وتەی دەستپێک

لەمێژ بوو لەبیری ئەوەدابووم کە ئێستاکە کێشەی کوردستان لەلایەک بۆتە ئاستەنگێکی گەورە لەڕێگای بڵاوکردنەوەی کتێب و لەلایەکی دیکەشەوە کەمتر سەرنج دانی خوێنەری کورد بە کتێبی چاپ کراو و ڕووکردنە کتێبی ئەلەکترۆنی، تۆڕیک سازکەم کە ئامانجەکانمی بۆ خزمەتی زیاتر بە گەلەکەم تێدا وەدی بێنم و بەرهەمەکانی خامەی خۆمی تێدا پێشکەشی ڕۆڵەکانی کورد بکەم. لەو پێناوەدا لە زۆر دەرکانم دا، تەنانەت کۆنە پێشمەرگەیەکی هاوسەنگەرم کە لەو شتانەی باش دەزانی ماوەی نیزیک بە ساڵێک دەستاودەستی پێکردم و بەدەیان جار بەڵێنیی هاوکاریی پێدام، بەڵام هەر تەفرەی دام پاڵنگانو هیچی بۆ نەکردم. بەیاریدەی برادەرێک لاپەڕەیەکی فەیسبووکم کردەوە کە بەدوور لە ئاڵۆزەبازاڕی سیاسەت، تێکۆشانم بۆ ڕاژەی وشە و ئەدەبی کوردی درێژە پێ بدەم. ئاوا لاپەڕەی کاوەم ساز کرد کە پاش ماوەیەک تێدا بڵاو کردنەوەی بابەتەکانم، هەستم بەوەی کرد، کە بەهۆی شەریکایەتی، ناتوانم یا باشتربڵێم هەست زۆر بەئازادی ناکەم هەمووشتێکمی تێدا بڵاوکەمەوە، کە مەبادا بە شێوەیەک هێندێکیان لەدژایەتی لەگەڵ باوەڕی هاودۆمەینەکەمدابن، ئەوە بوو لاپەڕەی فەرهەنگی کاوەم دانا و نووسینەکانمم خستنە سەر، بەڵام ئەوەش نەیتوانی ئامانجی من بپێکێ.

پاش هەوڵدانێکی جاڕزکەر و ئەودەست و ئە دەست پێ کرانێکی زۆر، سەرەنجام برازای خۆشەویستم، پیران قادرزادە، کۆمپانیای (ne.com)ی پێ ناساندم کە دۆمەین و هۆستی زۆر هەرزان دەستەبەر دەکا. ئاوا دۆمەینێکم لێیان کڕی و گەڵاڵەکەیم داڕشت. ئێستا ئەو تۆڕە ئامادەی خزمەت بەسەردانکارانییەتی. هیوادارم کارەکانم شیاوی دڵسۆزانی مێژوو و ئەدەبی کورد بێ و پێکەوە بتوانین بەدوور لە شەڕە حێزبایەتی و دووبەرەکییەکانی سیاسی و تێڕوانینی و هزریی پەیوەندیدار بە کێشەکانی ئاڵۆزەبازاڕی سیاسەت و شەڕە جنێو و یەکتر شکاندن بۆ مەبەستی خۆخوازی و دژخوازبێزی، خەباتێکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی پاک و بێخەوش پێشکەش بکەین
.

بەڕێزان

وەک دەزانن، ئێمە گەلێکی بێ دەوڵەتین و بەوهۆیەشەوە سەرەڕای زۆر دەوڵەمەند بوونی فەرهەنگ و زمان و کەونارابوونی مێژوومان، سەرڕای ئەو هەموو خوێنانەی داومانە و لەوە بەدواشدا ناچارین بیدەین بۆ دەستەبەرکردنی مافی (خۆبوون)، کاری فەرهەنگی و زمانەوانی و بووژاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان بەتەواوی پشت گوێ خراوە. ئەو بوارە خەباتێکی سەردەمییانەی چڕوپڕی دەوێ کە بە هزر و قەڵەم دەکرێ نەک دەست و مەچەک. چەک و مەچەک چاوی دوژمن دەکۆڵێ و دەستەبەری خۆ پاراستنیشە، بەڵام بەتەنیا وەدیهێنەر و پارێزەری هەموو شتێکمان نییە. خەباتی ڕزگاریخوازی، ئەگەر مەچەک و قەڵەم وێکڕا دەکار نەکا، لەو ئاژاوەی دەرناچێ کە ئێستا لەکوردستاندا بەربینگی پێ گرتووە. وریایی و ڕۆشنبیریش چەکێکە بەهێزتر لە تانک و تۆپ و تفەنگ و فڕۆکی شەڕ. ئەگەر هەردوو شێوەی خەباتی فەرهەنگی و چەکداری پێکەوە گرێ نەدەین، بێگومان سەریش کەوین و سەربەخۆییش دەستەبەر کەین، سەرکەوتنەکەمان لاسەنگ دەبێ و پارسەنگەکەی تەنیا پێشکەوتنی ڕۆشنبیرییە، جا کەوابوو بۆ ڕاوەستین تا سەربەخۆ دەبین دوایە بە پارسەنگ بارەکەمان ڕاست کەینەوە و بۆچی هەر لەسەرەتاوە باری ڕاست و هاوسەنگ لێنەنێین؟

زۆری لەسەر ناڕۆم و تەنیا ئەوەندەی دەڵێم با لەو تۆڕەدا خەباتێکی بەدوور لە کێشە و دووبەرەکیی سیاسی بکەین و نە بەکەس یا لایەن یا حیزبێکی گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان هەڵابڵێین و نە بە ناوو ناتۆرە بکەوینە وێزەی هیچ کەس و لایەنێک. لەو تۆڕەدا ناوی کەس ناهێنرێ مەگەر بۆ ڕەخنەی ڕاستکەرەوە بۆ بابەت یا کتێبێکی مێژوویی یا ئەدەبی یا فەرهەنگی و کەلتووری و ئەویش بەدوور لە بێڕێزیکردن و شکاندن. با شەڕە چەقەکانیشمان – ئەگەر خۆمان تێوەگلاند – بەجێ بێڵین بۆ فەیسبووکە حەیاتەکە و بەس!

تەنیا ڕوونکردنەوەیەکم ماوە، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی شتەکانی خۆم لەو تۆڕەدا بەناوی کاوە بڵاو دەکەمەوە و ئەگەر بڕیار درا بابەتی کەسانی دیکەش بڵاو کرێتەوە، بەومەرجەی ئامانجەکانی تۆڕەکەمان بگرێتەوە، بەناوی نووسەر بڵاوی دەکەینەوە. وەک باسمان کرد تۆڕەکەمان گرنگی دەدا بە ئەدەبی کوردی و ئەوەش سەرنجدان بە بواری ڕیزمانی و ڕێنووسی دروست دەخوازێ، بۆیە ڕێگامان پێ بدەن یا باشتر بڵێم هاوکارمان بن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *