چەند وتەیەکی کورت لەسەر بەرنامەی کارم بۆ مێژووی کورد و کوردستان

نووسین لەسەر مێژووی کۆنی هەرنەتەوەیەک وردبینی و وریاییەکی زۆری، دەوێ، بەتایبەتیش بۆ گەلێکی خاک دابەشکراوی لەژێردەستەییدا ڕاگیراوی پیلانی جۆراوجۆر لەسەر جێبەجێکراوی وەک کورد. ئەگەر دەردی کورد هەر دابەشکرانەکەش با، ئەوە دیسان دەکرا بە شێوازی جۆراوجۆر، بەشێکی کەم لە مێژوویە‌کەی ساغ کرێتەوە. بەڵام دەردەکەمان هەر ئەوەندە نییە. دوژمنان بەشێوەی جۆراوجۆر، بەندوبەست لەسەر زمان و کێشەسازکردن بۆ فەرهەنگ و حەولی بێوچان بۆ تواندنەوەمان لە هەرچوارلامانەوە و تەنانەت لەدوورتریشەوە تا ئێستاش هەر لەسەری بەردەوامە. خاکەکەمان ناوچەیەکی ستراتێژی و زۆر گرنگی دەڤەرەکە یە، پارسەکان دەیانەوێ هێرش بکەنە سەر یۆنان و ڕۆم یۆنان و ڕۆم دەیانەوێ هێرش بکەنە سەر پارسەکان، عەرەب هێرش دەکا بو سەر فارس، فارس هێرش دەکاتە سەر عەرەب ئەسکەندبەردەنووسی ئاشوربانیپالەر دنیاگری دەکا، عوسمانی دنیاگری دەکا و سەفەوی پێشی پێدەگرێ، خومەینی بە کوردستاندا ڕی دادەگرێ بٶ ئازادکردنی قودس، سەددام بەکوردستاندا پێشی پێدەگرێ و لەهەمووی ئەوانەدا گۆڕەپانی شەڕ کوردستانە
و کورد ئاوارە و وەیلان و سەرگەردانه، ماڵی کاولدەبێ، زەوی و زاری ئاگردەدرێ و سیاسەتی هەردی سووتاوی لەسەر جێبەجێ دەکرێ. سایکس پیکۆی لەسەر بەڕێوەدەچێ، پەیمانی بەغدای لەسەر دەبەسترێ و پەیمانی ئەلجەزایر ماڵی ئاواتەکانی دەڕمێنێ، زمانی قەدەغە دەکرێ، پێناسەی پێ ڕەوا نابیندرێ، سامانە ژێرزەوییەکانی بەتاڵان دەبرێن و داهاتەکەی لەدژی و بۆ قڕکردن یا دەستەمۆکردن یا دەست بەسەرکردن یا تواندنەوەی خەرج دەکرێتەوە. مێژووەکەی دەشێوێندرێ و شوێنەوارە مێژووییەکانی یا لەژێرخاکدا بەحاشاردراوی دەمێننەوە یا ئەگەر بەهەڵکەوت وەدەریش کەوتن دەدزرێن و بەبێدەنگی ڕادەگوێزرێن ولەترسی ئەوەی نەکا کورد بیانکاتە بەڵگە بۆ هەبوون و ڕەسەنایەتیی خۆی باسیان هەرناکرێ. زمانەکەی لە شوێنێک دەبێتە تورکی کێوی، لەجێگایەک دەبێتە بن زاراوەیەک لە فارسی، لە شوێنێکی دیکەشدا دەبێتە زمانی جندووکان! هەمووی ئەوانە لەلایەک و کوردە بۆخۆشی لەلایەک بووەتە بەڵای مێژوو، سەرزەمین، نەتەوە و چارەنووسمان. مێژوونووسانمان یا بەزمانێک دەنووسن کە هەموومان تێیناگەین، لەتورکیە بە تورکی، لە عێراق و سووریە بە عەرەبی و لە ئێران بەفارسی دەبنە بولبول و قەڵەم زمانیان بە لاساکردنەوەی نووسەرانی دەمارگرژی نەتەوە فەرمانڕەواکان دەکەوێتە گەڕ، یا ڕاست وەک وان دەنووسن کە زۆرتر بەپێچەوانەی ڕاستییەکان دەردەچێ و یا بەلایەکی دیکەدا دەیشێوێننەوە.، ئەگەر بەکوردیش شتێک دەنووسن یا دووپاتکردنەوەی وتەی دوژمنانە و شتێکی تازەی تێدانییە و یا بەشێوەیەکی دیکە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکەن حاشا لە راستی دەکەن. مێژوو ئەویش بەتایبەتی ئەگەر لەڕووی سەرچاوەکانی بێگانە و لەنێویشیاندا داگیرکەران ڕاستەوخۆ یا بەسەرمایەی داگیرکەران نووسرابێ، لێکۆڵینەوەی ورد و بەدوور لەدەمارگرژی و تورک بێزی یا فارس بێزی یا عەرەب بێزی یا ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتبێزیی دەوێ. ئەوەندەی من لەسەر مێژووی کورد لە نێو لاپەڕەکانی نووسراو بەدەستی فارسان یا وەرگێڕاوەی نووسەرانی بیانی بەفارسی یا کوردی دیتبم، هەر ناوەرۆکی