کوردوعەجەم

مێژووی گەلانی جیهان زۆر هەورازو نشێو، کارەسات، داگیرکاری، تێشکان و سەرکەوتنی بەخۆوەدیون ، بەڵام زۆرینەی ئەوگەلانە لەڕۆژگاری ئەوإڕۆدا توانیویانە لانی کەم دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزرێنن و ببنە خاوەنی چوارچێوەی وڵاتێکی دیاریکراو، بەو تایبەتمەندی و پێناسەیەوە کە بتوانن بە خەڵکی بڵێن ئەوە ئێمەین. ئەوان لەسەر نەخشەی جیهان، جێگایەکیان هەیە کە بە خەڵک بڵێن ئەوە شوێنمانە، ناوێکی تۆمارکراویان لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەیە کە لێیان پرسین، بڵێن بەوە ناسراوین، نوێنەرێکیان هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ئەگەر کەسێک قامکی بۆ وڵاتەکەیان ڕاداشت هاواریان بۆ بکاو کەسیان بۆ پەیداکا کە لەسەریان وەجواب بێ و پێش بە دەستدرێژیی بێگانە بگرێ. هەرچۆنێک بێ، هەست بە بوونیان دەکرێ، ڕێز لەبوونیان دەگیرێ و ئەگەر سامانی خۆیان هەرزانفرۆش کەن، بەنیوە قیمەت یا کەمتریش، بەڵام هەر ئەوەندەی کە بۆیان دەمێنێتەوە ئی خۆیانە، خوێندنیان بە زمانی دایکییانە، لە فەرمانگەکان بە زمانی خۆیان کارەکانیان ڕایی دەکەن، لە دادگا بەزمانی زگماکی پرسیاریان لێدەکرێ و وەڵام دەدەنەوە و…. و…. و…، بەڵام ئێمەی کورد بابزانین لەکوێندەرێی ئەو هاوکێشەیەی ژیانداین؟

هاوکێشە؟ خۆ بۆئێمە دروست نەکراوە، بٶئێمە هەر کێشەکەی ماوەتەوە. زمان؟ خۆ ئەوەنییە لە وڵاتانی عەرەبیدا عەرەبین و لە تورکیادا بەتورکی کێوی ناسراوین و لە ئێرانیشدا خۆ لەهەموو ئێرانییان ئێرانیترین و زمانەکەشمان بن زاراوەیەکە لە زمانی ڕەسەنی ئێرانی واتە فارسی؟ ئەوە نییە هوموو داگیرکەران بە ئی خۆیانمان دەزانن؟ ئیدی چمان دەوێ؟

لەدەرەوە کە لێمان دەپرسن، کێی دەڵێین کورد، دەپرسن تورک؟ تاجیک؟ فارس؟ ئوزبەک؟ کە دەڵێین نا، ئەوجار بۆیان ساغ نابێتەوە، باشە دەتوانن لەسەر نەخشەی جیهان شوێنی خۆتانمان پێ نیشاندەن؟ جاوەرە وەڵام بدەوە. لەوێشدا خۆ جێمان نییە، ئەدی لەکوێین!؟ سامانما بۆ بەدبەختی زۆرە، زێڕی زەردمان هەیە، زێڕی ڕەشیشمان هەیە، لە خاکەکەی خۆمان دەریان دێنن، لە کان و پاڵاوگەکاندا کرێکار و ئەندازیار، بەشی هەرە زۆریان فارس و تورک و عەرەبن و لەلاوە و لەدەرەوەی کوردستان ڕا هاتوون. لەبیرمە دەوری لە ١٩٦٨تازە دواناوەندیم تەواو کردبوو، لە پیرانشاری زێدم لەمێژ بوو سێ پادگانی گەورەی سەربازییان سازکردبوو، تەنیا خێرێک کە ڕێژیمی شا پێی کردین، سازکردنی کارخانەیەکی قەند بوو. بەوەش زۆر دڵخۆش بووین. من ٣ مانگم مابوو بمبەنە سەربازی، بۆ ئەوەی بێکار نەبم لەلای پەیمانکارێکی وێ بۆ کاری ئیداری و کۆنترۆڵی کارگا بەهۆی برادەرێکەوە دامەزرام. بەشی هەرەزۆری کرێکارەکان تورک بوون و لەدەرەوەی کوردستان ڕا هێنابوویانن. کەچی خەڵکێکی زۆری ناوچەی خۆمان بێکار بوون. من چوومە سەربازی و دوایەش لە کارێکی میریدا دامەزرام. کە پرسیارم لە دۆخی کارخانەکە کرد، کوتیان ئێستاش لەبەر تورکی میاندواو کار زۆر کەم وەبەر کورد دەکەوێ. کاری میریشم بەجێهێشت و کەوتمە کێوان، لە پیرانشار کانگەلێکی زۆری باشترین بەردی مەڕمەڕ و گرانیت دۆزرابوونەوە، بەڵام تەنیا دەرێنانی کەرستە خاوەکە لە کوردستان دەکرا، بێگومان ئەویش چونکە میری کێوەکانی بە کانەوە بۆ نەدەگوێزرانەوە عەجەمستان، دەنا هەموو بەردەکان بە ماشێن ڕادەگوێزرانە شارەکانی دەرەوەی کوردستان و بڕین و کار لەسەر کردن و بازرگانییەکەی هەر ئی عەجەمان بوو. ئێمە شارەکەمان لەسەر سنووری دەستکردی عێراق بوو. لەمێرمنداڵی و گەنجەتیدا جارجار بەقاچاغی دەچوومە دیوی حاجی ئۆمەران لە کوردستانی بەردەستی عێراق، جادەی هامیلتۆن بەو شوێنەدا ئێران و عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە. ڕێگایەکی کوێستانی و پێچ‌پێچ و سەختە. دەمدی بەردی گەلەک زل بە ماشێن لە کێوەکانی ناوچەڕا بەو ڕێگا ئاستەمەدا دەبردرێن بۆ نێو عەرەبان. دەکوترا ئەوبەردانە دەبەنە کارخانەکانی نێو عەرەبان و لەوێ کەلکی لێ وەردەگرن. ئاوی کوردستانیش سامانێکی دیکەیە. لە کێوەکانی کوردستان سەرچاوە وەردەگرێ، بەڵام بەشی هەرەزۆری عەرەب و عەجەم خەنی دەکا. بەگشتی سامانی ژێر زەوی و سەرزەویشمان هەر بۆتە خێر و بەرەکەت بۆ عەرەب و عەجەم، دەیکەنە دووبەش، بەشی خۆیانی لێ دەگێڕنەوە و بەشی ئێمەشی لێ دەدەن بە تەقەمەنی و چەکوچۆڵ و ئامێری شەڕ و بۆ وێران کردنی ماڵ و کپکردنی دەنگ و کوشتنی لاو و پیر و ژن و پیاو و منداڵمان بەوپەڕی بەخشندەیییەوە خەرجی دەکەن!

هەر بەتەنێ سامانەکە نا، بەڵکوو هەڵکەوتی شوێنی ستراتێژیی وڵاتەکەشمان لێمان بۆتە بەڵا. لەسەر ڕیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەڵکەوتووین، شەڕو پێکدادانەکانیان بەسەر زگی ئێمەدا دەست پێدەکەن و هەر لەسەر زگی ئێمەش تەواو دەبن. ڕۆم و عەجەم، عەرەب و عەجەم،  ئیسلام و نا ئیسلام، هەموو شەڕ و فراوانخوازییەکانیان بە خاکی کوردستاندا، بەسەر زگی کورداندا جێبەجێ دەبێ هەر لەسەر خاکی کوردستانیشدا تەواو دەبێ، سەوداکەشی داگیرکەران لەسەر پارچەیەکی خاکەکەمان دەیکەن و دەیبڕنەوە. خێرو بێرەکەمان بەش دەکەن و ماڵوێرانییەکانیش دەبەخشن بەخۆمان.

