ئاو دە ئاشی نەیار کردن بە تێکدانی زمانی نەتەوەیی خۆ

Capture

بەڕێزان

ئەو وێنە‌یەم لەسەر لاپەڕەی گرووپی (کرماشان دیار خوەش نیشان) لە فەیسبووک کەوتە بەرچاو، ئەو وێنەیە هاوارێک دەردەبڕێ لەدەستی ئەوانەی بەنەزانین خەریکن زمانەکەمان وردەوردە لەناوەرۆکی خۆی بەتاڵ دەکەن. ئەوە هاواری بەئازاری کوردێکە، کە دەیەوێ خۆی بێ، بەناو و پێناسە و زمانی نەتەوەیی خۆیەوە. ئەو بێزارە لەو بیرە تەسکەی خزاندنی زمانی بێگانە بۆ ناو زمانە کۆن و ڕەسەنە دێرینەکەمان. وەک لە لاپەڕەکەماندا لەسەر زمانی کوردی باسم کردووە، نیزیک بە ٩٥٠٠ساڵ ڕابردووی ئاخافتنمان پێی هەیە و زمان هیندو ئوڕووپایی لەخاکی کوردستان و لەزمانی نەتەەکەمان ڕا پەرەی ئەستاندfarhangumejuikawa.comووە. بەوپێیە زمانی کوردی دەکرێ بە دایکی زمانەهیندوئوڕووپایییەکانی ناوچەکەشمان بە فارسی وئەفغانی و هیندیش بزانین. من فەرهەنگنووسێکم دەوری ٢٠ ساڵان لەسەر وشەی کوردی و فارسی کارم کردووە. بەرهەمی کارم فەرهەنگێکی دوو زمانەیە کە دەوری ٩٥٠٠٠ وشە و دەستەواژەی فارسیی بە ماناکوردییەکانییەوە تێدا گۆنجاوە. پێشتر باسی ئەو فەرهەنگەم بۆ کردوون و زیاتر لەسەری ناڕۆم، بەڵام لەونووسینەم ڕا گەیشتمە ئەو شانازییەی کە زمانەدایکییەکە لە زمانانی دەوروبەری خۆی لەبواری وشەی ڕەسەن و خاوێنی و دەوڵەمەندی (زمانی عەرەبیی لێ دەرکەین کە من زۆری لێ نازانم و بەپێی سروشتی بڵاوبوونەوەی و خزمەت پێ کرانی لەلایەن وڵاتان و گەلانی موسوڵمانەوە دەبێ زۆر دەوڵەمەند بێ) لە هەموو زمانەکانی دیکە لەپێشترە. بەداخەوە ئێستا توانای چاپکردنی ئەو بەرهەمە بەنرخەم نییە، بەڵام ئەگەر تەنانەت چاو لە چاپی یەکەمیشی بکەن (کە نیزیک بە ٦٠٠ لاپەڕە لەوەی ئێشتام کەمترە)، ئەوجار تێدەگەن کە هەر بە وشە ڕەسەنەکانی خۆمان بێجگە لە هێندێک وشەی نوێی زانستی و تەکنیکی (وەک ناوی دەرمان و پزیشکی و ئامێری وەک مەکینە و کامپیۆتێر و…) بۆ هیچ باسێک دانامێنین. ئەوەندەی بەو نووسینەم تێیگەیشتووم، تەنانەت وشەی دەکارکراوی زمانی کوردی کە لەزمانی بێگانەوە تێی خزابن، ئەگەر زۆر بەپارێزەوەش هەڵی سەنگێنین، ناگەنە لە سەدا پێنجی. ئەو ڕێژە تێکەڵاوییەش لە ئی هەموو زمانەکانی ئەوڕۆ و تەنانەت لە زمانی عەرەبیش کەمترە. جارێک ڕادیۆیەکی فارسی لە ئوستەرالیا وتووێژێکی لەگەڵدا کردم، لەسەر ئەوەی کە ئایا زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆیە یا زاراوەیەکە لەفارسی، وەڵامم دانەوە ئێوە ناتوانن یێک لاپەڕەی A4 بەفارسی بنووسن کە کەمتر لە ٤٠وشەی عەرەبیی تێدابێ، بەڵام من ٤٠ لاپەڕە‌ی A4 تان بەکوردی بۆ دەنووسم کە بەهەموویەوە کەمتر لە ٤٠ وشەی بێگانەی تێدابێ.

ئەوەی جێگای داخە ئەوڕۆ من دەبینم، زۆر کەس بەشانازییەوە وشەی نامۆی فارسیی تەنانەت لەعەرەبی وەرگیراویش تێکەڵی کوردییەکەیان دەکەن و ئاخافتنەکانیان بە زمانی دایکی تەنانەت وە ئی بێگانەیەک دەچی کە کوردییەکی شەق‌وشڕ فێربووبێ. بە پوور دەڵێن(ئەممە یا خالە)، بە برای دایکیان دەڵێن(دایی)، بەدایکیان دەڵێن (مەمان و مامان) و…. کە ڕەخنەشیان لێ دەگیرێ دەڵێن ئاخرن ئەگەر وا قسە نەکەین پێمان دەڵێن دواکەوتوو، لێرەدا جێگای خۆیەتی وەڵامیان بدرێتەوە: دەک سندانتان لەسەری دا بۆ پێشکەوتنتان!