نووسراوەکان زۆرجاران ڕاستییەکان بەپێچەوانەی ویستی چەواشەکاران دەردەخەن. بەو ڕوانگەیەوە من لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە لەسەر پێشنیاری برادەرێکی دڵسۆزم لەپەنا نووسین و تەواوکردنی فەرهەنگی کاوەدا دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەو بابەتە مێژوویییانەی لەسەر کورد وەدەستم دەکەوتن. بەداخەوە سەرچاوەی باشم زۆر کەم وەدەست کەوتن، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش بەهێندێک ئاکام گەیشتم، بەڵام هێشتا پێم ناتەواون و دەبێ زیاتریان لەسەر بکۆڵمەوە، تائێستا، زۆرتر بە سەرچاوەکان بە زمانی فارسی و کوردی (بەرهەمی نووسەر یا وەرگێڕاو)یەوە خەریک بووم، بڕیارم دا لێکۆڵینەوەکانم لە دووبەشدا ڕێک بخەم و هەر بەو شێوەش بڵاویان کەمەوە. کە بەشی یەکەمی بەرنامەکەم کوردستان لە پێش مێژووڕا تا سەرەتای ئیسلام و جوگرافیا و زمان و ناسنامەی کوردستان و کورد دەگرێتە خۆ. لەو بەشەدا بە هێندێک ئاکام گەیشتم کە هەرچەند بۆخۆم بە تەواویان نازانم و پێموایە دەبێ لێکۆڵینەوەی وردتر و تێروتەسەلتری لەسەر بکرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەهێندێک ئاکام و سەرەداوی بەکەلک گەیشتبووم، ئەوبەشەم وەک گە‌ڵاڵەیەک لەژێر سەردێڕی  (لێکۆڵینەوە و ڕون کردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان) لە ساڵی ٢٠١٢ لەکوردستان دا بە چاپخانەیەک، بەڵام بەداخەوە چونکە بۆخۆم لەوێ دوور بووم و نەمتوانی پێی‌رابگەم، بەناوی هەڵەگری ئەوەندەیان خراکردبوو کە پێم شەرم بوو هەر بەکەسی نیشان بدەم. پاش چاکردنەوەش بەداخەوە دۆخی کوردستان گۆڕاو پەکی کەوت و ئێستا بەسەردەستمدا ماوەتەوە.

من بۆ دەستپێکی ئەو کارە و ناسینی باشتری کورد، وام بە بەرژەوەند زانی کە لە ئەفسانەڕا دەست پێ بکەم. ڕەنگە ئەو بڕوایەم بۆ زۆرکەس جێگای ڕەخنە بێ، بەڵام دەبێ ئەوە باش بزانین، کە ئەفسانەکان زۆریان ڕووداوی ڕاستەقینە بوون، کە سینگ بەسینگ و زاربەزار هاتوون و لە هەر گێڕانەوەیەکدا شتێکیان کەوتۆتە سەر. ئەو بابەتە لە بەیت‌وباو و باللۆر و لاوک و حەیران و دەقە فۆلکلۆرییەکانی دیکەشدا بەشێوەیەکی بەرچاو و سەرنج‌ڕاکێش، خۆدەنوێنێ. ئەوە نەک هەر بۆکورد، بەڵکوو بۆ گەلانی دیکەش لەجێی خۆیدایە، تەنانەت ئەوەی هێرۆدۆتیش کە بە باوکی مێژوو ناوی دەرکردووە، خۆی پێ لە ئەفسانە بەدوور ڕانەگیراوە، چوار چیرۆکی جیاوازی لەسەر لەدایکبوونی کوورۆش گێڕاوەتەوە کە هەموویان درۆن. بۆ نموونە لەسەر چیرۆکی لەدایکبوونی کوورۆش و خەونەکەی باپیری و ڕووداوەکانی دوایی، ئەودێوەزمەی مێژووی کوردە بە تاقە بەردەنووسی لەپاش بەجێماوی خۆی ئەوە وەدرۆدەخاتەوە، کە لەبابەتێکی دیکەدا زیاتر لەسەری دەڕۆم. پاشان دەچمە سەر ڕەچەڵەک و خاک و زمانی کورد، هێندێک زانیاریم لەوبارەوە کۆکردوونەوە کە لە وتارەکانی داهاتووم لەسەر مێژوو، بڵاویان دەکەمەوە. بۆ دەست پێکردن، بەباشی دەزانم پێشەکیی کتێبی جوانەمەرگم بە هێندێک دەستکاری لەڕۆژانی داهاتوودا بڵاوکەمەوە. هیوادارم بە ڕێنوێنی و ڕەخنەی دڵسۆزان بتوانم ئەو ئەرکە بەباشی بەڕێوەبەرم. من خۆم لەوبارەوە بەزەییم بەکەسدا نایە و بۆ ڕەخنەگرتن لەسەر هەرکەسێک ئامادە‌کاری دەکەم، کە لەسەر کورد شتێک بەهەڵە بنووسێ، لەداهاتوودا هێندێک بەرنامەم بۆ ئەوکارەش هەن.