چاوێک بە مێژووی پڕکارەساتماندا بخشێنن، هەخامەنشی هێرش دەکاتە سەر یۆنان، بە خاکی کوردستاندا دەڕوا، کوڕی کورد بۆ شەڕەکە دەبا و بەکوشتی دەدا، زگی کوردیش دەشێلێ، دوو برای هەخامەنشی لەسەر دەستەڵات بەشەڕدێن، سپای بەکرێگیراوی یۆناسنییان پاش کوژرانی یەکێک لە براکاان، بەخاکی کوردستاندا بە قوونەشەڕ دەچنەوە وڵاتی خۆیان و کوڕ کوژراوی ماڵوێرانیمان بۆ بەجێ دێڵن و تاڵان دەگەڵخۆیان دەبەنەوە. ئەسکەندەر تۆڵە لە پارس دەکاتەوە، بەخاکی کوردستاندا دەڕوا و پێخوستی دەکا، لەخاکی کوردستان پادشای پارس دەکوژێ و بەخاکی کوردستانیشدا دەگەڕێگتەوە. ڕۆم و ئەشکانی بەشەڕدێن، بەسەر زگی کورددا تەراتێن دەکەن، هەرجارەی یەکێکیان لەسەر خاکی کوردستان بەدەستی ئەوی دیکەیان دەشکێ، لەسەر دابەشکردنی خاکەکەشمان پێکدێن، ساسانی و ڕۆمیش هەر وا. ئەوجار ئیسلام دێ، لەشکری عەرەب هێرش دەکا، کوشتار، شەڕ، ماڵوێرانی بۆ کوردان دەبێ و هەر لەکوردستانیش شەڕەکە دەبڕێتەوە. عوسمانی و سەفەوی بەشەڕدێن، گۆڕەپانی شەڕ تەنیا خاکی کوردستانە، نە جارێک چەندین جار، نە شەڕێک، چەندین شەڕ، نە سووتمانێک، چەندین دابەشکردن، ئەوانە هەمووی بەشی کوردن. عوسمانی تێکدەشکێ، سەودا لەسەر پارچەپارچەکردنی کوردستان دەکرێ، ئاتاتورک تێکدەشکێ، دیسان هەر سەودا لەسەر کوردستانە، ئێران و ڕووس شەڕ دەکەن، کوردستان دابەش دەبێ،  تورک و سۆڤیەت سەودا دەکەن، کوردستان دەستاودەست دەبێ، سایکس و پیکۆ پێک دێن، لەسەر کەوڵی کوردستانە، سەددام و شا بەشەڕدێن، سەودا لەسەر کورد دەکەن، خۆمەینی و سەددام بەشەڕدێن، ماڵوێرانی و گۆڕەپانی شەڕ کوردستانە و… ئێستاش  داعش واتە لەڕاستیدا شەڕی شەرق و غەرب، بەشی هەرەزۆری کارەساتەکەی کوردستانی گرتۆتەوە. ….

بەڵام کورد و عەجەم لەکوێ ڕا هاتووە؟

وشەی عەجەم، عەرەبان بە غەیری خۆیان کوتووە، بەڵام لەنێو کوردستاندا بۆ دیاریکردنی لایەنی کێشەی خۆیان بە داگیرکەرانی ئێرانییان کوتووە عەجەم و بە ئی تورکیشیان کوتووە ڕۆم. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو وشەیە زۆر باوە و لەبەر ئەوەی کورد ژۆرتر لەو بەشەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکی ئازەری بەرەوڕطووبووە و فەرمانبەرانی میریش کە هەمیشە تورک بوون (بەدەگمەن فارسیش لەناویاندا هەبوون) و کورد، ئەگەر سەیرێکی نەخشەی ئێران بکرێ، هێڵێکی پانی تورک لەنێوان کورد و فارسدا دانراوە، ئاوا تورکەکانی ئێران لەنێو کورداندا بە عەجەم یا حەجەم ناوبانگیا دەرکردووە. ئەو ناوە لە زۆر چیرۆک و بەیت و باوی زارەکیی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا ڕەنگی داوەتەوە.

کاک نەوشیرەوان (لەژێر ناوی خوازراوی ساڵح معەممەد ئەمین)دا کتێبێکی زۆر بەنرخی مێژوویی بەناوی کورد و عەجەم نووسیوە، لەو کتێبەدا زۆر بەجوانی باسی کێشەکانی دوای ئیسلامی ئەو دووگەلەی کردووە. بەپێویستم زانی وەری گێڕمەوە سەر فارسی و ئەوکارەم لە ١٩٩٥ تەواو کرد، پاشان ڕێگای هەندەرانم گرتەبەر و لەوێ خستمە سەر کامپیۆتێر، بەڵام لەبەر ئەوەی کەسم پێ شک نەهات چاپی کا، بۆخۆم ل؛ەماڵی بە پرینتێری خۆم چاپم کردو بەرگم تێگرت و هێندێکم بە خۆڕایی دا بە ئەم و ئەو و هێنێکیشم ناردە ئوڕووپا، بەڵکوو کەس خوازیاری بێ و یارمەتییەکیش بێ بۆ تێهەڵێنانەوەی کەمێک لەو هەزینەی بۆم کردبوو، بەڵام بەداخەوە کەوتە دەستی کتێبخانەیەکی کوردی لە سۆئێد و ئێستاش کە ئێستایە هیچم لێ نەدیتەوە. ئەو کتێبەم بە ئاگاداریی کاک نەوشیرەوان دا بە دەزگای ئاراس بۆ چاپ کردن، بەڵام ئەویش کێشەی بۆدجەی بەسەرداهات و پەکی کەوت. ئێستا ئەو کتێبە لەکتێبخانەی ماڵپەڕەکەمان بە پیدی‌ئێف دانراوە دەتوانن لەوێ دایبەزێنن. هیوادارم توانیبم خزمەتێکم – هەرچەند بچوکیش بێ – بە مێژووی گەلەکەم کردبێ.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *