئەوماڵپەڕەدا بۆم داناون، دەتوانن دایبەزێنن. هەروەها لەو دوییانەدا کتێبی پەندی پێشینانی شێخ محەممەدی خاڵم لە کتێبخانەکەمدا کەوتە بەرچاو، کە خستمییە سەر ئەو بیرە کە هەرجارەی بەشێک لە پەندەکانی لەگەڵ ئەوانەی بۆخۆشم دێنەوە یادم تێکەڵ کەم و لەسەر ماڵپەڕەکەمدا لە بەشی فۆلکلۆردا دایان نێم.

هیوادارم بتوانم خزمەتێکتان پێشکەش بکەم کە شایانی فەرهەنگ و مێژووی گەلەکەمان بێ و ئێوەش لە دەوڵەمەندترکردنیدا هاندەر و هاریکارم بن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *