چەند وشەیەک لەسەر فەرهەنگی فارسی بە کوردیی کاوە

بەڕێزان، خۆشەویستان،

بەخۆشییەوەپfarhangێداچوونەوە و تەواوتر کردنی  فەرهەنگی کاوە،  بەرهەمی ٢١ ساڵ ماندووبوون و شەونخوونیم، ئەوڕۆ تەواو بوو، لەساڵی ١٩٩٥ دەستم کرد بە دانانی  ئەو فەرهەنگە، جارێک لەساڵی ٢٠٠٦ حەولی چاپکردنیم دا و لەگەڵ چاپخانەیەکیش لە کوردستان قسەم کرد، و تەنانەت نامەشم بە واژۆی بەرپرسی چاپخانەکە وەرگرت، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی پارەی تێچوونەکەی بۆ دابین بکەم، لەگەڵ دەزگای سەردەمیش قسەم کرد، بەڵێنیی چاپکردنەکەیان پێدام، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوەهەڵسەنگاندنەکەیانم بەدڵ نەبوو، بڕیارم دا جارێ وازی لێ بێنم و جارێ خەریکی پێداچوونەوە و تەواوتر کردنی بم. سەرەنجام لە ٢٠١٢ لەەزگای ئاراس لە هەولێر لەچاپم دا، به‌ڵام هێشتا ئەوە نەبوو کە دڵم بحه‌سێنێتەوە.  ئێستا ئەو کتێبەم لە ٤ جڵددا ئامادەی لەچاپدانە، بەڵام بەداخەوە دەرەتانی چاپکردنیم نییە. ئەو فەرهەنگە٩٤٩٦٤ وشەو دەستەواژەی فارسی لەخۆدەگرێ. سەرەتا کە دەستم پێکرد، بەتەمانەبووم کارێکی ساکار و ته‌نیا بۆ یارمەتیدانی وەرگێڕان بکەم، بەڵام دوایە بڕیارم دا کارەکەم وا پەرە پێ‌بدەم کە لێکۆڵەرەوان و وەرگێڕانی دەقە کۆنەکانی فارسیش تاڕادەی گونجاو بتوانن کەلکی لێوەرگرن، ئێستا هیوادارم ئەوکارەم ئامانجی سەرەکیی خۆی پێکابێ. ئامانجی دیکەم ئەوە بوو کە فەرهەنگەکە، وشەی هەموو زاراوەکانی کوردی کۆکاتەوە، هەرچەند تاڕادەیەکی کەم بە کەرستەی گونجاوی بەردەستم و بەنەبوونی یارمەتیدەریشەوە ئەوکارە بکەم، بەڵام لەوبارەوە کەمووکووڕیم زۆرە، ئێستا لاپەڕەیەکی فەیسبووکم کردۆتەوە کە هیوادارم لەو ڕێگایەوە بۆ تەواوترکردنی وشەکان، یارمەتی لە دڵسۆزانی زمانی کوردی وەرگرم، یەکەم هەنگاویشم بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وشەی فەرهەنگەکە لەو لاپەڕيدا بووە کە چەند ڕۆژە دامناوە بەڵام ئاکامێک تا ئێستا لێوەرنەگرتووە. ئامانجێکی دیکەم ئەوە بووە کە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی لەوبوارەدا بسەلمێنم، کە بەخۆشییەوە لەو مەبەستەمدا تا ڕادەیەکی باش – سەرڕای ناتەواوبوونی کارەکەم – چومەتە پێش. لەپێشەکیی فەرهەنگەکەدا نووسیومە کە پاک کردنەوەی فەرهە
نگ لە وشەی بێگانە بەو واتایەنییە کە هەرچی وشەی باشی دەرەکیشە لێی دەراوێین، بەڵکوو دەبێ لەبێژینگیاندەین، ئەوانەی هاووواتا کوردییەکەیمان هەیە و بۆ تێگەیشتن هاسانترە، تا دەگونجی دەریان باوێین، جونکە زۆرجار وشە کوردییەکەی خۆمان زۆر جوانترە لەو وشی لەبێگانە وەرمانگرتووە، بەڵام بۆ ئەو وشانەی تازەن و بۆخۆمان نیمانن، وەرگرتنی وشەی لەباری بێگانە نەک هەر زیانی نییە بەڵکوو زمانەکەشمان دەوڵەمەندتر دەکا. لەوبارەوە لە پێشەکیی فەرهەنگەکەدا بەوردی دواوم و لە داهاتوویەکی نیزیکدا بڵاوی دەکەمەوە. لێرەدا تەنیا نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە. وشەی (عشق)ی عەرەبی خزیوەتە ناو زمانەکەمان، بەڵام زۆر جاران تەنانەت لەلایەن خوێندەوارانیشەوە بەهەڵە دەکار دەکرێ، هێندێک دەڵێن ئیشق، هێندێکیش عیشق، ئەودووانە وێکچوونێکیان هەیە و تەنانەت نەخوێندەوارانیش زۆر دەیڵێن، – بۆوێنە دەڵێن: … ئیشق لەسەری داوە، یا عیشق لەسەری داوە –  بەڵام هێندێک خوێندەوار بەشێوەیەکی نالەبارتر کار بەو وشەی دەکەن، برادەرێکی زۆر خۆشەویستم لە بابەتێکی زۆر جواندا وشەی (عەشق)ی بەکارهێنابوو، کوتم براگیان، خۆ وشەی ئەوینی کوردی هەر هاوکێشی ئەو عەشقەیە کە تۆ نووسیوتە و ناحەزتریش نییە، وەڵامەکەی ئەوەبوو کە ئەو وشەیە خەڵک بەکاری دێنێ و بەوە دەیەویست پاساوی داتەوە، من بێدەنگەم لێڕاکرد چونکە نەمدەویست دڵی بەوە بشکێنم، بەڵام ئەوانەی لەکوردستاندا باسی خۆشەویستییان بیستبێ، دەزانن ئەو وشەیە بەشێوەگوتنی (عەشق) لەنێو خەڵکدا باونییە و و وەک لەسەرەوە باسم کرد بەشێوەی (عیشق) یا (ئیشق) دەکوترێ، ئەو وشەنامۆیە لە کوردستانی باشوور دەرکەوتووە کە بەداخەوە بازاڕی تێکدانی زمانی نەتەوەکەمان هەر بۆتە خۆیان کوتەنی (مۆدە). ئەو بابەتە باسێکی زۆر گرنگە و لەو کورتەیدا ناگونجێ بۆیەش بۆ جارێکی دیکەی دەهێڵمەوە، داوای برایانەم لە خوێنەرانی بەڕێزی ئەو دێڕانە ئەوەیە کە زیاتر یارمەتیدەرم بن، و بەناردنی وشەی نوێ و یالانی کەم لایک و کۆمێنتەکانیان دەوڵەمەندترم کەن.