پێشەکیی کتێبی زەردەشت و مێژوویەکەی

پێشەکیی کتێبی زەردەشت و مێژوویەکەی
مێژووی کۆنی کورد لەوانەیە تێکدراوترین و ئاڵۆزترین مێژووی گەلانی جیهان بێ. ناوچەی کوردستان کۆنترین شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و وێدەچێ تەنانەت ئی جیهانیش بێ. دۆزرانەوەی شوێنەواری کۆنترین مرۆڤی نیئاندێرتال، کۆنترین ئاسەواری شارستانی وەک شاری ١٢٥٠٠ساڵە لە گۆکلی تەپەی باکووری کوردستان، ماکەی سەرەکی بوونی بۆ ئەو زمانەی بە هیندو ئوڕووپایی نێودێرکراوە و…. گرنگیی ئەو سەرزەمینەمان پێدەسەلمێنن.
شوێنی ژیانی کوردان کەوتۆتە ناوچەیەکی گرنگی ستراتێژیکی، وڵاتێکی تژی لە هەمووجۆرە سامانێکی بەنرخی ژێرزەوی و سەرزەوی و بەتایبەتیش نەفت، ئاوی زۆر و خاکێکی بەپیت و شیاو بۆ کلشتوکاڵ و سروشتی لەبار و گونجاو بۆ ئاژەڵداری و …. بەداخەوە لەبری ئەوەی ئەوهەموو پیت و سەرەتییانە ببنە مایەی ئاسوودەیی و ژیانی خۆش بۆ دانیشتوان و خاوەنانی ڕاستەقینەی، بۆیان بوونە هۆکاری دەردیسەری و کەوتنە بەر چاوی برسی و هەرگیز تێرنەبووی داگیرکەرانی دەوروبەر و ساتوسەودای چاوچنۆکانە و ئایلانەی دەستڕۆیشتووانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ڕاگیران دە بندەستەیی و بێبەشی و ژێرچەپۆکیدا. سەرەڕای ئەوەش چونکە گەلی کورد خاوەنی چارە نووس و دەوڵەتی خۆی نەبووە، مێژووە پڕمایە و زمانە پاراوەکەشی کەوتۆتە بەر تاڵان و دەست تێوەردان و بەلاڕێدا بردن. ئەو زمانەی بەناوی هیندو ئوڕووپایی نێودێرکراوە، لە باکووری وڵاتەکەمان (دەشتەکانی داوێنی کێوی قافی کۆن یا قەفقازی ئێستا)ڕا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئوڕووپا تەنیوەتەوە.
بڕﻭﺍﻧﻧﻪ:https://science.sciencemag.org/content/337/6097/957
ئایا ئەگەر ئێمە بەوسروشت و هەڵکەوت و تایبەتمەندییانەمانەوە، دەوڵەتێکی سەر بەخۆی بەهێز باین، نەدەکرا ناوی گشتیی ئەو دەستە زمانە (کوردو ئوڕووپایی) با؟
لێکۆڵەرەوان دەڵێن کۆنترین دینی ناوچە(میترائیزم) لە ئاناتوولی ڕا بڵاوبۆتەوە، فارس و عەرەب و تورک بوون بە خاوەنی. کۆنترین شوێنەواری کشتوکاڵ لەوێ دۆزراوەتەوە، فارس بەناوی ئێرانی بوون بەخاوەنی. کۆنترین شارەکان لەوێ دۆزراونەتەوە، فارس و عەەرەب و تورک خۆیانی بەخاوەن دەزانن. کۆنترین ئاسەواری نووسین لەوێ دۆزراوەتەوە، فارس و عەەرەب و تورک بەخاوەنی دەکەن. کۆنترین شوێنەواری ژیانی مرۆڤ لەوێیە، ئێرانی و عەرەب کردوویانەتە ئی خۆیان. کۆنتریندەﻭڵەتی پێشکەوتوﻭی ناﻭﭼﻪﮐﻪ ﻟﻪﻭێ سەﺭی هەڵدﺍﻭە، داگیرکەرانی خاکەکەی بوون بە خاﻭەﻧﯽ، کۆنترین ئیمپەراتۆرییەتی ﺋﻪﻭ شوێنەی ﺋﻪﻭڕۆ ﻧﺎﻭی درۆیینی ئێرانی بۆدانراوە، ﻟﻪﻭێ سەﺭی هەڵدﺍﻭە، فاﺭﺱ کردوویانەتە ئی خۆیان، کۆنترین دینی یەکخواپەرستی ﻟﻪﻭێڕا بڵاو بۆتەوە، فارس ﻭ ﺋﻪﻓﻐﺎﻧﯽ ﻭ ﺗﺎﺟﻳﮏ لێیاﻥ دزیوە ﻭ بوﻭﻥ ﺑﻪ خاﻭەﻧﯽ. بەکورتی هەمووی ئەوانە و زۆری تریش، کە هی کوردن، هەر ناوی بێگانەیان خراوەتە سەر و کوردیان لێ بێبەشە. لە هەمووشی دڵتەزێنتر ئەوەیە کە کورد نەک هەر حەولی چڕوپڕ و شیاوی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەموو چەواشەکاری و تێکدانانەی مێژووەکەی خۆی نەداوە و وەشوێن کەلەپوورە دزراوەکەی نەکەوتووە، بگرە زۆرجاران لە تێکدانەکەیدا پێشبڕکەی لە داگیرکەران و نەیارانیش داوەتەوە یا ئەگەرکەسانی دڵسۆز بەرپرسیارانە وەدوای ڕاستییەکان کەوتبن و هەڵوێستیان گرتبێ و ویستبیان شتێک لەسەر مێژووەکەمان بنووسن، چونکە بۆخۆیان بەهۆی کەمبوونی لێکۆڵینەوە لە ئاسەواری ناوکوردستان و نەبوونی دامودەزگایەکی دڵسۆز و شیاو بۆ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و کەرستەی پێویست، هەر چاویان لە زار و قەڵەمی بێگانان و نەیارانی کورد بووە. نەبوونی پشتیوانیی ماڵی و گوێنەدانی داگیرکەران بەو ئاسەوارە – لەترسی ئاشکرا بوونی ڕاستییەکان – یا دزران و بەتاڵانچوونی ئەو شوێنەوارەبەنرخانە وای لێکردوون نەتوانن کاری ڕاستەو خۆیان لەسەر بکەن و هەر ئەوانەیان دووپات کردوونەوە کە کەسانێکی وا کوتوویانە کە یا ڕاستەوخۆ دژی کورد بوونە – فارس، تورک، عەرەب – یا بەکرێگیراوی داگیرکەرانی کوردستان بۆۆنە یا وەک کەسانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، گرنگیدان بە لایەنی کوردییان بە سوودی خۆ نەزانیوە. ئەوەندەش کە لە داگیرکەرانی کوردستانیان وەگیرکەوتووە، لەوانە بووە کە یا باری سیاسی و ئوولی یا تەماح و چاوچنۆکی خستوونیە بەرەی دژکاران و نەیاران. ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە هەرچەند بەناو پەلەقاژەیەکیشمان کردبێ، بەڵام زۆرتر لەڕاستییەکان دوور کەوتووینەوە. (بڕوانە پێشەکیی لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کوردوکوردستان) لە:
http://www.farhangumejuikawa.com/%DA%A9%D8%AA%D8%A7%D8%A8%D8%AE%D8%A7%D9%86%DB%95/)
یەکێک لەو بوارە تەمومژاوییانەی مێژوومان، کە پتر لە هەموو بوارەکانی دیکە شێوێندراوو ئاڵۆزێندراوە، مێژووی زەردەشتە. بابەتی زەردەشت نەک هەر لەبەر ئەوەی دینێکی کوردی بووە، بەڵکو لەبەر گەلەک بابەتی پەیوەندیداری مێژووییش، کە بەهۆی ئەوەوە – بە کەلک وەرگرتن لە بەلاڕێدابرانی بەسەرهاتی زەردەشت – شێوێندراون، دەبێ ڕوونی کەینەوە زەردەشت کێیە و لەکوێ وەدیارکەوتووە.
باری شێوێندراوی شوێن و مێژوو و شێوە و هەلومەرجی لەدایکبوونی ئەو بلیمەتە و بانگەشەی پێغەمبەرایەتییەکەی و تەنانەت چیرۆکەکانی ناو ئاڤێستا، بەئاشکرا بۆ شکاندن و حاشا لێکردن و سووک کردنی مێژوو و کەسایەتیی نەتەوەیی کورد، بوونەتە ئامرازێک بەدەستی نەیارانی. ئەوبەلاڕێدابردنانە وایان کردووە تەنانەت ئەوڕۆ ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە داوەرییەکانیاندا بەئاراستەی هەڵەدا بڕۆن. بۆنموونە جوێن بەکاوە دەدەن کە بۆخۆی نەبۆتە شا و فەرەیدوونی فارسی کردۆتێ. ئاوا بەقسەی وان کاوە دەبێ یەکەم جاشی کورد بووبێ. ئیختوویگوی کورد دەکەنە ئاژدەهاک و زەححاکی خوێنمژ، چونکە کوورۆش(ی چەخماخەی خەیانەت) گۆیا کەیخەسرەوی ئاڤێستایە. یا کاوە بکەنە هارپاکەی خەیانەتکار، چونکە بۆ لابردنی ئيختووڤيگوو(ئیشتۆویگۆ)ی کورد یاریدەی فارسانی داوە. بۆروونبوونەوەی پتر بڕواننە کتێبی (لێکۆڵینەوە و ڕوون کردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان لە ماڵپەڕەکەم).
پێش ئەوەی بچمە نیو ناوەرۆکی باسەکەم، دەبێ چەند ڕوونکردنەوەیەک بدەم. بۆ ئەوەی هێندێک لە وشە و دەستەواژەکان لەلایەنی تێڕوانینی منەوە بەڕاستی و ڕوونی بکەونە بەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز….
١- مێژوونووسانی کۆن و نوێی فارس و نافارس لەهەموو شوێنێک لەناوی ساختەکراو و بەلاڕێدابەری ئێران لەجیاتی وڵاتی ماد (کوردستان) و لەجیاتی نەتەوەی نیشتەجێی ئەوشوێنە ناوی پارس یا ئێرانیان هێناوە. وەک دەزانین پارس گەلێکی بچووکی کۆچەربوون، کە خۆیان لە ناوچەیەکی بچووک و بەرتەسکدا گرتۆتەوە، کە ئەوڕۆ پارێزگای فارسی ئێرانە. نەخشەی سترابۆن شوێنی ئەوگەلە لەتەنیشت ئاریانا نیشاندەدا، کە بڕێکیشی لە نەخشەی مادی خواروو ڕەگەڵ خستووە. (بڕوانە نەخشەکە لە بەشی ئەفسانەکانی ئاڤێستا و پەیوەندییان بەکوردستانەوە)
٢- دینی ئێرانی کە لەڕوانگەکانی نووسەران و توێژەرانی باسکراو لەبابەتی زەردەشتدا هاتووە، دەستەواژەیەکی ساختەیە، ئوڕووپا و بەتایبەتی ئاڵمان و ئینگلیس بەمەبەستی سیاسی کروویانەتە باو و ئێرانی سازکراوی دەستی ڕەزاشاش قۆستوویەتەوە و کوڕەکەشی بۆ ساختەکردنی زیاتر پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان کردووە، دەنا راستەکەی (دینی زاگڕۆسی)یە…
٣- لە ڕەوتی سڕینەوەی مادەکان لە دەستەڵات، پاش داگیرکرانی وڵات لەلایەن کوورۆشەوە، تا سەردەمی داریووش، وڵاتەکە هەر بەناوی مادبوو، لەسەردەمی داریووشدا بوو بە ماد و پارس و پاشان مادەکەی هەر لەسەر هەڵگیرا بوو بە پارس. ئەو گۆڕانکارییە و بوونی دوو ناو لە ئیمپەراتۆرییەتی ماد، زۆرکەسی تووشتی هەڵە کردووە. یەکێکیان ناوی (پارسووئا) – کە بەشێک بوو لە ١٢ ناوچەی وڵاتی سەرەکیی مادەکان – و ئەوی دیکە پارسەو – وڵاتی پارسەکان – کە یۆنانی بە پێرسیس (persis نووسیویانە. ئەو دووناوە وایان کردووە زۆر مێژوونووس ماد و پارسیان لێ تێکەڵبوون و پێکەوەیان داناون و تەنانەت پێکەوە کردوویانن بە پارس. بۆ نموونە هێرۆدۆت باسی ڕاهێنانی لاوانی پارس دەکا لە خوارەوەی گۆلی ورمێ – کە لەوێ ڕا تا ئیسفەهان سەر بە ناوچەی پارسووئا بووە – ئێستاشی دەگەڵدابێ فارسی لێ نین.
