ئەفسانەکانی ئاڤێستا و پەیوەندییان بە مێژووی کوردەوە

بەڕێزان و خۆشەویستانی هۆگری مێژووی کورد 

ماوەیەکە بەهۆی سەرقاڵی و کێشەی ژیان نەمتوانیوە بابەتێکتان پێشکێش کەم، بەداوای لێبووردنەوە، ئێستا بابەتێکم بۆ ئامادە کردوون، هیوادارم چێژی لێوەرگرن.

بێگومان ئەفسانەو چیڕۆکی کۆن دەتوانن نوێنەری هێندێک ڕووداوی ڕاستەقینە بن کە لە کۆنەوە کەوتوونە سەرزارو زمانان، یا باشتر بڵێین لەبەر کەم بوونی باری خوێندەواری‌و بەسێنەیی نەگونجانی نووسین، ڕووداوەکانی گرنگی پەیوەندیدار بە گەلان بەشێوەی چیڕۆک‌و ئەفسانە دەرهاتوون‌و سینگ بە سینگ گوتراونەوە و ئاوا بۆ زانینی داهاتووان ڕاگیراون. ئەو چیڕۆکانه،‌ نەوەبەنەوە ‌‌و زاربەزار شتیان پێوە زیاد کراوە. لەو بوارەدا خەڵک حەزو ئاواتەکانی خۆشیان تێکەڵاو کردوون ‌‌و قارەمانانی چیڕۆکەکانیان بەپێی ئەو حەزو ئاواتانە داڕشتوونەوە‌‌و سیمای خۆشەویستی‌ و ناخۆشەویستیی خۆیانیان بەپێی‌دەوری‌چاک‌ یا خراپی پاڵەوان لەداستانەکەدا پێ‌‌بەخشیون، بەڵام جەو‌هەروچوارچێوەی ڕاستەقینەی ڕووداوە‌کان نەسڕاونەوە. کوردستان ڕابردوویەکی زۆرکۆنی شارستانییەت و نیشتەجێیی هەیە. پێشینەی زیاتر لە ١٢٠٠٠ساڵ کشتوکاڵ، شاری ١٠٠٠٠ساڵەی دۆزراوە لە ژێرزەوی، کانگا بوونی سەرزەمینەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی زمانی هیندو ئوڕوپایی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و…، ئەوانە هەمووی سەرچاوەی بەهێز و دەوڵەمەند بوونە بۆ سازبوونی ئەو چەشنە ئەفسانانە. کوردەکان هەر لە کۆنەوە مێژووی خۆیان زاربەزار بە بەیت گێڕاوەتەوە‌و بۆ داهاتووانیان پاراستووە. ئەفسانەی گیلگامێش، تۆفانی نووح، نەمروود و ئەفسانەکانی ئاڤێستا و …. لەکوردستان هاتوونە دنیا و بوونەتە بەیت و بەسەرهات بۆ نەوەی ئەوڕۆمان. گەلان هەموو شانازی بەو چدەشنە کەلەپوورانەیانەوە دەکەن و تەنانەت بۆ خوڵقاندنی شانازیی زیاتری مێژوویی بۆخۆیان و ڕاکێشانی هەست‌ و سۆزی زیاتری ڕۆڵەکانیان بەرەو ئەڤینی نیشتمان و سەربەخۆییخوازی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆ، لە دزینی کەلەپووری گەلانی دیکەش سڵیان نەکردووە، بەڵام ئێمەی کورد بەهۆی بندەستەیی و نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان نەپەرژاوینە سەر ئەو بابەتە و تەنانەت ئەگەر بزاوێکیشمان لەو بوارەدا هەبووبێ، زۆرتر لاساکردنەوەی داگیرکەران و کوتنەوەی بابەتە بەلاڕێدا براو و تێکدراوەکانی خۆمان بەدەستی ئەوان بووە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان و بەوردی نەچووینە بنج و بناوانی شتەکان.

سروودەکانی زەردەشت، بەشێکن لەو بەیتانە کە زۆر شتمان لەسەر ڕابردووی گەلەکەمان بەهەموو بارەکانیدا بۆ بەیان دەکەن. ئەو سروودانە هەر لەکۆنەوە دەستی دزانی مێژوویان وێڕا گەیشتووە و بۆخۆمانیش خۆ خاوەنی هیچی خۆمان نەبووین تا بیان پارێزین. دەڵێن ئەسکەندەری‌مەقدوونی ئاوێستای‌سووتاند، بەڵام خۆ دەبوو لانی‌کەم زانایانی ئایینی زاربەزاریش بێ بەیتەکانییان بۆ ئێمه ‌هێشتبێتەوە. ئەدی‌‌چۆنە بەسەرهاتەکانی بەبەیتیش بۆ ئێستا نەماونەوەو لەبیربراونەوه؟ بێگومان بەشێک لەوبەیتانە تا زەمانی ئەشکانی‌و ساسانییان‌مابوونەوە، چونکە ئەوان یەشتەکانیان لەوبەیتانەڕا زیندووکردوونەوه. هەرچەند ئەوانیش بەداخەوە بەئارەزووی خۆیان دەستیان‌تێوەرداون‌و تەنانەت زۆر لە ناوو شوێنەکانیشیان گۆڕیون، بەڵام ئاوا بە دەست تێوەردراوی‌و نیوەچڵیش ماکی شتەکان هەر مابوونەوەو دەکرا هێندێکی هەر بەئێمە بگات.

زەردەشت و ئاڤێستا پەیوەندییەکی حاشاهەڵنەگریان لەگەڵ مێژووی کۆنی کورد دا هەیە. گومان لەوەدا نییە کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی کوردستان لەکاتی پێکهاتنی ئیمپەراتۆرییەتی ماد و تەنانەت زۆر دواتریش لەسە ئوولی میترایی بوون، بەڵام، زۆر بەڵگەی مێژوویی ئەوەمان پێ دەسەلمێنن کە لەسەردەمی مادەکاندا، دینی زەردەشتی (مەزدیەسنی) لەنێو وڵاتی سەرەکیی ماددا بڕەوی هەبووە. کەسی وا بەدەگمەن وەگیردەکەون کە باسی مێژووی کۆنی گەلەکەمانی کردبێ و ناوێکی لە زەردەشتیش تێدا نەهێنابێ یا یەکێک لە کەسایەتییەکانی (بە چاک یا خراپ)  بە کەسێکی ناو ئەفسانەکانی ئاڤێستا نەشوبهاندبێ. یەک کوورۆشی وێرانکەری ماڵی کوردمان لێ دەکاتە کەیخەسرەو، ئەوی دیکە کاوەمان لێ دەکاتە خراپەکار، ئەوی دیکەش هەرچەندە هەزار بەڵگەی مێژووییشی بۆ بێنییەوە، هێشتا وەک بۆخۆی لە خزمەت هارپاکە لەشەڕدا بەشداربووبێ، سەت سوێند و قورحانت بۆدەخوا کە ئاژیدەهاک ئیختوویگۆی ماد بووە. سەیر ئەوەیە زۆر لەو کەسانە کوردیشن و خۆ بە مێژوونووسیش دەزانن و ئەو تێکدانانەی دوژمنان بەبێ گومان و لێکۆڵینەوەی باش وەردەگرن. سەیرتریش ئەوەیە ئەوانە ئاستیاکیان لە یۆنانییان بیستووە، .کردوویانەتە ئاژدەهاک، بەبێ ئەوەی بیر لە گونجانەکەی بکەنەوە

