زیندەبەچاڵ

خوێنەرانی هێژا

ژنان هەڵگری دووقاتی  ژانی ژیانن جا لە هەر کۆمەڵگایەک یا هەر شوێنێکی ئەو جیهانە لە پێشەوتووترین وڵاتان ڕا بگرە تا دەگاتە دواکەوتووترین وڵاتانی جیهان لە ئافریقا و ئاسیا و… دەڵێم دووقات، چونکە لەلایەکەوە دەبێ شەریکی ژیانی پیاو بن، یا بە بەڕێوەبردنی ماڵ، کاتێک پیاو لەدەرەوە خەریکی دابینکردنی هەزینەی ژیانە و یا هاوکاری کردنی پیاو لە دابین کردنی بژیودا و سەرەڕای ئەوەش لە زۆرینەی وڵاتان دا جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵیش. لەهێندێک بنەماڵەی پێشکەوتوودا دیومە پیاویش تاڕادەیەک لەئەرکی ماڵدا هاوکاریی هاوسەرەکەی کردووە، بەڵام لەو حاڵەتە بەکەمی دیتراوشدا دیسان هەر باری زۆرتر ژن هەڵی دەگرێ. ئەوە تەنیا ڕوویەکی یا قاتێکی ئەرکی زنە لە ژیاندا. بەڵام قاتی دووهەمی تەنیا لەئەستۆی خۆیەتی. ئەو بەشەی ئەرک و ئازاری ژن یا لە سروشتەکەیەوە سەرچاوە وەردەگرێ، وەک ئەرکی دایکایەتی و زان و ژانی منداڵبوون و…. یا ئەو ستەم و ئازارانەی لەکۆمەڵگای پیاوسالاریدا بەئەستۆیدادێن و بەپێی پێوانەکانی نەریتی و هزریی کۆمەڵگا و سەرەڕای ئەوانەش هەڵسوکەوت و شێوەی بیرکردنەوەی پیاو لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنان لە شوێنێک ڕا بۆ شوێنێک و لە کۆمەڵێک ڕا بۆ کومەڵێکی دیکە و تەنانەت لەماڵێک یا بنەماڵەیەک ڕا بۆبنەماڵەیەک دەگٶڕێن. بێڕێزی، بەکەم گرتن، لێدان و…. نەک هەر لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، بەڵکوو لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا زۆر دەکەونە بەرچاو. بەداخێکی گرانەوە ئەو دۆخە لە وڵاتانی ئافریقایی و ئاسیاییدا شێوەی کارەساتی بەخۆیەوە گرتووە. یەکێک لە هەرە خراپترین و جەرگبڕترینی ئەو ستەمانە دابێکی ناحەزە کە لەدوای ئیسلامەوە لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا باوی سەندووە، ئەویش ژن بە ژنەیە. واتە سەوداکردن بە ژن. واتە پێک گۆڕینەوەی مێیینەی مرۆڤ بۆ هاوسەرگیری. ئەودابە تا پێش هاتنە سەرکاری کۆماریی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریک بوو وردەوردە وەلادەنرا، بەڵام بەداخەوە دوای زاڵبوونی ئەو ڕێژیمە زیاتر پەرەی ئەستاندۆتەوە و ئێستاش زۆر هەواڵی پڕکارەساتی لەسەر دەبیسترێ. ئەو دابە نامرۆڤانەیە لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان بەداخەوە هەر ماوە، بەڵام من زۆرتر ئاگاداریم لەو بابەتە هەر لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لەسەر ئەو بابەتە چیرۆکێکم چەند ساڵ پێش ئێستا نووسیوە کە لە ژێر سەردێڕی (زیندەبەچاڵ) لەگۆڤاری هەوار لە ئوستەرالیادا بڵاوم کردەوە. ئێستا بە داخەوە ئەودۆخە، وەک ئاماژەم پێکرد هەر وەک خۆی ماوە، بۆیە بڕیارم دا بیخەمەوە بەر چاوی وردبینی سەردانکارانی ماڵپەڕی فەرهەنگ و مێژووی کاوە. ئەو بابەتە دەتوانن بە پی.دی.ئێف لە کتێبخانەی ماڵپەڕەکەمان دابەزێنن. ئەوە ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە و من تەنیا بەشێوەی جیرۆک ڕێکم خستووە و بۆ حورمەتی بنەماڵەکانیش ناوەکانم گۆڕیون.

Leave a Comment