٤- ئاهوورا مەزدا، لە دوو وشەی ئاهوورا وەک ناو و مەزدا وەک پەسن پێکهاتووە و هەمووی بە خودای مەزن مانا کراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی لەگاتاکاندا مەزدا بەتەنیاش هاتووە، هێندێک نووسەر ئاهوورایان بە خوایەک و مەزدایان بە خوایەکی دیکە داناوە و بەوەش زەردەشتیان بە دووخواپەرست زانیوە. لە یەزەشەکاندا زەردەشت جارێک هاواری بۆ (ئەهوورا مەزدا ← خودای مەزن) و جارێکیش بە (مەزدا ← مەزن، واتە پەسنەکەی خوا) بردووە، هەر وەک موسوڵمانان ١٠٠١ ناویان بۆ خودا هەیە و ئەگەر جارێک بڵێن یا ئەڵڵا و جارێک یا ڕەحمان و جارێک بڵێن یا ڕەحیم یا قاسم یا جەببار، بەو واتایە نییە کە پێنج خوایان دەپەرستن و دینەکەیان پێنج خوایی‌یە. یا مێری بۆیس ئەهوورا مەزدا بە سەروەری زانا وەردەگێڕێتەوە کە هەڵەیە و فڕی بە واتا ڕاستەکەیەوە نییە. لێرەشدا ئاشنا نەبووون بە زمانی کوردی بۆ لێکدانەوەی گاتاکان – کە فارس کردوویانەتە (گاهان)، چونکە وشەکە دە زمانی وانیشدا بەو شێوەی نییە – کێشەی ساز کردووە. لەڕاستیدا (گات) لە ئاڤێستادا بە (گاث) خوێندراوەتەوە. فارس کە ث یان نەبووە بە گاتیان نووسیوە و دوایەش وایان لێکردووە. ئەوڕۆ وشەکە بەشێوەی گاس یا گاس بەواتای هاوار و بانگ لەکوردیدا ماوەتەوە، کە مانای نزا و پاڕانەوەش دەدا.
٥- لە لێکدانەوەی گاثای پەیوەندیدار بە (هووم)دا، وەک دوایە دەیبینین، زۆرێک لە شێکارانی یەزەشەکەی لە گاتەکان و حەوت هاتەکاندا وا لێکدەدەنەوە کە زەردەشت بەهێما دانی بە یەزەشی هوومدا هێناوە. هەرکەسەو بۆخۆی لەوگۆڕەپانەشدا لەبەر ئاگادارنەبوون لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەو ئوولەو مێژوویەکەی و ئەو تێکدانەی لەکاتی هەخامەنشییانەوە تا هاتنی ئیسلام، هەر دەستەڵاتدارەی بەیاریدەی هێندێک موغ تێیدا پێکهێناون، وایکردووە کە لێکۆڵەرێکی ئوڕووپایی بڵێ زەردەشت پێش دایاریدانی هووم، کارێکی بێجگە لە ماڵینی ئاورگە نەبووە و پاش دژایەتی کردنی یەزەشی هووم، بایداوەتەوە، بەڵام نەک بەشێوەی سڕکەر بەڵکو سووکتر. ئەو شێوە نرخاندنە نادروستە و گەسکدانی شوێنێک بەواتای کاری هەمیشەیی نییە و لەوانەیە کارێک بێ بۆ ڕێزلێنان لە ئاورگە، نەک کاری هەمیشەیی و بۆتە ڕوانگەی عیسایییەکی دەمارگرژ بۆ حاشاکردن لە پێغەمبەربوونی زەردەشت.
٦- لەهێندێک شوێن ناچار بوومە لەکاتی گێڕانەوەی ڕوانگەیەک لە سەرچاوەیەک ڕا، لەکەوانەدا ڕوونکردنەوەیەکی سووک بنووسم، ئەو ڕوونکردنەوانەم بەناوی کاوە دیاریکردوون.
٧- لەودواییانەدا کە ئوولی زەردەشت خەریکە لە پارچەویەکی کوردستاندا دەبووژێتەوە کۆماری ئیسلامی چەند بەناو دوکتۆر و مامۆستای زانکۆیەکی کوردیان هێناوەتە کایەوە و حەولی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دینی زەردەشت دینێکی فارسی و ئێرانی بووە و میترائیزم ئوولی سەرەکیی ماد بووە و مادەکان زەردەشتی نەبوون و…. تەنانەت حەولیشیان داوە مانای میتراییزم لە ڕۆژپەرستی ڕا بگۆڕن بۆ ئەستێرەپەرستی و زۆر ڕاستیی مێژوویی پێچەوانە کەنەوە. بەداخەوە ژمارەیەک کوردیش بەبێ ئاگاداربوون لە ڕاستییەکان، چەپڵەیان بۆ لێدەدەن.
٨- سەرەنجام مێژووی زەردەشت لە دووڕوانگەوە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە:
یەکەم: ڕوانگەی داب پارێزانە(سوننەتی): ئەوانە زەردەشت دەکەنە ئی سەردەمی هەخامەنشی و تەنانەت هێندێکیشیان بەهۆی وێکچوونی ناوی گەشتاسبی باوکی داریووشی یەکەمی هەخامەنشی و گەشتاسب (ویشتاسب)ی داڵدەدەری زەدەشت سوورن لەسەر ئەوەی کە هەردووکی ئەوانە یەکن و زەردەشتیش هەر لەدەستپێکی سەردەمی زنجیرەپاشایانی هەخامەنشیدا ژیاوە. ئە ڕوانگەیە لە کتێبی بوندێهشەن(کتێبێکی نادینییە لە ئاخرئۆخری سەردەمی ساسانییاندا نووسراوە) و ئەرداویرافنامە (کە دوو تا سێ سەدە دوای ئیسلام نووسراوە) دا و هەروەها لە گێڕانەوەکانی زانایانی زەردەشتی لەسەردەمی ساسانی – کە ئەوانیش لە بابلییانیان بیستووە – وەرگیراوە. ئەو مێژووە هەڵە و تێکدراوەی سەردەمی ساسانییان، پاشان کەوتۆتە نێو کتێبی چەند نووسەرێکی کۆنی ئێرانی (وەک مەسعوودی و بیروونی و لایەنگرانی ئوڕووپایی ئەو شێواندنەش کە بە “متأخرین” ناو براون و زۆرینەیانیش جوو یا ئاڵمانین و هەروەها مێژوو نووسانی کوورۆش پەرستی ئێرانی و دەرباریی پەهلەوی (بەمەبەستی سیاسی و تەنانەت بە تەماح وەبەرنانی بنەماڵەی پەهلەوی بۆ داتاشینی شانازیی درۆیین بۆخۆیان) لەلایەک و بەهاندانی ئاڵمانی هیتلەری بۆ سازکردنی ئێرانێکی یەکپارچە و یەک نەتەوە لەلایەکی دیکەوە، قۆستوویانەتەوە. ئەو تێکدانە گەیشتۆتە ڕادەیەک کە تەنانەت دەست دە بەردەنووسی بێستوونیش وەردەن و نووسراوە و وێنەی داریووشی بوت پەرستی بە وێنەی فرەوەهرەوە لەسەر هەڵقەنن. لێرەدا ئەو ڕوانگە و سەرچاوە لێڵانە – کە هەمووشی هەر دووپاتکردنەوەی تێکدانەکانی سەردەمی ساسانین – بەوەی ڕەد دەکەمەوە کە:
* هەخامەنشییان تا دوای داریووشی یەکەم زەردەشتی نەبوون تا باوکی داریووش پشتیوانی زەردەشت بووبێ. ئەوە ساختەکارییەکەی ئێران لە بێستوونیش دەسەلمێنێ. یەکێکیش لەهۆکارە سەرەکییەکانی خەیانەتی هارپاکە و ژمارەیەک لە ساماندارەکان و شا چکۆلەکان (هەرشایەکیان خۆی بە خودای خەڵکەکەی دانابوو)، پێکهاتنی ئيختووڤيگوو بوو لەگەڵ موغەکان لە دژی ئەو مشەخۆرو خوێن مژانە، نەک ئەو ئەفسانە و درۆ سەیروسەمەرەی هێرۆدۆت لەمەڕ لەدایکبوونی کوورۆش و کوژرانی کوڕی هارپاکە سازی کردووە یا بۆیان گێڕاوەتەوە. بڕواننە: “باسی ئيختووڤيگوو لە کتێبی لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کوردوکوردستان”. گەلەک لە مێژوونووسان (بەتایبەتی ئێرانییەکان) لەسەر ئەو چیرۆکە زۆر پێ دادەگرن، بەڵام لە کەمانم بیستووە باسی ئەوەش بکەن کە هێرۆدۆت سێ ئەفسانەی دیکەشی گێڕاونەوە، بەڵام کەس نایانزانێ! یا باسی ئەوە ناکەن کتزیاسی مێژوونووسی یۆنانی کە پزیشکی ئەردەشیری دووهەم بووە، کوورۆش بە کوڕی جەردەیەک ناودەبا، نەک نەوەی پادشای ماد یا پارس و خزمەتکارێک بووە و وردەوردە پێگەیشتووە و بەیاریدەی سەردارانی خۆفرۆش و چاوبرسیی ماد، دەوڵەتەکەی ڕووخاند. ئەگەر ئەوەی کتزیاس بە ڕاست دانیین، کوورۆشیش وەک ڕەزاشا لە خزمەتکاری و سەربازی ڕا پێگەیوە و بووە بە شا.
* لەبەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا باسی بوونی زەردەشت لەو سەردەمەدا نەکراوە، لەکاتێکدا کە بابەتەکە ئەوەندە گرنگ بووە کە تەنانەت لەسەدەکانی دوای ئیسلامیش ئەو گرنگییەی هەر پارێزراوە و زۆر لێکۆڵەرەوەی ئوڕووپایی و ئێرانی و هیندی و ئەفغانی و…. ی بەخۆیەوە خەریک کردووە. بۆوێنە کوورۆش لە بەردەنووسەکەیدا یەزەشی بۆ خوا و بوتەکانی بابلی کردووە، بەڵام ناوێکی لە ئاهوورامەزدا نەهێناوە. مایەی سەرسووڕمانە کە لە هێندێک شوێن ئەو بێدەنگییەی هەخامەنشییان بە سیاسی لەقەڵەم دەدرێ و ئەوە بەداخەوە تەنیوەتەوە نێو نووسەرانی کوردیش! بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگە و بیانوویەکی جێ بڕوای بۆ هەبێ.
* بابڵێین بێدەنگییەکەی هەخامەنشییان هۆکارێکی شیاوی پەسندی هەبووبێ، خۆ ئەو مێژووونووسە یۆنانییانەی هاوسەردەمی هەخامەنشییان بوون هیچ سوودێکیان لەوەدا نەبووە کە بوونی زەردەشت بەرنەوە ٦٠٠٠ساڵ و بگرە زیاتریش پێش مەسیح.
* گەلەک بەڵگەی مێژوویی کە تا ئێستا کەوتوونەدەست، دەیسەلمێنن کە ئوولی زەردەشتی لانیکەم لەسەردەمی مادەکاندا باوبووە. ناوی ئاڤێستایی پادشاکان، بوونی هێمای فرەوەهر لەسەر گۆڕی پادشای ماد لە قسقەپانی لای سلێمانی، بوونی هێندێک ناوی ئاڤێستایی لە بەردەنووسەکانی ئاشووریدا، بوونی سپیتامەی موغ لەسەردەمی ئیختووڤیگووی دوایین پادشای ماد و… بەشێکن لەوانە.
* ئاشکرایە پەیدابوونی زەردەشت کە ئەوهەموو خەڵکە وەدوای کەوتبوون، ئەوەندە ڕووداوێکی کەم و بێبایەخ نەبوو کە باسی نەکرێ. ئایا جێگای سەرسووڕمان نییە کە شایانی هەخامەنشی هێندە ناوی ئاهوورامەزدا بێنن و باسی پێغەمبەرەکەی نەکەن؟ کە وابوو دەبێ بڵێین زەردەشت زۆر پێش ئەوان لەدایک بووە و ناشگونجێ مەبەستی لە باسی پادشایانی ناو ئاڤێستا پێشوادە شایەکانی هەخامەنشی بووبێ، کە زۆر دوای زەردەشت لەدایک بوون. لە ئاڤێستادا ناوی پێتەختی هەخامەنشی و زۆرشاری بەنێوبانگی سەردەمەکەیانیش نەهاتوون کە لەسەر نەخشەی دنیای کۆن دیارن، بەڵام ئی ناو ئاڤێستا بەتەواوی دیارنین و بوونەتە مایەی زۆر پرسیار. ئەگەر زەردەشت ئی سەردەمی کوورۆش با (بەوحیسابە کە زۆر حەولدراوە کەیخەسرەو بکەنە کوورۆش و هەخامەنشی بکەنە کەیانی) دەبوو ناوی شوێنەکانیش وەک ناوەکانی سەردەمی بنەماڵەی وی ڕوون و ناسراو و لەسەر نەخشەی دنیا دیاربان. دیاکۆنۆف لە لاپەڕە ١٧٧ی مێژووی ماددا دەڵێ: “لەوانەیە (دێ – قەڵا) شوێنی دانیشتنی ئەو وردە فەرمانڕەوایانە بووبێ کە لە سەرچاوە ئاشوورییەکاندا باسیان کراوە و ئاڤێستاش پێی کوتوون ساستەر(Sastar) بەڵام لەسەرچاوکانی کۆنی پارسیدا ناویان نەهاتووە، ئەوەش نیشاندەدا کە پارسەکان زۆر دوای (ساستەرەکان) واتە پاش سەردەمی ئاڤێستا و زەردەشت هاتوونەتە سەرکار.
فارسەکان بەردەوام تێکۆشاون مێژووی ماد و هەموو باسەکانی پەیوەندیدار بە کورد بشێوێنن. ئەوە ئەرکێکی شۆڤێنیستی بووە کە لە دامەزرانەوەی وڵاتی نوێی پارس (Persia) دا – کە دوایە ڕەزاشا بۆ شێواندنی مێژوو ناوی لێنا (ئێران) – لەسەرشانی مێژوونووسانی دەمارگرژی ئێرانی قورسایی کردووە. تیگلات پۆلیسێری یەکەم لە ١١٠٠پ.ز باسی هەمەدانی کردووە کە پێتەختی مادەکان بووە و بە (ئەمەدانە) ناوی هێناوە. لە ئاڤێستادا ناوێک لەوەش نییە. لە زامباد یەشت بابەتی ٩ دا سەرەتا سڵاو ناردراوە بۆ (هئوسرەوە) – کەیخەسرەو – پاشان زرێواری هئوسرەو – وان – لەبڕگەی ٢٢ی (بوندەهێش) بابەتی ٨ دا هاتووە “زرێواری هئوسرەو لە پەنجا فەرسەنگیی گۆلی چیچێست هەڵکەوتووە. کەیخەسرەو لەکەناری ئەو زرێوارە سەت ئەسب، هەزار گا و دەهەزار مەڕی بۆ (ناهید)ی فریشتەی ئاو کردۆتە قوربانی و نیازی لێ خواستووە. وێدەچێ ناوەندی هئوسرەوەی زەردەشت لە نیزیک گۆلی ورمێ و وان بووبێ و پەیوەندییەکی بە کوورۆشی هەخامەنشییەوە نییە. لە کتێبی (ادبیات مەزدیسنا یەشتها) دا نووسراوە “لەسەردەمی نووسرانی ئاڤێستادا هێشتا دانیشتووانی ئێران بە ئاریا ناو نەدەبران، پووڵ و سکە باونەبووە، سەودا بە شت دەکرا، دەوری زەرد(برنج) بووە، خەبەرێک لە ئاسن نەبووە.” تەنیا ئەگەر ناوی تەهموورس کە لە ئاڤێستادا بە زینەوەنت واتە (چەکدار) بخەینەبەرچاو، کوردەکان کە بە ئاسن دەڵێن (ئاسن، ئەسین، هەسین) ئەگەر لەگەڵ ئەزین هەڵیسەنگێنین، دەکرێ بڵێین یا ئاسنیان ناسیوە، یا بەکانزایەکی خۆڕاگری لە شێوەی ئاسنیان کوتووە ئەزین. هەموو ئەو نیشانانە بەڵگەی ئەوەن کە زەردەشت نەک هەر ئی سەردەمی کوورۆش نەبووە، بەڵکو زۆر پێش دەستەڵاتی ئاشوورییانیش بووە و بەوپێیەش دەکرێ بڵێین شەشهەزارساڵ پێش زایین بۆ زەردەشت لەهەمووی ئەو ڕوانگانە لە ڕاستی نیزیکترە و بۆ گرێدانی گەشتاسب لەکوورۆش ویستوویانە بیخەنە چاخی هەخامەنشییان. زەردەشت هەر وەها ناوێکی لە یاران و هاوسەفەران و بنەماڵەی خۆی (میدیوو مانگهە سپیتیم) دێنێ کە پاشان (میدیوو مانگهە) بووە بە (میدیوو ماە). ئەو گۆڕانکارییە شتێکی دیکەشمان دەخاتەوە بیر کە لەسەردەمی ساسانییاندا بە وشەی مادیان دەکوت ماە. لەڕاستیدا مانگهە بەواتای (ماە) بووە، کە ئەوڕۆ کورد پیدەڵێن مانگ. لەئاڤێستادا ئاماژە بە شارێک بەناوی (بووری) کراوە کە بە (بادین)ی دەزانن. بەپیی ئەوناوانە بێ، پادشایانی باسکراو لە ئاڤێستادا زۆر پێش مادەکان بوونە و گۆڕەپانی تێکۆشانیان لە باکووری ڕۆژئاوای گۆلی ورمی، شوێنی لێ پەیدابوونی زەردەشت بووە. لە ئاڤێستادا دێو، لەناوبەری دینی یەکخواپەرستی بە (مێرشەئوون Mercheon) ناوبراوە، کوردەکان سەرۆکی ئوولیی ئاسووییان بە (مەشەمۆن) ناودەبەن، کە وێدەچێ هەر ئەو مێرشەئوونە بێ. دەبی بگوترێ ئاسوورییەکان کە لە سنووری هۆزی زەردەشت بوونە ڕاگەیاندنەکانی ئوولیی ئەو پێغەمبەرەیان نەسەلماندووە و گەورەترین سەرۆکی ئوولیشیان مێرشەیۆن بووە، پاشان ئەو نازناوە بۆتە گشتی. هێندێکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زەردەشت خەڵکی ڕۆژهەلات بووە، کەچی (یەسنا)٤٦ بابەتی یێک و دوو دەڵێ: “بۆ کام خاک هەڵێم، بۆکوی پەنابەرم، پێشەوایان و کرێکاران خۆم لێ دەکشێننەوە و لە جووتیارانیش ڕازی نیم و نە لەفەرمانبڕەوایانی شار کە لایەنگری درۆن. چۆن دەتوانم ڕازیت کەم ئەی مەزدا من دەزانم بۆچی هیچ کارێکم بۆ ناچێتەپێش، چونکە گەلە و مێگەلم کەمن و کرێکارم زۆرنین”
زەردەشت بەهۆی نەچوونەپێشی ڕاسپاردەکەی لەنیشتمانی خۆیدا و ڕەنگە لەبەر ڕاونرانی لەلایەن دوژمنانییەوە لەگەڵ چەندکەس لە هاوڕێیانی بەهۆیەک لەئاوەدانی لایداوە و بەکوێرەڕیدا خۆی گەیاندۆتە گەشتاسپ. (ئەدەبیاتی مزدیسنا یشتها) دەڵێ ئەو ناوە لە خودی گاتاکاندا (ویشتاسپ)ە.
* زۆربەڵگەی مێژوویی کە تا ئێستا کەوتوونە بەردەست، دەیسەلمێنن کە ئوولی زەردەشتی لانیکەم لەسەردەمی مادەکاندا باو بووە. ناوی ئاڤێستایی پادشاکان، بوونی هێمای فرەوەهر لەسەر گۆڕی پادشای ماد لە قسقەپانی لای سلێمانی، بوونی هێندێک ناوی ئاڤێستایی لە بەردەنووسەکانی ئاشووریدا، بوونی سپیتامەی موغ لەسەردەمی ئیختووڤیگوو – دوایین پادشای ماد – و… بەشێکن لەوانە.
دوو: ڕوانگەی کلاسێک
ئەو ڕوانگەیە بوونی زەردەشت دەگێڕێتەوە بۆ پێش هەزارەی یەکەم تا هەزارەی شەشەمی پێش مەسیح. هێندیک لەو زانایانە ئی سەردەمی پێش ئیسلامن، لە سەرەتاکانی پادشایەتیی هەخامەنشی ڕا تا کۆتایی پادشایەتیی ساسانی و ژمارەیەکی زۆریشیان ئی دوای ئیسلامن. ڕوانگەی ژمارەیەکی بەرچاو لێکۆڵەرەوەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییم لەوبابەتەدا هێناونەتەوە، کە تەنانەت هێندێکیان ئەو مێژووە دەبەنەوە زیاتر لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش مەسیحیش و هەرکامەشیان بەبێ دووپاتکردنەوەی وتەی ئەوانی دی، ڕوانگەی خۆیان شی کردۆتەوە.
بێجگە لەوانەی لەسەرەوە باس کران، ڕوانگەی داب پارێزان و درۆنامەکانی ساسانی و ئەشکانتی و هەخامەنشی و کەسانی وەک فیردەوسی، لە ئەفسانەکانی ئاڤێستا دا ئاراستەی ڕووداوەکان هەموویان بەرەو باکووری وڵاتی مادە و لەوێ ڕوویانداوە و تەنانەت کەمتر گەیشتوونە سنووری ئاریاناش.

عەبدوڵڵا ئیبڕاهیمی