– ئاژیدەهاکێک لە ئەفسانەکانی ئاڤێستا وەرگیرابێ، تەنانەت ئەگەر باوەڕی هەڵەی لەبناخەدا لەسەر نووسراوە دینییەکانی سەردەمی ساسانی و ئەشکانی دانراوی مێژووی داب پارێزانەش قبووڵ کەین، هێشتا بە پێی ناوەرۆکی ئاڤێستای سەرچاوەی ئەو ئەفسانانە دوای کوژرانی ئاژدەهاک، ١- فەرەیدوون، ٢– مه‌نووچێهر، ٣- نه‌وزه‌ر، ٤–  زاب یا زوو، ٥- گه‌رشاسپ، ٦- که‌یقوباد، ٧- که‌یکاووس، ٨- سیاووش، ٩– کەیخەسرەو، ١٠- لوهراسب، ١١- گەشتاسب (ویشتاسب) پادشایەتییان کردووە، ئەوان گەشتاسبی باپیری کوورۆش دەکەنە ئەو گەشتاسبەی ئاوێستا و داڵدەدەری زەردەشت، کە ئەوە، بەو حیسابەی کە لەنێوان ئاژیدەهاک و گەشتاسبدا ١٠ پادشای دیکە هەبوون. ئەو هەموو پادشایە لەسەریەک ماوەیەکی دوورودرێژ پادشایەتییان کردووە، بە چ ئاوەز و لێکدانەوەیەک دەگونجێ ئەو زەححاکە گەیشتبێتە سەردەمی باپیری کوورۆش و بووبێ بە دوایین پادشای ماد؟  

 – تەنانەت مێژوونووسانی فارسیش زەححاک(ئاژیدەهاک) دەکەنە عەرەب و نایکەنە پادشای ماد، ئەوەندەی من بیسبم یەکەم کەس لە مێژوونووسانی فارس کە ئیختوویگۆی کردبێ بە ئاژدەهاک، ئەحمەدی کەسرەوی بووە، کە تورکێکی دژەکوردی زۆر دەمارگرژ و لەفارسان فارستر بووه.

–  ناوی دوایین پادشای ماد:

١-  لە بەڵگەنامە یۆنانییەوکاندا لەلایەن هێرۆدۆتەوە بە Astuágēs) ئاستیوواگێس یا ئاستیاگێس Astyages) هاتووە، ئیختوویگۆ لەلایەن کتێسیاسەوە بە (ئاستیوویگەس Astuígas یا ئاستیوویگاس Astuigâs ناو هێنراوە، ئوڕووپایی‌یەکان لە زمانی هێرۆدۆتەوە پێی دەڵێن (ئاستیاگ Astyag).

٢- لە نووسراوەکانی بابلیدا بە (ئیشتوومێگوو Iš-tu-me-gu ) و لەبەردەنووسەکانی تەختی جەمشید دا بەزمانی ئیلامیی بە (ئیشتی/ئیرئیشتی مەن کە Iš-ti-/Ir-iš-ti-man-ka ) هاتووە، کە وادەزانرێ لە وشەی (رشتی ڤەیگە Ṛšti-vaiga)ی پارسیی کۆن ڕا هاتبێ (کە بە نێزە گێڕ ماناکراوەتەوە)، و ناوە یۆنانییەکەشی هەر گۆڕاوی وشە پارسییەکەیە. ئەو زاوای کرێزۆسی پادشای لیدیش بوو، بەڵام لە هیچکام لەو نووسراوە مێژووییەکۆنانەدا ناوی بە ئاژدەهاک یا ئاژیدەهاک نەهاتووە.

 – ئیختوویگووی پادشای ماد زەردەشتی بووە، باب و باپیریشی هەر زەردەشتی بوون، بۆیەش سپیتامەی زاوای کردۆتە جێنشینی خۆی، کە موغێکی زەردەشتی بووە. وێنەی فرەوەهر و چەند نووسراوەی دیکەش لەسەر گۆڕی پادشای ماد لە قیزقەپانی لای سلێمانی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کەوابوو هیچ زەردەشتییەک ناوی خوێنمژێکی وەک ئاژیدەهاک لە کوڕەکەی نانێ.

من ماوەیەکی دوور و درێژە بەدوای ڕوونکردنەوەی بابەتی زەردەشت و ئاوێستادا دەگەڕێم، لەوبوارەشدا بە ئاکامی باش گەیشتووم و لە باسی زەردەشتدا بەڕوونی باسی دەکەم، لە بەشێکی ئەو باسەمدا بابەتێکم لەسەر (ئەفسانەکانی ئاڤێستا و پەیوەندییان بە کوردستانەوە) بۆتان بە pdf داناوە کە بە دەتوانن لە کتێبخانەی ماڵپەڕەکەمان دایبەزێن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *